سەرەکی » راپۆرت » ״بڕیارەكەی راكان جبوری قابیلی قبووڵ نییە״

تەعریبـی گوندەكانی دووبز

״بڕیارەكەی راكان جبوری قابیلی قبووڵ نییە״

كەركوك: عومەر غەریب

دوای شكستی لە پیلانی تەعریبكردنەوەی چەند گوندێكی سەر بەقەزای داقوق‌و ناحیەی سەرگەڕان، ئێستا راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، شاڵاوێكی نوێی تەعریبكردنی گوندەكانی قەزای دووبزی دەستپێكردووەو پیلانەكەشی لەگوندی قەرەدەرەوە جێبەجێدەكات.
سەبارەت بەو كارە نایاساییانە، جاسم عەبدولڕەحمان سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای دووبز بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانە تازەیەی تەعریب، راكان جبوری نووسراوێكی كردووە بۆ قائیمقامیەتی قەزای دووبزو تێیدا لەبڕیارێكدا داوایكردووە هاوردەكان بۆ گوندی قەرەدەرە بگەڕێنەوە‌و هەوڵیشیداوە هەمان سیاسەت لەچەند گوندێكی تری سنوورەكە پەیڕەوبكات. وتیشی: راكان جبوری، سوودی لەدۆخی ئەمنیی سنوورەكە وەرگرتووە‌و كارەكانیشی بەپشتیوانیی هێزە عیراقییەكان جێبەجێدەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد كە»راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دەیەوێت لەڕێگەی ئەم قۆناغەی تەعریبەوە هەر یەكێك لەگوندەكان 40 خێزانی عەرەبی تێدا نیشتەجێ بكات».
هەر لەو بارەیەوە، رەوەند مەلا مەحمود، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كارەی راكان جبوری، دەچێتە خانەی جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریبەوە‌و وتیشی: ئێمە لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیمان بە لایەنەكانەوە كردووەو داوامان كردووە ئەو شاڵاوە رابگیرێت، بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارەش پێویستە پەرلەمانتارانی عیراق‌و نوێنەرانی كورد لەبەغدا بێنە سەر هێڵ، هەروەك پەیوەندیمان بەهێزە عیراقییەكانیشەوە كردووەو پێمانڕاگەیاندوون خۆیان بەدووربگرن لەدەستتێوەردان لەبڕیارەكە.
ئەوەشی خستەڕوو كە بڕیارەكەی راكان جبوری بۆ گەڕانەوەی هاوردەكان بۆ سەر زێدی كوردان لەقەزای دووبز، قابیلی قبوڵ كردن نییەو دەبێت هەڵبوەشێتەوە.
لەسەر هەمان پرس، هیدایەت تاهیر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەكرد كە»راكان جبوری، بۆشایی ئەمنی‌و سەربازی قۆستۆتەوە بۆ دەركردنی ئەو بڕیارو ئەنجامدانی ئەو كارانەی بۆ گەڕانەوەی هاوردەكان، كە سەرجەمیان نایاسایی‌و نادەستووریین‌و وتیشی: دانانی پارێزگارێكی كورد لەئێستادا بۆ كەركوك هەموو ئەو كێشانە چارەسەردەكات، بۆ ئەوەش پێویستە حكومەتی هەرێم پەلەبكات لەدەستپێكردنی دانوستانەكانی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك‌و حكومەتی عیراق بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك‌و لەپێشەوەی هەنگاوەكانیش دانانی پارێزگار بۆ شارەكە.
لەنووسراوەكەیدا، راكان جبوری، كە ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای دووبزی كردووە، بڕیار دەدات بەگەڕانەوەی هاوردەكان بۆ گوندی قەرەدەرەو هەمان ناوی رژێمی بەعسیشی لەپاڵ ناوی قەرەدەرە نوسیوەو بەناوی گوندی (التأمیم) ناویبردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...