سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » 31 ساڵ لەمەوبەر

31 ساڵ لەمەوبەر

دوای هەشت ساڵ جەنگ و ماڵوێرانی، لە 8ی ئابی 1988 عیراق و ئێران بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەموو بەرەكاندا شەڕییان راگرت، راگرتنی جەنگ لەو دەمەدا مانای دەستپێكردنی قۆماغێكی نوێ‌ بوو.
عیراق و ئێران لە ساڵی 1980وە لەمپەڕی باكوورەوە تا دەگاتە ئەو پەڕی باشوور بۆسەر شەتولعەرەب، كەوتنە وێزەی یەكتر، سەرانسەری سنورەكان لەماوەی ساڵانی جەنگدا پڕبوون لە تەرمی قوربانیان، لایەك بە ناوی «قادسیەی دووەم» و لایەكەی تر بە ناوی «بەرگری پیرۆز».
رژێمی دیكتاتۆری بەعس بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن، لەڕێی ئەو جەنگەوە خۆی كردبووە پارێزەری دەروازەی خۆرهەڵاتی عەرەبی، ئەو پارێزەرەی زیاتر لە نیوەی گەلەكەی كردبووە سەرباز، ئەو سەربازەی هیچ مانایەكی بۆ شەڕكردن لە دژی ئەو دی نەدەدۆزییەوە و بە هەمان شێوە مەرگ و كوژرانیشی هیچ مانایەكی نەدەبەخشی.
31 ساڵ لەمەوبەر كۆتایی ئەو جەنگە بوو كە لە پاشەوە، منداڵانی بێ‌ باوك و بێوەژن و دایكانی جەرگ سوتاوی بەجێهێشت، لە پێشەوە قەرزێكی بێ‌ شمار و ژێرخانێكی داڕماو.
دوای تێپەڕینی دەیان ساڵ بەسەر جەنگی عیراق- ئێران، تائێستاش روفاتی ئەو قوربانیانەی لەسەر سنورەكان كوژرابوون دەدۆزرێنەوە و وەك سەربازی ونبوو، رادەستی گۆڕە بێ‌ ناونیشانەكان دەكرێن.
جەنگی ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو، نەوەیەكی تەواوەتی بێسەروشوێن كرد و خاكێكی بەمینڕێژراویشی رادەستی نەوەیەكی تر كرد.
كۆتایی هاتنی جەنگ لەو دەمەدا، مانای ئاشتی نەبوو، مانای دەستپێكردنی جەنگێكی تر و لێدانی خەندەقێكی تر بوو بۆ بەرگری لە ژیان.
دیل بەدیل و پاشەكشەكردن لە نێو خاكی یەكدی، واتای گەڕانەوە بوو بۆ ئەو سەرەتایەی كە هەرگیز لە سەرەتا ناچێت و بۆنی سوتاوی و مەرگ و پرسەی لێدێت.
31 ساڵ لەمەوبەر، بە زەماوەند و شایی و لۆغان، پێشوازیی لە راوەستانی جەنگ كرا، پێشوازییەك كە تەنیا لە حەسانەوەی جەنگاوەرێك دەچوو كە جگە لە جەنگ هیچ پیشەیەكی تر نازانێت و دەبێت بۆ جەنگێكی نوێ‌ خۆی ئامادەبكات.
31 ساڵ بەسەر كۆتایی جەنگی عیراق- ئێراندا تێدەپەڕێت و تائێستا روفاتی قوربانیانی جەنگ لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕییان پێدەكرێت، 31 ساڵ تێپەڕیوە و رەنگە پاش دەیان ساڵی تریش دوایین روفاتی قوربانی ئەو جەنگە نەدۆزرێتەوە و رادەستی ئەو خاكە نەكرێت كە تێیدا لەدایك بووە، ئەمەیە ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانییانەی كە جەنگ بەسەر گەلاندا دەیهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئاسایشی ئیسرائیل

بۆ پاراستنی ئاسایشی قەوارەكەی هەموو رێڕەوێك، دروست بێت یان نادروست ...