سەرەکی » وتار » ساڵیادی مام و چواره‌مین كۆنگره‌

روانگه‌

ساڵیادی مام و چواره‌مین كۆنگره‌

محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولكه‌ریم سۆڵه‌یی

سێیه‌مین كۆنگره‌ی ی.ن.ك له‌ (1 _ 14/6 /2010) له‌ بارودۆخێكی تایبه‌تی پڕ له‌ كێشه‌دا به‌سترا. ئه‌وكاته‌ مام جه‌لال پیاوه‌ مه‌زنه‌كه‌ی یه‌كێتی و كورد به‌ ته‌ندروستی باشه‌وه‌ حزووری له‌ كۆنگره‌كه‌دا هه‌بوو. له‌و كۆنگره‌یه‌دا هه‌ردوو ره‌حمه‌تی د. كه‌مال فوئاد و عادل موراد . چه‌پكه‌ گوڵی ته‌مه‌نی خه‌باتیان پێ به‌خشرا. ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌و هه‌ڵوێسته‌یان گه‌شانه‌وه‌ و هۆڵی كۆنگره‌یان گوڵباران كرد.
له‌ په‌یڕه‌وی په‌سه‌ندكراوه‌ی كۆنگره‌دا له‌ ماده‌ (14) یدا بڕیار دراوه‌ كه‌ له‌ (3) ساڵداو به‌ دیاریكراو له‌ (مانگی /10 /2013)دا چواره‌مین كۆنگره‌ ببه‌سترێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك نه‌توانرا له‌كاتی خۆیدا ببه‌سترێته‌وه‌، ته‌نها پلینیۆم ده‌توانێت بۆ ماوه‌ (3 بۆ 6) مانگ شه‌رعییه‌تی سه‌ركردایه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی درێژ بكاته‌وه‌. كه‌ له‌و ساڵه‌دا نه‌توانرا كۆنگره‌ ببه‌سترێت، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (2014) دا پلینیۆم به‌سترا و له‌ پلنیۆمه‌كه‌دا بۆ (2) مانگ شه‌رعییه‌ت درایه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تیی. نه‌ك دوو مانگ وا شه‌ش ساڵ ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا یه‌كێتی چواره‌مین كۆنگره‌ی نه‌به‌ستووه‌. له‌كاتێكدا به‌هۆی ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریی و رووداوه‌ جۆراوجۆرانه‌ی له‌ناو یه‌كێتی و كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ و جیهاندا روویاندا، ده‌بوو ده‌ستوبرد بیر له‌به‌ستنی كۆنگره‌ بكرایه‌ته‌وه‌ و پاساوی ئه‌و دۆخه‌ نه‌كرایه‌ته‌ ئاسته‌نگ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌.
له‌ سه‌ره‌تای پایزی ئه‌مساڵدا دوای ئه‌و هه‌موو داواكارییه‌ی كه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ كرا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ دراوه‌ كه‌ له‌پێش كۆتایی ساڵی 2019 ببه‌سترێت.
ئه‌گه‌رچی به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ‌و ئه‌و هه‌مواره‌ی پیلینیۆم سه‌ركردایه‌تی شه‌ش ساڵه‌ شه‌رعییه‌تی نه‌ماوه‌. به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ پاساوی دا به‌ مانه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵام پاساوه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێتی به‌بێ به‌ستنی كۆنگره‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی بمێنێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردن ‌و تێكنه‌چوونی شیرازه‌ی كاروباری حزبه‌كه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌بینرێت به‌ده‌ر له‌ په‌یڕه‌و له‌ سه‌روبه‌ندی كۆنگره‌دا بڕیاری پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ له‌ ئۆرگانه‌كاندا ده‌رده‌چێت، كه‌ ئه‌وه‌ نیگه‌رانیی لای به‌شێك له‌ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی دروستكردووه‌، چونكه‌ له‌ په‌یڕه‌ودا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌موو پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییه‌وه‌ بكرێت.
*وا دوو ساڵ‌ به‌سه‌ر ماڵئاوایی مام جه‌لال- دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌م ساڵه‌شدا بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ی چوار دراوه‌، هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كان نیگه‌رانن له‌به‌ستنی به‌هۆی ئه‌و پله‌ به‌رزكردنه‌وانه‌ی كه‌ به‌م دواییه‌ كراون.
*به‌رای من له‌م دۆخه‌ی ئێستای یه‌كێتی دا هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كۆنگره‌ دوابخرێت و ده‌بێت له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌ست بخرێته‌ هه‌موو كه‌لێنه‌كانی ناو یه‌كێتی. هۆكاره‌كانی پاشه‌كشێی یه‌كێتی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ و دونیادا. له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌پێی راو بۆچوونه‌كانی مام جه‌لال و رێنماییه‌كانی كارێك بكرێت كه‌ یه‌كێتی بكرێته‌وه‌ به‌و (یه‌كێتی)یه‌ی سه‌رده‌می مام و كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی چاره‌سه‌ربكرێن و ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و ململانێیانه‌ی له‌ نێوان سه‌ركرده‌كاندا هه‌ن و لێره‌و له‌وێ باسیان لێوه‌ ده‌كرێت، خاوبكرێته‌وه‌ و باوه‌شی متمانه‌ به‌یه‌كدا بكه‌ن و ده‌ستی خۆشه‌ویستیی یه‌كتر بگوشن و هه‌ر هه‌موو به‌گیانه‌كه‌ی مام له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. ده‌بێ له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌وڵبدرێت كه‌ ره‌چاوی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی و سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی گۆڕه‌پانی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان بكات كه‌ بۆ ئێستا و ئاینده‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت. ده‌بێت ئه‌ندامانی كۆنگره‌ چاوكراوه‌ و وشیار بن و به‌ناوی نوێگه‌ریی و تازه‌كردنه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ كارێك نه‌كرێت كه‌ كه‌سه‌ به‌ ئه‌زموون و به‌توانا و لێهاتووه‌كان و تێكۆشه‌ره‌ ماندووه‌كان په‌راوێز بخرێن و له‌ جێگایاندا كه‌سانێك بێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتییه‌كان سه‌د خۆزگه‌ به‌وانه‌ بخوازن كه‌ ئێستا گله‌یی ‌و گازانده‌یان لێ ده‌كه‌ن.
ده‌بێت ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ و خه‌مخۆرانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵبژێرن بۆ سه‌ركردایه‌تی كه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ شایسته‌ن و ده‌بێت كه‌سانێك بكه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه‌ كه‌ ساباتی یه‌كێتی و به‌رپرسیارێتی له‌ یه‌كێتیدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كارنه‌هێنێت. كه‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كاندا بووه‌ته‌ هۆی پاشه‌كشه‌ی یه‌كێتی له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسیدا.
ده‌بێت ئه‌ندامانی كۆنگره‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌ هۆشیارییه‌وه‌ ده‌نگ به‌ سه‌ركردایه‌تی نوێ بده‌ن و كارێك بكه‌ن كه‌ نه‌هێڵن كه‌سانێك ببنه‌وه‌ به‌ بڕیارده‌ر له‌ چاره‌نووسی یه‌كێتی كه‌ به‌شێكن له‌ پاشه‌كشه‌ی ده‌نگ ‌و سه‌نگی یه‌كێتی، هاوكات ئه‌وانه‌شیان له‌بیر نه‌چێت كه‌ به‌ پاكی ‌و بێگه‌ردیی ماونه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وامن له‌ خه‌بات بۆ حزبه‌كه‌یان ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیی ئێستاشدا بن و ده‌بێت هه‌مووانیش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن كه‌ باڵباڵێن ‌و ناته‌بایی كۆتایی پێ بهێنن ‌و قۆڵی یه‌كڕیزكردنه‌وه‌و ته‌بایی ناوماڵی یه‌كێتی لێ هه‌ڵبماڵمن، ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن یه‌كێتی به‌ره‌و ئاقار‌و چاره‌نووسێكی خراپ ده‌به‌ن و ئۆباڵی چاره‌نووس و داهاتووی حزبه‌كه‌ له‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌دا ده‌بێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی نوێ هه‌ڵده‌بژێرن. ده‌با ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ژێر سێبه‌ری وێنه‌كانی مام جه‌لالدا به‌ڕێوه‌بچێت و كۆنگره‌كه‌ بكه‌ینه‌ كۆنگره‌ی یه‌كبوون و رێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی یه‌كێتی و رێز له‌ وته‌ و قسه‌كانی مام جه‌لال بگرین و بیانكه‌ینه‌وه‌ به‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كارو خه‌بات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترەمپ بۆ وای کرد؟

ئارام وەڵەدبەگی زۆر کەس بەسەرسوڕمانەوە لە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان ...