سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » هونه‌رو جینۆسایدو پرسیاری‌ ئاینده‌

هونه‌رو جینۆسایدو پرسیاری‌ ئاینده‌

1
هونه‌ر رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ له‌به‌گژاچوونه‌وه‌ی‌ سته‌م و نادادیدا ده‌بینێت، زۆر جار له‌ڕێی‌ هونه‌ره‌وه‌ توانراوه‌ سیمای‌ دزێوی‌ سته‌مكاران زیاتر نیشان بدرێت و سته‌مكاری‌ رسوا بكرێت، ره‌نگه‌ تابلۆكه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ ئیسپانی‌ پابلۆ بیكاسۆ نمونه‌یه‌كی‌ دیاری‌ ئه‌و رسواكردنه‌ بێت كاتێك له‌ڕێی‌ تابلۆی‌ جێڕنیكاوه‌ دڕنده‌ی‌ سته‌مكارانی‌ نیشاندا، هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌، میوزیك، شانۆ و سینه‌ما، هه‌ر یه‌كه‌و به‌جۆرێ‌ به‌گژ جینۆسایدو نادادیدا چوونه‌ته‌وه‌، هونه‌ری‌ كوردیش له‌ماوه‌كانی‌ رابردودا هه‌وڵی‌ خۆی‌ زۆر به‌چڕی‌ خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازاره‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌، نادادیه‌كانی‌ سته‌مكاران نیشانی‌ ئه‌وی‌ تر بدات، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ له‌ ڕێی‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ به‌گژ جینۆسایدا بچێته‌وه‌و سه‌دان تابلۆو هێڵكاری‌ و چیرۆك له‌باره‌ی‌ ئه‌نفال و جینۆسایدی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بگێڕێته‌وه‌ دكتۆر عوسمان قادره‌، عوسمان قادر هونه‌رمه‌ندی‌ به‌ گژاچونه‌وه‌ی‌ جینۆ سایده‌و دكتۆراكه‌شی‌ سه‌باره‌ت جینۆسایدی‌ گه‌له‌كه‌یه‌تی‌ .
ئه‌نفال له‌ تابلۆكانی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا چیرۆكێكی‌ دورو درێژو ئازاری‌ هه‌زاران كه‌سه‌، تابلۆكان لیپن له‌هاواری‌ خنكاو، ئازاری‌ دابڕان، سه‌رلێشێواوی‌ و ون بوون، كۆكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ بۆ كوشتن، نیشاندانی‌ هه‌زاران ده‌م و چاوی‌ تۆ قیوو، ده‌م و چاو گه‌لێك كه‌ هه‌تره‌شیان براوه‌و نازانن چاره‌نوسیان به‌ره‌و كوێیه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ نازانن، ته‌نانه‌ت ناتوانن بیر له‌وه‌ ش بكه‌نه‌وه‌ كه‌چاره‌نووسیان به‌ره‌و كوێیه‌ نیشانه‌ی‌ جینۆ سایدێكی‌ مه‌ترسیداره‌، ئیشكردنی‌ هونه‌ر له‌جینۆ سایدا زۆرجار ده‌توانێ‌ مرۆڤ بێنێته‌ پای‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی‌ ئاكاری‌ یانی‌ وا له‌ مرۆڤ بكات پرسیاری‌ ئه‌وه‌ بكات ئایه‌ به‌ڕاستی‌ مرۆڤ شایانی‌ ئه‌و هه‌موو كوشت و بڕه‌یه‌.
جوله‌كه‌كان له‌باره‌ی‌ جینۆسایده‌كه‌یانه‌وه‌ سه‌دان فیلمی‌ دانسقه‌یان دروستكردووه‌، له‌سه‌ر گوازتنه‌وه‌و كۆكردنه‌ویان له‌پۆڵۆنیا، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌یان، فیلمه‌كانی‌ له‌ تاریكیدا، له‌ ته‌مدا، كوڕه‌ بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌كه‌و هتد هه‌موویان باسی‌ له‌ئازاری‌ جوله‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ده‌ست نازیه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌سه‌دان تابلۆ ، كتێب ، چیرۆك و داستان، ئه‌نفال لای‌ كورد هێشتا له‌بواری‌ هونه‌ردا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌وی‌ تر رابگرێت، له‌كاتێكا له‌ ئه‌نفالدا هه‌زاران چیرۆك و داستانی‌ كاریگه‌رهه‌ن .
هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ و هێڵكاری‌ و نیشاندانی‌ ئازاره‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌بواره‌كانی‌ تری‌ هونه‌ردا ئه‌وانی‌ تریش ده‌ستپێبكه‌ن، هه‌موو ئه‌و تابلۆیانه‌ی‌ كه‌له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر عوسمان قادر ئه‌حمه‌د كێشاونی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ خودی‌ گه‌واهیده‌ره‌كان خۆیانن، یانی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ یه‌ك یه‌ك ده‌یان گه‌واهیده‌ری‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر دواندوه‌و دواتر چیرۆكه‌ ئازارزه‌ده‌كانی‌ له‌تابلۆكانیدا بۆ ئه‌وانی‌ تر، بۆ بینه‌ره‌كانی‌، بۆ مێژوو گێڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌موو بینینه‌كانی‌ نێو تابلۆكانی‌ عوسمان قادر به‌ئێمه‌ ده‌ڵێن هه‌میشه‌ ئه‌نفال و جینۆ ساید له‌به‌رده‌می‌ ئێمه‌دان و نه‌كه‌وتونه‌ته‌ پشتمانه‌وه‌، واته‌ له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری‌ دوو باره‌ بونه‌وه‌ی‌ ئه‌و تاوانه‌ هه‌یه‌ ، چاوه‌كان ئه‌و ترسه‌ نیشانی‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ن ، له‌مه‌شدا هه‌مان چیرۆكی‌ له‌ تاریكیدای‌ جوله‌كه‌كانم بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ نێو زێرابه‌كاندا به‌ هه‌مان بارو دۆخدا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام جیاوازیه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ جوله‌كه‌ هۆلۆكۆستی‌ خسته‌ پشتی‌ خۆیه‌وه‌ ، یانی‌ دۆخێكی‌ دروست كرد، كه‌ جارێكی‌ تر ئه‌و تاوانه‌ ڕوونه‌داته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌واوی‌ دنیای‌ هێنایه‌ باری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆیان به‌ به‌رپرسیاربزانن به‌رانبه‌ر ئازاری‌ جوله‌كه‌كان و تاوانی‌ هۆلۆكۆستی‌ كرده‌ تاوانێك ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی‌ نه‌ته‌نیا جوله‌كه‌ .

2
له‌هه‌ناوی‌ سته‌مكاری‌ ئه‌نفالدا هه‌ر سه‌دان چیرۆكی‌ ئازار به‌خش بۆ ئێمه‌ نه‌ماونه‌ته‌وه‌، له‌نێو ئه‌و ئازاره‌دا دابڕان، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ خێزان، تێكچوونی‌ باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، تێكشكانی‌ ده‌روونی‌، ترس له‌ ژیان و له‌وی‌ تر، به‌رده‌وام هه‌ڵاتن و دوركه‌وتنه‌وه‌، خۆشاردنه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ نێو هه‌ناوی‌ ئه‌و تاوانه‌ مه‌ترسیداره‌دا چڕنوك له‌ گیانی‌ مرۆڤی‌ كورد، به‌تایبه‌ت ئازار زه‌ده‌كان گیر ده‌كه‌ن، روداوه‌كانی‌ دواتر ڕاپه‌ڕین، كۆڕه‌و، شه‌ڕی‌ خۆبه‌خۆو دیلكوشتن، خۆ فرۆشتن به‌سته‌مكارو جه‌لاد، جینۆ سایدی‌ ئێزدیه‌كان و هتد درێژكراوه‌ی‌ ئه‌و ناجۆریه‌ن كه‌ دووژمنه‌كانمان له‌كه‌سێتی‌ مرۆڤی‌ كوردا به‌رجه‌سته‌یان كردووه‌، یانی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال و كیمیابارنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌یان شوێنی‌ تری‌ باشوری‌ كوردستان، به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌مرۆیی‌ خستنی‌ مرۆڤی‌ كورد بن، ئه‌وه‌ روداوه‌كانی‌ دواتر چیرۆك و تاوانه‌كانی‌ دواتر، له‌ كوردی‌ خستنی‌ مرۆڤی‌ كوردن، یه‌كتر كوشتن جۆرێكه‌ له‌كوردی‌ خستن، په‌نابردنه‌وه‌ بۆ دوژمن جۆرێكه‌ له‌ كوردی‌ خستن ، كام دوژمن ئه‌وه‌ی‌ پێشتر جینۆسایدی‌ كردووی‌ ، خۆ نه‌ناسین جۆرێكه‌ له‌ كوردی‌ خستن ، گومان له‌ خۆ كردن، له‌ هاوزمانكردن، له‌ ئاینده‌، ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ كوردی‌ خستنن، ئه‌م تێكشكانه‌ مرۆییه‌، زاده‌ی‌ ئه‌و جینۆسایده‌یه‌ كه‌نه‌یتوانیوه‌ كۆمانكاته‌وه‌، كه‌ له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك جوله‌كه‌ كۆمانكاته‌وه‌، هه‌لاهه‌لای‌ كردووین، یانی‌ ئه‌م له‌ كوردی‌ خستنه‌، دواجار به‌توركی‌ بوون به‌ فارسی‌ بوون و به‌ عه‌ره‌ب بوونی‌ لێ‌ دروست بووه‌، ئه‌كرێ‌ ئه‌م دۆخه‌ كوردیه‌ له‌باشوری‌ كوردستان، ناوبنه‌ین»خود نه‌فره‌تی‌» نه‌فره‌ت له‌ خۆ كردن، خۆ كوشتن و شوناس كوشتن .
ئه‌ركی‌ هونه‌ر جگه‌ له‌ نیشاندانی‌ ئازاره‌كه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تێكشكاویه‌، هه‌ندێك جار هه‌وڵه‌كان به‌نیشاندانی‌ برینه‌كه‌ ده‌بێت، به‌و جۆره‌ی‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ دێت چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، چیرۆكی‌ كه‌سێك ده‌گشتێنێ‌، پێمانده‌ڵێت ئه‌وه‌ جێپه‌نجه‌ی‌ سته‌مكاریه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات درك به‌ یه‌رپرسیاره‌تی‌ بكرێت به‌رانبه‌ر قوربانی‌، هه‌ڵبه‌ت قوربانیش دێنێته‌وه‌ هۆشی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بن ده‌توانن به‌ گژ جینۆسایدا بچنه‌وه‌، به‌ گژاچوونه‌وه‌ی‌ جینۆساید گه‌یشتنه‌ به‌خۆ خاوه‌نی‌، خۆ خاوه‌نی‌ به‌و مانایه‌ی‌ جارێكی‌ تر هه‌مان برین نه‌كرێته‌وه‌ جه‌سته‌ت، روونتر ئه‌گه‌ر له‌ 1988 تا 3-8-2014 مرۆڤی‌ كورد توانیبای‌ ببوایه‌ته‌ خاوه‌نی‌ شوناسی‌ خۆی‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌شتاو هه‌شت له‌ باشوری‌ كوردستان له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ سته‌مكاری‌ ڕوویدا، له‌ 2014 له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ داعش له‌ شه‌نگال ڕووینه‌ده‌دا .
وه‌ك چۆن تاوانه‌كان، سته‌مكاریه‌كان گرێدراوی‌ یه‌كن و ئیلهام له‌ یه‌كتر وه‌رده‌گرن، قوربانیه‌كان گرێدراوی‌ یه‌كن، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ عیبره‌ت و ئه‌زمون و ئاوه‌ز له‌ یه‌كتر وه‌ربگرن، له‌مه‌ودای‌ 26 ساڵی‌ نێوان ئه‌نفال و شه‌نگالدا له‌باشوری‌ كوردستان 23 ساڵی‌ جۆرێك له‌خۆخاوه‌نی‌ كورد هه‌بووه‌، به‌ڵام بۆ یه‌ك چركه‌ بیر له‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌نفال به‌ جێبێڵین، یانی‌ مرۆڤی‌ كورد بگه‌یه‌نینه‌ دۆخێك كه‌ مه‌ترسی‌ ئه‌نفالی‌ له‌ سه‌ر نه‌بێت، له‌و 23 ساڵه‌دا حزبه‌ گه‌وره‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان، هێنده‌ی‌ خه‌ریكی‌ دڵداری‌ كردن له‌ گه‌ڵ دوژمنه‌كان، یه‌كتر كوشتن، تاپۆكردنی‌ دارو به‌ردی‌ كوردستان له‌سه‌ر خۆیان، دزینی‌ شوێنه‌وارو سامانی‌ گشتی‌ بون، هێنده‌ خه‌ریكی‌ بونیادنانه‌وه‌ی‌ مرۆڤی‌ كورد نه‌بوون، هێنده‌ له‌ بیری‌ ئه‌وه‌دا نه‌بوون له‌ نێو ته‌متومانی‌ جینۆسایدو ئه‌نفالدا كورد به‌رنه‌ دیرۆكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی‌ نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی‌ قورس تر كردووه‌ ، به‌و مانایه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندو نوسه‌ران هه‌میشه‌ هه‌ستیان كردووه‌ له‌و بواره‌دا ته‌نیان، له‌ ئیشه‌كانی‌ عوسمان قادردا كه‌ به‌ ته‌نێ‌ شانی‌ داوه‌ته‌ به‌ری‌ به‌ڕوونی‌ درك به‌و ته‌نیاییه‌ ده‌كرێت .


3
تابلۆكانی‌ عوسمان قادر باس له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ شوناس ده‌كه‌ن بۆ قوربانی‌، ئه‌و له‌نێو ئه‌و هه‌موو برینه‌ی‌ مێژوودا ده‌یه‌وێت پرسیاری‌ ئه‌وه‌ بكات، ئاخۆ ئه‌مه‌ تا كه‌ی‌ درێژه‌ی‌ ده‌بێت، هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌ی‌ له‌ناخی‌ هه‌موو كه‌سه‌ هاڕراوه‌كانی‌ نێو تابلۆكانیدا هه‌یه‌، قسه‌كردن له‌ هاڕراو قسه‌ كردنه‌ له‌و تێكه‌ڵ بوونه‌ تاریكه‌ ده‌م و چاوێك، ده‌ ، سه‌دان ، هه‌زاران، دواتر یان باریك بونه‌وه‌ به‌ ڕاده‌ی‌ تاڵه‌ ده‌زویه‌كی‌ ڕه‌ش كه‌ تێكه‌ڵه‌ی‌ هه‌زاران هه‌زاره‌، یان تۆپه‌ڵه‌یه‌ك له‌ شێوه‌یه‌ی‌ خاڵێكی‌ ڕه‌ش له‌ سه‌ر پانتاییه‌كی‌ سپی‌، كه‌ ئه‌مه‌ شه‌رمه‌زاركردنی‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی‌ دنیایه‌و هیچی‌ تر، پرسیاره‌كه‌ش هه‌مان ئه‌و شه‌رمه‌زاركردنه‌یه‌، ئاخۆ تاكه‌ی‌ ئه‌م تاریكیه‌ به‌رده‌وام بێت، تاكه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو بوون و ژیان و بزه‌و ئازادیه‌ بكرێنه‌ قه‌ره‌برووت، وه‌ك چۆن نازیه‌كان له‌ كوره‌كانی‌ مردنا جوانیان ده‌سوتاند، ئه‌نفال و شه‌نگال ریشه‌یان له‌مێژوودایه‌ له‌مێژوی‌ ئاینه‌ئاسمانیه‌كان و بیرو باوه‌ڕه‌كانی‌ مرۆڤدا، واته‌ هه‌موو سته‌مكاریه‌كانی‌ مێژوو سه‌رچاوه‌یه‌كیان هه‌یه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌ركی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م ڕووداو تا به‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی‌ دابنه‌ین، ئه‌ركی‌ ئێمه‌، ئه‌ركی‌ عوسمان قادر، ئه‌ركی‌ هونه‌ر پرسیار كردنه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ی‌ ئه‌مه‌ كۆتای‌ دێت .
پێناچێت له‌م قۆناغه‌دا وه‌ڵامی‌ وردی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌، لێ‌ ده‌كرێت له‌رێگه‌ی‌ هونه‌ره‌وه‌ پرسیارێكی‌ به‌م جۆره‌ له‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی‌ بكرێت، ئایه‌ ده‌زانین سبه‌ی‌ چی‌ ڕووده‌دات، ئاخۆ به‌رگه‌ی‌ ئازارو سته‌می‌ دیكه‌ ده‌گرین، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ ده‌شێت بمانخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ داكۆكی‌ كردن له‌ یه‌كتره‌وه‌ .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

په‌ڵكانه‌و شوێنه‌كانی‌ تر

1 زه‌ڕه‌یه‌ك خاكی‌ وه‌ته‌ن ناده‌م به‌ قه‌سری‌ قه‌یسه‌ری‌ جۆگه‌له‌و ئاوی‌ ...