سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » ناڵه‌یه‌ك بۆ بادیه‌ی سه‌ماوه،قیبله‌ی تازه‌ی كورد

ناڵه‌یه‌ك بۆ بادیه‌ی سه‌ماوه،قیبله‌ی تازه‌ی كورد

له‌ مێژه‌ چاوه‌كانم رووباری فرمێسێكیان هه‌ڵنه‌چنیووه‌ بۆتان ئه‌ی منداڵان و ژنان و كچان و پیاوانی ئه‌نفالكراو، له‌و رۆژه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌ی عارف قوربانییه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆتان چیرۆكی نه‌عله‌ سه‌وزه‌كه‌ و خه‌یارم خوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ پانزه‌ ساڵی رێكه‌ كه‌ نه‌عل و پاته‌ی لاستیك ده‌بینم ، چیرۆك و تراژیدیاكانی ناو سه‌ربازگه‌ی گیراوه‌ تێكخزاوه‌كانی كاتی تاوانه‌كانی ئه‌نفالم بیرده‌كه‌وێته‌وه‌.
هه‌فته‌یه‌كه‌ جووته‌ نه‌عله‌ لاستیكه‌كه‌ی یه‌كێكتانم له‌نێو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی بیابانه‌كانی سه‌ماوه‌وه‌ بینییه‌وه‌ رووباری فرمێسكم ئۆقره‌ ناگرێت، حه‌یفێ ئێستا چاوه‌كانم لاوازبوون وه‌ك جاران زه‌ریاو ئۆقیانوسی فرمێسكتان بۆ دروست ناكه‌ن ، ته‌نیا رووبارێكی كه‌م ئاوی وه‌ك ئێستای زێی گه‌وره‌ و بچوك و دیجله‌یان پێ دروست ده‌كرێت، ده‌نا ئێستا فرمێسك نه‌ده‌وه‌ستا و زه‌حمه‌ت ده‌بوو بوار بدات.
ئه‌وتاكه‌ گۆڕه‌ی نێو هه‌زاران گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی تر، به‌قورسایی خه‌مه‌كانی ئێوه‌، چیرۆك و به‌سه‌رهاتی له‌ هه‌ناویا حه‌شار داوه‌. (به‌جیا له‌وه‌ی ته‌یمور ده‌یگێڕێته‌وه‌)، ئێوه‌ش له‌دوای سی و یه‌ك ساڵ به‌بینینه‌وه‌ی یادگاریی و جل و به‌رگه‌كانتان سه‌دان چیرۆكمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌. شاعیر و چیرۆكنووس و نووسه‌ران بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌كی به‌نرخی نێو كۆڵه‌پشتی سه‌فه‌ری زۆره‌ ملێی هات و نه‌هاتی دورو درێژتان، ده‌توانن هه‌زاران چیرۆك و رۆمان و فیلم و فه‌نتازیای نووسین بنیات بنێن كه‌ ناوبانگه‌كه‌ی هه‌زارویه‌ك شه‌وه‌كه‌ی شه‌هرزاد بشارنه‌وه‌. ئه‌و قاوغی گوێزانه‌ (ئه‌سترا) به‌جێماوه‌ی گه‌رمیانییه‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌كه‌، ئیلهامی هه‌زاران چیرۆكه‌، هی مام ئه‌حمه‌دێك یان كاك فڵانێكی گه‌رمیانییه‌ كه‌ له‌ڕقی قه‌عقاعه‌كان بێزی له‌ریش چڵكنه‌كان بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌و تونی مه‌رگه‌ی نێو بیابانه‌ داغه‌كه‌ی باشووریشدا گوێزان و ئه‌ده‌واتی ریش تراشینی هاوڕێیه‌كی دانه‌بڕاوی بووه‌، یان هی یه‌كێك له‌ كوڕه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كانی ناو كاروانی دوور و درێژی سه‌فه‌ربه‌لكی جه‌یشه‌ داگیركه‌ره‌كه‌ی سه‌ره‌تای غه‌زوه‌كانه‌، سه‌د ئه‌فسوس فریانه‌كه‌وتووه‌ له‌ گونده‌كه‌یان تراشێكی پێ بكات و خۆی پێ بنوێنێت له‌به‌رچاوی نازه‌نینه‌كه‌یدا، ئه‌ی ئه‌و قۆری و كترییه‌ ده‌بێت چه‌ند چای به‌ترس و له‌رزه‌وه‌ پێ لێنرابێت ؟ یان ده‌بێت كه‌یبانووی ماڵ به‌ نیاز بووبێت له‌ رێگه‌ی سه‌فه‌ری نادیار له‌و جێیه‌ی لاده‌ده‌ن چایه‌ك ده‌م كات؟ یان له‌و كاته‌ی راگوێزروان وای بۆچووه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ئاوایی دووركه‌وتنه‌وه‌، ده‌ریچه‌یه‌ك په‌یا ده‌بێت بۆ قوتاربوون و دوایی به‌ ئیسراحه‌ت چایی ده‌خۆنه‌وه‌! به‌ڵام نه‌یزانیبوو كتری و قۆریی له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ هاوده‌مێكی ره‌ش داگه‌ڕا و دواتریش ئۆقره‌ ناگرن و له‌گه‌ڵیاندا به‌زیندویی ژێر خاك ده‌كرێن و ده‌بن به‌ شایه‌تێكی رۆحله‌به‌ری زیندو و زۆرشت ده‌ڵێن .
ئه‌و ملوانكه‌ زێڕه‌ كه‌ ره‌ونه‌قی وه‌ك خۆی ماوه‌، ده‌بێته‌ ئیلهامی ده‌یان چیرۆك، هی دایكێكه‌ بۆ كچه‌كه‌ی دایناوه‌ هه‌ركاتێك شویكرد بیكاته‌ جییازی و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیبات، نا هی دایكێكه‌ عه‌هدی كردووه‌ به‌ده‌ستی خۆی بیكاته‌ گه‌ردنی بوكی تازه‌ی، یان هی میمكه‌یه‌كی گه‌رمیانییه‌ یادگاریی بوكێنیه‌كه‌یه‌تی نه‌یفه‌وتاندووه‌ و پاراستویه‌تی تا ئه‌مڕۆ ببێت به‌ شایه‌تی جینۆساید. نه‌عله‌كانی ئه‌و كیژۆڵه‌یه‌ش كه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ هاتووه‌ وای زانیووه‌ رێگه‌یه‌كی كورته‌ و ده‌بڕێته‌وه‌ و له‌ بیابانی داغ-دا له‌پێی كیژۆڵه‌دا هه‌رمایه‌وه‌ تا شایه‌تی بدات ‌و بڵێت : «ئاله‌م سه‌حرایه‌دا هه‌زاران كیژۆڵه‌ و كاكۆڵ زێڕینی چیرۆكه‌كان به‌ زیندوێتی ژێر خاك كران.
ئێوه‌ زیندون، شایه‌تێكی ره‌وان بێژن، پێمان ده‌ڵێن زیاتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌م له‌شكری جه‌هله‌ له‌ ناو خێڵی كوشتن و تاڵانیی و هه‌تككردندا په‌یدابوون و ملیان ناوه‌ به‌ره‌ و ئه‌م كوردستانه‌ به‌هه‌شته‌، ئیسراحه‌ت بێت نه‌مان دیوه‌! ئه‌وانه‌ی ئێوه‌یان قه‌تڵ و عام كرد، نه‌وه‌كانی قه‌عقاع و چه‌ند خوێنڕێژێكی دیكه‌ی ئه‌و مێژووه‌ن كه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه‌ مرۆڤایه‌تییان سه‌راپا هه‌راسان كردووه‌، هه‌مان ئه‌و تاوانبارانه‌ن كه‌ كورد كوشتنیان كردووه‌ته‌ پسوڵه‌ی نه‌جات و خۆپاككردنه‌وه‌ له‌ گوناه‌، هه‌مان ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌دان ساڵه‌ به‌ پاساوی جیاجیا مرۆڤایه‌تی قه‌تڵ ‌و عام ده‌كه‌ن تا گه‌یشتووه‌ به‌ ژه‌هربارانكردنی هه‌زاران مه‌ده‌نیی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها له‌سه‌عاتێكدا و پێشتریش هه‌شت هه‌زار كوڕ و پیاوی بارزانییان گومناو كرد، نه‌وه‌ تازه‌كه‌شیان جارێكی دیكه‌ به‌ به‌رگ و به‌ دروشم و ئاڵایه‌كی هاوشێوه‌وه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێزیدییه‌كان قه‌تڵ و عام كرد و هه‌مان ئه‌و رق و كینه‌یان به‌سه‌ردا باراندن كه‌ به‌سه‌ر سڤیله‌كانی قه‌ڵای خه‌یبه‌ردا هاتووه‌ له‌ مێژوودا و چاره‌نووسی كچان و ژنانی ئێزیدیمان هه‌مان شێوه‌ی سه‌فیه‌ی كچی حه‌ی بوو.
ئه‌ی شایه‌ته‌ مه‌زن و گه‌ردن بڵنده‌كانی نێو گۆڕه‌كانی بادیه‌ی سه‌ماوه‌! ئێوه‌ له‌هه‌موو ئه‌و پیرۆزییانه‌ پیرۆزترن كه‌ تاوانبارانی ئه‌نفال شانازییان پێوه‌ ده‌كه‌ن، ئێوه‌ ناوتان هه‌رگیز له‌ بیر ناكرێت و له‌و وته‌ و وشانه‌ پیرۆزتره‌ كه‌ فه‌رمانی زینده‌ به‌چاڵكردنی ئێوه‌ی پێ ره‌واكرا، ئێمه‌ له‌ هاوار و ناڵه‌ی ساته‌كانی گولله‌باران كردن و ژێر خاككردنتان و هه‌ناسه‌ی خنكاوی ژێر گڵه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ جیهان و تاكه‌ خانه‌ی پیرۆز لای ئێمه‌ گڵكۆی شه‌هیدان و گۆڕ غه‌ریبی ئه‌نفالكراوانه‌ ئیدی ناچینه‌ هیچ ریز و كاروانێكه‌وه‌ كه‌ بمان بات بۆ ئه‌ودیو عه‌رعه‌ر، چونكه‌ له‌سه‌ماوه‌ جێ نزرگه‌ی باوك و كوڕ و دایك و كچ و منداڵ و كه‌سوكاری خۆمانی لێیه‌، ئیتر بۆچی گیرفانی ئه‌وان پڕكه‌ین و به‌پاره‌كه‌ی خۆمان جارێكی تر نه‌وه‌كانیان ئه‌نفالێكی ترمان بكه‌ن؟ ئیتر چه‌ندین ساڵه‌ به‌ ناوی جیاجیاوه‌ ئه‌نفال ده‌كرێین ره‌زو باخمان ده‌سوتێنرێت و داگیر ئه‌كرێت، ده‌مان كوژن، كچ و ژنمان ده‌كه‌نه‌ غه‌نیمه‌تی ئه‌نفال و ده‌یانكه‌نه‌ سه‌بایا، ماڵ و سامانمان ده‌چێت بۆ خومسی سه‌ره‌ زله‌كانی تاڵانچییان، بۆیه‌ ئیتر حاشا ئێمه‌ ئۆمه‌تی تاڵانچی و پیاوكوژ و سه‌بایا چی و جاهیل و دواكه‌وتوو نین و نابین، ئیتر له‌ئێستاوه‌ ناوچه‌وانی سوژده‌كانمان له‌سه‌ر نه‌عل و قاوغه‌ گوێزان و قۆری و كتری و ملوانكه‌ كانی ئێوه‌ ده‌بێت، رووی نوێژیشمان بۆ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی ئێوه‌ ده‌بێت له‌ بادیه‌ی سه‌ماوه‌، حه‌ج و زیاره‌تیشمان بۆ نوگره‌ سه‌لمان ده‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ كۆنگره‌، پێویستمان به‌ حه‌كیمێکه‌

به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی گشتیی ی.ن.ك بووه‌ته‌ دیفاكتۆ (ئه‌مری واقیع)، تازه‌ ...