سەرەکی » دۆسێ » یه‌مه‌ن: دانیشتوانی‌ سه‌نعا له‌ مه‌ترسیدانپەڕە 24

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هۆشداریی‌ ده‌دات

یه‌مه‌ن: دانیشتوانی‌ سه‌نعا له‌ مه‌ترسیدان

دانیشتوانی‌ شاری‌ سه‌نعا به‌ده‌ست به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ خۆراك و كه‌می‌ سوته‌مه‌نییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌ه‌كانیش هۆشداریی‌ ده‌دات له‌ مه‌ترسی‌ روودانی‌ «خراپترین كاره‌ساتی‌ برسێتی‌» له‌و وڵاته‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو.
شاری‌ سه‌نعا كه‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست ململانێی‌ ناوخۆیی‌ و ئه‌و گه‌مارۆیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ له‌پاش ده‌ستوه‌ردانی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌وه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌یاندا سه‌پێنراوه‌ و رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ بارودۆخی‌ ژیانیان به‌ره‌و خراپتر ده‌بات.
وه‌ك ئاژانسی‌ (فرانس پرێس)یش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ست به‌ نیگه‌رانی‌ ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ روودانی‌ «خراپترین كاره‌ساتی‌ برسێتی‌» له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو، گه‌ر ئه‌و گه‌مارۆیه‌ له‌سه‌ر شاره‌كه‌ هه‌ڵنه‌گیرێت.
ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ له‌ 8ی‌ ئه‌م مانگه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ داخراوی‌ سازكرد، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر «دۆخی‌ ناله‌باری‌ مرۆیی‌» كرده‌وه‌ له‌و وڵاته‌، به‌پێویستیشی‌ زانی‌ هه‌موو به‌نده‌ر و فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ یه‌مه‌ن بكرێنه‌وه‌.
سه‌عد كه‌نه‌ف كه‌ شۆفێری‌ تاكسیه‌ له‌ شاری‌ سه‌نعا، به‌ ئاژانسی‌ (فرانس پرێس)ی‌ راگه‌یاندبوو»دۆخه‌كه‌ خۆی‌ كاره‌ساتبار بوو، به‌ڵام سعودیه‌ش گه‌مارۆیه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ سه‌پاند تا هێنده‌ی‌ تر له‌ برسان بمرین».
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سعودیه‌ موشه‌كێكی‌ بالیستییان له‌سه‌ر ئاسمانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ ریاز ته‌قانده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ هه‌ڵدرابوو، هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بڕیاریدا ته‌واوی‌ كایه‌ ئاسمانی‌ و وشكانی‌ و ده‌ریاییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن دابخات.
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ریاز، ئێرانی‌ به‌ دروستكردنی‌ موشه‌كه‌كه‌ و ناردنی‌ بۆ حوسییه‌كان تۆمه‌تبار كرد، ئه‌و هه‌نگاوه‌یشی‌ به‌ پێشێلكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.
ئه‌وه‌ش ته‌نگژه‌یه‌كی‌ توندی‌ له‌نێوان ریاز و تاراندا دروستكرد كه‌ له‌ئێستادا له‌ ململانێكانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست رووبه‌ڕووی‌ یه‌كتر بونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ سوریا و یه‌مه‌ن و عیراق و لوبنان و به‌حره‌ین.
له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی‌ دواییدا، نرخی‌ دۆلارێك له‌ یه‌مه‌ن گه‌یشته‌ 370 ریاڵ، به‌ڵام دوای‌ چه‌ند رۆژێك نرخه‌كه‌ به‌رزتربۆه‌وه‌ و نرخی‌ یه‌ك دۆلار گه‌یشته‌ 402 ریاڵ.
نرخی‌ به‌نزین به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ رێژه‌ی‌ 50%رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد، نرخی‌ دیزڵیش نزیكه‌ی‌ سێ‌ هێنده‌ زیادی‌ كرد، غازیش خه‌ریك بوو به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌ بازاڕه‌كاندا نه‌مێنێت.
ئاژانسی‌ (فرانس پرێس) له‌ زاری‌ دانیشتوانی‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌»نرخی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ رێژه‌ی‌ 10% بۆ 20% له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌».
میدیاكانی‌ سه‌ر به‌ حوسییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان چه‌ندان وێستگه‌ی‌ سوته‌مه‌نییان به‌هۆی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخه‌وه‌ داخستووه‌ و لیژنه‌یان بۆ رێكخستن و دابه‌شكردنی‌ سوته‌مه‌نی‌ پێكهێناوه‌، ئاماژه‌شیان به‌ بوونی‌ عه‌مباركراوێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌ كردووه‌.
محه‌مه‌د ئه‌لوسابی‌ كارمه‌ند له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ ئاژانسی‌ (فرانس پرێس)ی‌ راگه‌یاندبوو»گه‌ر گه‌مارۆكه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت خه‌ڵكی‌ له‌ شه‌قامه‌كاندا بمرن».
رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان ده‌ڵێن»ژماره‌ی‌ سواڵكه‌ره‌كان له‌ پایته‌خت له‌ هه‌موو كات زیاتر روویان له‌ زیادبوون كردووه‌ و له‌و ده‌مه‌ی‌ شه‌ڕ به‌رپا بووه‌، چوار هێنده‌ زیادیان كردووه‌».
هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ ده‌ مانگ ده‌چێت موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ زۆربه‌یان به‌شوێن كاریی‌ تردا بگه‌ڕێن.
بۆ كپكردنی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكیش، حوسییه‌كان سه‌ره‌ڕای‌ كه‌می‌ داهاته‌كان، له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا نیوه‌ی‌ موچه‌ نه‌دراوه‌كانیان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش كرد، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانیش ده‌ڵێن، بارودۆخه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پایته‌خت خراپتره‌.
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ست به‌ نیگه‌رانی‌ ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ ته‌واوی‌ وڵاته‌كه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ رۆچووی‌ ململانێیه‌كی‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌و ده‌مه‌وه‌ زیاتر له‌ 8650 كه‌س كوژراون و 58600 بریندارن كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆریان مه‌ده‌نین، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی‌.
مارك لوكۆك یاریده‌ده‌ری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری‌ مرۆیی‌، هۆشداریی‌ ده‌دات له‌ مه‌ترسی‌ روودانی‌ «خراپترین كاره‌ساتی‌ برسێتی‌» له‌ یه‌مه‌ن له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو، گه‌ر گه‌مارۆكان هه‌ڵنه‌گیرێن كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، چه‌ندان ملیۆن كه‌س به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌.
كارڵ سكاو یاریده‌ده‌ری‌ بالێوزی‌ سویدیش كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ داوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ 8ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ كردبوو ، رایگه‌یاندبوو»21 ملیۆن كه‌س پێویستییان به‌ یارمه‌تی‌ مرۆیی‌ خێرا هه‌یه‌، له‌ یه‌مه‌ن گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی‌ مرۆیی‌ هه‌یه‌ و 7 ملیۆن كه‌س له‌سه‌ر رۆخی‌ برسێتین، هه‌موو ده‌ خوله‌كێك منداڵێك به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات، وێڕای‌ بوونی‌ نیو ملیۆن كه‌س كه‌ دووچاری‌ په‌تای‌ كۆلێرا بوون».
15 رێكخراو، ئه‌و گه‌مارۆیه‌یان مه‌حكوم كرد كه‌ به‌سه‌ر یه‌مه‌ندا سه‌پێنراوه‌ و رێگه‌ له‌ گه‌یشتنی‌ پرۆسه‌ مرۆییه‌كان ده‌گرێت بۆ ئه‌و وڵاته‌، بۆیه‌ داوای‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆسانه‌یان كرد تا رێگه‌ له‌ روودانی‌ «كاره‌ساتێكی‌ چاوه‌ڕوانكراو» بگیرێت.
هه‌روه‌ها چه‌ندان رێكخراوی‌ ناحكومی‌ تر و ئاژانسی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا، هۆشدارییاندا له‌ ته‌واوبوونی‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگێك، گه‌ر گه‌مارۆ سه‌پێنراوه‌كان هه‌ڵنه‌گیرێن.

print

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*