سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكان لە عیراق پێدەنێنە قۆناغێكی نوێوە

داوای گۆڕانكاریی دەكرێت لە دەستووردا

خۆپیشاندانەكان لە عیراق پێدەنێنە قۆناغێكی نوێوە

وێڕای ئەوەی خۆپیشاندەران پێیانوانییە پێشنیارەكانی ئێستا دەبنە مایەی چارەسەری رەوشی چەقبەستووی عیراق كە بۆ چەندان ساڵە بەردەوامە و درێژەی هەیە، سیاسەتوانان هەر یەكە و لەجێی خۆیەوە پێشنیاز بۆ چارەسەركردنی رەوشی ئێستا و دامركاندنەوەی تەوژمی توڕەیی خۆپیشاندەران دەخاتەڕوو، پەرلەمانتارێك پێیوایە گۆڕانكاریی لە دەستوری عیراقیدا دەكرێت ببێتە مایەی چارەسەری رەوشی ئێستا و ئەو هەنگاوەش بە پێویست دەبینێت بە تایبەت كە «دەستوری ئێستای عیراق دەستورێكی بەستووە و لەگەڵ پەرەسەندنە كۆمەڵایەتی و ئابوریی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕێناكات و زۆركاتیشدا لەمپەری لەبەردەم پێشكەوتن و پەرەسەندندا دروست كردووە».
لە لایەكی تر و لەگەڵ هەڵكردن لەگەڵ واقعە رەخساوەكەدا كە بەرپابوونی خۆپیشاندانە لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، مەرجەعیەتی باڵای ئاینی، وەك «اچعف الایمان» داوای دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەستدرێژنەكردنە سەر موڵك و سامانی گشتی دەكات.

گۆڕانكاریی لە دەستوری عیراقی
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەیەنێت، دەستوری ئێستای عیراق دەستورێكی بەستووە و لەگەڵ پەرەسەندنە كۆمەڵایەتی و ئابوریی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕێناكات بۆیە پێیوایە، لە زۆركاتدا لەمپەر لەبەردەم پێشكەوتن و پەرەسەندندا دروست دەكات.
حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە” دەستوری عیراقی كە خۆم یەكێك بووم لە ئەندامانی داڕشتنی، دەستورێكی بەستووە و لەگەڵ پەرەسەندنە كۆمەڵایەتی و ئابوریی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕێناكات، بۆیە لە زۆركاتدا لەمپەری گەورە لەبەردەم پێشكەوتن و پەرەسەندن و گەشەكردندا دروست دەكات، دەكرێت ڕێكەوتن بكرێت لەسەر هەمواركردنی هەندێك لە بڕگەكانی كە لەگەڵ پەرەسەندنی كۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسیدا بگونجێت”.
بە گوتەی حەنین قەدۆ:”لە هەموو جیهاندا دەستوری بەستوو نییە، دەستوری بەستوو مانای دەستورێكی مردووە و شیاوی جێبەجێكردن نییە و نابێتە مایەی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی سەرهەڵدەدەن”.
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت:”دەستور دەقی قورئانی نییە، دەكرێت ڕێكەوتنی لەسەر بكرێت، تا هەندێك لە بڕگەكانی بگۆڕدرێت”.

داواكارییەك لەلایەن مەرجەعیەتەوە
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق داوای دان بەخۆداگرتنی كردبوو لە هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر خۆپیشاندەران و داواشی لە خۆپیشاندەران كردبوو فەرمانگە و شوێنە گشتییەكان بپارێزن.
ئەم دواكایەی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق لەلایەن عەبدولمەهدی كەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بوو لە وتاری رۆژی هەینی 25ی تشرینی یەكەكمی 2019 لە كەربەلا و لە وتارەكەیدا پەیامی سیستانی بڵاوكردەوە و داوایكردبوو، هێزە ئەمنییەكان دان بەخۆیاندا بگرن و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكارنەهێنن.
سیستانی هەر لە پەیامەكەیدا داوای لە خۆپیشاندەران كردووە بەرژەوەندی گشتی و فەرمانگەكانی دەوڵەت نەكەنە ئامانج.
بەبۆچوونی نوێنەری سیستانی»بەكارهێنانی تووندوتیژی لە خۆپیشاندانەكاندا دەرفەت لەبەردەم دەستوەردانی دەرەكی خۆشتر دەكات، بەتایبەت كە ئێستا ناوچەكە بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی چەند هێزێكی دەرەكی و ناوخۆیی».

ژمارەی قوربانییەكانی هەینی
وێڕای داواكارییەكانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و بەكارنەهێنانی هێز، سەرچاوە ئاگادارەكان و شایەتحالەكان، بەرەنجامی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی 25ی تشرینی یەكەمی 2019 ئاشكرا كرد و رایانگەیاند» ژمارەی قوربانییەكان بۆ 42 كوژراو لە خۆپیشاندەران لە بەغدا و پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشوور بەرزبووەتەوە».
سەرچاوەكان بە میدیاكانی عیراقیان راگەیاندبوو”لانی كەم 62 خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانی لە خۆپیشاندانەكانی ‌ هەینی لە بەغدا و كەربەلا و بابل و میسان و زیقار و بەسرە و واست و دیوانیە كوژراون”.
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە”ژمارەی بریندارەكان زیاترە لە دوو هەزار بریندار كە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكان، بەڵام بەو پێیەی زۆرێك لە بریندارەكان لە شوێنی خۆپیشاندانەكاندا فریاكەوتنی خیێرایان بۆكراوە، بەبێ‌ ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانەكان بكرێن، ژمارەی بریندارەكان لەوە زیاتر مەزەندە دەكرێت”.
سەرچاوەكان دەڵێن”لە پارێزگەی میسان شەش خۆپیشاندەر و ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و سەركردەیەكی عەسائیبی ئەهلی حەق لەكاتی پێكداهەڵپژان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا كوژراون”.
هەر بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە”نۆ خۆپیشاندەر لە زیقار لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق كوژراون و لە بەسرەش سێ‌ خۆپیشاندەر و لە بابل خۆپیشاندەرێك و لە موسەنناش خۆپیشاندەرێك كوژراون”.
سەرچاوەكان، ئاماژەیان بە كوژرانی 12 خۆپیشاندەر كردبوو لە دیوانیە، ئەمەش لەدوای پێكداهەڵپژانیان لەگەڵ ڕێكخراوی بەدر.

سوتاندنی ماڵی بەرپرسان
لەگەڵ فراوانبوونی رووبەرەكانی توندوتیژی لە عیراق، خۆپیشاندەران لە پارێزگەكانی واست و بابل، پەلاماری ماڵی وەزیر و پەرلەمانتاران دەدەن و دەیانسوتێنن، لە شاری عەممارەش سەنتەری پارێزگەی میسان، خۆپیشاندەران دەزگایەكی ڕاگەیاندن تاڵان دەكەن.
لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019/ قاسم ئەعرەجی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عیراق، لە دوای سوتاندنی ماڵەكەی لەلایەن خۆپیشاندەرانی ناڕازی، یەكەم هەڵوێستی خۆی بەرانبەر ڕووداوەكە دەربڕی.
ئەعرەجی، لە ئەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی”سوپاس بۆ یەزدان، سوپاسگوزاریی باشە لەدوای ئەو ناخۆشیانەی بەسەرماندا دێت”.
هەینی رابردوو، خۆپیشاندەران لە شاری كوت، ماڵی قاسم ئەعرەجی وەزیری پێشووی ناوخۆیان لەناوەڕاستی شارەكەدا سوتاند.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، لە شاری كوت سەنتەری پارێزگەی واست، خۆپیشاندەران هەڵیانكوتابووە سەر ماڵی قاسم ئەعرەجی پەرلەمانتاری ئێستا و وەزیری پێشووی ناوخۆ.
لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019، لە پارێزگەی بابل، خۆپیشاندەران ئاگرییان لە ماڵی هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەردابوو.
بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆییش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە، ساتی سوتاندنی ماڵی جبوری دەردەكەوێت، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش وەك میدیاكانی عیراق ئاماژەیان پێكردووە، لەكاتی كەوتنەوەی ئاگر لە ماڵەكەدا پاسەوانی ماڵەكە گیانی لەدەستداوە.
هەر سەبارەت بە ڕووداوەكانی خۆپیشاندانەكان، لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، بارەگای ڕادیۆی ئەمەل لە شاری عەممارە، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تاڵانكرا.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە، تەوژمێكی خۆپیشاندان بەغدا و پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، تێیدا خۆپیشاندەران داوای باشركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و دۆزینەوەی هەلی كار و بنبڕكردنی گەندەڵی دەكەن، بەهۆی دروستبوونی توندوتیژی و پێكداهەڵبژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیش، زیاتر لە 150 كەس كوژراون و هەزاران كەسی تر برینداربوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*