سەرەکی » مانشێت » لێكدانەوەی جیاجیا بۆ تەقینەوەكەی سەربازگەی سەقەر دەكرێت

بەدوورنازانرێت دەستی ئیسرائیل بێت

لێكدانەوەی جیاجیا بۆ تەقینەوەكەی سەربازگەی سەقەر دەكرێت

تەقینەوەی كۆگایەكی هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی سەر بە حەشدی شەعبی لە باشووری بەغدا، وێڕای دەستەبەرنەكردنی بەڵگەی تەواوەتی بۆ تۆمەتباركردنی لایەنێك لەبارەی رووداوەكەوە، لێكدانەوەی جیاجیای بۆدەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هێشتا لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەی هۆكاریی راستەقینەی تەقینەوەكە بەردەوامن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاندبوو، 31 گوللـە هاوەن و موشەك لە كۆگایەكی هەڵگرتنی تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر لە بەغدا، بەسەر ناوچە جیاجیاكانی پایتەختدا كەوتوونەتەوە خوارەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە 12ی ئابی 2019 بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاندبوو”31 گوللـە هاوەن و موشەك، لە دوای تەقینەوەی كۆگای هەڵگرتنی تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر لە بەغدا، بەسەر ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی پایتەختدا كەوتوونەتە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە كەسێك كوژراوە و 37ی تر بریندارن، وێڕای كەوتنەوەی زیانێكی زۆری ماددی بەهۆی ڕووداوەكەوە”.
بە گوتەی سەرچاوەكە”پێنج ئۆتۆمبێلی مەدەنی و ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی زیانی زۆریان پێگەیشتووە، دوو ستونی كارەباش كەوتوون”، ئاماژەی بە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئاگرەكەش كردبوو لەلایەن تیمەكانی بەرگری مەدەنییەوە.
بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە كۆگای هەڵگرتنی تەقەمەنی سەربازگەی سەقەر كە سەر بە حەشدی شەعبیە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا، گوللـە هاوەن و ژمارەیەك موشەك لە ناوچە جیاجیاكانی بەغدا كەوتنەخوارەوە و وێڕای زیانە ماددییەكانیش، كەسێك كوژراو و 37ی تر برینداربوون.
پێشتر لیوا سەعد معەن وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”تەقینەوەیەك لە كۆگایەكی‌ چەك و تەقەمەنی‌ پۆلیسی‌ فیدڕاڵی‌ و حەشدی‌ شەعبی‌ لە سەربازگەی‌ سەقەر لە‌ باشووری‌ بەغدا ڕوویدا، لە ئەنجانی‌ تەقینەوەكەش 13 كەس برینداربوون كە دووانیان پۆلیسی‌ فیدراڵین و چواریان سەر بە حەشدی‌ شەعبین”.

بەدوورنازانرێت دەستی ئیسرائیلی تێدابێت
پسپۆڕێكی ئەمنی كە نزیكە لە دەزگای هەواڵگری عیراق، بەدوورینازانێت تەقینەوەی كۆگاكەی دۆرە دەستی ئیسرائیل بێت.
فازڵ ئەبو ڕەغیف، پسپۆڕی ئەمنی عیراقی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”زانیاریی هەیە لەبارەی پیلانێكی ئیسرائیلی بۆ بۆردومانكردنی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە عیراق”.
ئەو پسپۆڕە ئەمنییە دەڵێت”زانیارییەكان ئاماژە بە بوونی پیلانەكانی ئیسرائیل دەكەن بۆ بۆردومانكردنی پێگەكانی حەشدی شەعبی، نەك بارەگای چەكدارەكان و پێكهاتەكانی، ئەمەش لە بنەڕەتدا بەدوورنازانرێت”.
بە گوتەی ئەبو ڕەغیف”ئەوەی دوێنێ‌ ڕویدا لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە باشووری بەغدا، ڕەنگە بەشێك بێت لەو پیلانەی ئیسرائیل پێشتر دایڕشتووە”.

«چەكی وڵاتێكی دراوسێی تێدابووە»
جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشبینی دەكات “ئەو چەك و تەقەمەنییەی لە سەربازگەی سەقەر لە باشووری بەغدا سوتان، لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە لای عیراق دانرابن و لەلایەن وڵاتێكی ئیمپریالیستی ستەمكارەوە كرابێتنە ئامانج و لەسەر بەخشینی زانیاریی عیراقی ناپاكانەوە كارەكە ئەنجامدرابێت”.
بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 13ی ئابی 2019، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی:”لەڕێی سروشتی ئەو ئاگرەی لە كۆگاكانی هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر كەوتەوە، دەردەكەوێت كە سروشتی ئەو چەكەی سوتا نائاساییە و لەلایەن هێزە عیراقییەكان و تەنانەت لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەكارنەهاتووە”.
بەپێی تویتەكەی ئەعرەجی”بۆیە لەو بڕوایەدان ئەو چەكە وەك ئەمانەتێك لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە لە عیراق دانرابێت و لەلایەن دەوڵەتێكی ئیمپریالیستی ستەمكارەوە لەسەر زانیاریی ناپاكانەی عیراقی، كرابێتە ئامانج”.
لە 12ی ئابی 2019، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك لە كۆگایەكی هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر كە سەر بە حەشدی شەعبیە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا، گوللـە هاوەن و ژمارەیەك موشەك لە ناوچە جیاجیاكانی بەغدا كەوتنەخوارەوە و وێڕای زیانە ماددییەكان، كەسێك كوژراو و 37ی تر برینداربوون.

سادیقون ئەمریكا تۆمەتبار دەكات
فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، هاوپەیمانی ئەمریكایی بە سیخوڕیكردن بەسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبیەوە تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، هەر ئەوانن سەربازگەی سەقەریان لە باشووری بەغدا بۆردومان كرد.
حەسەن سالم، ئەندامی فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا كە لە 16ی ئابی 2019 بڵاویكردەوە رایگەیاندبوو”هاوپەیمانی ئەمریكایی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو سیخوڕی بەسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبیەوە كردووە، هەر ئەوانیش سەربازگەكان بۆردومان دەكەن كە دوایین بۆردومانیان بۆ سەربازگەی سەقەر بوو، ئەمەش بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە دەسەلمێنرێت، هەرئەمەش بووە مایەی ئەوەی حكومەتی عیراقی بەرپەرچی هەر فڕۆكەیەك بداتەوە كە بەبێ‌ ڕەزامەندی عیراقی بەسەر كایەی ئاسمانی وڵاتدا دەفڕێت، بە تایبەتیش، فڕۆكەكانی هاوپەیمانی ئەمریكا و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی كە ناوبەناو سیخوڕی دەكەن و بارەگاكان بۆردومان دەكەن”.
بە گوتەی سالم”دۆسێی ئەمنی عیراقی سەقامگیر نابێت تا هێزە ئەمریكاییەكان لەسەر خاكی عیراق بمێنن، لە هەمان كاتدا داوا لە فراكسیۆنە سیاسییەكان دەكەین، پەلە بكەن لە داڕشتنی یاسایەك بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق و ڕەتكردنەوەی پێویستی وڵات بە هیچ هێزێك لەو هێزانە”.
ئەو پەرلەمانتارەی سادیقون پێیوایە”هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بەهێزن و توانای پاراستنی خاكی وڵاتیان هەیە، ئەمەش لەڕووی مەیدانییەوە سەلمێنرا لەڕێی تێكشكاندنی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش كە لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە هاتبوون و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتوانیان لێدەكرا و جگە لە عیراق هیچ وڵاتێك نەیدەتوانی بەو جۆرە بەرپەرچیان بداتەوە و لەناویان ببات”.
لە 12ی ئابی 2019، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك لە كۆگایەكی هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر كە سەر بە حەشدی شەعبیە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا، گوللـە هاوەن و ژمارەیەك موشەك لە ناوچە جیاجیاكانی بەغدا كەوتنەخوارەوە و وێڕای زیانە ماددییەكان، كەسێك كوژراو و 37ی تر برینداربوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە کلیکی ئەم لینکە بکە