سەرەکی » ئاراستە » بۆ شه‌هیدی چاونه‌ترس جه‌مال شورته‌

31 ساڵه‌ بێ سەروشوێنە

بۆ شه‌هیدی چاونه‌ترس جه‌مال شورته‌

حه‌یده‌ر مه‌نتك

په‌ند وه‌رگرتن له‌هه‌ڵه‌و رابردوو بۆ هه‌ر وڵات و هه‌رێم و میلله‌تێك ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ به‌ ئیجابی‌ گه‌راوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ میلله‌تی‌ كورد تا وه‌كو ئێستا په‌ندو وانه‌ی‌ له‌ هه‌ڵه‌كانی‌ پێشووی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای‌ راپه‌ڕین یه‌كڕیزی‌ و ته‌بایی و خۆشگوزه‌رانی‌ نه‌كردۆته‌ نه‌هج و پلانی‌ به‌رنامه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌، ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ سه‌دان و هه‌زاران كوردی‌ شۆڕشگێڕو نیشتمانپه‌روه‌ر بۆگه‌یشتن به‌ ئازادی‌ و حكومه‌تی‌ خۆماڵی‌ كوردی‌ گیانی‌ خۆیان كرده‌ قوربانی‌ ئه‌م خاكه‌، كه‌چی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیش كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ ئاست ئه‌و قوربانیانه‌ و ئه‌م قاره‌مانانه‌ی‌ دوێنێ‌، كه‌به‌رهه‌می‌ خه‌باتی ئه‌وانه‌ ئێستا، هه‌زاران خانه‌واده‌ جه‌رگیان سوتاو و ماڵكاول بوون، هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت ته‌رمی كوڕه‌كانیشیان ده‌ستنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ خانه‌واده‌ی‌ شه‌هید (جه‌مال هادی‌)یه‌.
شه‌هید جه‌مال پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازاو به‌غیره‌ت و به‌هیمه‌ت بووه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ك دڵسۆزو هێمن و ره‌وشت به‌رز بووه‌، له‌ نه‌به‌ردی‌ و چالاكیه‌كان كوڕی‌ رۆژی‌ ته‌نگانه‌ بووه‌، له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ هه‌ورازو نشێوی‌ زۆربینی‌ كۆڵی‌ نه‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 5/7/1988 له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كان ده‌ستگیرده‌كرێ‌ و تاوه‌كو ئێستا شوێنبزره‌.
هه‌زاران درود بۆگیانت ئه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ رۆژانی‌ سه‌ختی‌ خه‌بات.
ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید جه‌مال هادی‌ ئیبراهیم حوسێن، ناسراو به‌ جه‌مال شورته‌، ساڵی‌ له‌دایكبوون 1/ 7/ 1963ی گوندی‌ عاللا- كه‌ندێناوه‌، ده‌رچووی قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌.
رۆژی 2/5/1982 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، ساڵی‌ 1986 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی كورستانه‌وه‌ له‌ تیپی‌ 87ی‌ قه‌ره‌چوغ- كه‌رتی‌ 6.
له‌ ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا به‌شداریی‌ چه‌ندین نه‌به‌ردی‌ و چالاكی‌ له‌ سنووری‌ هه‌ولێر كردووه‌.
رۆژی 5/ 7/ 1988 له‌ سنووری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركراو تا ئێستا شوێنبزره‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*