سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » ئیتكێتی بەكارهێنانی تەلەفۆن

فۆكەس پۆینت

ئیتكێتی بەكارهێنانی تەلەفۆن

رەنگە پێتان سەیربێت بۆ لەم گۆشەیەی ئەمڕۆ ئەم بابەتە باس بكەم و رەنگە هەبێت بپرسێت بڵێت قابیلە نەزانین چۆن تەلەفۆن بەكار بهێنین؟ لە بوونی هەر پرسیارێك لەم بارەیەوە بە رەوای دەزانم كە بكرێت، چونكە بەكارهێنانی تەلەفۆن بۆتە بەشێكی سەرەكی لە ژیانی هەر یەكێكماندا، بەڵام ئەوەی لەوانەیە زۆر دیارنەبێت هەندێك زانیارییە و لەم بارەیەوە دەیخەمە بەردەم خوێنەر، بۆئەوەی بزانێت بۆچی گرنگە ئێمەمانان ئیتیكێتی بەكارهێنانی تەلەفۆن شارەزابین.
لەگەڵ گەشەسەندنی بواری تەكنەلۆجیا و بەتایبەتتر هاتنە ئارای ئامێری تەلەفۆنی زیرەك، بێگومان شۆڕشێكی گەورەی بەرپاكرد لە دروستكردنی پەیوەندیكردن و شێوازەكانی پەیوەندیكردن و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئامێرە.
توێژینەوە زانستییەكان دەریانخستووە كە لە ساڵی 2018 دا نزیكەی (5.135) ملیار كەس لە جیهاندا لە بەكارهێنەرانی ئامێری تەلەفۆنن و رێژەكەشی ساڵانە (4%) زیاد دەكات.
هەمان ئەو توێژینەوانە دەریانخستووە كە لە ساڵی 2018 دا بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان گەیشتۆتە (3.196) ملیار كەس بە واتای زیادكردنی ساڵانە بەڕێژەی (13%)، لەگەڵ ئەمانەشدا بەكارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە ساڵی 2018 ڕێژەكەی گەیشتۆتە نزیكەی (4.021) ملیار، ئەمیش ساڵانە بەڕێژەی (7%) زیاد دەكات. گفتوگۆكردن لە تەلەفۆندا جۆرێكە لە پەیوەندیكردنی كەسی، پەیوەندیكردنەكە دابەش دەبێت بۆ دوو شێواز كە لە یەكەمیاندا پەیوەندی راستەوخۆ و رووبەڕووە، بەڵام لە شێوازی دووەمدا پەیوەندیكردنی ناڕاستەوخۆیە و لەڕێگەی تەلەفۆن یاخود ئینترنێتەوە دەبێت. لەكاتێكدا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە گفتوگۆ دەكەین دەتوانین بەڕێگاوەبین یاخود لەسەر جادەو رێگاكان بین، یان لەماڵ و ئۆفیس و كار و تەنانەت لەكاتی نانخواردن و ناو خەڵك و نزیك و دوورەكان و هاوڕێ و برادەرەكانمان بین. زۆرجاریش لە ناو ئۆتۆمبیل و پاس و شوێنە گشتییەكانین، هەموو ئەمانە وامان لێدەكات كە گرنگی بە ئیتیكێتی بەكارهێنانی تەلەفۆنكردنەكانمان بدەین. لەگەڵ ئەمانەشدا هەر لەڕوانگەی دەرخستنی ئەم داتا و ژمارانە پێویست دەكات ئاگاداری چۆنێتی بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن بین، هەربۆیە پێویست دەكات ڕەچاوی ئەم تێبنییانە بكەین. لە سەرەتای تێبینییەكان پێویست دەكات خۆت بناسێنیت بەتایبەتی ئەگەر یەكەم جارت بوو ئەو پەیوەندییە بکەیت ئەگەر قسەكەری سەرەكی خۆت بوویت، چونكە مەرج نییە ئەوەی پەیوەندی پێوەدەكەیت ژمارەی تۆی لەلابێت یاخود بتناسێت. بێگومان ئەم تێبینییە لەلایەن زۆرینەی زۆرەوە تا ئێستاش رەچاوناكرێت. پاش سڵاو و هەواڵپرسین پێویست دەكات هۆكاری پەیوەندیكردنەكەت باس بكەیت و رووخسەت وەربگریت تابزانیت كاتی پەیوەندیكردنەكە گونجاوە یاخود نا. هەروەها پێویستە بوار بەلایەنی دووەم بدەیت كە كاتێكی گونجاوت بۆ دابنێت بۆ پەیوەندیكردنی داهاتوو. ئەو كەسەی پەیوەندییەكە دەکات پێویستە هەر خۆی كۆتایی پێبهێنێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر موكەبەرەی دەنگی بەكار بهێنێت، پێویست دەكات ئیزن لە لایەنی دووەم وەربگریت. كاتێك پەیوەندی تەلەفۆنی بەكەسی وەرگرەوە دەكەیت پێویست دەكات دەنگت روون و دیار بێت تاوەكو كەسی بەرامبەر لە كۆی گفتوگۆكە تێبگات. لەكاتی گفتوگۆی تەلەفۆنیدا پێویست دەكات دەوروبەر بێزار نەكەین و بەدەنگی بەرز گفتوگۆ نەكەین. هەروەها ئەگەر شوێنەكە قەرەباڵغ بوو پێویست دەكات بەلایەنی كەم نزیكە 60 سانتیمەتر لە خەڵكەوە جەستمان دووربێت، لەهەمان جۆری قەرەباڵغی باشترە دەست بەسەر دەم و تەلەفۆنەكەدا بگریت، بۆئەوەی بە شێوازێكی روون و دیار وشەكانت بگاتە وەرگر. لەكاتێكدا تەلەفۆنت بۆ هاتووە و ئاگاداری نەبوویت یاخود لە كۆبوونەوە بوویت یان لەسەر جادە بوویت و شۆفێریت كردووە، باشترە لە دواییدا پەیوەندی بكەیتەوە بەو ژمارانەی كە بۆت هاتووە لەگەڵ داوای لێبوردن و روونكردنەوەی ئەو ساتەی كە نەتتوانیوە وەڵام بدەیتەوە، بێگومان بەكورتی. لەكاتی بانگهێشتكردنی كەسی بەرامبەر بۆ كۆڕێك یاخود كۆبوونەوەیەك یاخود خوانێك باشترە پەیوەندیكردنەكە لەڕێگەی قسەكردنەوە بێت نەك لەڕێگەی كورتەنامەیەكی نووسراوی ئەلیكترۆنی. هەمان تێبینی كورتەنامە نابێت بەكار بهێنرێت بۆ پرسە و سەرەخۆشی و هەواڵپرسینی نەخۆش، بەهەمان شێوە پێویست دەكات لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی راستەوخۆوە بێت. لەگەڵ دەرخستنی هەموو ئەو تێبینییانە هێشتا زۆرترین تێبینی ماون باس بكرێن كە گرنگن لەبواری بەكارهێنانی ئیتكێتی بەكارهێنانی تەلەفۆندا.
لەدوا دێڕمدا پێویست دەكات هەر یەكێكمان لەخۆمان بپرسین تاچەند پابەندی ئەم جۆرە لە ئیتكێت بووین؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*