سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » عەجەب شەقامی (موزەفەرییە) نامناسێتەوە..؟؟!!

لە (هەولێر)...

عەجەب شەقامی (موزەفەرییە) نامناسێتەوە..؟؟!!

نازم دڵبەند

لە (هەولێر) ا…
ئەوەندە خۆم غەریب بینی
شەقامەکان ئەوەند بەچاوی نامۆیی
لە جەستەما
ورد بونەوە…
عەجەب هەمان شەقامیش بون
تا دوێنێ بو
باوەشیان بۆم دەکردەوە
ئەسەف ئەمڕۆ نامناسنەوە..!!!
پرسیم لە شەقامی (موزەفەرییە)
تۆش نامناسی..؟؟؟
لە ژێر (قەڵا) ئەو رۆژانەی (ئیبۆ بەربەر)
یەکە بەربەر و پزیشکی خۆڕسکبو
چایەخانەکەی (مام تاقی) دەرگای قەڵا
لەولاشەوە تەشتە پڕ رۆنە سوتاوەکەی
(مام برایم)ی کوبە چیبو
بەرامبەری وێنەگری پیاوێکی
کەشخەی جوان
ناوی هونەری(پاشا)بو…
لە کۆڵانی تەنیشت چاخانەکەی
(حاجی مستیل)
(سەلیم قاقا)ی قسە خۆش و
مالیکی رەشۆڵە بو…
هەموو ئەوانەت پێدەڵێم
هێشتا هەر نامناسیتەوە..!!!
یان تۆش سەرکارە نامۆکان
دەمیان گرتوی
چاویان بەستوی
چاوەکانت لە ئاستیانا نوقاندوە
زەینت کوێر بوە
کەسی رەسەنی ئەم شارەت
بیر چۆتەوە..؟؟؟؟
من واملێهات
شەقامەکەی (موزەفەرییە)
ئەگەر پێناسەم پێنەبێ
رێگام نەدەی بە رۆختدا
گوزەر بکەم..؟؟؟
سەرێ لە کۆنە (قەیسەری)
(سەید تەیب)ی پەنیر فرۆش
(تەلعەت قەساب)ی (شیوعی) نەدەم..؟؟؟
من واملێهات ..
بەحەسرەت بم شەوێک نەچمە
(ئەگلەنجە)کەی لای ماڵی
(ئەحمەد ئاغای زێڕینگر) و
(عەلە سمایل)ی شەقاوە نەبینم..!!!!
سڵاوێک لە (گەج خەڵیل) و (سابیر ساروخ)و
(سەڵاح وەستا) و (شێرۆ حەلیم)و (عەبۆ لاسوتا) و
(سەڵاح خەتاب) و (نەوزاد مەلەوانی) نەکەم..!!!
تێر لەگەڵیان پێنەکەنم و
لە پشت (عەنکاوە)کەی (دیانان)
پێکێکیان لەگەڵ هەڵنەدەم..!!!!
شەقامەکەی (موزەفەرییە)
خۆ تۆجاران کۆڕنیشی
عەشقبازی ئێمە بوی
ئەو فەرشەگوڵ رێژە سورو
سەوزە بوی
کە کچە هەولێریە جوانەکان
بەسەرتا لەنجەیان دەکرد
ئێمەش بەهێمنی بەدوایانا
دەبوینە پاسەوان و
بەڵکو ئاوڕێک بدەنەوە…
تاکو شەوان لەگەڵیانا
لە خەونەوە
یەکتریمان بدیایەوە…
ئەدی خێرە
ئێستا ئەگەر گیرفانمان
پێناسەی هەڵنەگرتبێ
نابێ بەلاتا هەنگاو بنێ..؟؟؟؟
(موزەفەرییە) شەقامە رۆحەکەی من
دەزانم سەرکارە نامۆکان
یەخەت دەگرن…پێشت دەڵێن:
ئەوانە غەریبن نابێ
بەسەرتا بێن و تێپەڕن..!!!
تۆش سەرکزو مات و مەلول
پێمان دەڵێی:
لای ئەوانە ئەوە ناخوا
تۆ لە (تەیراوه) یا لە گەڕەکی (عارەبان)
لای ماڵی(مشکۆ)ی رەحمەتی
یا(خانەقا)
لەکۆڵانی ( بەلوعە)ی نریک ماڵی
هونەرمەندە ئازاکەی هەولێرێ
(ئەردەلان بەکر)ە…
لەگەڕەکی (سەعدوناوە)
نزیک ماڵی(خدر وادی) و (سەید زەکی)
یا لە (تەعجیل) نزیک بەستێ
لە پشت ماڵی(نەجیەبن جو) و
(مەحەمەد ئەحمەد ئەربیللی) و
(هەیاسە شێتی کورەچی) و
لە قوڵایی (گڵکەند) و
بەرامبەر ئاشی (عوسمان بابش)ی
لە دایکبوی…
ئەمانە هیچیان نایخوا
ئەمڕۆ نامۆ سەرکارەکان
پیاو ماقوڵ و رەسەنەکانی (هەولێر) ن…
بۆیە شەقامەکەی رۆحەکەی من
کە رۆژانە من به دەروازەکەت تێدەپەڕم
چەند خۆم بە غەریب دەزانم
لە پرمەی گریانا دەدەم
لە غەریبی رادەپەڕم
دەڵێم ئای…های (هەولێر)ی من
وایلێهات من بە شەقامی (موزەفەرییە)
یادەوەری گەنجێتیم و منداڵیما
ئەگەر پێناسەی سەرکارە نامۆکانم
هەڵنەگرتبێ
مافم نەبێ
بەو رێگایە گوزەربکەم
(هەولێر)ەکەم..؟؟؟؟؟؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*