سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە

كۆبه‌ندی هه‌فته‌

لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە

پڕۆسەی ئازادكردنی عیراق كە كۆتایی بە رژێمەكەی سەدام حسێن هێنا، 21 رۆژی خایاند، بەڵام شازدە ساڵە ئەو گروپەی ناوی ئۆپۆزسیۆنی عیراق بوو و بە هەوڵی ئەمریكا دەسەڵاتی گرتە دەست، نەیتوانیوە ببێتە باشترین نموونە، دۆخی سیاسیی خراپ و باوەشكردن بە كورسی دەسەڵاتدا، ئەوانە هەموو بوارە سیاسییەكانی وڵاتیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و دەرەتانیان بۆ كەس نەهێشتۆتەوە، لەو رێگەیەشەوە زۆرینەی كورسی پەرلەمانیان بەكاردەهێنا بۆ شاردنەوەی دۆخی نالەباری خۆیان و لافی دیموكراسی لێدان، گرنگی نەدان بە دۆخی ئابووریی خەڵك كە سەرەنجام بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و زۆربوونی ژمارەی هەژارەكانی وڵات.
شێوازی بەڕێوەبردن و دیدگای سیاسی و ئابووریی خراپی وڵات، راستەوخۆ كاریگەریی هەبوو لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتیی عیراق و نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی و دەستێوەردانی دادگاكان و زیادبوونی رێژەی گەندەڵی و چەندین كێشەی دیكەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەدوای ئازادكردنی عیراق چەندینجار خۆپیشاندان كراوە، تەنانەت گەیشتۆتە خۆپیشاندانی ملیۆنیش، دواجار چونكە خۆپیشاندانەكان دەستی سیاسییان لەپشتەوە بوو، دوای ماوەیەكی كەم دامركاونەتەوە، بەڵام خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە، دەتوانین بڵێین راپەڕین بوون دژی هەموو ئەو نادادی ‌و نەهامەتییانەی باسمانكردن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا چارەنووسی خۆپیشاندانەكانی ئێستا بەهەمان شێوەی خۆپیشاندانی وڵاتانی دیكەی عەرەبی دەبێت، یان كێشەكان چارەسەر دەكرێن و خۆپیشاندانەكان كۆتاییان دێت؟
خۆپیشاندەران توانییان سەرۆك وەزیرانی عیراق ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئێران كە خاوەنی نفوزێكی بەرچاوە لەعیراق و كۆمەڵێك بەرژەوەندیی لە عیراقدا هەیە، رەنگە بەئاسانی رێگە نەدات بەرهەمی ئەم خۆپیشاندانانە بگاتە ئامانج، چونكە لەئەگەری دەركەوتنی جەنگی ناوخۆیی شیعە – شیعە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، ئێران پێگەی خۆی وەك مەرجەعێكی كۆكەرەوەی شیعەكانی جیهان لەدەست دەدات. بۆیە تا ئەو ساتەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر عیراق رەهەندێكی مەزهەبیی هەبێت، جەنگی ناوخۆیی شیعی – شیعی لانیكەم لەم دۆخەی ئێستادا بە قازانجی تاران نییە. بۆیە خواستی ئێران ئەوەیە كە هەرچی زووترە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكانی عیراق بهێنرێت، خۆ ئەگەر كاربگاتە شەڕی هەژموون، رۆڵی ئەمریكا و وڵاتانی سوننەش كەم نابێت، ئەوكات چارەنووسی عیراق لەو وڵاتانەی كە بە بەهاری عەرەبی-دا تێپەڕبوون، باشتر نابێت.
ئەوەی بۆ كورد گرنگە پاراستنی هاوسەنگییە، راستە مامەڵەی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ كورد زۆر باشتر بوو لە مامەڵەكردنی سەرۆك وەزیرانەكانی دیكە لەگەڵ كورد، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كورد پشتیوانی لە سەرۆك وەزیرانێكی دیكە نەكات، چونكە بەغدا داوای رادەستكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت. بۆیە پێویستە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان وردتر لەم دۆخە بڕوانێت و سیاسەتی ئەمری واقیع رەچاو بكات. پێویستە هەرێمی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی عیراقدا هەبێت، بەڵام دەبێ سوود لە هەموو دەرفەتێكیش وەربگرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*