سەرەکی » ساڵۆنی کوردستانی نوێ » كتێبێك له‌باره‌ی‌ سێوه‌كه‌ی‌ دڵی‌ هه‌مووانەوە له ‌ساڵۆنی‌ كوردستانی‌ نوێ‌

كۆڕێك بۆ نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم

كتێبێك له‌باره‌ی‌ سێوه‌كه‌ی‌ دڵی‌ هه‌مووانەوە له ‌ساڵۆنی‌ كوردستانی‌ نوێ‌

له‌چوارچێوه‌ی‌ كۆڕو سیمیناره‌كانی‌ ساڵۆنی‌ كوردستانی‌ نوێدا‌، رۆژی‌ 9/10/2019 كۆڕی‌ ناساندن و واژۆكردنی‌ كتێبی‌ (سێوه‌كه‌ی‌ دڵ مام جه‌لال) بۆ نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم لێپرسراوی‌ مه‌كته‌بی‌ راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوو.
له‌كۆڕه‌كه‌دا، نووسه‌ر له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ وتی‌: ئه‌و كتێبه‌ نامه‌و وێنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نوسێنێك كه‌ به‌ په‌خشان داڕێژراوه‌ باسی ئه‌ژدادو ره‌چه‌ڵه‌كی جه‌نابی مام جه‌لال كراوه‌ تاكو ئێستا، مام جه‌لال كوڕی شێخ حیسامه‌دینی كوڕی شێخ نوروڵڵای كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غه‌فوری كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی تاڵه‌بانی كوڕی مه‌لا مه‌حمودی زه‌نگه‌نه‌یه‌.
له‌باره‌ی‌ مام جه‌لال -ه‌وه‌ ده‌ڵێت: مام جه‌لال زۆر ناز په‌روه‌ر بووه‌، منداڵێكی بچوك بووه‌ چۆته‌ ته‌عزێ‌و خه‌ڵكی پرسیاریان كردووه‌ ئه‌وه‌ كێیه‌ وتویان كوڕی شێخ حیسامه‌دینه‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌ خوتبه‌ی داوه‌ شیعری خوێندۆته‌وه‌.

نه‌جات رۆستی:
ئاماده‌بووانی ساڵۆنی كوردستانی نوێ به‌خێرهاتنی گه‌رمتان ده‌كه‌ین، ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی پانزه‌هه‌مین به‌رهه‌می نوسه‌ر‌و روناكبیر‌و پێشمه‌رگه‌ كاك ره‌هبه‌ری سه‌ید برایم واژۆ ده‌كرێت‌و بڵاوده‌كرێته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ جیاواز له‌ كتێبه‌كانی تر كه‌ زیاتر باس له‌ ژیان‌و به‌رهه‌مه‌كانی ژیانی مام جه‌لال ده‌كات، بێگومان ماندوبوونێكی زۆری ده‌وێـت بۆ ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ی تێیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، من ئه‌مرۆ زۆر خۆشحاڵم له‌گه‌ڵ كاك ره‌هبه‌رم چونكه‌ شه‌ش ساڵ پێكه‌وه‌ هه‌م په‌یمانگا‌و هه‌م زانكۆمان پێكه‌وه‌ ته‌واو كردووه‌ به‌شی راگه‌یاندن ده‌توانم بڵێم له‌كاتی خوێندندیشیدا به‌رده‌وام له‌ كاری نوسین‌و كتێبدا، دیاره‌ هه‌ر خۆی ده‌توانی زیاتر له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ بدوێت‌و باسی چۆنێتی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م كتێبه‌ نایابه‌تان بۆ بكات.

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم:
زۆر سوپاس هه‌موو لایه‌ك به‌خێربێن سڵاو له‌ رۆحی پاكی مام جه‌لال، سڵاو له‌ رۆحی شێخ مه‌حمودی نه‌مر، كه‌ ئه‌مڕۆ 63ساڵ ساڵڕۆژیه‌تی بۆ كۆچی دوایی كه‌ ئه‌مڕۆ بوو له‌ شاری سلێمانی خۆپیشاندان كرا له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌ی كه‌ شێخ له‌تیفی حه‌فید گیرابوو ته‌نانه‌ت ته‌قه‌شیان كرد ته‌رمه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر به‌خوێنیشدا هات كه‌ مردبوو یادگاریه‌كه‌ كه‌ تێكه‌ڵكێش ده‌بێت له‌گه‌ڵ رۆحی مام جه‌لال-دا.
بێگومان ئه‌و كتێبه‌ به‌ناوی سێوه‌كه‌ی دڵ، له‌ چیووه‌ هاتووه‌ ، بێگومان له‌ كورده‌واریا سێوی مێخه‌ك رێژ هه‌یه‌ بۆ خوشه‌ویستی ده‌نێرێ، جگه‌ له‌وه‌ش له‌سه‌رو به‌ندی له‌ دایك بوونی جه‌نابی مام جه‌لال بووه‌ له‌ ساڵی 1932، باوكی مام جه‌لال شێخ عیسامه‌دین خه‌وی به‌ مامی خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، مامی باوكی مام جه‌لال ناوی مام جه‌لال بووه‌، ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ خه‌وی پێوه‌ بینیووه‌ سێوێكی داوه‌تی، ئه‌وه‌بوو ناوی كوڕه‌كه‌ی خۆی نا مام جه‌لال یه‌عنی به‌ناوی مامی باوكییه‌وه‌ ناونراوه‌ مام جه‌لال ته‌نانه‌ت باوكی مام جه‌لال به‌ كوڕه‌كه‌ی خۆی وتووه‌ مام جه‌لال، جگه‌ له‌وه‌ش ناونیشانی شیعرێكی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌ناوی سێوه‌كه‌ی دڵ كه‌ بۆ شه‌هید جه‌مالی عه‌لی باپیری وتووه‌،سرۆشانمان له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ ویستمان بیكه‌ین به‌ هه‌ڵۆی شاخ‌و سێوه‌كه‌ی شام، به‌ڵام سێوه‌كه‌ی دڵ فراوانتر‌و بۆندارتر بوو بۆیه‌ وامان لێكرد.
ئه‌و كتێبه‌ نامه‌و وێنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نوسێنێك كه‌ به‌ په‌خشان داڕێژراوه‌ باسی ئه‌ژدادو ره‌چه‌ڵه‌كی جه‌نابی مام جه‌لال كراوه‌ تاكو ئێستا، مام جه‌لال كوڕی شێخ عیسامه‌دینی كوڕی شێخ نوروڵڵای كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غه‌فوری كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی تاڵه‌بانی كوڕی مه‌لا مه‌حمودی زه‌نگه‌نه‌یه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌ مێژوویه‌ش ئه‌وه‌یه‌ شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌ شێعرێكیدا به‌كاری هێناوه‌ ماڵی مام جه‌لال شێخ نه‌بوون شێخ ئه‌حمه‌دی هندی لاهور له‌ هندستانه‌وه‌ به‌ شه‌ش مانگ ڕێ هاتۆته‌ كوردستان مه‌لا مه‌حمودی زه‌نگه‌نه‌ جێ نشینی بووه‌ له‌ سورداش شێخ ئه‌حمه‌دی لاهور كوژراوه‌ ئێستا مه‌رقه‌ده‌كه‌ی له‌ سوورداشه‌، دوای ئه‌وه‌ مه‌لا مه‌حمودی زه‌نگه‌نه‌ كوڕێكی بوو ناوی نا شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ ئه‌حمه‌دی تاڵه‌بانی، دوو تاڵه‌بان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و تاڵه‌بانه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌ دوو تاڵه‌بان له‌ كۆیه‌ هه‌یه‌ هیچیان په‌یوه‌ندی به‌ مام جه‌لال-وه‌ نییه‌ له‌ به‌ره‌بابی تاڵه‌بانی، به‌ڵام ئه‌و تاڵه‌بانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، شێخ ئه‌حمه‌دی تاڵه‌بانی 11 كوڕی هه‌بووه‌ یه‌كێكیان به‌ هه‌رزه‌كاری كۆچی دوای كردووه‌ یه‌كێكی تری رۆیووه‌ بۆ لای تكریت به‌ڵام هه‌ر خۆیان به‌تاڵه‌بانی زانیووه‌، 9 كوڕه‌كه‌ی تری بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ شێخ غه‌فوری تاڵه‌بانی بووه‌، كه‌ باپیری باپیری باپیری مام جه‌لال ده‌كات، 200 ساڵه‌ كۆیه‌ن، شێخ غه‌فوری تاڵه‌بانی له‌ كۆیه‌ خوێندویه‌تی فه‌قی بووه‌ دوای ئه‌وه‌، له‌ رقی عوسمانیه‌كان چۆته‌ سه‌رده‌شت، له‌وی ته‌كێی كردۆته‌وه‌، كه‌ ته‌كێی كردۆته‌وه‌ حاجی به‌كر ئاغای حه‌وێزی كۆیی داوای له‌مه‌لا عه‌بدوالڕه‌حمانی خالسی بابی شێخ ره‌زای كردووه‌ وتویه‌تی ئه‌چم ده‌یهێنمه‌وه‌ نابی له‌سه‌رده‌شت بێت مه‌لا عه‌بدوالڕه‌حمانی خالسیش ده‌ڵی زۆرم پێخۆشه‌ له‌ شاری كۆیه‌ بێت، ئیتر دێته‌وه‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی شاری كۆیه‌ دوو دۆنم زه‌وی ده‌داتی ده‌وڵه‌تی عوسمانلی له‌وی ده‌یكا به‌ته‌كێ‌و وه‌ چه‌ند دێیه‌كیشیان ئه‌ده‌نی له‌و دیهاتانه‌ بستانه‌، پایز ئاغا، ئیلینجاغ، ئه‌و نه‌وته‌ی به‌ تاپۆ كه‌ پێی ده‌ڵێن چوار جوتیار هی ماڵی مام جه‌لال-ه‌، سه‌رده‌مێك مامی مام جه‌لال، شێخ نه‌سره‌دین بوو باوكی حاكم شوان‌و كاك به‌رزان، له‌وێ ته‌كێی هه‌بووه‌ له‌ ئیلینجاغ، ئه‌مانه‌ له‌وی نیشته‌جێ ده‌بن، كاتێك له‌وی ده‌بن شێخ غه‌فور له‌ زه‌مانی حاجی قادره‌وه‌ له‌ كۆیه‌ن، به‌ڵام شێخ غه‌فور به‌ینی له‌گه‌ڵ حاجی قادری كۆیی خۆش نه‌بووه‌،به‌ڵام شێخ نوری كوڕی له‌گه‌ڵ حاجی قادر به‌ینی خۆش بووه‌،حاجی قادری كۆیی دژی شێخه‌كان بووه‌ به‌تایبه‌تی شێخ نه‌بی‌و شێخ غه‌فور ناوی هێناون له‌ شیعره‌كانیدا باسی كردون، به‌ڵام شێخ نوری پیاوێكی نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌ 15 ساڵ زیندان بووه‌ وه‌ ده‌ستی شیعریشی هه‌بووه‌، شێخ غه‌فور سێ كوڕی هه‌بووه‌، نه‌وه‌ی تاڵه‌بانیه‌كان له‌ كۆیه‌ زۆر كه‌من، ده‌بوو هه‌زاران تاڵه‌بانی هه‌بووایه‌ به‌ڵام زۆر كه‌ من به‌ ژماره‌، ئیتر له‌ ساڵی 1927 شێخ ئه‌فزه‌ڵ‌و شێخ بورهان، شێخ بورهان ده‌كاته‌ باوكی شێخ جه‌نگی، له‌ بیتوێن له‌ گوندی گوله‌ك له‌كانی خولقه‌ ئینگلیزه‌كان ده‌یكوژن، ده‌لیلی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستی عه‌شایه‌ری تێدابوو چونكه‌ كه‌ كوشتویانه‌ ماین‌و ئه‌سپه‌كه‌یان نه‌بردووه‌،شێخ ئه‌فزه‌ڵیش ده‌كاته‌ باپیری باوكی بێگه‌رد تاڵه‌بانی، ئیتر ئه‌و كاته‌ كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌و كاته‌ شێخ جه‌نگی‌و شێخ حمه‌ ساڵح‌و مریه‌م خان دایكی شێخ ئه‌شره‌ف‌و شێخ صلاح‌و دكتۆر پێشه‌وا كه‌ كۆچی دوایی كرد، هه‌موو له‌ناو تێڕكه‌ی وڵاخێك ده‌بن ده‌یان هێنه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بووه‌ شه‌و رۆژێك له‌ناو ئه‌و تێڕكه‌یه‌ بوون كه‌س پێ نه‌زانیون، شێخ نوری پیاوێكی زۆر زیره‌ك بووه‌ شاعیرێكی باش بووه‌ زاوای فائیزی شاعیریش بووه‌، كه‌لكان به‌ لیره‌و پاره‌ ده‌كڕێت، حمه‌ ئاغای كۆیه‌ش خدران ده‌كڕێت، تاڵه‌بانیه‌كان له‌ كۆیه‌ دوو گۆڕستانیان هه‌یه‌ دانه‌یه‌كیان كه‌كۆن یه‌عنی كۆیه‌ی كۆن ئه‌وه‌ی شێخ نه‌بووبێت رابه‌ر نه‌بووبێت له‌ كه‌كۆن نه‌یان ناشتووه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مه‌راسیمه‌یان تێكداوه‌ خه‌ڵكی تری تێدایه‌ كه‌ شێخیش نه‌بووه‌ رابه‌ری ته‌كێ نه‌بووه‌.
وه‌ك وتمان مام جه‌لال ساڵی 1932 له‌ گوندی كه‌لكان له‌ دایك بووه‌، كه‌لكان سه‌ر به‌ كۆیه‌ بووه‌، شه‌شه‌ به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ مام جه‌لال موالیدی 1932، یه‌كه‌م كه‌ خوێندكار بووه‌ له‌ كۆیه‌ له‌ نفوسه‌كه‌ی كۆیه‌ له‌سجله‌كه‌ی 32 نوسراوه‌، له‌ پێناسی پارێزه‌ریه‌كه‌ی 32 نوسراوه‌ شه‌هاده‌كانی سه‌ره‌تای‌و ناوه‌ندی 32 نوسراوه‌، هه‌قه‌ ئه‌وه‌ ساغ بێته‌وه‌، مام جه‌لال به‌ منداڵ پێگه‌یووه‌ تاقانه‌ی باوكی بووه‌، باوكی مام جه‌لال ئامۆژنی خۆی هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌كاته‌ دایكی شێخ جه‌نگی‌و شێخ حمه‌ساڵح‌و مریه‌م خان، كچێك‌و كوڕێكی هه‌بووه‌ مریه‌م خان دایكی شێخ سه‌لاح ئه‌ویش برای مام هێناویه‌تیه‌وه‌، یه‌عنی دوو برا دایك‌و خوشكیان هێناوه‌ بۆیه‌ وا تێكه‌ڵ بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و خێزانه‌ سه‌رگه‌ردان نه‌بن شێخ عیسامه‌دین ئامۆژنی خۆی هێناوه‌ته‌وه‌، به‌س مام جه‌لال له‌ شێخ عیسامه‌دین بووه‌ دوو كچیشی هه‌بووه‌ فه‌وزیه‌ خان‌و جه‌میله‌ خان، فه‌وزیه‌ خان دایكی ئاڵا تاڵه‌بانی له‌ دایك‌و باوكی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ جه‌میله‌ خان ژنی به‌كر ئاغای حه‌وێزی، خوشكی دایكیش مریه‌م خانه‌، سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ مریه‌م خان هه‌م خوشكیه‌تی هه‌م ئامۆژنیشیه‌تی، دایكی مام جه‌لال ده‌بێته‌ نه‌نكی شێخ سه‌لاح‌و ده‌بێته‌ ئامۆژنیشی، ئه‌وه‌ له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شه‌رعه‌وه‌ رێگه‌ پێدراوه‌.


مام جه‌لال زۆر ناز په‌روه‌ر بووه‌، منداڵێكی بچوك بووه‌ چۆته‌ ته‌عزێ‌و خه‌ڵكی پرسیاریان كردووه‌ ئه‌وه‌ كێیه‌ وتویان كوڕی شێخ عیسامه‌دینه‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌ خوتبه‌ی داوه‌ شیعری خوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ عه‌بدولكه‌ریم شێخانی ماوه‌ شیعرێكی عه‌ونی هه‌بووه‌ خوێندویانه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی 1947 له‌ ته‌مسیلی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر وێنه‌كه‌یشیمان بڵاوكردۆته‌وه‌ كوڕی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر بووه‌ له‌گه‌ڵ حاكم وریای كانی مارانی، مام جه‌لال له‌ پێنجی سه‌ره‌تایی بووه‌ سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی پێشخستنی خوێنده‌واری بووه‌، له‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌ چه‌ند كه‌سێكیان ماون كه‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بوون، یه‌كیان عه‌بدولكه‌ریم شیخانییه‌، مامۆستا سابیر وه‌لی، عومه‌ری باش كاتب، واحید سه‌عیده‌ هه‌مویان ماون، مام جه‌لال زۆر به‌ مامۆستاكانی سه‌رسام بووه‌، من له‌م دوایه‌دا مامۆستایه‌كیم بینی مامۆستا كه‌مال عه‌بدولقادر جه‌لیل زاده‌ بوو، ئه‌و ده‌یوت مام جه‌لال ده‌بێت به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ كوردستانی نوێش بڵاو كرایه‌وه‌ منداڵ بوو ئه‌و پێی ده‌وت جه‌لال، جه‌لال ده‌بێت به‌ سه‌رۆك كۆمار، له‌م دوایه‌ ئێمه‌ چوینه‌ لای، جارێك سه‌عید قه‌زاز كه‌ وه‌زیری ناوخۆ بووه‌ هاتۆته‌ كۆیه‌ پرسیارێكی كردووه‌ وتویه‌تی گالیسكه‌ چییه‌ كه‌س نه‌یزانیووه‌، مام جه‌لال وا گالیسكه‌كه‌ی شه‌رحكردووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی دروستی كردبێت، سه‌عید قه‌زاز وتویه‌تی ئه‌وه‌ كێیه‌ ئه‌وه‌نده‌ زیره‌ك‌و به‌ توانایه‌ وتویانه‌ ئه‌وه‌ كوڕی شێخ عیسامه‌دینی كۆیه‌یه‌، وتویه‌تی ئه‌وه‌ پیاوێكی زۆر گه‌وره‌ی لێده‌رئه‌چێ، مام جه‌لال به‌ منداڵی شتی لێده‌ركه‌وتووه‌، مام جه‌لال دایكی زۆر خۆش ویستووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دایكی مام جه‌لال 12 ساڵ له‌ باوكی گه‌وره‌تر بووه‌، مامۆستایه‌كی تریشی وردی شاعیر بووه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌ی شه‌هیدانی داناوه‌ له‌ كۆماری مهاباد كۆماری كوردستان مامۆستا بووه‌ یادگاری له‌گه‌ڵ ووردی ئه‌وه‌ بووه‌ مام جه‌لال زۆر جوان‌و پاك‌و خاوێن بووه‌ رۆژێك زله‌یه‌كی لێده‌دات بێ ئه‌وه‌ی هیچ بكات مام جه‌لال هه‌فته‌یه‌ك ناچێته‌وه‌ بۆ مه‌كته‌ب، ئیتر مامۆستا وردی ده‌چێته‌وه‌ بۆ ته‌كێ‌و ئاشتی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و ووردیه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلول لێپرسراوی ئیداره‌ی مام جه‌لال بووه‌، نه‌نكی مام جه‌لال دایكی باوكی ناوی ئایشه‌ خان بووه‌ زۆر مام جه‌لالی خۆش ویستووه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ مام جه‌لال له‌ حقوق وه‌رگیراوه‌ له‌ به‌غدا ته‌نها یه‌ك حقوقیش هه‌بووه‌، وتویه‌تی نابێت مام جه‌لال بچێته‌ به‌غدا بۆ حقوق ده‌بێت حقوق بێته‌ كۆیه‌، ئاخیری مام جه‌لال حقوقی هێنایه‌ كۆیه‌ ئه‌و زانكۆ گه‌وره‌و گرانه‌ خه‌ونی نه‌نكی مام جه‌لال-یش بوو، مام جه‌لال له‌ سیاسه‌تدا سه‌رسامه‌ به‌ هه‌ندێك كه‌س له‌وانه‌ عومه‌ر ده‌بابه‌ وه‌ مه‌لا مسته‌فا، دیداری ته‌مه‌نتان خوێندۆته‌وه‌ مام جه‌لال زۆر مه‌راقی بووه‌ بچێته‌ روسیا مه‌لا مسته‌فا ببینی، ئیتر دوایش ئه‌وه‌بوو نه‌گونجان‌و جیابونه‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ نامه‌یه‌كی مه‌لا مسته‌فایه‌ له‌ 5-4-1964 زۆری ناخۆشه‌ مام جه‌لال بووه‌ به‌ باڵی مه‌كته‌ب سیاسی، مه‌لا مسته‌فا له‌ نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: من به‌ خسوسی تبلیغت ده‌كه‌م یا ابنی ایركب معنا ولا تكون مع كافرین. بانگت ده‌كه‌م وه‌ك كوڕی خۆم عه‌زیزی خۆم بانگه‌ ده‌كه‌م بۆ خۆم‌و بۆ كوردستان به‌ قسه‌ی هیچ كه‌سێك مه‌كه‌، وه‌ره‌ لام، وه‌ره‌ لام، جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا شه‌ش جار ده‌ڵێ وه‌ره‌ لام، وه‌ره‌ لام،ئه‌و نامه‌یه‌ پێان ده‌وت نامه‌ دڵداریه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا بۆ مام جه‌لال، مام جه‌لال دوو مامی هه‌یه‌ شێخ شه‌ره‌ف‌و شێخ نه‌سره‌دین، شێخ شه‌ره‌ف ده‌كاته‌ باوكی شێخ سه‌لاح‌و ئه‌وان، شێخ نه‌سره‌دینیش ده‌كاته‌ باوكی حاكم شوان‌و ئه‌وان، یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ ناوی حاجی ره‌سوڵ بوو دراوسێمان بوو له‌ كۆیه‌، یه‌ك كوڕه‌ خاڵیشی هه‌یه‌ ناوی حمه‌ سوره‌،نوكته‌یه‌كتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌، پورێكی هه‌بوو ناوی مه‌لكان بوو پوره‌ مه‌لكانیان پێده‌وت، به‌رامبه‌ر ماڵی ئێمه‌ بوو ناوی منی نه‌ده‌زانی، بانگی ده‌كردم ئه‌كبه‌رۆكه‌، ره‌هبه‌ری كردبوو به‌ ئه‌كبه‌ر بچوكیش كردبوو ئه‌كبه‌رۆكه‌ هه‌ر به‌وه‌ بانگی ده‌كردم.
مام جه‌لال دوو كوڕی هه‌یه‌، بافڵ‌و قوباد، بافڵ تاڤگه‌یه‌كه‌ له‌ چه‌می رێزان، قوبادیش ناوێكی كوردی كۆنه‌ 461 ساڵ پێش ئێستا میرنشینی كۆیه‌ ناوی قوباد بووه‌ یه‌كێك له‌ پاشاكانی ماردیش ناوی قوباد بووه‌ تێکۆشەرو برادەرێکی ئێرانی شەهید بوو ناوی قوباد بوو،ئه‌و ره‌سمی به‌رگی كتێبه‌كه‌ش كه‌ دارێكه‌ پێی ده‌ڵێن داری مام جه‌لال، له‌ ئاغ جه‌له‌ر، مام جه‌لال له‌ ساڵی 1962 گه‌وره‌ترین شه‌ڕی له‌وی كردووه‌ 15 رۆژی خایاندووه‌ ده‌بابه‌‌و ناقیله‌یان شكاندووه‌ من بۆ خۆم سه‌رتیپی 25 خاڵ خاڵان بووم پارچه‌ی ده‌بابه‌كان هه‌ر له‌وی مابوو، ئه‌و داره‌ ئێستا بڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ شاخه‌وانمان وه‌رگرتووه‌ ئه‌و داره‌ به‌ناوی داری مام جه‌لال هه‌موو خه‌ڵكی ئاغ جه‌له‌ر ده‌زانن، ئه‌و كتێبه‌ 157 وێنه‌ی تێدایه‌، 24 نامه‌ی ده‌ستنوسی تێدایه‌ وه‌ هه‌ر نامه‌یه‌كیش چیرۆكێكی خۆشی هه‌یه‌ ئه‌و زاتانه‌ش هاتون كاك ته‌ها كانی به‌ردی‌و كاك مه‌حمود بێسه‌ری‌و ئه‌وان هه‌ردوكیان ئامر لیوای سكرتاریه‌تن مام جه‌لال له‌نامه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت مه‌حمود به‌سه‌ری، ئه‌وه‌ كاك مه‌حمود لێره‌یه‌ ده‌یان وت كاك مه‌حمود له‌ عه‌شره‌تێكه‌ بێسه‌رییه‌، مامیش ده‌یوت چۆن ده‌بێـت مرۆڤ بێسه‌ری بێت، كاك مه‌حمودیش ده‌یوت ئێمه‌ سه‌رمان پێوه‌ نییه‌ بۆ میوان، ئه‌وه‌ی كاك عه‌بدوڵڵای كانی به‌ردینی 27 سه‌رچاوه‌ی تیا به‌كارهێناوه‌، ئه‌و كتێبه‌ كه‌ ده‌رچوو ده‌بوو له‌ ساڵڕۆژه‌كه‌ی به‌كار بهاتایه‌ پێی نه‌گه‌یشتین، مام جه‌لال كێوی هه‌یبه‌ سوڵتانه‌ به‌ڕاستی زۆر هه‌ڵده‌گرێ پیاوێكی به‌هیبه‌ت بووه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان وه‌رزشه‌وان سیاسه‌ت نوكته‌‌و قسه‌ی خۆش، مام جه‌لال یه‌كێك له‌هه‌ره‌ داوێن پاكه‌كانی كوردستان بووه‌ هه‌تا ئیستا یه‌ك له‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌بووه‌ به‌و گه‌نجی‌و جوانییه‌ی خۆیه‌وه‌ خۆی پاراستووه‌، ئاخیره‌كه‌شی شیعرێكمان بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌و شیعره‌ش له‌ دایك بووی ساڵی 2015 یه‌ بڕیار بوو 1-6 هه‌مومان بچینه‌ ده‌باشان بۆ خزمه‌تی مام جه‌لال، مام جه‌لال وتی من دێم، مام جه‌لال به‌ عه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ هات ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بینی فرمێسك به‌ چاویا هاته‌ خواره‌وه‌ نه‌یتوانی قسه‌ بكات كاك به‌ختیاریان راسپارد قسه‌ بكات ئه‌ویش ده‌ستی كرد به‌ گریان، له‌دوایدا كاك حاكم قادر قسه‌ی كرد دواتریش كاك دكتۆر به‌رهه‌م قسه‌ی كرد هه‌مووی به‌ جه‌وێكی حه‌زین‌و گریاناوی باوه‌شیان به‌ مام جه‌لال كرد، ئیتر ئه‌و شیعره‌ له‌وی له‌ دایك بوو.

حمه‌ زیاد مه‌ولود:
كتێبه‌كه‌ی سێ به‌شه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی دام ئه‌و نامانه‌ی به‌ده‌ست نوس نوسراون جارێكی تر تایپ كرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاریه‌ك بێت بۆ خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆر پێوه‌ی ماندو نه‌بێت، زۆر جار هه‌ندێك شت ئه‌بینین بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌رشیف‌و نامه‌ی زیندانی سیاسی ‌و ئه‌وانه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ تایپ نه‌ نوسراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌م به‌ تێبینی وه‌رگرت شتێكی جوانه‌، به‌ڵام باسی شێخه‌كانی كرد یه‌كێك له‌و شێخانه‌ ناوی شێخ حه‌سه‌نه‌، كاك رابه‌ر زانیاری هه‌بێت له‌ شیعرێكی شێخ ره‌زا هاتووه‌ ده‌ڵی: له‌سه‌ر كه‌ری ئیعلانی حه‌ربی كرد له‌گه‌ڵما شێخ حه‌سه‌ن، سه‌یركه‌ن یاران چ گۆبه‌نێكی گێڕا ئه‌م كه‌ره‌،ئه‌و شێخ حه‌سه‌نه‌ كێیه‌؟.

د.محه‌مه‌د سابیر:
سوپاسی كاك ره‌هبه‌ر ده‌كه‌م كارێكی باشی كردووه‌ هه‌رچی له‌سه‌ر مام جه‌لال بوترێت زۆر كه‌مه‌، ئه‌و به‌شێكی مێژووی مام جه‌لال-ی باسكردووه‌، به‌ڵام له‌ قۆناغه‌كانی گه‌نجییه‌وه‌ هیوادارم نوسه‌ران من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌ مێشكمدا هه‌یه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك نامه‌كانی مام جه‌لال له‌ كتێبێكی ئاوها كۆ بكه‌مه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتومان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ پرسیارێكم هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خه‌ڵه‌ت تێنه‌گه‌ن واته‌ ماڵی مام جه‌لال شێخی ئه‌سڵ نین، به‌م شێوه‌یه‌ بێت شێخی موكته‌سه‌ب یان چێخی به‌رماڵن؟ ئیتر زۆر سوپاس.

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم:
ته‌بعه‌ن شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌ كۆیه‌ بووه‌ ده‌یوست كچی شێخ غه‌فور بێنێت، شێخ غه‌فوری مامی، كه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر مامی خۆی به‌س باسی ئه‌و كچه‌ ناكات ناوی گوڵه‌ بووه‌،به‌س باسی گوڵه‌ ناكات چونكه‌ حه‌زی كردووه‌ بیهێنی، ئینجا شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ده‌چێته‌ لای ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر ئه‌ڵی مامم غه‌درم لێده‌كات ئه‌و كچه‌م ناداتی ئه‌ڵی حه‌زیشم لێده‌كات، ئه‌ویش ده‌ڵێ چۆن مامت شتی واده‌كات، ده‌ینێرن بۆ لای گوڵه‌ خان ده‌ڵێن توتن بنێره‌ بۆ شێخ ره‌زای تاڵه‌بانییه‌، كچه‌كه‌ خۆشی نه‌ویستووه‌ ده‌بینن ته‌رسی كه‌ری بۆ ناردووه‌ به‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت شێخ ره‌زای خۆش نه‌ویستووه‌، شێخ ره‌زا شیعری به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكدا وتووه‌ ئه‌وه‌ سوكایه‌تی نه‌بووه‌ هه‌قه‌ ئه‌وه‌ دیراسه‌ بكرێت، وه‌له‌و ئێستا دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ شتێكی كردووه‌ دوور له‌ جنیو بۆ نمونه‌ ناوی مامێكی ناوه‌ شێخ حمه‌ ساڵح، نان‌و كه‌ره‌ی داوه‌تی ده‌ڵی هه‌تا ماوم مه‌منونی ئه‌و كه‌ره‌م، ئه‌و شێخ حه‌سه‌نه‌ نازانم كێیه‌، ئه‌وه‌ی مامۆستا ده‌ڵی شێخ ره‌زا جگه‌ له‌وه‌ی شاعیر بووه‌ مێژوو نوسیش بووه‌، ئه‌و دوو شیعری هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی خۆیان ئه‌وه‌ی ده‌ڵی:

خودا وه‌ختێ كه‌ حه‌زكا به‌نده‌یه‌كی خۆی بكا خۆشنوود
له‌ ڕێگه‌ی دووره‌وه‌ بۆی دێ به‌ پێی خۆی شاهیدی مه‌قسوود
له‌ هیندستانه‌وه‌ شه‌ش مانگه‌ رێ تا خاكی كوردستان
خودا شێخ ئه‌حمه‌دی هیندی ره‌وانه‌ كرد بۆ لای مه‌لا مه‌حموود.
مه‌لا مه‌حموودی زه‌نگه‌نه‌ یه‌عنی قوتبی دائیره‌ی ئیرشاد
له‌ ده‌وری مه‌رقه‌دی هه‌ر ده‌نگی یاهوو دێت ‌و یا مه‌عبوودی
له‌ كۆتایشدا ده‌ڵی:
ره‌زاش له‌و نه‌سڵه‌یه‌،بی به‌خشه‌ یاره‌ببی كه‌ قه‌ت نابێ
گوڵی بێ خارو، به‌حری بێ بوخارو، ئاگری بێ دوود.
ئه‌وه‌ دوو شیعری هه‌یه‌ ده‌ڵی ئێمه‌ باخی كاكه‌ سورین زیاتر زه‌نگه‌نه‌ن ئه‌وه‌ی سه‌ید بێت ده‌بێت شه‌جه‌ره‌یان هه‌بێت ئیتر سوپاس.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*