سەرەکی » راپۆرت » لە سوید كۆنگرەی رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز بەڕێوەچوو

لە سوید كۆنگرەی رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز بەڕێوەچوو

دەرباز ستار

لە ستۆكهۆڵم كۆنگرەی رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز بە چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی سوید ستیڤان لۆڤن و میوانداری پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید، بەڕێوەچوو.

وەفدێكی یەكێتی بەشداری لە كۆنگرەكەدا كرد
وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێكهاتبوو لە زانا بێستون ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سەمیر ئەمین نوێنەری یەكێتی لە سوید و شۆڕش قادر دانساز، بەشدارن. كۆنگرەكە لە هەلومەرجێكی هەستیار و چارەنووسسازدا دەبەسترێت كە جیهان بە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی خێرادا تێپەڕ دەبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وەكو ئەندامی بۆردی سەرۆكایەتیی رێكخراوەكە هەڵبژێردرا و د.جوان ئیحسان وەكو ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردن دەستنیشانكرا
هەر لە كۆنگرەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە وەكو ئەندامی بۆردی سەرۆكایەتیی رێكخراوەكە بە بەدەستهێنانی 88 دەنگ لەكۆی 100 دەنگ هەڵبژێردرا.
هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی (سوید، پورتوگال، نیوزلەندا، فەڵەستین، مەكدۆنیا، دانیمارك، فیلەندا، سەنیگال، ئۆرۆگوای، بۆركینافاسۆ، كۆنگۆی دیموكراتی و جێگری راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی پەرلەمانی مەغریب و سەرۆكی پارتە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا) و چەندین سەركردەی پارتە سۆسیالیست و دیموكراتەكان دەبن بە ئەندامی بۆردی سەرۆكایەتیی ئەم رێكخراوە جیهانییە، هەروەها د.جوان ئیحسان وەكو ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردن دەستنیشانكرا.
شایانی باسە لە كۆنگرەكەدا سەرۆك وەزیرانی (سوید، پورتوگال، نیوزلەندا، فەڵەستین، مەكدۆنیا، دانیمارك، فیلەندا، سەنیگال، ئۆرۆگوای)بەشدارن.
لە پەراوێزی كۆنگرەكەدا وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لێپرسراوان و وەفدە بەشداربووەكاندا كرد.
رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز لەساڵی 2013 لە شاری لایپزیگ لە ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی سەركردەی پارتە سۆسیال دیموكراتە جیهانییەكان دامەزراو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندامی دامەزرێنەری كارای رێكخراوەكەیە. لە ساڵی 2016 كۆنگرەیەكی رێكخراوەكەیان لە سلێمانی كرد و بۆ ساڵی ئایندەش پلان هەیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەندین كاری هاوبەش بكەن.

وەفدی یەكێتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید كۆبۆوە
لەلایەكی دیكەوە، وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسوید لەگەڵ خاتوو ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید كۆبۆوە.
لە دیدارێكدا وەفدی یەكێتی پیرۆزباییان لە خاتوو ئان لیندە كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دەرەوەی سوید. دواتر باس لە بارودۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرا و هەردوولاش جەختیان لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید كردەوە و داوای پشتیوانیكردنیان كرد بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە.
دواتر خاتوو ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید ئاماژەی بەوەكرد «هەفتەی ئایندە بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزی تایبەتی سوید بۆ مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی ئایندە دەدەن». بڕیاریشە وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

خەڵاتی ساڵانەی رێكخراوەكە بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش
هەروەها رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتوخواز، خەڵاتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2019، بەخشییە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە.
رێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتوخواز، رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە، بارەگاكەی لە ئەڵمانیایە، زۆرینەی پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان لەخۆ دەگرێت. رێكخراوەكە ساڵانە خەڵات دەبەخشێتە ئەو كەسایەتیانەی كە لەسەر ئاستی جیهان تێكۆشان و خەبات دەكەن لەپێناوی چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراتیدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*