سەرەکی » هەواڵ » سه‌رۆك كۆمار: ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمپەڕە 18

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی ده‌ستوور ده‌كات

سه‌رۆك كۆمار: ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌رێم

هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك كۆمار بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم بەردەوامە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان، هاوكات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی ده‌ستووری عیراق ده‌كات.

״دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی واقیعی״
دوێنێ د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار به‌ سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ سلێمانی و بڕیاره‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بكات، هه‌ردوێنێ سه‌ردانی ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كرد.
سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌عسوم بۆ زیاتر خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانه‌ بۆ به‌هێزكردن و به‌رده‌وامبوونی كه‌شوهه‌وای متمانه‌ و لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چالاككردنی په‌یوه‌ندیی برایانه‌ی مێژوویی و خه‌باتی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ناكۆكییه‌كان.
هه‌ردوێنێ سه‌رۆك كۆمار له‌ سلێمانی سه‌ردانی ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كرد و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك دا به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كۆبۆوه‌و ئاماژه‌یكرد بۆ پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، گرنگیی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی واقیعی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان، به‌تایبه‌تیی قه‌یرانی ئێستای نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێم.

ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌
سه‌رۆك كۆمار له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: هاتوومه‌ته‌ سلێمانی و دواتر سه‌ردانی شاره‌كانی تریش ده‌كه‌م، سێ پرسی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا گفتوگۆی جدی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م «دۆخی نێوخۆی یه‌كێتی، ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاری كه‌ركوك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌و شاره‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان»، وتیشی: ئومێده‌وارین به‌ هاوكاریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. راشیگه‌یاند: پێویسته‌ پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان باسبكرێن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك كۆمار پێكهێنراوه‌ و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلكارییه‌ ده‌ستورییانه‌ ده‌كات كه‌ تائێستا له‌ هه‌موو عیراقدا كراون.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا پێشوازییكرد له‌ ده‌سته‌ بژێرێكی گه‌وره‌ پسپۆڕانی ده‌ستوور و قانون له‌ وڵاتدا و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا تاوتوێكرد كه‌ فاكته‌ری به‌هێزكردنی پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و چاودێریكردنی پێشێلكاریی و سه‌رپێچیه‌كانن له‌ ده‌ستوور له‌ ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا.

باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا: هه‌وڵێكی‌ جددی‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌، پێشوازییان كرد له‌ جۆن ویڵكس باڵیۆزی‌ نوێی‌ به‌ریتانیا له‌ عیراق.
له‌ دیدارێكدا باڵیۆزی‌ نوێی‌ به‌ریتانیا رایگه‌یاند: هه‌وڵێكی‌ جددی‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور به‌ ئامانجی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان.

هه‌ڵوێستی یه‌كێتی
هەر لە دیدارەکەدا مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ به‌غدا، باوه‌ڕمان به‌ دانوستاندن و گفتوگۆ هه‌یه‌، پێمان باشه‌ دانوستاندنه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌موو حزبه‌ كورستانییه‌كان ئه‌نجام بدرێت، «به‌ باشی‌ ده‌زانین دانیشتنه‌كان، له‌ ژێر چاودێری‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ متمانه‌ و ئامانجی‌ گه‌یشتن به‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان».
هه‌روه‌ها عومه‌ر فه‌تاح رایگه‌یاند: پێویسته‌ حكومه‌تی‌ عیراق رێز له‌ مافی‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ گه‌لانی‌ عیراق بگرێت وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌. حاكم قادر حه‌مه‌جان-یش وتی: دانوستاندن و دیالۆگ و گفتوگۆ به‌ باشترین رێگه‌ چاره‌ ده‌زانین.

هه‌نگاوێكی گرنگه‌
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك كۆمار بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی ده‌ستوور، فه‌رهاد عه‌لائه‌دین راوێژكاری سه‌رۆك كۆمار به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندووه‌: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستوور كراوه‌، هه‌موو عیراق ده‌گرێته‌وه‌.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، زانا رۆستایی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ كارێكی زۆر باشه‌، چونكه‌ لیژنه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ ده‌توانێ هه‌موو ئه‌و ماده‌ ده‌ستوورییانه‌ ده‌ستنیشان بكات كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون. كاردۆ محه‌مه‌د یاساناس ئاماژه‌به‌وه ‌ده‌دات «هه‌ر هه‌نگاوێكی چاودێریكردن بۆ رێگه‌گرتن له‌ پێشێلكارییه‌كانی ده‌ستوور هه‌نگاوێكی گرنگه‌».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێزلێنان لە خاتوو فەهیمە ئەمین دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو برای شەهید

شوان كەریم دوێنێ، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ...