سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » مەرگی هاووڵاتی و بێدەنگیی حكومەت

پۆلەتیک

مەرگی هاووڵاتی و بێدەنگیی حكومەت

لە كەمپەین و پڕوپاگەندە سییاسییەكاندا، بەتایبەت لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردندا، زۆرینەی پارتە سیاسییەكان، لەناو پاكێجی كەمپەینی لیستەكانیانداو دواتر كارنامەو پرۆگرامی كاندیدەكانیشیاندا، گرنگی زۆر بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەدرێت، لەوانە گەشەپێدان بە كەرتی تەندروستی، ژینگەو كرێی هۆكارەكانی گواستنەوە.. لە بەشێك لەو وڵاتانەی كە دیموكراسی گەشەی كەمی تێدا كردووە، یان لە رووی ژێرخانی شارستانییەوە گەشەی باشیان نەكردووە، بە بانگەشەكردن بۆ بەشێك لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، كار لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردن‌و بەشداربوون لە حوكمڕانیدا دەكرێت.
هەروەك چۆن لە هەرێمی كوردستان، پارتە سیاسییەكان لە كەمپەینە میدیاییەكانیاندا، بە بەردەوامیی لە چوارچێوەی بەرهەمە میدیاییەكانداو لە میدیاكانیانەوە ئەرشیف‌و وێنەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ پڕوپاگەندەی كەمپەینەكان بەركاردەبەن، كە لە چوارچێوەی بەشداربوونیان لە حكومەتدا جێبەجێیان كردوون.
شیكردنەوەو روونكردنەوەی جۆرو كوالێتیی پڕۆژە خومەتگوزارییەكانی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قسەی زۆری لەسەر كراوەو دەكرێ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێوە بكرێت، بەشێك لە پڕۆژەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە كە بۆ هەندێ لە شارەكانی كوردستان، بوون بە مۆتەكەی مەرگ‌و رۆژانەو هەفتانە چەندین گیانی مرۆڤ بە رووداوەكان دەبنە قوربانی.
ئەگەر تەنیا نموونەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی رێگەوبان وەربگرین لە هەرێمی كوردستان، كە چەند شارو رێگەیەكی كەمن بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێمان‌و بە بەراورد بە ئەزموونی (28) ساڵەی تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبینین، وڵاتەكەمان، هاووڵاتیانمان‌و خەڵك لە ئاریشەو كێشەو قەیرانێكی گەورەی مەرگ ئاسادان، رۆژانەو هەفتانەو مانگانە، مرۆڤ لەم نیشتمانەدا رووبەڕووی مەرگ‌و بوون بە قوربانیی دەبنەوە، لە كاتێكدا چارەسەركردنی ئەم كێشەیە تەنیا چەند ساڵێكی بەس بوو.
لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستان، هۆكارەكانی گواستنەوە تەنیا لە شارە گەورەكان بەردەستن، كە تەنیا هۆكارەكانی تاكسی‌و پاسە كۆنەكانن، لە شارە بچووكەكانیش مینی پاسەكان بوون بە هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی. بۆیە ئەوە فاكتەرێكی گرنگە كە وایكردووە بەشێكی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان، ئۆتۆمبێلی كەسی‌و تایبەت بەكاربەرن بۆ ئیشوكاری رۆژانەیان‌و هاتوچۆكردن لە نێوان شارەكاندا.
رێگەوبانەكانی دەروازەی راپەڕین، شارەكانی رانیەو قەڵادزێ، لە ئێستادا خراپترین نموونەی رێگەوبانن، تەنیا پڕۆژەی دووسایدكردنی رێگەی چوارقوڕنە-دوكان، نزیكەی (10) ساڵە كاری تێدادەكرێت بە شێوەیەكی زۆر ناڕێكوپێك‌و نەتوانراوە تەواوبكرێت. جگە لەوەش خراپبوونی رێگەوبانەكان لە ماوەی ساڵانی رابردووداو چاك نەكردنەوەیان بەپێی پێویست، وایكردووە ببن بە مەترسی جددی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان لە ناوچەكەداو تەنیا لە ماوەی ئەم بەهارەدا چەندین هاووڵاتی بە رووداوی هاتوچۆ كە فاكتەری دیارو سەرەكی چاڵوچۆڵی‌و نەبوونی رێگەوبان‌و هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتین، گیانیان لەدەستداوەو بە دەیان هاووڵاتیش برینداربوون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێستاداو لە دوای چەند گیان لە دەستدانێكی بە كۆمەڵی رووداوەكانی هاتوچۆ بە تایبەت لە سنووری رانیە، پێویستە لیژنەیەكی جددی پێكبهێنێت‌و بەدواداچوونی جددی بکات بۆ كەموكوڕیی لە پڕۆژەكانی هاتوچۆو چاك نەكردنەوەی رێگەكان‌و تەنانەت زوو تێكچوونەوەی رێگەكان لە دوای نۆژەنكردنەوەیان، كە كاریگەریی كوالێتی مەوادەكان‌و جۆری ئیشەكانە، بە زووترین كات‌و بۆ كەمكردنەوەی رێژەی قوربانییەكان‌و لەپێناوی دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی كە ئەركی سەرەتایی حوكمی رەشیدن، ستراتیژێك دابنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشنیاره‌كان بۆ كابینه‌ی نۆ

له‌دوای چه‌ندین مانگ چاوه‌ڕوانی و دانوستانی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ ...