سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودیە دەدات

ئەڵمانیا هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودیە دەدات

ماوەی ساڵێكە بەهۆی دۆسێی كوژرانی (جەمال خاشقی) رۆژنامەنووسی دیاری سعودی لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەنقەرە، بەرپرسانی ئەڵمانی ئەوكات لێدوانی توندیان لە دژی دەسەڵاتی سعودیە داو ئەو رەفتارەیان بە دژە مرۆڤایەتی و دیكتاتۆری وەسفكرد. ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیا توڕەیی بنەماڵەی پاشایەتی لێكەوتەوەو بەوهۆیەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئەڵمانیا پچڕاند.

ژێر بەژێر خەریكن
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی (شپیگل ئۆنلاینە) كە چەند رۆژێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەڵمانیا ژێر بەژێر پەیوەندییان بەسعودییەكانەوە كردووەو دەیانەوێت نێوانیان چاك بكەنەوەو سەوداسەری‌و بازرگانی چەك‌و هەناردەكردن دەست پێبكەنەوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە كردووە، كە لەم رۆژانەدا وەزارەتی دەرەوەی سعودیەو نووسینگەی راوێژكاری ئەڵمانیا تاوتوێی ناردنەوەی تیمی پسپۆڕی پۆلیسی ئەڵمانیایان كردووە بۆ ریاز، بەمەبەستی راهێنان‌و مەشق پێكردنی لایەنە ئەمنییەكانی سعودیەو دروستكردنەوەی رایەڵەیەكی پەیوەندیی ئەمنی‌و ئابووری‌و بازرگانی لە نێوان هەردولادا. لە بەدواداچوونێكی شپیگل-یشدا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەو زانیاریانەیان پشتڕاستكردۆتەوە.

حكومەت نایشارێتەوە
لای خۆیەوە، ستیڤان زایبەرت وتەبێژی حكومەتیی ئەڵمانیا دووپاتیكردەوە كە سیاسەتی ئەڵمانیا خۆی لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بنیات دەنێ‌و هیچ تەگەرەیەك لەبەردەم دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، سعودیەش بۆ ئەوان وڵاتێكی گرنگەو پێگەی زۆری هەیە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

پارتی سەوز ناڕازییە
لەكاردانەوەی ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیاش، لەناوخۆ دەنگی ناڕەزایی بەرزبۆتەوە، بەتایبەتی لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە. لەسەر ئەم دۆسێیەش، ئیرینە میهالیتش ئەندامی سەركردایەتیی پارتی سەوزی ئەڵمانی وتویەتی: كاتێك حكومەت پەیوەندیی لەگەڵ رژێمێكی وەك سعودیە گرێ دەداتەوە، دەبێ ئەوە بزانێت كە ئەمە بێ ویژدانییەكی گەورە دەكات بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، بۆیە فراكسیۆنەكەیان لەپەرلەمان، لەسەر ئەمە بێدەنگ نابێ‌و لە زووترین كاتدا ئەم پرسە دەخەنە بەردەم پەرلەمان‌و تاوتوێی دەكەن.

سۆسیال دیموكرات رەخنەی هەیە
هەروەها فرانك شڤابە بەرپرسی باڵای پارتی سۆسیال دیموكرات وتی: ئەو پەیوەندییە هیج بنچینەیەكی یاسایی نییەو بۆ ئەڵمانیا شیاو نییە كە نێوانی لەگەڵ سعودیە چاك بكاتەوە، چونكە دەربارەی مەسەلەی شەڕو كوشتاری یەمەن‌و ئاڵۆزییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هیج گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ئەو وڵاتەدا رووی نەداوە.
كریستیان میهەر بەڕێوەبەری رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، بەهەمان شێوە ئەو پەیوەندییەی بەپێویست نەزانی‌و بەهەڵەیەكی كوشندەی زانی بۆ سیاسەتی ئەڵمانیا،چونكە وەك دەڵێت، مادام تاوانباران‌و بەرپرسانی سعودیە لەسەر ئەو شێوازە كوشتنەی خاشقچی سزانەدران‌و جگەلەوەش سەدان كەس لەسەر ئازادیی بیروڕاو رەخنەگرتن خراونەتە كونجی زیندانەوە، كەواتە چ پێویست دەكات ئەڵمانیا لەگەڵ ڕژێمێكی وا پەیوەندیی گرێ بداتەوە؟

نابێت چەكی پێ بفرۆشرێت
لەلایەكی تریشەوە رێكخراوی ئاشتی سەوز لە ئەڵمانیا، ئامۆژگاریی حكومەتی كرد بەوەی ماوەی بڕیاری راگرتنی هەناردەكردنی چەك بۆ سعودیە درێژ بكاتەوە كە ئەم مانگە وادەكەی تەواو دەبێ‌و چیتر چەك بۆ ئەو رژێمە نەنێرن، تاكو خەڵكی بێ دیفاعی پێ بكوژێت. ئەو رێكخراوە دەستیكردووە بەهەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزا بۆ ئەم مەبەستەو داوا لە پیتەر ئالمایەر وەزیری دارایی ئەڵمانیا دەكات، كە ئەندامی دەستەی باڵای گرێبەستەكانە، دەست بەهەناردەكردنی چەك نەكەنەوە بۆ سعودیە.

پارتەكەی مێركل پەیوەندی دەكاتەوە
بەگشتی زۆربەی لایەنە سیاسییەكان جگە لە پارتی دیموكراتی كریستیانی دەسەڵاتدار نەبێت، لەدژی ئەوەن كە ئەڵمانیا پەیوەندیی باشی لەگەڵ سعودیە هەبێ‌و چەك‌و جبەخانەی بۆ بنێرێت، هەموویان داوادەكەن كە لەجیاتی ناردنی چەك، دەبێت وڵاتەكەیان هەوڵی ئاشتەوایی لایەنە ناكۆكەكانی یەمەن بدات‌و نەهێڵێت ئیدی خوێنی خەڵك بەناهەق بڕژێت، سعودیەش بەلایەنی شەڕخوازی ئەو وڵاتە دەزانن، بۆیە پەیوەندی باشی لەگەڵ ناخوازن.

سەرچاوە: شپیگل ئۆنلاین، دۆیچەڤێلا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پاراستنی ژینگه‌ بۆته‌ خه‌مێكی جیهانی

لە دوو رۆژی رابردوودا هاووڵاتیانی زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان، له‌ ...