سەرەکی » دۆسێ » عیراق وڵاتی بێسەروشوێنكراوان

عیراق وڵاتی بێسەروشوێنكراوان

ئیدریس جەبار

تادوێنێ‌ لە زۆنگاوەكانی حوێزە و جەنگی كەنداو، دواتر بەدەستی تیمەكانی مەرگ لە سەردەمی ئاژاوەی تایەفەگەریی، پاشان لەسەردەستی گروپە توندڕەوەكانی قاعیدە و داعش كە جیهادی ئەفغانستانیان بۆ عیراق گواستبووەوە.
چیرۆكی بێسەروشوێنكراوەكان و ونبوان لە عیراق، چیرۆكێكی دوورودرێژ و بێ‌ كۆتایە، چیرۆكێك كە بۆ كەسوكاریی قوربانییەكان، كتومت لەو سەرابە دەچێت كە لە بیابانەكاندا دەركەوێت و نابێتە مایەی هیوایەكی راستەقینەوە و ناشبێتە تەڕییەك بۆ قوڕكە وشكبووەكان.
لێرەوە كارەسات و نەهامەتی جەنگ و ناكۆكییە چەكدارییەكان دەركەوێت، لێرەوە قەبارەی ئەو زیان و ماڵوێرانیانە دەركەون كە بە جەستەی تاك و كۆمەڵگە گەیشتوون.
دۆسێی بێسەرشوێن و ونبوان لە عیراقدا دۆسێیەكی ئاڵۆز و تەڵیسماوییە، هاوتای هەموو ئەو كارەسات و نەهامەتیانەیە كە بەسەر گەلی عیراقدا هاتن لەماوەی دەیان ساڵی رابردوو.
عیراق لەئێستادا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خاوەنی زۆرترین بێسەروشوێن و ونبووە لە جیهاندا، خاوەنی توێژێكی فراوانە لەوانەی كە هەموو كات و ساتێكیان لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی كەسوكارییاندا بەسەردەبەن.
جەنگی هەشت ساڵە كۆتایی هات و جەنگی داگیركردنی كوەیتی بەسەردا هات، لە دوای پرۆسەی ئازادیش، شەڕی تایەفەگەریی و گێچەڵی ئەو تەكفیرییانەی بە بیانووی گێڕانەوەی ئیسلام بۆ كۆمەڵگە، نوێترین شێوازی قەتڵوعامكردن و مۆدێلی كوشتن و بێسەروشوێنكردنیان هێنایەئارا.
بادیەی سەماوە و زۆنگاوەكانی باشوور و بیابانەكانی سەر سنوری سعودیە و دواتر جەزیرەكانی دیالە و بیابانەكانی ئەنبار و دەشتاییەكانی سەڵاحەدین و نەینەوا، شایەتحاڵی بێسەرشوێنكردنی ئەو هاووڵاتیانەن كە بەهۆی جەنگ و ناسنامەوە بێسەروشێنكران و تائێستا شوێن و جێگەیان نادیارە.
ئەوان لە ژیاندا نەماون شوێنەواری مردن و نەمانیشیان نادیارە، ئەوەی ئاشكرایە عیراق وڵات و نیشتمانی ئەوان بووە و هەر لەبەر ئەمەش، خاكی عیراق بووەتە ئەو جێگەیەی كە تێیدا بێسەرشوێنببن.
رەنگە نەفرەت و تۆڵەی ئیلاهی بێت لەو گەلەی كە لە كۆندا «اهل الشقاق و اهل النفاق»ی پێگوتراوە، ئەگەرنا بۆچی نەهاتییە گەورەكان یەخەی عیراقییەكان بەرنادەن و لێناگەڕێن هاوشێوەی وڵاتان و گەلانی تر، نزای «اللهم اجعل هذا البلد امنا و ارزق اهلە»ی بۆ بكرێت؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...