سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » چ چاوێك لەسەر كۆنگرەیە؟

چ چاوێك لەسەر كۆنگرەیە؟

ئەوەی كە لە سنووری زانیاریدا بێت، هەریەكە لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، هەندێ ناوەندی روسی و چینی، بەشێكی وڵاتانی تری ئەوروپا كە بەرژەوەندییان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و لەرێگەی ناوەندە دیبلۆماسییەكانیان و بەهۆی كۆمپانیاكانیشیانەوە لەعیراق و هەرێم كە بەشدارن لە رەسمكردنی سیاسەتی دەرەوەیان لە دۆسییەكانی عیراقداو بە وردییش چاودێریی هاوكێشە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی دەكەن.
هاوكات هەریەك لە ئێران، توركیا، حكومەتی عیراق و هێزە سیاسییەكانی، تەنانەت وڵاتانێكی وەك میسرو ئوردن و لوبنان و كەنداوییەكانی لەبابەت سعودیە و ئیمارات و قەتەرو بەحرێن-یش كە لەم ساڵانەی دواییدا باڵیۆزخانەیان لە بەغداو كونسوڵگەرییان لە هەرێمی كوردستاندا كردۆتەوە و لە نزیكەوە ئاگاداری نەخشەی هێزە سیاسییەكانی عیراق و هەرێمن، هەر هەموو ئەمانە، ئەمڕۆ بە رێژەو ئاستی جیاجیاو، لەروانگە و بەرژەوەندیی جیاوازەوە، چ پەیوەست بێ بە خۆیان و ئاسایشی نەتەوەییانەوە، یان لە چوارچێوەی دۆخی عیراقدا، یان بەبۆنەی دۆستایەتییان لەگەڵ هەرێم، یان نزیكی و پەیوەندییان لەگەڵ هێزە كوردییەكانمان، یان تەنانەت بەهۆی رایەڵی راستەوخۆیان لەگەڵ خودی ی.ن.ك خۆیدا، بە بایەخەوە لە پێشهاتی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی دەڕوانن كە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ساز بكرێت.
ەدەرەوەی ناوەندە رەسمییەكان، كۆمەڵێك پارتی سیاسیی ئەوروپاییش هەن، بەتایبەت سۆشیال دیموكرات و چەپ و دیموكراتەكان بەگشتی، هەروا هەندێ پارتی عەرەبی و ئیقلیمییش كە پەیوەندیی دێرینیان لەگەڵ حزبەكەی مام جەلال-دا هەیە، ئەوانیش، بەهەمان شێوە، لە هەواڵی كۆنگرەی ئەم حزبە دەپرسن.
لەناوخۆی هەرێمیشدا، چ هێزە ركابەرەكانی یەكێتی و، چ هێزە نزیك و دۆستەكانیشی، بە وردی سەرنج لە هەر هەواڵ و پەرەسەندنێك دەدەن كە پەیوەست بێت بە دەنگوباسی كۆنگرەی یەكێتییەوە و دەستبەجێ بە شێوازو روماڵی تایبەت بە خۆیان، لەسەری دەوەستن.
بەمانایەكی روونتر، كۆنگرەی یەكێتی، رووداوێكی گرنگە، بەتایبەتی لەبەر سێ خاڵی بنەڕەتی كە هۆكاری سەرەكیی ئەو بایەخدانە گەورەیەن. یەكەم: ئەم رووداوە، دوای زیاتر لە 10 ساڵ روودەدات!، واتە 7 ساڵی رەبەق بەسەر كاتی بەستنەوەیدا تێپەڕیوە، ئەمە ئەگەر بە گریمانەش بێت نەك تەنها سەیركردنی واقیعی حزبەكە خۆی، ئەوا بەمانای كەڵەكەبوونی كێشەو قەیرانێكی زۆرە كە زاڵبوون بەسەریاندا حیكمەتی گەورەی دەوێ و جۆرێكیش دەبێت لە موعجیزە!. دووەم: ئەم پێشهاتە، دوای كۆچی رابەرە داناو كاریزمییەكەیە، مام جەلال (1933-2017ز)، ئەمەش بۆ خۆی، بەربەرەكانییەكی گەورەیە كە رووبەڕووی حزبەكە دەبێتەوە و سەركردەكانی ئێستای بەوە مەحكوم دەكات كە بچنە ژێر باری قورسی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییەوە.
سێیەم: رووداوەكە لەهەلومەرجێكی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت كە تیایدا ململانێكانی ناو حزبەكە زەقتر بوونەتەوەو لەگەڵیدا هەوڵەكانی كۆنترۆڵكردنی ئەو ململانێیانە و گۆڕینیان بۆ رێككەوتنی ناوخۆیی حزب، چڕتر !.
واتە، رووداوی كۆنگرەی یەكێتی، بەهەموو پێوەرو لەبەر زیاتر لەهۆكارێك، رووداوێكی جێی سەرنجە، هەیە چاوەڕوانە كە كۆنگرەكە ببێتە هۆی پاشەكشەی حزبەكە و دابەشبوونی، هەشە دەیەوێ بۆنەیەك بێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بەردی بناغە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسیی لە باشووری كوردستان. هەیە دەیەوێ ئەو بكەر و بەرنامانە لە كۆنگرەكەدا پەسەند بكرێن كە لەویان زیاتر نزیك بكاتەوە و لە ركابەرانی دووتر!، هەشە خوازیارە دەرفەتێكە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانەی زۆرتر لەگەڵ ئەم هێزەدا. هەیە لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لاوازبوونی یەكێتی پێ خۆش نییە و ئومێدەوارە ئەم هێزە سەرلەنوێ ببوژێتەوە، هەشە لەڕووی سیاسییەوە، تەمەننای لێكترازان و بگرە رەنگە لەناوچوونیشی بكات!.
بەگشتی، ئەجێنداو چاوەڕوانییەكان بەرامبەر بەم پێشهاتە، جیاوازن، جیاوازییەكەش خودی كایەی سیاسەت خۆی دروستی دەكات كە زۆرجار، بە پلەی باڵا، كایەی هەڵوێست وەرگرتنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی پەتی!. ئەوەی لەم رووداوەشدا، لەهەموو پرسێك لەپێشترە، ئەوەیە: یەكێتییەكان خۆیان چۆن دەڕواننە ئەم رووداوە چارەنووسسازە كە ئێستاو ئایندەیانی لەسەر بەندە؟ ئایا هۆشیاریی سیاسی و پەروەردەی فیكری و هەستی مۆراڵی لای ئەوانەی كە دەبنە ئەندامی كۆنگرە، چ پاڵنەر و ئیرادە و خەونێكی بۆ ئەم بۆنەیە تێدا چاندوون؟ ئایا توانای ناسینی ئەو سەرچاوانەی كورتهێنانیان هەیە كە ئامادەگیی هێزەكەیانی لەواقیعی سیاسیی عیراق و هەرێمیشدا پاشەكشە پێكردووە و لەم كۆنگرەیەدا وشكیان دەكەن، یان نەخێر رووداوەكە تەنها وەك وێستگەیەك بۆ شەرعییەت بەخشینەوە و تازەكردنەوەی ماوەی یاسایی رێپێدانی حزبی سیاسی سەیر دەكەن و هیچتر؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*