سەرەکی » دۆسێ » ئەردۆغان و پوتین ناوچەی ئارام لە سوریا تاوتوێ‌ دەكەن

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە بەرنامەدایە

ئەردۆغان و پوتین ناوچەی ئارام لە سوریا تاوتوێ‌ دەكەن

دوای بەشداریكردنیان لەرێورەسمی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتە ئاسمانییەكان و بۆشایی ئاسمان MAKS-2019 لەروسیا، ڤیلادمێر پوتین سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەمەبەسەتی بنبڕكردنی تیرۆر و رەواندنەوەی مەترسییەكانی، بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا دەكەن لەسوریا.
لە 27ی ئابی 2019، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا، كۆبوونەوەیەكیان سازكرد و لە كۆبوونەوەكەدا پرسی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارامیان لە سوریا تاوتوێكرد، وێڕای ئەوەش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لەو وڵاتەدا باسكرد و پەیوەندی بازرگانی و بەرژەوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و كڕینی چەكی روسی لەلایەن توركیاوە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەیان بوو.
لای خۆیەوە، سەرۆكی توركیا رەتیكردبووەوە بێدەنگ نابن بەرانبەر نائارامییەكانی سەر سنوری وڵاتەكەیان و لەو رووەوە ئامادەن لەچوارچێوەی رێكەوتننامەی ئاستانا، كۆتایی ئەو نائارامیییانەی لە ئیدلیب دروستبووە بهێنن.
لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، ئەردۆغان رایگەیاندبوو»ئیدلیب رووبەرووی قەیرانێكی گەورەی مرۆیی بووەتەوە و لەمانگی ئاداری رابردووەوە زیاتر لە500 هاووڵاتی شارەكە گیانیان لەدەستداوە».
لای خۆیەوە ڤیلادمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاندبوو» ناوچەیەكی ئارام بۆ پاراستنی ئاسایشی توركیا لەسەر سنورەكانی وڵاتەكە، هەنگاوێكی باشە بۆ پاراستنی یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریا».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی سوریا لەكاتی راگەیاندنی رێكەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری خۆرئاوای سوریا، نیگەرانی دەربڕی و رایگەیاندبوو» ئەو هەنگاوە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی سوریایە».
بۆ بە مەبەستی تاوتوێكردنی رێكارە سەربازی و تەكنیكیەكانی هەردوو وڵات، لە 27ی ئابی 2019، سەرۆكی روسیا و سەرۆكی توركیا لە مۆسكۆ كۆبوونەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی كۆشكی سەرۆكایەتی كرملین لەو بارەیەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو «سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە لایەن سەرۆك ڤلادیمیر پوتین، لە مۆسكۆ پێشوازی لێكرا و لە كۆبوونەوەیەكی نێوانیان، پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێكرا».
هەر لە بەیاننامەكەی كرملیندا هاتبوو»لەمیانی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆكی روسیا و سەرۆكی توركیا، پرسە سیاسی و بازرگانی و ئابوری و سەربازی و تەكنیكییەكان تاوتوێكران، وێڕای ئەوەش پرسە مرۆییەكان و دۆسێ‌ نێودەوڵەتی و ئقلیمییەكانیش تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی نێوان هەردوو سەرۆك بوون».
پێشتر میدیاكانی هەردوو وڵات بڵاویانكردبووەوە، لە شاری جۆكۆڤسكی نزیك مۆسكۆی پایتەختی روسیا، هەریەك لە پوتین ئەردۆغان كۆدەبنەوە و چەند پرسێكی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ‌ دەكەن».
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەر لە كۆبوونەوەكەی جۆكۆڤسكی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە لێدوانێكیدا رایگەیاندبوو»لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ، لەگەڵ سەرۆكی روسیا باس لە رەوشی ئێستای ئیدلیب و ناوچەكانی تری سوریا بە گشتی دەكرێت و هەوڵدەدەن لەوبارەیە بگەنە ئەنجام».
هەر لە چوارچێوەی وتوێژەكانی نێوان پۆتین و ئەردۆغان، مۆسكۆ ئامادەیی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی (سو 57) بە توركیا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكا فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35ی بە ئەنقەرە راگرت.
لەمیانی سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ مۆسكۆ و وتوێژەكانی لەگەڵ فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا، ئاژانسەكانی هەواڵ ئاماژەیان بە ئامادەیی كرملین كرد بۆ فرۆشتنی نوێترین فڕۆكەی جەنگی ڕوسی جۆری (سو57) بە توركیا.
پۆتین لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاندبوو“مۆسكۆ ئامادەیە فڕۆكەی جۆری (سو 57)ی نەوەی پێنجەمی فڕۆكە جەنگییەكان، بە توركیا بفرۆشێت».
ئەو جۆرە نوێیەی فڕۆكەی جەنگییەكانی روسیا، بە یەكێك لە پێشكەوتووترین فڕۆكە جەنگی ئێستای جیهان دادەندرێت و بەبۆچوونی چاودێرانی سەربازی، لە دوای سیستمی ئێس 400ی روسی، دەبێتە دووەم هەنگاوی گەورەی هاوبەشی سەربازی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە كە نیگەرانی واشنتۆنی لێكەوتووەتەوە.
هەر لەچوارچێوەی هاوبەشە سەربازییەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە، لە 27ی ئابی 2019، وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاندبوو، گواستنەوەی قۆناغی دووەمی سیستمی بەرگریی موشەكی (S-400) بۆ توركیا دەستیپێكردووە و یەكەم فڕۆكەی گواستنەوەی ئەو سیتمە بەرگرییە لە فڕۆكەخانەكانی توركیا نیشتووەتەوە.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركی لەڕێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردبووەوە» گواستنەوەی قۆناغی دووەمی سیستمی بەرگریی موشەكی( S-400 )، بۆ توركیا دەستیپێكردووە و یەكەم فڕۆكە لە میورتەد نیشتووەوە.
بەپێی ئاژانسەكە، لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری توركیادا هاتووە» گرێبەستی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكی( S-400 ) كە لە 11ی نیسانی 2017 دا ئیمزاكرابوو ، بەدەنگەوەهاتنی پێداویستییەكانی بەگری ئاسمانی توركیایە».
وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت» لەچوارچێوەی گرێبەستەكەدا، گواستنەوەی قۆناغی یەكەمی سیستمەكە لە 12-25ی تەمموز تەواوكرا.
بەیاننامەكە ئاماژەی بە دەستپێكردن و گواستنەوەی كاروانی دووەمی سیستمی بەرگریی موشەكی( S-400 )یش كردبوو بۆ توركیا و تەئكیدی لەسەر نیشتنەوەی یەكەم فڕۆكەی روسیش كردبوو لە بنكەی میورتەد.
بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری توركیا پێیوایە، گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانە و تەواوكردنی قۆناغی دووەمی سیستمە بەرگرییەكەی روسیا بۆ وڵاتەكەی، نزیكەی مانگێك دەخایەنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...