سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » توركیا گوێ بە رەخنەكانی ئەوروپا و ئەمریكا نادات

دووەم كەشتیی رەوانەی قوبرس كرد

توركیا گوێ بە رەخنەكانی ئەوروپا و ئەمریكا نادات

وێڕای هەموو ئەو رەخنانەی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا‌و ئەمریكا‌و تەنانەت میسریشەوە ئاراستەی كراون، بەڵام توركیا سوورە لەسەر گەڕان بەدوای نەوت‌و غازی سروشتیدا لە كەناراوەكانی دورگەی قوبرس‌و هەردوو بەیاننامەكەی كۆماری قوبرس‌و یەكێتی ئەوروپاشی لەبارەی ناشەرعیی پرۆسەكانی گەڕان بەدوای نەوت‌و غازدا، رەتكردەوە.

یەكێتیی ئەوروپا بێلایەن نییە
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رۆژی 10ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كەشتیی یاڤوز ئێستا لە كەناراوەكانی خۆرهەڵاتی قوبرس لەنگەری گرتووە، بە مەبەستی پرۆسەكانی گەڕان بەدوای نەوت‌و غازدا. روونیشیكردەوە، كە یەكێتیی ئەوروپا ناوبژیوانێكی بێلایەن نییە لە چارەسەركردنی كێشەی قوبرس.
هەروەها ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵی توركی لە زاری فاتح دونمیز وەزیری وزەی توركیاوە بڵاویكردەوە: كەشتیی یاڤوز لە ماوەی هەفتەیەكدا دەست دەكات بە گەڕان‌و پشكنین بەدوای نەوت‌و غازی سروشتیدا لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.

ئەوە دووەم كەشتییە
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ: لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، كەشتیی یاڤوز دووەم كەشتیی توركییە كە رەوانەی كەناراوەكانی قوبرس بكرێ‌و لە باكووری خۆرهەڵاتی نیمچە دوورگەی كارباس لەنگەر بگرێ، ئەو بەشەی قوبرس كە توركیا كۆنترۆڵی كردووە‌و جگە لە خۆی، هیچ وڵاتێكی دیكە دانی پێدا نەناوە. ئاماژە بەوەش دەكەن، كە كەشتییەكی دیكە بەناوی فاتح لە دووری نزیكەی 37 میلی دەریایی لە نزیك كەناراوەكانی خۆرئاوای ناوچەكە لەنگەری گرتووە.
سەرچاوەكانی دەنگوباس باس لەوە دەكەن، كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، قوبرس غازی سروشتی لە ناوچەكانی باشووری دورگەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام دەستی نەكردووە بە دەرهێنانی. حكومەتی ئەنقەرەش بەمافی قوبرسی نازانێت پرۆسەكە ئەنجام بدات‌و دوو كەشتی وڵاتەكەی رەوانەی دەوروبەری دورگەكە كردووە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە.
لە بەیاننامەیەكیشدا، سەرۆكایەتیی قوبرس سەرەڕای ئەوەی توركیای بە دەستدرێژیكردنە سەر سەروەریی دورگەكە تۆمەتبار كردووە، راشیگەیاندووە: هەنگاوێكی دیكەی لەو جۆرەی توركیا، درێژەپێدەری پێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتەیە دەرهەق بە مافی قوبرس بەپێی یاسای دەریایی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یاسای نێودەوڵەتی‌و یەكێكە لە مەترسیدارترین دەستدرێژییەكان بۆ سەر سەروەریی كۆماری قوبرس.

یەکێتیی ئەوروپا سزای دەدات
میدیا جیهانییەكان بڵاویانكردەوە، كە یەكێتیی ئەوروپاش رەخنەی لەو هەنگاوەی توركیا گرتووە‌و لە بەیاننامەیەكیدا ئاشكرایكردووە: راگەیاندنی توركیا بە سووربوونی لەسەر پرۆسەی نوێی گەڕان‌و پشكنین‌و لە باكووری خۆرهەڵاتی قوبرس نایاساییە‌و مایەی نیگەرانیی زۆرە، هەروەها سەرلەنوێ ئاڵۆزكردنی دۆخەكە‌و پێشێلكردنی سەروەریی قوبرسیشە، ئەمەش قبوڵ نەكراوە.
ئاژانسەكانی دەنگوباس ئاشكرایانكرد: ئەم هەنگاوەی توركیا، پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە‌و یەكێتیی ئەوروپای زۆر ئاڵۆز كردووە‌و برۆكسل ئاماژەی بە سەپاندنی سزا داوە بەسەر توركیادا، لەپێناوی راگرتنی پرۆسەی گەڕان‌و بەدوای نەوت‌و غازدا لە كەناراوەكانی قوبرس. روونیشیدەكەنەوە كە یەكێتیی ئەوروپا ئەو هەنگاوەی توركیا رەتدەكاتەوە، چونكە حكومەتی ئەنقەرە یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكەدا‌و لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نراوە، بەڵام كۆماری باكووری قوبرس تەنها توركیا دانی پێدا ناوە.
ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە: ئەنجومەنی ئیدارەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رەشنووسێكی لە رێوشوێنی سزادانەكە ئامادەكردووە، بۆئەوەی ئەنجومەنی یەكێتییەكە گفتوگۆی لەبارەوە بكات.

ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات
سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوەش دەكەن، كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە توركیا كردووە بۆئەوەی پرۆسەی گەڕان‌و پشكنین بەدوای نەوت‌و غازدا لە نزیك كەناراوەكانی قوبرس رابگرێت. روونیشیكردۆتەوە، كە ئەو هەنگاوەی ئەنقەرە ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.

میسریش نیگەرانە
لای خۆشیەوە، رۆژی سێ شەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە سووربوونی توركیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت‌و غازدا لەدەوروبەری كۆماری قوبرس. لە بەیاننامەكدا هاتووە، هەنگاونانی تاكلایەنە ئاستی گرژییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە هەموولایەك پابەندی رێزگرتن‌و جێبەجێكردنی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی‌و بڕیارەكانی بێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״سه‌دان ئیخوانیی میسر، كوێت جێده‌هێڵن״

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت رایانگەیاند کە «باندێکی تیرۆریستیی سه‌ر ...