سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەكێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونەوەی یەكێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

(8)

حزبی دەنگدەر و حزبی بەخێوكەر

وەك لە بەشی پێشوودا هەندێك لە خاڵە گرنگەكانی كاریگەریی نوێبوونەوەی سیستەممان لەسەر ژیانی رێكخراوەیی و ئەدای سیاسی و ئایندەی ستراتیژیەتی حزب هەڵدایەوە، هەروەها لە پەیوەندیدا بەم مەسەلەوە پێویستە تایبەتمەندی جوگرافی و دیموگرافی و ناوچەیی و ئاستی رووناكبیری و دابونەریتی جیاواز؛ زادەی داڕشتنەوەی پەیام و گوتاری سیاسی بێت، بە چەشنێك كە بتوانێت لەئایندەی هەر چوار ساڵێكی پرۆسەكانی هەڵبژاردندا زۆرترین كاریگەری لەسەر رای گشتی دروست بكات و براوەی بەردەم سندوقەكانی دەنگدان بێت.
لە دەرهاویشتەی ئەمەوە كاركردنی ئۆرگانەكانمان لە شوێنێكدا كە هێشتا لە قۆناغی رزگاری نیشتمانیدایەو بەشێوەیەك لەشێوەكان ئاسەواری سیاسەتی تەعریب و تەهجیر و پاكتاوی رەگەزی دێت و دەچێ‌ و سەرباری داڕمانی دیكتاتۆر و هەروەها سەرباری هەوڵدان بۆ ئەوەی بە دەستوور و یاسا ئەم گرێیانە بكرێنەوە، بەڵام كێشەكان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەم شوێنانەدا گوتاری راگەیاندن و میكانیزمەكانی پەیوەستبوونمان بە جەماوەر و رێچكەكانی كارلێككردنمان، قوڵاییەكی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت و هەستی نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزمێكی پۆزەتیڤانە‌و ئیلهامبەخشانەیەو پێویستە هەریەك لەم كەناڵانەی كاركردنمان جیاواز بێت لەو شوێنەی كە دەسەڵاتمان هەیەو ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ كار لەسەر دەستكەوت و مێژوومان دەكات و دەیەوێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤمان و دیسانەوە ئەم شێوازانەش جیاوازبێت لە میكانیزمی كاركردنمان و چۆنیەتی ئۆرگانیزەكردن و راگرتنی هەست و سۆزی جەماوەر و رێكخستنەكانمان لەو ناوچەیەی كە هاوبەشی دەسەڵاتین، بەڵام بەهۆی ئاسەوارەكانی بیرتەسكیی حزبی و پاشماوەی عەقڵیەتی دووئیدارەییەوە، ئاستەنگ و رێگریی گەورەو گران بۆ بوونمان و ئیرادەمان دادەنرێت و لە هەندێك باردا وەك میوانێكی رەزاگرانیش سەیرمان ناكرێت، بەمانایەكی دیكە، ئۆرگان پێویستە هەڵقوڵاوی فەزای گشتی بێت، ئەمەش بەڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییەی كە لەهەمان فەزاوە وەریدەگرێت، بەمپێیە بۆ زیاتر و زووتر پێكانی ئامانجە سیاسیەكان جیاوازیەكی سەراپاگیر بكرێت لەنێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد و زۆنی گەرم.
لەلایەكی دیكەوە تایبەتمەندیی ئۆرگان و پراكتیزەكردنی پرۆسێسی نوێبوونەوە هەر بە تەنها لە دۆخی كۆمەڵایەتی و باكگراوندی رووناكبیری و سنووری جوگرافی و سۆسیۆلۆژیای تاك چڕنابێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەی ئۆرگانی حزبی كوڕی سەردەمەكەی خۆی بێت، پێویستە جیاوازییە بنەڕەتیەكانی لە سەردەمێك بۆ ئەوی ترو لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی دیكە؛ رەنگ بداتەوە. واتای ئەو رێكخستنەی كە لەساڵی هەشتاكان بوونی هەبوو و جیاواز بووە لە نەوەدەكان و نابێت ئەوەی ئێستاش لە هیچیان بچێت، یان ئەو شێوازە كلاسیكییەی كە كۆبوونەوەی پێدەكرا، بەسەرچووەو پیادەكردنی جگە لەكوشتنی كات و وزەو توانای ئەندام و كادیر، هیچی دیكەی لێ سەوز نابێت.
پراكتیزەكردنی راستیەكانی سەرەوە، هەم لەسەر ئاستی ئاسۆیی و هەم لەسەر ئاستی ستوونی، سەرەتای پرۆسێسی كارو كاردانەوە دەبێت لە نێوان یەكێتی و رێكخستنەكانی، یەكێتی و جەماوەرەكەی، لەلایەك و هەروەها یەكێتی و جەماوەری بێلایەن، یەكێتی و جەماوەری لایەنەكانی دیكە لەلایەكەی ترەوەو دواجار دوو دەستكەوت لە یەك كات و مەودای زەمەنیی؛ بەدیدێت، كە یەكەمیان نوێبوونەوەی حزب و دووەمیان گەشانەوەیەتی، هەردوو ئامانجەكەش لە یەك مەغزادا چڕدەكرێتەوە كە پێی دەوترێت حزبی دەنگدەر.
یەكێتی بۆ ئەوەی نوێببێتەوە، پێویستە لە حزبی بەخێوكەرەوە ببێتە حزبی دەنگدەر، جیاوازی حزبی دەنگدەر لەوی تر ئەوەیە كە رێژەیەكی دیاریكراو لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پسپۆڕی و جەماوەریبوون كادیری هەیە، نەك هەر نەبوونەتە بار بەسەر حزبەوە، بەڵكو كارەكانی حزبەكەیان لەسەر شان هەڵگرتووەو هەروەها بێجگە لە چەند بارەگایەكی كەم، كە لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن، ئاپارتمانی زەبەلاح و ڤێلای سەرسوڕهێنەریان نییە و لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن كامپین دەكەنەوەو لەڕۆژی یەكەمی دوای هەڵبژاردن پلانی هەڵبژاردنەكانی ئایندە دادەڕێژرێت، نەك وەك ئەو حزبە بەخێوكەرانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا و چوار ساڵ جارێك دەچێتەوە ناو جەماوەر و لە هەندێك شوێندا ژمارەی كادیر و مووچەخۆرەكانی زیاترە لەڕێژەی دەنگەكانی.

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*