سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » یه‌كێتی و (گۆران و پارتی)

یه‌كێتی و (گۆران و پارتی)

رێككه‌وتنی به‌په‌له‌ پروزكی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنی چوار ساڵه‌و دواتریش ئه‌نجامدانی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بێ ئاماده‌بوونی یه‌كێتی، چه‌ندین ئاماژه‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، سه‌باره‌ت به‌مه‌به‌ست‌و نیازی ئه‌م دوو هێزه‌، به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتمانی، كه‌ هێزی دووه‌می هه‌رێمه‌ به‌پێی دواهه‌ڵبژاردن‌و هێزێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان‌و عیراق.
ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ نیگه‌ران كردووه‌، خودی رێككه‌وتنه‌كه‌ نییه‌، كه‌ یه‌كێتی خۆشی له‌گفتوگۆدایه‌ له‌و رووه‌وه‌، بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی، به‌ڵكو له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ژێر به‌ژێره‌كانی نێوان پارتی و گۆڕان و دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانه‌ له‌نێوانیاندا.
سه‌باره‌ت به‌بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌، دوای كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان ‌و جێ به‌جێ نه‌كردنی ئه‌و به‌ڵینانه‌ی‌ به‌جه‌ماوه‌ری خۆیان دابوو، ئاستی جه‌ماوه‌رییان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دابه‌زی و رێژه‌یه‌كی‌ زۆری كورسییه‌كانیشیان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێم‌و عیراقیش له‌ده‌ستدا، بۆیه‌ ئێستا به‌هه‌موو مه‌رجه‌كانی پارتی رازیبوون، بۆ پارتیش كه‌ یه‌كێتی خاوه‌ن مه‌رجی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانە له‌ به‌غداو كه‌ركوك و هه‌ولێر، ئه‌وا پارتی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕان ته‌نها بۆ فشارو په‌رچه‌كردار بوو به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێتی.
ئه‌وه‌ی‌ خاڵی ناكۆك و سه‌ره‌كیشه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی كه‌ركوك‌و دانانی پاریزگارێكی كوردی «یه‌كێتیە» بۆ شارەکە. بۆچوونی یه‌كێتیش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هه‌موو پاكێجه‌كان پێكه‌وه‌ باسبكرێن‌و جیا نه‌كرێنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك.
پارتی كه‌ ئێستاش شۆكی مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عیراقه‌، كه‌ بۆ یه‌كێتی بوو، ده‌یه‌وێت له‌مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك دا تۆڵه‌ له‌یه‌كێتی بكاته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ له‌چاو بگرێت كه‌ چه‌نده‌ خراپه‌، دوای كشانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌‌و ئیداره‌دانی كه‌ركوكیش له‌لایه‌ن پارێزگارێكی شۆفێنی عه‌ره‌به‌وه‌.
جووڵه‌ی سیاسی ئێستای ناو هه‌رێم له‌گه‌مه‌یه‌ك ده‌چێت، كه‌ پارتی و گۆڕان سه‌ره‌تا ده‌ستیان پێكردو رێككه‌وتنی خۆیان راگه‌یاندو دانیشتنی په‌رله‌مانیشیان ئه‌نجامدا، له‌سایه‌ی‌ ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كێتیداو هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو، به‌شداری نه‌كردنی كۆمه‌ڵیش له‌ده‌نگدان بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان.
ئه‌وه‌ بوو پارتی توانی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك و كه‌سێك بۆ پۆستی جێگرو توركمانێكی نزیك له‌خۆشی‌ به‌سكرتێر جێگیر بكات، بێگومان به‌ده‌نگی فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ خۆی‌‌و گۆڕان، واتا هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی بۆخۆی‌ دانا، له‌كاتێكدا پۆسته‌كه‌ هی یه‌كێتیه‌..
سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت‌و هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌وا پارتی به‌نیازه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ خۆی‌‌و جێگره‌كه‌شی بۆ گۆڕان بێت، بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تیش سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ بۆ پارتی ‌و جێگره‌كه‌ی بۆ یه‌كێتی بێت، به‌ڵام ئێستا به‌پێی هه‌ندێك له‌ میدیاكانی نزیك له‌گۆڕان، پارتی و گۆڕان خه‌ریكی رێككه‌وتنن بۆ دانانی پۆستێكی تر كه‌ ئه‌ویش پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ بۆ كاروباری چاكسازی، كه‌ پله‌ی‌ وه‌زیر ده‌بێت.. به‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت گۆڕانێك له‌و پۆسته‌ دابنێن و فه‌زڵی چاكسازی بده‌ن به‌و له‌كاتێكدا چوارساڵی رابردوو قوباد تاڵه‌بانی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی چاكسازییه‌ی‌ راگه‌یاندو زۆرێك كاری له‌سه‌ر كرد.
ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی زیاتر ره‌خنه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌، كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ڵاحیاته‌كان‌و پۆسته‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌درێت له‌هه‌رێمدا، له‌لایه‌ن ئه‌و دوو هێزه‌وه‌.. كه‌ گۆڕان به‌تایبه‌تی‌ وه‌كو دارده‌ستێك ده‌رده‌كه‌وێت له‌ئێستادا به‌ده‌ست پارتیه‌وه‌ دژ به‌یه‌كێتی.
گۆڕان كه‌ ئیدیعای دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌كرد پێشتر، نه‌ك هیچی له‌و رووه‌وه‌ نه‌كرد به‌ڵكو هه‌موو كاره‌ خراپ و دژایه‌تیه‌كانی پارتیشی له‌بیركرد، به‌رامبه‌ر به‌بزووتنه‌وه‌كه‌و دواجار رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی ئیمزا كرد، له‌ 18 شوبات.
كێشه‌ی گه‌وره‌ی به‌رده‌م پارتی و گۆڕان لە ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زانن یه‌كێتی نیشتمانی هێزێكی فه‌عال و گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم‌و عیراق‌و ئاوا به‌ئاسانی بۆیان قووت نادرێت.، باشیش ده‌زانن یه‌كێتی ده‌توانێت هه‌موو ریسه‌كه‌یان لێبكاته‌وه‌ به‌خوری، هه‌ر كاتێك بیه‌وێت.
بۆیه‌ ده‌ڵێین، گه‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم هێشتا له‌سه‌ره‌تادایه‌، داهاتووی نزیكیش ئه‌نجامی كۆتایی گه‌مه‌كه‌مان پێ ده‌ڵێت، ئایه‌ كێ براوه‌و كێ دۆڕاو ده‌بێت.

 594 جار بینراوە