سەرەکی » راپۆرت » گرنگیدان بە كەرتی فڕۆكەوانیی هەنگاوێكی پێویست و گرنگە

7/12، رۆژی جیهانیی فڕۆكەوانیی شارستانییە

گرنگیدان بە كەرتی فڕۆكەوانیی هەنگاوێكی پێویست و گرنگە

دانا محەمەد سەعید*

فڕین و فڕۆكەوانی لە سەرەتای درووستبوونیانەوە بەكارهێنانیان بەشێوەیەكی گشتی رۆڵێكی دیار و گرنگیان بینیوە لە ئاسانكاریی بۆ كاری رۆژانە و ژیانی مرۆڤ و پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا، بە تایبەت فڕۆكەوانیی شارستانی (الطیران المدنی) كە پەیوەستە بەبواری خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانییەوە.

گرنگیی تایبەت بە رۆژی فڕۆكەوانیی دەدرێت

دوای كۆتاییهاتنی جەنگە یەك لە دوای یەكەكانی جیهان و دەركەوتنی ئاسەواری جەنگ لەسەر ژینگەی مرۆڤایەتی، وای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەر لەنوێ رێكخستن و دیزاینكردنەوەی ئامرازەكانی بواری فڕۆكەوانی و فڕین، تا كار گەیشتە ئەوەی لە ژێر چەتری نەتەوە یەكگرتووەكاندا و لە ئاكامی هەوڵ و كاركردنی ئەمریكا بۆ بانگهێشتكردنی (55) وڵات لە هاوپەیمان و بێلایەن بۆ كۆبوونەوە لە شاری شیکاگۆ لە سەرەتای كانوونی یەكەمی ساڵی 1944 دا، دوای بەدەنگەوەهاتنی (52) وڵات لە وڵاتانی بانگهێشتكراو و ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و پەیوەست بە كێشەكانی فڕینی شارستانی لە (7ی دیسەمبەری 1944)دا لەلایەن سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو ئیمزا لەسەر رێكەوتننامەی (فڕۆكەوانی شارستانیی نێودەوڵەتی) كرا‌ و عیراقیش یەكێكە لە وڵاتانی بەشداربوو لەم رێكەوتننامەیەدا، ئیدی ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانیی فڕۆكەوانیی شارستانی دیاریكرا و ساڵانەش لەم یادەدا چەندین راسپاردە و بڕیاری گرنگ دەردەکرێت و لە جیهاندا گرنگیی تایبەت بەم یادە دەدرێت.
هەرێمی كوردستانیش دوای دروستكردنی فڕۆكەخانە شارستانییەكانی، چووە نێو نەخشەی فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتییەوە و دەروازەیەكی گرنگی لە بەردەم ئاوەڵا بوو لە رووی پێشكەوتنەكانی (كلتووری و رۆشنبیری و ئابووری و بازرگانی و سیاسی و دیپلۆماسی و گەشتوگوزار …. هتد). لێرەدا گرنگە تیشك بخەینە سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كە بوونەتە پێشەنگ لە پێشڕەفتی فڕۆكەوانی لە عیراقدا، لەم نێوەندەشدا كارمەندانی كورد لەم بوارەدا بەتواناكانیان سەلماندوویانە كە هەركات بواریان بۆ رەخسابێت، ‌توانیویانە كاریگەریی گەورەیان هەبێت لەسەر رەوتی پێشكەوتنەكانی فڕۆكەوانی لە عیراقدا و هاوشانی پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكان لە جیهاندا، هەنگاویان ناوە.

دامەزراندنی هێڵی ئاسمانیی كوردستان

ئەوەی جێگەی تێڕوانینە، سەرەڕای ئەم توانا گەورە مرۆییەی كە لەم بوارەدا لە هەرێمی كوردستاندا هاتۆتە بەرهەم، بەڵام ‌حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەپێی پێویست سوودی لێوەربگرێت و بیكاتە كەرەستەیەك بۆ بنیاتنان و گەشەسەندنی گەشەی فڕۆكەوانی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2008دا دوای گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای دامەزراندنی (دەزگای فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان) و پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە (قانون رقم (18) لسنة 2008 قانون مٶسسة المطارات المدنیة لاقلیم كوردستان ـ العراق)، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەنگاوی جددی نەنرا بۆ دامەزراندنی ئەم دەزگایە، كە بێگومان دەیتوانی رۆڵی كارا و گرنگ ببینێت لە پێشهاتە سیاسییەكانی كە لە رابردوودا روویاندا، تا كار گەیشتە سەر داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم. ئەمە جگە لەوەی ئەم دەزگایە دەتوانێت كار بكات بۆ بەدەستهێنان و پێشخستنی زیاتری كەرتی فڕۆكەوانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەرچەندە ئێستاش درەنگ نییە بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوە گرنگە دابمەزرێت و لە رێگەی پسپۆڕانی بواری فڕۆكەوانییەوە كاربكرێت بۆ دانان و پتەوكردنی ژێرخانی پێویستی فڕۆكەوانیی لە كوردستاندا و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسمانیی نیشتمانی بەناوی (هێڵی ئاسمانیی كوردستان) ‌…….. هتد.
پێویستیشە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاوكاری دارایی و لۆجستیكی و دەسەڵاتی زیاتر بە فڕۆكەخانەكان بدرێت، بێگومان ئەمەش كاریگەرییەكی‌ گەورەی دەبێت لە پێشكەوتنی فڕۆكەوانی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمە جگە لەوەی لەو وڵاتانەی كە تازە پێدەگەن، حكومەتەكانیان هەوڵدەدەن رێز لە ماندووبونی ئەو كەسانە بگرن كە لەو بوارەدا كاردەكەن، بۆ ئەوەی ببێتە هاندان بۆ دڵسۆزییان لە جێبەجێكردنی كارەكانیاندا، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا وەك پێویست كاری نەكردووە، كە بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی پووكاندنەوەی ئەو توانایانەی لەم بوارەدا دروست بوون، كە یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی سیادەی هەرێمی كوردستان.

* بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

print

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*