سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » رۆمانی جه‌میله‌

رۆمانی جه‌میله‌

هۆشیار جه‌مال

جه‌میله‌ یه‌كێكه‌ له‌و رۆمانه‌ جوانانه‌ی كه‌ به‌ ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ كه‌م به‌ڵام به‌ مانا واتاگه‌وره‌ و جوان، كه‌ نازناوی ئاشقانه‌ترین رۆمانی دونیای پێ به‌خشراوه‌ و له‌لایه‌ن نووسه‌ری قیرقیزستانی جه‌نگیز ئه‌یتماتۆڤه‌وه‌ نووسراوه‌ و وه‌رگێڕانی به‌رزان محه‌مه‌د-ه‌، كه‌ به‌زمانێكی پاراوی جوان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی.
جه‌میله‌ چیرۆكی ئاشقانه‌ی كچێكه‌ له‌ سه‌رده‌می جه‌نگ و خوێن رشتنی مرۆڤه‌كان و دروست ساڵانی دووهه‌مین جه‌نگی جیهانی و شوێنی رووداوه‌كان گونده‌كانی وڵاتی قیرقیزستانی ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌، نووسه‌ر زۆر به‌توانایانه‌ و هاوشێوه‌ی نیگاركێشێك سروشتی جوانی شاخ و كانیاو و گونده‌كانی ئه‌وناوچه‌ی كێشاوه‌ و باسكردووه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌دا.
له‌ سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا چه‌ندین خاڵی هاوبه‌ش ده‌دۆزیته‌وه‌ له‌ نێوان سروشتی جوانی قیرقیزستان و كوردستان و هاوكات دابوونه‌ریت و بیری خێڵه‌كه‌ی و به‌كه‌م زانینی كچان و ژنان خاڵێكی تری هاوبه‌شی ئه‌و دوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌.
رۆمانه‌ كه‌ له‌ زاری زڕبرایه‌كی هاوسه‌ری جه‌میله‌ی شۆخ وشه‌نگه‌وه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌، هاوسه‌ره‌كه‌ی جه‌میله‌ش گه‌نجێكه‌ به‌ ناوی سادق، دوای زه‌ماوه‌ند ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌كرێ، جه‌میله‌ش به‌سۆز و خۆشه‌وستییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كات.
شێواز و ژیانی خه‌ڵكی گوندنشین ده‌رخه‌ری رۆڵی گه‌وره‌و چالاكی ژنانه‌ و سه‌ركه‌وتوون له‌ سه‌ركردایه‌تی خێزان و به‌ڕێوه‌بردنیدا، به‌ڵام كلتووری دواكه‌وتوو به‌كه‌م زانینی ژن و كچان ده‌ردێكی كوشنده‌ی ناوچه‌كه‌یه‌.
جه‌میله‌ش كچێكی بزێو و پڕ جووڵه‌ی خاوه‌ن روحی یاخیه‌ و جیاوازه‌ له‌وانی تر، ئه‌و نه‌ریتی دواكه‌وتووی پێ قبووڵ ناكرێ و پرسیاری له‌باره‌وه‌ده‌كات، جه‌میله‌ كه‌ سادقی ده‌زگیرانی له‌به‌ره‌كانی جه‌نگه‌ وه‌ نامه‌ ده‌نێرێته‌وه‌ و هه‌واڵی سه‌رجه‌م كه‌ سوكاری و ریش سپی و پیاو ماقوڵان و خه‌ڵكی گوند ده‌پرسێت و له‌ دواییدا و له‌ كۆتا دێڕه‌كانیدا ده‌ڵێت سڵاو له‌ جه‌میله‌ی هاوسه‌رم ده‌كه‌م، ئه‌مجۆره‌ له‌ كلتووری دواكه‌وتوو به‌كه‌م زانینی ژنه‌ واده‌كات جه‌میله‌ بڵێ بۆ ناوی من له‌ كۆتایی دایه‌؟
ئه‌گه‌ر چی وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ یاسای دابونه‌ریت وای كردووه‌، پێوسته‌ پێ رازی بیت به‌ڵام ئه‌م كلتووره‌ دواكه‌وتووه‌ و به‌ كه‌م زانینی ژنه‌ ده‌بێته‌ هۆی مردنی خۆشه‌ویستی له‌ دڵی جه‌میله‌دا به‌رامبه‌ر سادقی هاوسه‌ری.
له‌پاش ماوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕێكی هه‌ژار به‌ناوی دانیار له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌برینداری خۆشه‌وستی و ئه‌شقی بێ سنوور له‌ نێوان دانیار و جه‌میله‌ رووده‌دات، جه‌میله‌ پشت ده‌كاته‌ زه‌ماوه‌ندی نه‌ریت و هه‌موو یاساكانی تێك ده‌شكێنێ، له‌گه‌ڵ دانیار گونده‌كه‌ جێده‌هێڵن ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی كوشتنیان ده‌درێ، به‌ڵام بێ سوود ده‌بێ.
له‌ ته‌نیشت ئه‌م ئه‌شقەی جه‌میله‌و دانیاره‌وه‌ عه‌شقێكی تریش بوونی هه‌یه‌ كه‌ ئاشقبوونی زڕبراكه‌ی سادقه‌ بۆ جه‌میله‌ كه‌ به‌شێكی زۆری كاته‌كانی له‌ كاتی كاركردن له‌ گونده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ جه‌میله‌ ده‌باته‌ سه‌ر و ئاگاداری عه‌شقی جه‌میله‌ و دانیاریشه‌، به‌ڵام ئه‌م كوڕه‌ گه‌نجه‌ له‌ جیاتی دروستبوونی گیانی رق و تووڕه‌یی، خۆشه‌وستییه‌كه‌ی جه‌میله‌ و دانیار ده‌كات به‌ وێنه‌و په‌ره‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌ی ده‌دات ئه‌و ژیانی گوند به‌جێده‌هێڵێ و ده‌چێته‌ شار و له‌ ئه‌كادیمای هونه‌ر ده‌خوێنێت، كاتێك مامۆستایانی داوای تابلۆی لێده‌كه‌ن، بڕیار ده‌دات وێنه‌ی جه‌میله‌ و دانیار بكێشی له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ره‌و شوێنیكی نادیار چوون.
چیرۆكی جه‌میله‌ ته‌نها چیرۆكی كچێك نیه‌ له‌ گوندێكدا، به‌ڵكو چیرۆكی هه‌زاران كچی كوردیشه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا و تا ئێستاش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتندان یاخود پێشتر كوژراون، چیرۆكه‌كانیان بابه‌تێكی ئاماده‌یه‌ بۆ له‌ دایكبوونی سه‌دان چیرۆك و رۆمانی ناوازه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*