سەرەکی » هەواڵ » ساڵی داهاتوو 168 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی دەبێت

نەتەوە یەكگرتووەكان:

ساڵی داهاتوو 168 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی دەبێت

دوێنێ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: ساڵی داهاتوو، لە هەر 45 كەس، یەك كەسیان پێویستی بە هاوكاری ‌و پارێزگاریی دەبێت ‌و ئەمەش بڕی 29 ملیار دۆلاری دەوێت.
مارك لۆكوك بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی رایگەیاند: لە ساڵی 2020 دا نزیكەی 168 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی دەبێت. روونیشیكردەوە: نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵی هاوكاریكردنی 109 ملیۆن كەس دەدات، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان كار دەكەن بۆ دابینكردنی هاوكاریی بۆ ئەوانی دیكە.
بە وتەی لۆكوك، بەهۆی ململانێ چەكدارییەكان ‌و گۆڕانی كەش ‌و هەوا ‌و دابەزینی گەشەی ئابووری جیهانی كە وڵاتان زیاتر دووچاری تەنگژەی مرۆیی دەكەن، كێشەی كەمیی خۆراك لە جیهاندا زۆر زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، یەمەن سەرتۆپی لیستی تەنگژە مرۆییەكانی گرتووە ‌و 80 %ی دانیشتووانەكەی كە دەكاتە نزیكەی 24 ملیۆن كەس لەو وڵاتە پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە. هەروەها بەهۆی جەنگەوە، نزیكەی 6 ملیۆن ‌و 500 هەزار سوری ئاوارە بوون ‌و ئەمەش بۆتە گەورەترین تەنگژەی پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*