سەرەکی » وتار » د. مەغدید سەپان » رۆژنامەی ״كوردستان״ لە 22ی نیسانی 1898 دەرنەچووە

رۆژنامەی ״كوردستان״ لە 22ی نیسانی 1898 دەرنەچووە

بەگوێرەی سەرچاوەكانی بەردەست، د.مارف خەزنەدار یەكەم كوردە، ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەكی رۆژنامەی «كوردستان»ی بە 22ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێك لە رۆژنامەی (التآخی) لە ژمارەی 22ی نیسانی 1968 بڵاوكردوە. لە هەمان ساڵ د.كەمال فواد لە كتێبخانەی ماربوورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەكانی ڕۆژنامەی «كوردستان»ی دۆزیبۆوە و بە گوتارێك لە ژمارە یەكی گۆڤاری «ڕووناكی»، كە لە 23ی مایسی 1969 دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازەو گرنگەی بۆ خوێنەرانی كورد ئاشكرا كرد. دواتر هەر د.كەمال فواد تەواوی ژمارەكانی بەردەستی لە ڕۆژنامەی «كوردستان» لە بەرگی كتێبێك بەناوی: («كوردستان» یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی) لە ساڵی 1971 لە بەغدا چاپكرد. د.كەمال فواد لە پێشەكی كتێبەكەی بەمجۆرەی خوارەوەی لەسەر ڕۆژنامەی «كوردستان» نووسییە: یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (كوردستان) لە 30 ذوالقعدەی 1315 (19ی نیسانی 1314ی ڕۆمی) بەرامبەری 22ی نیسانی 1898 لە قاهیرە دەرچوو… بە دوو هەفتە جارێك لە چوار لاپەڕەی (25.5×32.5)سم دەردەچوو.
نزیكەی چل ساڵ بەسەر بڵاوكردنەوەی یەكەم گوتاری د.كەمال فواد لە گۆڤاری «ڕووناكی» ڕەتبووە و 38 ساڵیش بەسەر كۆكردنەوە و چاپكردنەوەی لە بەرگی كتێبێك، كە لەو كات 73 ساڵ بەسەر دەرچوونی ژمارەی یەكەم ڕەتبووبوو، هەروەها ئەمساڵیش، كە یادی 121 ساڵەی ڕۆژنامەی «كوردستان» دەكرێتەوە، نووسەرو ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی كورد لە هەموو ئەو ماوەیەدا قەت هیچ گومانێكیان لە ڕۆژی دەرچوون نەبووە و تێڕوانینی هەردوو دكتۆر (22ی نیسان) لە رۆژنامەگەری كوردی چەسپاوەو جێگیرە.
لەڕاستیدا، منیش بەچاولێكردنەوە، هەمان ڕای هەموو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی كوردم هەبووە، لەهەمان كات دەمێكە ئارەزووم بوو، بەرهەمێكی تێر و پڕ لەسەر ڕۆژنامەی «كوردستان» بنووسم، تێیدا ناوەڕۆكی هەڵبسەنگێنم، باس لە نەخشەسازی بكەم و لەگەڵ رۆژنامە و بڵاوكراوەكانی ئەوكاتی عەرەبی، توركی، فارسی و هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپی بەراوردی بكەم.
بۆ ئەوەی ئەم توێژینەوەیەم سەربگرێ و بە تێری لەسەری بنووسم، دەبوایە سەردانی كتێبخانەی مەلەكی سوید لە ستۆكهۆڵم بكەم، سەردانی دیاربەكر و توركیا و ئەرشیفی عوسمانلی لە ئیستانبوڵ بكەم، هەروەها سەردانی وڵاتی میسر و چاپخانەی هیلال، ڕۆژنامەی الاهرام و كتێبخانەی ئەسكەندەرییە بكەم. ئەو هەموو سەفەرانە خەرجی زۆری دەویست، بۆیە وەك پڕۆژە بۆ چەند دەزگا و بەرپرسێكی حكومیم نارد، هیچ وەڵامم وەرنەگرت.
پڕۆژەی رۆژنامەی «كوردستان» بۆ من بە ئەندازەیەك گەورە و گرنگ بوو، لەو بڕوایەدابووم، ئەگەر من نەینووسم، كەس ناینووسێ یان كەس وەك من ناینووسێ، لەوكات خوێنەری كورد لە بەرهەمێكی زۆر گرنگ بێبەش دەبێ، چونكە خۆم بۆ ماوەی دە ساڵ وەك كرێكار و چاپچی لە چاپخانە لە كوردستان و لە سوید كارم كردووە، چەند ساڵێك وانەی دیزاین، ژانرەكانی ڕۆژنامەوانی، ئیتیكی ڕاگەیاندن، ئەرشیف و زۆر بابەتی دیكەشم لە بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان وتۆتەوە و ئەزموونی زۆرم لەم بوارە پەیدا كردووە، بۆیە دەستپێكردن بەو پڕۆژەیە، بۆ من لە خەونێكی گەورە و زۆر جوانی دەكرد، بەڵام بێ پشتیوانی ماددی هیچ نەدەكرا.
لە نۆڤێمبەری 2018 لەگەڵ كاك بەرزۆ ئیسماعیل سەردانی برادەرێكی بازرگانی خوێندەوار و خوێنەر و ئاشقی كتێب و فەرهەنگم لە سلێمانی كرد، لەناو قسەكان باسی ئەو خەونەی منیش كرا، بێئەوەی چاوەڕێی هیچ لەو بازرگانە بەڕێز و خەمخۆرە بكەم، بێئەوەی بە نامە وەك پڕۆژە بۆی بنووسم یان هیچ بیرۆكەیەكم بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ چاپكردنی كتێبێك لەمێشك بووبێ، ئەو پشتگیری تەواوی لەم پڕۆژەیە كرد و هەموو خەرجییەكەشی خستە ئەستۆی خۆی…
لەڕۆژی دووشەم (7ی كانونی دووی 2019) سەردانی كتێبخانەی مەلەكی ستۆكهۆڵمم بۆ وەرگرتنی كۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet-Dagens nyheter)ی (22ی نیسانی 1898) كرد، بۆئەوەی لە داهاتوو لەگەڵ رۆژنامەی «كوردستان» بەراوردیان بكەم… من بینیم لەسەر هەردوو ڕۆژنامە: «ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیهێتەر» رۆژی هەینی نووسرایە… من یەكسەر گومانم لاپەیدابوو، كە رۆژی هەینی پێش 121 ساڵ لە میسر باوەڕناكرێ، خەریكی دەركردنی رۆژنامە بووبن، چونكە لە جیهانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە… من گومانم بۆ 22ی نیسان هەڵەبێت و ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی «كوردستان» نەبی، بۆیە بڕیارمدا بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بكەم.
ڕۆژی دووشەم 28ی كانونی دووی 2019 لە هەولێر سەیری ژمارە یەكی رۆژنامەی «كوردستان»م كرد، ڕۆژی پێنجشەمی لەسەر نووسرابوو، زوو تێگەیشتم 22ی نیسان هەڵەیە، چونكە ڕۆژەكان وەك مامۆستا فەرهاد شاكەلی لە گوتارەكەی ڕۆژنامەی «ئاسۆ» دەنووسێ، لە سەردەمی سۆمەری و بابلییەكانەوە تا ئێستا بە سیستمێكی ڕێكوپێك و بێ هەڵە، بەكارهاتووە.
من پێشتر زانیبووم مامۆستا فەرهاد شاكەلی وتارێكی لەسەر دەرچوونی یەكەم ژمارەی «كوردستان» نووسیبوو و تێیدا سەلماندبووی، كە ڕۆژی 22ی نیسان ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی كوردستان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی من گوتارەكەی ئەوم نەخوێندبۆوە، نەمدەزانی مامۆستا فەرهاد شاكەلی چ ڕۆژێكی بەلاوە دروستە. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەم دەست بكەوێ، لە ڕۆژی دووشەم ڕێكەوتی ٤ی ئازاری 2019 لەگەڵ مامۆستا فەرهاد شاكەلی لە شاری ئوپسالا لە سوید یەكترمان بینی و لەم دانیشتنە، من بە كورتی باسم لەو پڕۆژە جوانەی خۆم كرد، هەروەها باسم لە ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی «كوردستان» كرد، كە 22ی نیسان هەڵەیە و 21ی نیسان دروستە… هەر لەو دانیشتنە، مامۆستا فەرهاد شاكەلی گوتارێكی خۆی بۆ هێنابووم، كە پێشتر لە ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارە (413)ی ڕۆژی یەكشەم، ڕێكەوتی 22ی نیسانی 2007 بڵاوكرابۆوە، تێیدا 21ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەكی ڕۆژنامەی «كوردستان» دانابوو. دەبێ بنووسم، من زۆر دڵخۆشبووم، هەردووكمان لە دوو كاتی جیا، بێئاگاداری یەكتر هەمان ئەنجاممان دەستكەوت.
هەر لەم گوتارە، مامۆستا فەرهاد شاكەلی جگە لەوەی رۆژی 21ی نیسان بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەكی ڕۆژنامەی «كوردستان» دادەنێ، بەڵكو هەڵەیەكیش لە دانانی ڕۆژەكانی سەر ژمارە و لاپەڕەی یەكی ڕۆژنامەی «كوردستان» دەدۆزێتەوە، كە بە پێی تەقویمی كۆچی دەبوایە 29ی مانگی زولعەقدە لە لاپەڕەی یەكی ڕۆژنامەی «كوردستان» بنووسرابا نەك وەك ئێستا 30 زولعەقدە، هەروەها بەپێی تەقویمی ڕۆمی پێنجشەممە ٩ی نیسانی 1314 ئەگەر بۆ ساڵی زایینی بگۆڕین دەكاتە 21ی نیسانی 1898، بەمجۆرە دەسەلەمێندرێ، كە رۆژی 22ی نیسان هەڵەیە و ڕۆژی 21ی نیسان دروستە.
لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەی من و مامۆستا فەرهاد شاكەلی، دەردەكەوێ كە مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردی یەك ڕۆژ زووتر دەستیپێكردییە، لەوەی تا ئێستا نووسراوە و باسی لێوەدەكرێ، هەرچەندە یەك ڕۆژ بۆ مێژووی 121 ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی لەوانەیە زۆر نەبێت، بەڵام ئەگەر ئاشكرابوو و ئەو ئەنجامە ڕاست و دروستە دەستكەوت، دەبێ ئەو هەقیقەتە بۆ خەڵك باسبكرێ.

هەولێر 9ی نیسانی 2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*