سەرەکی » مانشێت » چەندین چالاکیی جۆراجۆر بۆ 8 ی مارس بەڕێوەچوو

چەندین چالاکیی جۆراجۆر بۆ 8 ی مارس بەڕێوەچوو

بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، لەزۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان کۆنفرانس و کۆڕو چالاکی جۆراجۆرو هونەریی بەڕێوەچوو. لەچوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا رۆژی ٨/٣/٢٠١٩ لەشاری سلێمانی بەئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەھۆڵی تەوار کۆنفرانسی یەکێتی ژنان و تۆڕی نێودەوڵەتی دژی توندوتیژی ژنان بەڕێوەچوو، ھەر لەچوارچێوەی ئەو کۆنفرانسەدا خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئامادەی نمایشێکی شانۆگەری و پیشانگەیەکی شێوەکاری و کاری دەستی خانمانی دەستڕەنگین بوو کە تایبەت بوو بە ئازارو کۆژانەکانی ژنانی کورد لەکۆمەڵگەدا. ھەروەها بەشداریکرد لە پیشانگەی شێوەکاری ھونەرمەند (تارا محەمەد )کە بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە رێکخرابوو. هەر هەمان رۆژ بەشداریی کرد لەمەراسیمی رێزلێنان لەچەند ژنێکی خاوەن ئەزموونی کورد کە چالاکییەکە لەدەزگای (رۆشنبیریی جەمال عیرفان) سازکرا. هەر لەو رۆژەدا بەئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد چەندین چالاکی جۆراجۆر لەسلێمانی بەبۆنەی ئەو رۆژەوە بەڕێوەچوو. لەلێدوانێکی رۆژنامەنووسیشدا، خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی ژنانی کوردستان بەتایبەتی و جیهان بەگشتی کردوو ھیوای خواست کە رۆژێک بێت خەباتی ژنان بەئامانجە رەواکانی خۆی بگات و ژن و پیاو بەیەکسانی لەکۆمەڵگە پێکەوە لەچوارچێوەی رێزو بەھا کۆمەڵایەتییەکان درێژە بەژیانێکی ھاوچەرخ و مەدەنی بدەن. لەدرێژەی ئەو لێدوانە رۆژنامەنووسییەدا پیرۆزبایی رۆژی ٨ی مارسی لە ژنانی شەڕڤان لەڕۆژئاوا کردوو رایگەیاند : ئەوان بەئازایەتی و قارەمانێتی و فیداکارییان بۆ جیهانیان سەلماند کە ژنانی کورد شان بەشانی پیاوان دەتوانن بەرگریکاری سەرسەختی پاراستنی خاک و ووڵات بن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەهاوکاری ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی خانزاد بەبۆنەی (٨ی مارس) ڕۆژی جیهانی ژنان پیشانگەیەکی کاری دەستی خانمانی ناوماڵی داڵدەدان و هەڕەشە لێکراوانی ژنانی کردەوە.
لەهەولێریش لەچوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی 8ی مارسدا، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی پیشانگەیەکی تایبەت بە کاری دەستی خانمان بۆ ژمارەیەک خانمی دەستڕەنگین کردەوە کە تایبەت بوو بەبەرهەمە دەستییەکانی ئەو ژنانەی بە پشتبەستن بەسەرچاوەی خۆیان بوون بەخاوەن سەرمایە.
هەر بەبۆنەی رۆژی 8ی مارس-ەوە لە شاری کەلار چالاكییه‌كى هونه‌رى بەڕێوەچوو تیایدا خه‌ڵات به‌سه‌ر به‌شداربوواندا دابه‌شكرا. ئەم چالاکییە نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى گه‌رمیان به‌هاوكارى رێكخراوى هانا كورد له‌ژێر ناونیشانى (ڕۆژێك بۆ پیشاندانى تواناکانی ژنان) سازیکردبوو.
هەروەها گروپى شێوه‌كارانى كچانى رانیه‌ لەده‌ربه‌ندیخان به‌بۆنه‌ى رۆژى جهانى ژنانه‌وه‌ پیشانگەیه‌كی شێوەکارییان کردوەو ئامانجیش لەم چالاکییە پیشاندانى توانای ژنان و ناساندنى گروپه‌كه‌یان بوو.
ئەمە جگەلەوەی هەر بەبۆنەی رۆژی 8ی مارس-ەوە لەشاروشارۆچکەکانی تری کوردستان چەندین چالاکیی تر بەڕێوەچوون.

 162 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*