سەرەکی » زانست » من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

(به‌شی دووەم)

كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ 10 ساڵیادی دامه‌زراندن
ساڵانی دوای راپه‌ڕین خه‌ڵك توشی قاتوقڕی بوو ، كوردوستان خۆی له‌ئه‌نجامی پرۆسه‌ی ئه‌نفال ، زۆربه‌ی شارۆچكه‌و هه‌موو گونده‌كانی خاپور كرابوون ، به‌هۆی جه‌نگه‌كانی عێراقه‌وه‌ ، تۆڕی كاره‌با و ویستگه‌كانی ئاوو ، ڕێگاو بانه‌كان زیانی زۆریان پێگه‌یشتبوو ، ملیۆنه‌ها مینی چێندراو جۆره‌ها ته‌قه‌مه‌نی باخ و بێستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی له‌ خه‌ڵك زه‌وت كردبوو ، هۆی مه‌رگ و كه‌م ئه‌ندام بونی به‌رده‌وامی خه‌ڵكبوو . بونی چه‌كێكی زۆر و ته‌قه‌مه‌نی جێماوی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌وه‌ ، ژیانی خه‌ڵك و زینده‌وه‌رانی ڕوبه‌ڕوی مه‌رگ ده‌كرده‌وه‌ ، كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكاندا ، خه‌ڵكی له‌ به‌رهه‌م هێنه‌وه‌ كردبوو به‌ بخۆر و به‌كاربه‌ر .
دامه‌زراوه‌ خزمه‌ت گوزاریه‌كان وه‌ك خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌و ده‌زگاكانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ ، به‌رگری شارستانی ، شاره‌وانی ………..هتد زۆربه‌ی وێران و بێ كه‌لوپه‌ل بوو .
حكومه‌تی عێراق له‌ دانوستاندا بوو له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی كوردوستانی ، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ نیازی خراپه‌ ، بۆیه‌ له‌ 3/ 10 / 1991 دا جارێكی كه‌ خه‌ڵك ڕاپه‌ڕی و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ بۆ داگیركردنه‌وه‌ی كوردوستان هاتبوون ، ته‌فرو تونا بوون ، سه‌رئه‌نجام ، حكومه‌تی عێراق ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌و سنوره‌ كشانده‌وه‌ ، كه‌ پێشتر ناوی نابوو ناوچه‌ی حوكمی زاتی .
دابڕان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌موو سه‌رچاوه‌ دارایه‌كانی نه‌هێشت ، له‌ هه‌موو كێشه‌كان زیاتركاریگه‌ر ، بڕینی موچه‌ی خه‌ڵك كه‌ هۆی بژێوی زۆرینه‌بوو ، به‌ره‌ی كوردوستانی و سه‌ركرده‌كانی ، كه‌ ئه‌وكات به‌ڕێوه‌به‌ری كوردوستان بوو ، به‌ پێویستیان زانی كه‌ په‌رله‌مانێك هه‌ڵبژێردرێ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ، تا حكومه‌تێك دابمه‌زرێ بۆ به‌رێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌ . به‌ڵام چه‌ندین جۆر قه‌یران یه‌خه‌ی به‌و حكومه‌ته‌ گرت ، كه‌ له‌ هه‌مووان زیاتر موچه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌وحكومه‌ته‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو .
دواتر قه‌یرانه‌كه‌ زۆر زیاتر بوو ، چونكه‌ ده‌وڵه‌تان ئابڵوقه‌ی ئابوریان خستبووه‌ سه‌ر عێراق ، به‌ هۆی شه‌ڕنگێزی و جه‌نگه‌وه‌‌ ، ئه‌مه‌ كوردوستانیشی ده‌گرته‌وه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا حكومه‌تی عیراق ئابڵوقه‌ی ئابوری و سوته‌مه‌نیشی خسته‌سه‌ر كوردوستان . ئێرانیش كه‌ سنورێكی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵمان سنوره‌كانی توند تر كرد .
ئه‌گه‌رچی ، هه‌ندێك له‌ ڕیكخراوه‌ نێو دوڵه‌تیه‌كان و مرۆڤ دۆسته‌كان ، هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ هاوكاری خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ن ، به‌ڵام هه‌ندێجار نه‌شاره‌زای و تێنه‌گه‌یشتن له‌ كێشه‌كان ، وه‌ هه‌ندێ كه‌سی گه‌نده‌ڵ كه‌ خۆی ده‌خزانه‌ نێو ئه‌و ڕیكخراوانه‌وه‌ ، وای ده‌كرد كه‌ له‌ جیاتی سوود كاره‌كان زیان به‌خش بێت .
حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و كاته‌ نه‌وه‌زاره‌ت نه‌هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو كه‌ كار بۆ پاراستن و چاكردنی ژینگه‌ بكات. تاكه‌ ڕێكخراوكه‌ په‌یوه‌ندی داربێت به‌ ژینگه‌وه‌ ( كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز ) بوو . ،كه‌ هێشتا نه‌مۆڵه‌تی یاسایی و نه‌ هیچ بودجه‌یه‌كی هه‌بوو ، جگه‌ له‌ ئابونه‌ی ئه‌ندامه‌كانی بوو كه ئه‌ندامه‌كانی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی باسمانكرد ، بارگرانی كردبوون .

كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز
بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی وه‌ك له‌ به‌شی پێشودا باسم كرد هی(شه‌ماڵ عبدالرحمن مفتی) بوو كه‌ له‌پێش ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌وڵی ڕێكخراوه‌یه‌كی ژینگه‌یی ده‌دا . له‌دوای ڕاپه‌ڕین په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كات له‌ خزم و دۆستانی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌بابه‌ته‌كه‌ . وه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌ ماڵی د. جلال مجید شه‌ریف ، له‌ 16/10 /1991 بڕیار له‌ سه‌ر دامه‌زراندنی ڕێكخراوێكی ژینگه‌یی ده‌ده‌ن واته‌ دوای ڕاپه‌ڕینی دووه‌م به‌ 13 ڕۆژ.
ده‌سته‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی كوردوسنێكی سه‌وز بریتی بوو له‌ :ـ
1.شه‌ماڵ عبدالرحمن عبدالعزیز مفتی
2.د. دارا ئه‌حمه‌د تۆفیق
3.د. پێشڕه‌و محمد ئه‌مین
4.د.جلال مجید شه‌ریف
5.د.یاسین شفیق
6.ئه‌ندازیار وریا نوری خه‌فاف
7.د. ئازاد ئه‌حمه‌د تۆفیق
8.پارێزه‌ر ته‌ها بابان
دواتر ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران ، بڕیار ده‌ده‌ن ،كه‌ سه‌ردانی به‌رپرسانی به‌ره‌ی كوردوستانی بكه‌ن ، كه‌ به‌ڕیوه‌به‌ری كوردوستان بوو ،له‌و ده‌مه‌دا . یه‌كه‌م جار له‌ 25/11/ 1991 دا ده‌چنه‌ سه‌ردانی (به‌ڕێز مام جه‌لال ) له‌ قه‌ڵاچوالان . به‌ڕیزیان پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ شارستانیه‌ ده‌كات و پیرۆزباییان لێده‌كات . وه‌ سه‌باره‌ت ناوی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ناویان نابوو ( كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سه‌وزی كوردوستان ) مام كه‌ پێشتر ئاشنا بوو به‌ دكتۆر دارا ، ده‌ڵێت خۆ ئێوه‌ وه‌ك ئه‌و ڕێخراوانه‌ نین ، ناوی ئاشتیان له‌ خۆناوه‌و ، كه‌ وه‌ك شوتی له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌وز و له‌ناوه‌وه‌ سوره‌ ، بۆیه‌ بڕیار له‌ سه‌ر گۆڕینی ناوه‌كه‌ ده‌ده‌ن . دواتر پاش چه‌ند دیدارو كۆبونه‌وه‌یه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن له‌ سه‌ر ناونانی به‌ ( كۆمه‌ڵه‌ی كورستانێكی سه‌وز ) ، له‌كۆتای هه‌مان ساڵدا له‌ 31 /12 /1991 سه‌ردانی به‌ڕیز (مه‌سعود بارزانی ) ده‌كه‌ن له‌ باره‌گای به‌ره‌ی كوردوستانی له‌خه‌لیفان ، تیایدا باس له‌ به‌رنامه‌و ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ده‌كرێت ، به‌ڕێزیشیان پشتگیریان ده‌كات ، دواتر ده‌چنه‌ سه‌ردانی به‌ڕیز ( د. محمود عوسمان ) به‌ هه‌مان شێوه‌ .
به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناو خۆی كۆمه‌ڵه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز( شه‌ماڵ عبدالرحمن مفتی ) داده‌ڕێژرێت ، به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی خاچی سوری نێو ده‌وڵه‌تی .
به‌نده‌ ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندیه‌كی زۆرم له‌ گه‌ڵ خوالێ خۆشبوو كاك شه‌ماڵ هه‌بوو ، وه‌ زۆر نزیك بووم له ‌به‌ڕێز د. جه‌لال مه‌جید شه‌ریف ، هه‌رچۆن ده‌مێك بوو له‌ گه‌ڵ به‌ڕێز وریا خه‌فاف په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو . به‌ڵام له‌و سه‌رو به‌ندی ڕاپه‌ڕینه‌دا ، زۆر سه‌رقاڵ بووم ، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌وانه‌بووم خۆم به‌خاوه‌نی ڕاپه‌ڕین و كێشه‌كانی گه‌له‌كه‌م ده‌زانی ، له‌و ده‌مه‌دا كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری كه‌ركوك و گه‌رمیان ئاواره‌و بێ نه‌وا بوون ، كوردوستان جگه‌ له‌ ئازادی هیچ شتێكی تری تیا به‌رده‌ست نه‌بوو ، تاڵانی وێرانی زۆر جێگه‌ی تێكدابوو.
به‌ڕێكه‌وت كاك شه‌ماڵ م بینی ، كه‌ تازه‌ گه‌ڕابوه‌وه‌ ، چونكه‌ كاتی ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردوستان بوو ، ئاگاداری كردم له‌ كۆمه‌ڵه‌و ئه‌وه‌ی كردویانه‌ .
بێگومان كۆمه‌ڵه‌ پێویستی به‌ باره‌گا و خه‌رجی ده‌بێت ، زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كان كه‌وته‌‌ ئه‌ستۆی (شه‌ماڵ عبدالرحمن ). ئه‌وه‌ بوو له‌سڵێمانی ، له‌ ته‌لاری عه‌لی نه‌مه‌ڵی له‌ شاڕێی سالم ، له‌ نهۆمی سێه‌م ، شوقه‌یه‌كی دوو ژوری ده‌گرن به‌ كرێ و زۆربه‌ی كورسی و كه‌لوپه‌له‌كانیشی ، له‌ ماڵی كاك شه‌ماڵ خۆی دابین ده‌كات . هه‌ر له‌وێوه‌ به‌یان نامه‌یه‌ك ده‌ركرا وه‌ك بانگه‌وازێك كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز دامه‌زراوه‌ و به‌نیازه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕیوه‌ بردنی (كۆمیته‌ی باڵا بكات ) هه‌ركه‌س خوازیاره‌ به‌ ژینگه‌یه‌كی خاوێن و ئاسوده‌ با به‌شدار بێت . له‌ بینای چاودێری زانستی ، نزیك به‌ به‌ڕیوه‌ به‌رێتی گشتی ڕۆشنبیری ڕۆژی چوار شه‌ممه‌ 24 /1 /1992 .
له‌و به‌رواره‌دا یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ بۆ ناساندنی كۆمه‌ڵه‌ وهه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی باڵای كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز ،له‌ سلێمانی ، له‌هۆڵێكی بینای چاودێری زانستی كه‌ ئه‌وده‌مه‌ مامۆستا محسن عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری بوو ، به‌سه‌ر په‌رشتی دادوه‌ر شێخ له‌تیف وه‌ ئاماده‌بونی مامۆستا جمال عه‌بدول ، ئه‌نجامدرا .
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ نزیكه‌ی 120 كه‌س ئاماده‌ بوون ، له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان شه‌ماڵ عبدارحمن ، وریا خه‌فاف ، ته‌ها بابان ، جه‌مال عبدول به‌وتارو ڕونكردنه‌وه بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئاماده‌بوان خرایه‌ به‌ر باس .جا چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن ، له‌لایه‌ن دادوه‌ر شێخ له‌تیف و ته‌ها بابان باس كرا . دواتر له‌نێوان ئه‌و 105 ئه‌ندامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ 21 ئه‌ندام خۆی كاندید كرد وه‌ سه‌رئه‌نجام 9 ئه‌ندام وه‌ك كۆمیته‌ی باڵا هه‌ڵبژێردران .

ماویه‌تی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*