سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » په‌یڤه‌كان ده‌دوێن

په‌یڤه‌كان ده‌دوێن

ئەدەب و هونەر

سه‌دیق سه‌عید رواندزی‌ یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌بێ ده‌نگی‌ و دووره‌په‌رێز سه‌رقاڵی نووسینی ره‌خنه‌یی و ئه‌ده‌بییه‌، له‌م سه‌رده‌می‌ سوشیال میدیایه‌یه‌دا دوور به‌دوور ده‌نووسێ و هێشتا له‌ رێگه‌ی‌ ئیمه‌یله‌وه‌ بابه‌ته‌كانی‌ ده‌نێرێ بۆ رۆژنامه‌كان، بابه‌ته‌كانی‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌ستبردنه‌ بۆ كتێبی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیریی گشتی‌ و هه‌ندێك جار كتێبی سیاسیش، راوسه‌رنجی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر كتێبه‌كان ده‌نووسێ، له‌ باره‌ی‌ هه‌ر كتێبێكه‌وه‌ بنووسێ بێ باكانه‌ راو سه‌رنج و تێبینی‌ خۆی‌ ده‌نووسێ، دووره‌ له‌ دنیای‌ مجامه‌له‌ و دنیای‌ مه‌جازی‌ سۆشیال میدیاوه‌، شاره‌زایانه‌ ده‌ست بۆ تێكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌بات و شیكاریان بۆ ده‌كات، ئه‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی گه‌لێك له‌ نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كانمان نه‌شاره‌زایانه‌ ده‌ست بۆ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی ده‌به‌ن و به‌جووینه‌وه‌ی‌ رووداوی‌ نێو ده‌قی‌ ئه‌ده‌بی و رۆمانه‌كان جارێكی‌ تر له‌ژێر ناوی‌ وتار یان خوێندنه‌وه‌ی‌ رۆمان، كورت كراوه‌ی‌ رۆمان و چیرۆكه‌كانمان بۆ ده‌نووسنه‌وه‌، هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش نه‌شاره‌زایی و بێ ئاگایی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه‌ له‌ ژانری‌ ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌سازی‌ ئه‌ده‌بیات. به‌ڵام سه‌دیق سه‌عید رواندزی ئه‌وه‌نده‌ی‌ تێبینی‌ بابه‌ته‌كانیمان كردبێ، به‌و پێیه‌ی‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌نووسی نووسه‌رێكی‌ ورد و به‌ سه‌لیقه‌یه‌، قسه‌ له‌سه‌ر تێكستی ئه‌ده‌بی ده‌كات به‌ پێوه‌ر و یاسا و رێسای‌ ئه‌ده‌بیات.
ناوبراو ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا كتێبێكی‌ تازه‌ی‌ بڵاو بووه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك رانانه‌ بۆ كتێبی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی‌ و سیاسی، له‌م به‌رهه‌مه‌ تازه‌یه‌یدا كه‌ كتێبێكه‌ به‌ناونیشانی‌ په‌یڤه‌كان ده‌دوێن، رانان و خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێب. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ دووتوێی 236 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه‌، پێشتر وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێداوه‌ له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ئێستاش له‌ دووتوێی كتێبێكدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كتێبه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێك دێ‌، بابه‌ته‌كان بریتین له‌ رانانی‌ كتێبی دیاری‌ تیله‌كۆ، ته‌رمی‌ نه‌ناسێك و رانانێكی‌ خێرا، كتێبی هونه‌ر له‌ رواندز و چه‌ند سه‌رنجێك، رانانی‌ به‌رگی‌ دووه‌می‌ فه‌رهه‌نگی‌ مه‌لیخا، نامه‌كانی‌ شێركۆ بێكه‌س له‌ كتێبێكدا، كتێبی زمانی‌ كوردی‌ دیالیكتیكه‌كانی‌، كتێبی زمان و شیعرییه‌ت و رانانێك…
كۆی‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ی‌ له‌ دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دا هه‌ن شه‌رح و شیكاری و رانانی‌ كورتی‌ نووسه‌ره‌ بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كردوون له‌ روانگه‌ی‌ تێگه‌یشتن و بیری‌ خۆیه‌وه‌، شیكاری‌ ورد و كورت و پوختی‌ بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ كردووه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ ناچنه‌ چوارچێوه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بییه‌وه‌، چونكی‌ بابه‌ته‌كان كورتن وه‌ك نووسه‌ر خۆشی ناوی‌ رانانی لێناون، به‌ڵام رانانێكی‌ كورت و پوخته‌ و شیكاری‌ تێكسته‌كانی‌ كردووه‌، له‌باره‌ی‌ ئه‌زموونی‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌وه‌ قسه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ كتێبه‌كانیانه‌وه‌ دواوه‌.
بۆ نموونه‌ له‌ بابه‌تی‌ كتێبی زمان و كه‌سایه‌تی له‌ رانانێكدا، له‌ ده‌ستپێكدا به‌م شێوه‌یه‌ راوسه‌رنجی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ: هه‌میشه‌ زمان له‌ پێناسه‌كردنیدا دوو ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ و بنه‌ڕه‌تی‌ پێده‌سپێردرێت كه‌ ئه‌وانیش، زمان وه‌ك ئامرازێك بۆ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و گۆڕینه‌وه‌ی‌ بیروڕا و په‌یوه‌ست بوون و ئاشنابوون به‌ ده‌وروبه‌ر، یاخود زمان وه‌ك ره‌گه‌زێكی‌ ده‌قی نووسین كه‌ توخمێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بنیادی‌ هونه‌ری ده‌قه‌ ده‌ناسرێت، به‌ده‌ر له‌م ئه‌ركانه‌ زۆربه‌كه‌می‌ هه‌وڵدراوه‌ زمان له‌ روانگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی سایكۆلۆژی، یاخود هزری بناسێنرێت، واته‌ په‌یوه‌ندی‌ زمان به‌ كه‌سیه‌تی‌ تاكه‌كان و رۆڵی‌ زمان له‌ ئاڕاسته‌ كردنی‌ بیر و هزری تاكه‌كان و دواجار ره‌نگدانه‌وه‌شی له‌سه‌ر گوفتار و هه‌ڵسوكه‌وت و كرداریان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*