سەرەکی » زانست » نهێنییه‌كی تری جیهانی مێرووله‌كان ئاشكرا بوو

نهێنییه‌كی تری جیهانی مێرووله‌كان ئاشكرا بوو

مێرووله‌كان جیهانێكی سه‌یرو سه‌رنجڕاكێشیان هه‌یه‌ و چه‌ندین نهێنی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ كه‌ تازه‌ترینیان له‌ لایه‌ن زانایانی دانیماركه‌وه‌ ئاشكرا كراوه‌.
مێرووله‌ یه‌كێكه‌ له‌و مێرووانه‌ی كه‌ سیستمێكی ڕێكوپێكی خۆی هه‌یه‌ و به‌و ڕێكوپێكیه‌شی ناسراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌ ناوخۆیاندا زۆر جار تووشی هه‌ندێك نه‌خۆشیی گوازراوه‌ ده‌بن و ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ به‌ خێرایی له‌ ناویاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.
زانایانی زانكۆی(ئۆرهۆز)ی دانیماركیی له‌نوێترین توێژینه‌وه‌یاندا ئاشكرایانكردووه‌ مێرووله‌كان بۆ پاراستنی خۆیان له‌هه‌ندێك نه‌خۆشیی گوازراوه‌ مێرووله‌ نه‌خۆشه‌كان له‌شوێنێكی جیاوازدا داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی مێرووله‌ ساغه‌كان تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ نه‌بن و زۆرجاریش په‌نا بۆ شێوازێكی تر ده‌بات كه‌ ئه‌ویش چاره‌سه‌ری خودیی و چاره‌سه‌ری ئه‌وانی تره‌، ئه‌م كاره‌ش له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مادده‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك ده‌رمانێك وایه‌ و یارمه‌تی مێرووله‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌دات بۆ چاكبوونه‌وه‌.
زانایانی زینده‌وه‌رناسیی له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایانگه‌یاند، گلانده‌كانی ناو له‌شی مێرووله‌ ماده‌یه‌كی دژه‌ زینده‌یی ده‌رده‌ن كه‌ وه‌ك مۆڵگه‌یه‌كی به‌كتریا وایه‌ و له‌سه‌ر قاچه‌كانیان ده‌گیرسێته‌وه‌.
زانایانی دانیمارك ده‌ڵێن» ئه‌و دژه‌ زینده‌ییانه‌ی كه‌ گلاندی مێرووله‌ ده‌ریده‌ده‌ن و ده‌توانێت به‌رگریی له‌ 14 جۆر نه‌خۆشیی بكات كه‌ تووشیی مێرووله‌ و ته‌نانه‌ت ڕووه‌كه‌كانیش ده‌بن.
له‌مه‌شدا ئه‌و زانایانه‌ له‌ ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ مۆڵگه‌یه‌كی مێرووله‌یان گواسته‌وه‌ بۆ باخێكی سێو و بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و مێروولانه‌ بووه‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی دارسێوه‌كان به‌ ڕێژه‌ی (59%).
ئه‌م دیارده‌یه‌ش وای له‌زاناكان كردووه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و دژه‌ زینده‌ییه‌ی مێرووله‌ ده‌ریده‌دات ده‌توانرێت به‌كار بهێنرێت بۆ پاراستنی ڕووه‌كه‌كان و پاراستنی هه‌ندێك جۆری میوه‌و سه‌وزه‌ش.
زانایان ده‌ڵێن: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانمان بۆ زانینی زیاتر ده‌رباره‌ی جیهانی مێرووله‌ و ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌یانه‌ له‌ پاراستنی هاوسه‌نگیی ژینگه‌یی.

سه‌رچاوه‌: Ghadi news

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*