سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » پڕۆژه‌یه‌ك بۆ حکومەت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان

له‌ ساڵیادی ئه‌نفالدا

پڕۆژه‌یه‌ك بۆ حکومەت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان

ئه‌وه‌ی‌ له‌ 31 ساڵی ڕابردوودا له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال وتراوه‌ زۆر زیاتر و چڕتر بووه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌دا جارێكیتر وشه‌كان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و بیخه‌ینه‌وه‌ به‌ر دیده‌ی‌ خوێنه‌ران. ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش دڵنیام ئه‌وه‌ی‌ وتراوه‌ و ئه‌وه‌شی ده‌گوترێت له‌ ئاینده‌دا له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ هه‌رگیز له‌ ئاست تاوانی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌نفالدا نه‌بووه‌ و ناشبێت.
ڕه‌نگه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا بێده‌ربه‌ست یان كه‌مته‌رخه‌مییه‌كمان كردبێت له‌ نوسین و ئاماژه‌كردنێك به‌ تاوانه‌كه‌ ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ و له‌ یادێكیتردا ده‌بێت ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕابردوودا كردوومانه‌ بۆ ئه‌م تاوانه‌ تێیپه‌ڕێنین و شێوازێكیتر بۆ زیندوهێشتنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌. له‌م یاده‌دا ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كی گرنگ و جێ بایه‌خه‌ و پێویسته‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان خه‌می لێ بخۆن و بیری لێبكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌:
له‌ ده‌روازه‌ی‌ هه‌ر گوندێكی كوردستاندا كه‌ شاڵاوی ئه‌نفالی پێدا تێپه‌ڕیوه‌ و هاوڵاتییه‌ بێتاوانه‌كه‌ی‌ ڕاپێچی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كران، پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری‌ گه‌وره‌ له‌شێوه‌ی‌ دیواربه‌ندی‌ دروست بكرێت، (ناو و ئه‌گه‌ر وێنه‌ی‌ ئه‌نفالكراوه‌كه‌ هه‌بوو) تێیدا هه‌ڵبواسرێت و زانیاری‌ ته‌واو له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ شاڵاوه‌كه‌ و ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراوه‌كانی‌ گونده‌كه‌ و ڕۆژو به‌رواره‌كه‌ی‌ تێدا هه‌ڵبگیرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیوار به‌نده‌ یان مۆنۆمێنته‌ بچوككراوه‌یه‌ بكرێت بۆ هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ی‌ كه‌ شاڵاوی ئه‌نفالی پێدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌وا سودێكی باشی ده‌بێت له‌وانه‌ :
یه‌كه‌م / ئه‌گه‌ر نادڵنیاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ ژماره‌ و چه‌ندێتی ئه‌نفالدا و ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌وێت دڵنیایی ته‌واو له‌ ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراوه‌كانمان وه‌ربگرین كه‌ كه‌سانێك پێیانوایه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراوانی‌ كورد زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌گوترێت (182000)ه‌، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین ژماره‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانمان به‌ دیكۆمێنت بكه‌ین و ژماره‌ی‌ ڕاست و ته‌واویان بزانین و ئیدی ئه‌و گومانه‌ بڕه‌وێته‌وه‌ كه‌ باس ناڕاستی ژماره‌ی‌ ئه‌نفالكراوان ده‌كرێت.
دووه‌م / له‌ڕێگه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌وه‌ هیچ ئه‌نفالكراوێك بێ ناسنامه‌ و پرۆفایل نابێت و داتایه‌كی باش ده‌بێت بۆ به‌ دواداچوونی هه‌ر تاكێكی ئه‌نفالكراو له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ بییه‌وێت زانیاری‌ پێویست له‌سه‌ر كه‌سێك یان ئه‌نفالكراوێك كۆبكاته‌وه‌ و بۆ خۆیی ئه‌رشیف بكات.
سێیه‌م / به‌جێماوه‌كانی‌ ئه‌نفال و هه‌موو ئه‌و نه‌وه‌ و وه‌چه‌یه‌ی له‌ داهاتووی كوردستاندا دێن و تاوانه‌كه‌یان به‌ چاو نه‌بینیووه‌، له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ به‌ باشی تێده‌گه‌ن كه‌ ڕۆژانێك كورد له‌سه‌ر ده‌ستی زاڵمێكی خوێن مژی وه‌ك به‌عس و سه‌دام حسێن قڕكراون و تاوانێكی گه‌وره‌ی‌ له‌م جۆره‌یان له‌ دژیان كراوه‌ و جیهانیش له‌و كاته‌دا بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌.
چواره‌م / ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌بێت ئه‌وا كارێكی باش ده‌بێت بۆ ته‌واوی‌ ئه‌و وه‌فد و كه‌سه‌ بیانیانه‌ی كه‌ دێنه‌ كوردستان و ده‌یانه‌وێت زانیاری له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ و ژماره‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانمان بزانن. له‌م كاته‌دا ئه‌و بیانییانه‌ خۆیان ڕووداوه‌كه‌ به‌چاو ده‌بینن و پێویستیان به‌ كه‌سێك نییه‌ بۆیان بگێڕێته‌وه‌.
پێنجه‌م / بوونی پرۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ گرنگیدانێكی گه‌وره‌یه‌ به‌تاوانه‌كه‌ و هه‌وڵێكی تایبه‌ت و ده‌گمه‌نیش ده‌بێت كه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و جیهانیش تاوانێكی گه‌وره‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ وێنه‌ و تابلۆوه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ وه‌رگر و بینه‌ری‌ دیواربه‌نده‌كه‌.
شه‌شه‌م / ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا گونده‌كانی‌ كوردستانیش له‌یه‌كتر جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ كام گونده‌ ئه‌نفالی تێدا كراوه‌ و كام گوند به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال نه‌كه‌وتووه‌. هه‌روه‌ها ژماره‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌یش ده‌زانین كه‌ له‌ ته‌واوی‌ قۆناغه‌كانی‌ ئه‌نفالدا به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتووه‌.
حه‌وته‌م / ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ پرۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبسن، ئه‌وا له‌پاڵ تۆماركردنی‌ ناوی‌ ته‌واوی‌ ئه‌نفالكراوه‌كاندا، ئه‌م پرۆژه‌یه‌یش سه‌رچاوه‌یه‌كیتر تر ده‌بێت بۆ تۆماركردن و هێشتنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ته‌واوی‌ ئه‌نفال كراوان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ...