سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شاعیره‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكان هه‌ندێكیان…

دڵشاد عومه‌ر كاكی‌:

شاعیره‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكان هه‌ندێكیان…

شاعیره‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكان هه‌ندێكیان هاوڕێی نزیكم بوون هه‌ندێكیشیان وه‌ك شیعر هاوڕێم بوون

دیداری‌: ڤینۆس تۆفیق

شاعیر و رۆژنامه‌نووس دڵشاد عومه‌ر ، به‌ دڵشادی عومه‌ر كاكی ناسراوه‌، له‌زۆربه‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كاندا و له‌كۆڕ و سیمیناره‌كاندا چالاكیی ئه‌ده‌بی و كاری رۆژنامه‌نووسی هه‌بووه‌، 1980/1985 كادیر و پێشمه‌رگه‌ی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) بووه‌، ئه‌ندامی یه‌كێتی نوسه‌ران و نوسه‌رانی شاخ بووه‌، له‌ میانی‌ دوا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان، میوانی‌ به‌شی‌ سۆسیال میدیای‌ كوردستانی‌ نوێ‌ بوو، به‌م دیداره‌:

*دڵشاد عومه‌ر كاكی، نووسه‌ر و شاعیر، له‌ كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه‌، ده‌ستی به‌نووسین كردووه‌، به‌تایبه‌ت شیعر، ئێستا ئه‌م ئه‌زموونه‌ت گه‌یشت به‌ كوێ‌؟
– من ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ یان جیلی هه‌شتاكان ، به‌ر له‌ هه‌شتاكان ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییانه‌ی‌ كه‌ هه‌بوون جێگه‌ی‌ هیوای‌ شاعیره‌ تازه‌پێگه‌شتووه‌كان بوون كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ لاپه‌ڕه‌كاندا به‌رهه‌م و شیعری‌ خۆی‌ ببینێت كه‌ بڵاوببێته‌وه‌.
من یه‌كه‌م شیعرم له‌ ساڵی‌ 1979 له‌ گۆڤاری‌ رۆشنبیری نوێدا بڵاوبوه‌وه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ سه‌ده‌یی نه‌وه‌ی‌ هه‌شتاكان بوو كۆمه‌ڵێك شاعیربووین و شیعرمان ده‌نووسی وه‌ك جه‌مال غه‌مبار ، به‌رزان هه‌ستیار ، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د و خۆم و هه‌ندێكی‌ تریش پێش ئێمه‌ ده‌ستیانكردبوو به‌ نوسین وه‌ك محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و سه‌ڵاح محه‌مه‌د .

*ئه‌و هاوڕێ شاعیرانه‌ی‌ كه‌ باستكردن كامیان زیاتر نزیكن لێته‌وه‌و هاوڕێیه‌تیتان ماوه‌؟
-هه‌ندێكیان وه‌ك هاوڕێیه‌تی‌ هاوڕێی نزیكم بوون ، هه‌ندێكیشیان وه‌ك شیعر هاوڕێم بوون ، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڕێم بوبێت نزیكتربوبێت له‌منه‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی‌ و شیعره‌كه‌یه‌وه‌ ، هه‌ندێكیان دووریش بوون له‌ من به‌ڵام به‌هۆی سه‌رنج ڕاكێشبی‌ شیعر و به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ نزیكتر بوون له‌من ، به‌ڵام حه‌زناكه‌م ناویان بهێنم .

*سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ر، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنتدا كێ كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌رت؟
-ئه‌وه‌ی‌ ڕاستیی بێت من باوكم كتیبخانه‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ تاكه‌ شتێك له‌و شاره‌دا كه‌مبوبێت كتێبخانه‌ بووه‌ بۆیه‌ له‌ ساڵی‌ 1964 دا كتێبخانه‌یه‌كی‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ بووه‌ كانگای‌ خوێندنه‌وه‌و ڕۆشنبیریی نه‌ك هه‌ر خێزانی‌ خۆمان به‌ڵكو زۆربه‌ی‌ زۆری‌ خه‌لكانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ، منیش یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی‌ به‌خته‌وه‌ربووم چونكه‌ له‌ نێو كتێبدا ده‌ژیام.
هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ به‌ شاری‌ شاعیران ناسراوه‌ ، گۆران یه‌كێك بووه‌ له‌و شاعیرانه‌ی‌ كه‌ هه‌م شاعیری‌ شاره‌كه‌ و شاعیری‌ ناوچه‌كه‌ بووه‌و له‌ڕوی‌ هونه‌ری‌ شیعرییه‌وه‌ كاریگارییه‌كی‌ ته‌واوی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر من له‌ سه‌ره‌تای‌ نوسینمدا ، دوای‌ ئه‌ویش شێركۆ بێكه‌س قوتابخانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بووه‌ بۆ ئێمه‌ .

*ئه‌گه‌ر باسێكی‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی‌ خۆتمان بۆ بكه‌یت پێش راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕین ؟
-پێموایه‌ له‌به‌رده‌می‌ هه‌ر شاعیرێكدا له‌و سات و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك ساڵی‌ هه‌شتاكان چاپكردنی‌ كتێب كارێكی‌ قورس و سه‌خت بووه‌ له‌ڕوی‌ سه‌رمایه‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ خوێندكار بوین و ئیشمان نه‌كردووه‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ داراییمان نه‌بووه‌ و هه‌م له‌ ڕوی‌ سیاسیشه‌وه‌ چونكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ به‌عسدا بووین و خه‌می‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئێمه‌ی‌ شاعیرانیش خه‌می‌ نیشتمان بووه‌ ، ،كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كانمان و ئه‌وه‌ی‌ ده‌ماننوسی‌ ده‌مانبرده‌ شاروشارۆچكه‌كانی‌ ڕانیه‌ و قه‌ڵادزی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌ماندا به‌ گوێی خه‌ڵكدا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من له‌و كاته‌دا هیچ دیوانه‌ شیعرێكم نه‌بوو به‌ڵام له‌زۆربه‌ی‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ كوردییه‌كاندا شیعره‌كانم بڵاو ده‌بونه‌وه‌و وه‌رده‌گێڕدران بۆ عه‌ره‌بی‌ و زۆر له‌ ڕه‌خنه‌گران له‌سه‌ر شیعره‌كانم قسه‌یان كرووه‌ .
پاش ڕاپه‌ڕین توانیم دوو دیوانه‌ شیعر چاپ بكه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری‌ یه‌كه‌م به‌ناوی‌ « كزه‌ی‌ شیعر و وێنه‌كانت» كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ خۆم چاپمكرد ، كۆمه‌ڵه‌ شیعری‌ دووه‌میش به‌ناوی‌ « ئاوێنه‌ شكاوه‌كان» كه‌ ده‌زگای‌ چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بۆیان چاپكردم و ئه‌وكاته‌ شێركۆ بێكه‌س له‌ژیاندا مابوو ، وه‌ك به‌خشینێكی‌ خۆی وتی‌ حه‌زده‌كه‌م دیوانێكت بۆ چاپ بكه‌م .
به‌رهه‌می نوێشم كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكه‌ ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ كردن .

*له‌ بواری رۆژنامه‌نووسیی و ته‌نانه‌ت وتاری سیاسیی و رۆژنامه‌وانیش بابه‌تت زۆره‌ له‌ میدیا كوردییه‌كان؟ ئێستاش هه‌ر خه‌ریكی؟
-من ڕۆژنامه‌نوسێكی‌ ئه‌كادیمیی‌ نیم ، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی‌ حه‌زم له‌كاری‌ ڕۆژنامه‌نوسیی‌ بووه‌و له‌ نێو كتێبخانه‌یه‌كدا په‌روه‌رده‌ بووم ، توانیومه‌ بچمه‌ نێو ئه‌و دنیایه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌زموون و خۆشه‌ویستیی‌ ئه‌ده‌ب و نوسین و كاری‌ ڕۆژنامه‌نوسیی‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌ك بورهان قانع و مسته‌فای‌ ساڵح كه‌ریم كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر من و سه‌ره‌ڕای جیاواری‌ ته‌مه‌نمان داده‌نیشتین و گفتوگۆمان ده‌كرد .
هه‌رچه‌نده‌ من پێش راپه‌ڕینیش كاری‌ ڕۆژنامه‌یی و دیداری‌ ئه‌ده‌بیم سازكرووه‌، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین ده‌رفه‌تێكی‌ زۆر گه‌وره‌تر هه‌بوو بۆ ئێمه‌ كه‌ بتوانین ئه‌و ئاواته‌مان بێنینه‌ دی‌ و كاری‌ ڕۆژنامه‌نوسی‌ بكه‌ین و ببینه‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی‌ نوسه‌ران و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین ، من و كاك جه‌مال غه‌مبار توانیومانه‌ هاوكاریی شاعیرانی‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتوو بكه‌ین و به‌شداریی كۆڕه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی‌ ئه‌و كاته‌یان پێبكه‌ین و به‌خه‌ڵكیان بناسێنین ، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی‌ ده‌چنه‌ ڕیزی‌ كاری‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ .
له‌سه‌ره‌تای دروستبونی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ ئاسۆ-شه‌وه‌ من له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ خۆبه‌خش كارم بۆ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ كردووه‌ و چه‌ندین بابه‌تی ئه‌ده‌بیی‌ و هونه‌ریم له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ بۆ وه‌رگێڕاون ، هه‌روه‌ها بۆ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێش ساڵانێكی‌ زۆر بابه‌ت و نوسین و وه‌رگێڕانم هه‌بووه‌و بێبه‌شم نه‌كردوون .

*ئه‌زموونی رۆژنامه‌وانی كوردی، رابردوو و ئێستا چۆن ده‌بینن، به‌تایبه‌ت كه‌ سۆشیال میدیا هه‌مووی داگیركردووه‌؟ ئایا ئێمه‌ی كورد توانیومانه‌ سۆشیال میدیا به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌كاربهێنین؟
-ئه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر به‌هره‌ و توانای‌ تاكی‌ كورد و ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ كاریان كردووه‌ له‌ نێوه‌نده‌كه‌دا ، هه‌ڵبه‌ته‌ تاكی‌ كورد به‌ گه‌نج و پیر و ژن و پیاوه‌وه‌ هیچیان له‌ ئه‌ندامان و تاكه‌كانی‌ تری‌ گه‌لان كه‌متر نییه‌ ، به‌وپێیه‌شی‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆجیا سه‌رتاپای جیهانی‌ داگیركردووه‌ و بۆته‌ جوگرافیایه‌ك له‌به‌رده‌می‌ گه‌لاندا و كوردیش له‌م قۆناغه‌دا هه‌ست به‌ ئازادی‌ خۆی ده‌كات و له‌م پارچه‌ ئازاده‌ی‌ كوردستاندا سۆشیال میدیا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌.
ئینستیتوتێكی‌ سویدی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێك شت پێوه‌رن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی‌ كۆمه‌ڵگا له‌وانه‌ به‌رفراوانبوونی‌ میدیا و خێرایی كاركردنی‌ گه‌لان له‌نێو میدیاكاندا ، به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی‌ كه‌ زۆر له‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان ئازادبوون و سه‌ربه‌ست بوون زۆر به‌خاویی توانیویانه‌ له‌ گه‌لانی‌ پیشكه‌وتنخواز و ئه‌وروپی و ڕۆژئاوا له‌ بواری‌ ڕۆژنامه‌نوسی‌ و میدیاكاندا بچنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌چی‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ كه‌مه‌ی‌ دوای ڕاپه‌ڕیندا ئێمه‌ توانیومانه‌ خۆمان به‌ گه‌لانی‌ دنیا بناسێنین ، ئه‌مانه‌ش بێگومان له‌ ڕێی میدیا و سۆشیال میدیاوه‌ بووه‌ .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...