سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » ئەمریكا بە دوای جەنگدا دەگەڕێ؟

پۆلەتیک

ئەمریكا بە دوای جەنگدا دەگەڕێ؟

له‌ هه‌فته‌كانی رابردووه‌وه‌، ته‌نگژه‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مریكاو ئێران، زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون، جوڵەپێكردن‌و هێنانی هێزو ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كی قورس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی هێزی ده‌ریاییه‌وه‌، ململانێكه‌ی به‌ره‌و دۆخێكی تر بردووه‌. هه‌روه‌ك له‌ دوای كشانه‌وه‌ی ئێران له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌ ساڵی رابردوودا ئه‌مریكای ناچار كرد، گه‌مارۆو گرژییه‌كانی بخاته‌ قۆناغێكی نوێوه‌.
پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ ئه‌وه‌یە كه‌ ئایا ئه‌مریكا به‌ دوای جه‌نگدا ده‌گه‌ڕێت‌و مه‌یلی جه‌نگێكی تری له‌ خۆرهه‌ڵات هه‌یه‌؟ یانیش وه‌ك به‌شێك له‌ پسپۆڕانی دیپلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پێیانوایه‌ زیادبوونی هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا، وایكردووه‌ بازاڕی بزنسی ئه‌مریكاو وڵاتانی خۆرئاوا بێهێزو كه‌م پێگه‌ بكات‌و داهاتی كه‌متر له‌و وڵاتانه‌ به‌ده‌ستبهێنن كه‌ ده‌وڵه‌مەندو خاوه‌ن سامانی سروشتی زۆرن له‌ ناوچه‌كه‌دا.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران‌و گواستنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌و ململانێكان له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ ناو ئێران، به‌ ستراتیژی نوێی ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌زانرێت‌و شه‌ڕخوازی دۆناڵد تره‌مپ-یش به‌رامبه‌ر به‌ ئێران به‌ ستراتیژییه‌تێكی ده‌ستپێكی شه‌ڕ نازانرێت، هه‌رچه‌نده‌ ململانێكان گه‌یشتوونه‌ته‌ حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی میدیایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ری پێكدادانی سه‌ربازیی بێهێزه‌و ئێستا پێناچێت ئیداره‌ی تره‌مپ بچێته‌ ناو ئه‌م جه‌نگه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ ستراتیژییه‌ته‌كانی تره‌مپ لاوازكردن‌و زۆرجاریش له‌ پڕوپاگه‌نده‌ سیاسییه‌كاندا ئاماژه‌دان بووه‌ به‌ كۆتایی هێنانی حكومه‌تی ئێستای ئێران.
لۆبی شه‌ڕی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو به‌شێك له ‌هاوپه‌یمانێتییه‌كان به ‌تایبه‌تیش ئیسرائیل، مێژووی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی هه‌یه‌و به‌تایبه‌تیش له‌ ئیداره‌ی ئۆباماوه‌ ئه‌م لۆبییه‌ به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك له‌ دوای راپه‌ڕینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ‌باكووری ئه‌فریقاو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و زیادبوونی هه‌ژموونی سه‌ربازیی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌داو هه‌ستپێكردنی زیاتری مه‌ترسییه‌كان‌و كشانه‌وه‌ی ئێرانیش له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی، وایكرد كه‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ناچار بكات به‌ ئابڵۆقه‌ی سه‌ختی دارایی‌و بازرگانی‌و تا راده‌ی ئێستا كه‌ ئابڵۆقه‌كان بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سیاسی‌و سه‌ربازی‌و ئێرانیش تا راده‌یه‌ك به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بێباكه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ رای دیپلۆماسییه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاو ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه‌كانیشی بكاته‌ چه‌ند رایه‌كی جیاوازه‌وه‌، هه‌م له‌ ناوخۆی ئه‌مریكاو هه‌میش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، چونكه‌ را تونده‌ سیاسییه‌كانی ئێران له‌ كۆتاییدا وایكردووه‌ كه‌ ئه‌مریكا ناچار بكات له‌ ناوچه‌كه‌داو به‌تایبه‌تیش له‌ عیراق‌و وڵاته‌ نزیكه‌كانی ئێران هاووڵاتیانی ئه‌مریكی بخاته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی‌و ئاگاداركردنه‌وه‌و تا ئەو راده‌یه‌ی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی داوای له‌ هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، ته‌نانه‌ت عیراقیش جێبهێڵن.
لاوازیی متمانه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكاو ئێران وایكردووه‌ گرژییه‌كان به‌ره‌وپێش بچن، هه‌رچه‌نده‌ مه‌یلی دانوستان‌و رێكه‌وتن له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌و له‌ لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ئاماژه‌یان پێده‌درێت، به‌ڵام نه‌بوونی متمانه‌و بێهێزی متمانه‌ی دیپلۆماسی هه‌ردوولا، وایكردووه‌ ده‌ستپێشخه‌ری دانوستان، لە ئێستادا ئه‌گه‌ری لاواز بێ.
رای تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ‌و ئیداره‌كه‌ی، گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ بۆ كه‌مپه‌ینه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و ملكه‌چ پێكردنی ئێران بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ ناو كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی‌و رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌كارده‌هێنێت، چونكه‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ره‌نجامه‌كانی روون نین بۆ تره‌مپ‌و كۆنگرێس، چونكه‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگ ئه‌گه‌ری كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئابووری ئه‌مریكاو ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بۆ دۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئیداره‌ی تره‌مپدا نابێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ده‌ست پێبكات به‌ڵام روون نییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی كێ كۆتایی پێدێت‌و ده‌ره‌نجامه‌كانیش چۆن ده‌بن.
به‌شێكی زۆری فاكته‌ره‌ دیپلۆماسییه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و هه‌رێمی‌و ناوخۆییه‌كانی ئه‌مریكاش ئه‌وه‌ دره‌ده‌خه‌ن کە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی راوێژكاره‌كانی وه‌كو جۆن بۆڵتن، لێدوانی شه‌ڕخوازی ده‌ده‌ن بۆ میدیاكان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستپێكردن‌و ئه‌نجامدانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ ئێستادا كه‌مه‌ یاخود له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵام هێنانی (120) هه‌زار سه‌رباز بۆ كه‌نداوو هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ به‌ئامانج گرتنی هه‌ژموونی ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌داو زیادكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی بزنسی ئه‌مریكی – ئه‌وروپیه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ناوچه‌كه‌داو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئێرانه‌ بۆ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی. بۆیه‌ به‌هێزترین را له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ ‌ئێستا ئه‌مریكا به‌ دوای جه‌نگدا ناگه‌ڕێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشنیاره‌كان بۆ كابینه‌ی نۆ

له‌دوای چه‌ندین مانگ چاوه‌ڕوانی و دانوستانی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ ...