سەرەکی » مانشێت » ״هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە״

״هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە״

كەركوك، عومەر غەریب

كۆبوونەوەی لیژنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەردەوامە، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێكردنی پرسی پارێزگار، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كەركوك یان لە بەغدا، كۆببێتەوە.

كۆبوونەوەكان بەردەوامن
جەمال شوكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، هەوڵی لایەنە كوردستانییەكان درێژەی هەیە بۆ جێگیركردنی كاندیدەكەیان وەك پارێزگاری كەركوك، وتیشی: هاوكات هەوڵەكان لەگەڵ یونامی درێژەی هەیە بۆ رێكەوتن سەبارەت بە كێشەكانی كەركوك لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا، لە كۆبوونەوەكاندا نوێنەری یەكێتی و پارتی و نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لەگەڵ یونامی، بەشدارن.

رێكەوتن لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا
پەرلەمانتار جەمال شوكور ئاماژەی بەوەشدا «هەنگاوی داهاتوو خۆی لە دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك دەبینێتەوە لە رێگەی رێكەوتنی لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوكدا»، وتیشی: ئەو هەنگاوە لە رێگەی رێكەوتنەوە دەبێت لەگەڵ پێكهاتەكانی تردا بۆ ئەوەی ئەو كەسەی راسپێردراوە بۆ پۆستی پارێزگار، نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بێت. راشیگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لە كەركوك یان لە بەغدا، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە بەشداری هەموو لایەنەكانی ناو ئەنجومەنەكە بكرێت لەپێناوی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك و هەنگاونان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك.
شایانی باسە، رۆژی 11/7/2019، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لە سلێمانی، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند «ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین كاندیدی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە بۆ پارێزگاری داهاتووی كەركوك».

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*