سەرەکی » ئابووری » هۆكاری گرانبوونی نرخی هێلكە ئاشكرا دەكرێت

«هەوڵی دابەزاندنی نرخەكەی دەدرێت»

هۆكاری گرانبوونی نرخی هێلكە ئاشكرا دەكرێت

یەکەی ئابووری

بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە بەرووبوومی كێڵكە پەلەوەرییە ناوخۆییەكان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریدا هاوردەكردنی هێلكە بۆ عیراق قەدەغە بكات، ئەو بڕیارەش نرخی هێلكەی گران كرد.
لەو بارەیەوە، رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمانی عیراق لەسەر داوای خاوەن كێڵگە پەلەوەڕییە ناوخۆییەكان بڕیاری قەدەقەكردنی هاوردەی هێلكەی دەركرد، ئەو بڕیارەش نرخی هێلكەی گران كرد.

150 ماددەی دیكەی تێدایە
وتیشی: «بەبێ هیچ بەدواداچوونێك بڕیارێكی لەو شێوەیە ئەو حاڵەتانەی لێدەكەوێتەوەو پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق باشتر بەدواداچوونی زیاتری بۆ ئەو بابەتە بكردایە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق هاوردەكردنی 150 ماددەی دیكەی تێدایە، كە پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی هەندێك خۆراكی دیكەش وەك نرخی هێلكە گران بێت».
جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵیی سلێمانی راشیگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە تەنها لە هەرێمی كوردستان نییەو هەموو عیراقی گرتۆتەوە، بەڵام پێویستە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پلانی هەبێت بۆ ئەو خۆراكانەی لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكرێن، تا نرخیان بەرزنەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی كشتوكاڵیی هەرێم لە رۆژی 19 ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەو چوارچێوەیەدا ئەنجامداوەو داوامان لە وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق كردوە كە بەدواداچوون بۆ بەكاربردنی ئەو ماددانە بكات كە هاوردە دەكرێن، تا بڕی پێویست لەو ماددانە هاوردە بكرێن، بەشێوەیەك بێت كە زیان بە بەرهەمە ناوخۆییەكانیش نەگەیەنێت.

بڕێكی زۆر هێلكە
خراونەتە بازاڕەوە
لای خۆیەوە، سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی چاودێری بازرگانی سلێمانی، بەSNNی راگەیاندوە: ئەگەرچی لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی هێلكەی مریشك بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەڵام ئێستا بڕێكی زۆر هێلكە خراونەتە بازاڕەوەو نرخی هەر تەبەقێك هێلكە بۆ پێنج هەزار دینار دابەزیوەو زیاتریش دادەبەزێت.

رێگە بە هاوردەكردنی
هێلكەی سپی بدرێت
وتیشی: »لەمەودوا هاوڵاتیان بە بەرهەمی ناوخۆ ئاشنا دەكرێن و هێلكەی سوور بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات و لەڕێگەی حەوت پڕۆژەوە، مانگانە 180 ملیۆن هێلكە دەخرێتە بازاڕەوە، سەرجەم خاوەن پرۆژەكانیش ئامادەییان دەربڕیوە بەمزوانە هێلكەی سپی دروستبكەن».
سەبارەت بەهەناردەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، سۆران عەبدولغەفور وتی: »بەردەوامی بەهەناردەكردنەكەش دەدرێت و بەشی پێداویستییەكانی ناوخۆش دەكات».
سەبارەت بەپێداچوونەوە بەبڕیارەكانی حكومەتی عیراق، سەرۆكی چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاشكرایكرد: وەك هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم داوامانكردوە كە پێداچوونەوە بەبڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی بكرێت و رێگە بە هاوردەكردنی هێلكەی سپی بدرێت، چونكە بەشێك لەهاوڵاتیان هێلكەی سور ناخۆن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*