سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

(9)

لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد و خاوبوونەوەی گرژییەكانی هەردوو جەمسەرەكە، لە ماوەیەكی دیاریكراوی كورتدا كە هەردوو دەیەی نەوەدەكان و سەرەتاكانی هەزارەی سێیەم دەگرێتەوە، گۆڕانكاریی خێرا و گەورە و بەپەلە تەواوی بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتەوە و فاكتەری بنەڕەتی لەمەشدا كە دواجار سەردەمەكەشی ناچار كرد بەناوی ئەم دیاردەیەوە بناسرێتەوە، بۆ سەردەمی جیهانگیریی دەگەڕێتەوە. بەمانایەكی دیكە، دەركەوتنی جیهانگیری و ئەو كاریگەرییانەی كە لەمەوە كەوتنەوە، هەر بەتەنها لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و مرۆڤایەتییەكان و ئەخلاقییەكان و دیاردەی پەروەردەیی و زانستی و خزمەتگوزاریی رانەوەستان، بەڵكو پەلیان كێشا بۆ پەیوەندییە سیاسییەكان و حكومییەكان و دواجار بچووكبوونەوەی دنیا بە كاڵبوونەوەی ئایدۆلۆژیا كۆتاییهات.
هەر لەم بارەیەوە، كەم نەبوون ژمارەی ئەو توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستی و عەقڵانی و ئەكادیمییانەی كە بیریاران و لێكۆڵیاران لە بابەتی فرانسیس فۆكۆیاما و ئیدوارد سەعید و تۆماس فریدمان كە بەشێكی زۆری كاتەكانی ئەو سەردەمەی ژیانیان بۆ كۆتایی ئایدۆلۆژیا و كۆتایی كاریگەرییە رەهاكانی فكر لەسەر دید و تێڕوانینی سیاسیی مرۆڤ و ئەدای پارتە سیاسییەكان تەرخانكرد. زەخرەفەكانی جیهانگیریی لە بابەتی سەتەلایت و ئینتەرنێت و مۆبایل و فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب … هتد و ئەو دیاردانەی دیكە كە لە پرۆسەی كۆمۆنیكەیشنی تاكدا رۆڵی گرنگ دەگێڕن، مرۆڤیان لە جیهانی خوێندنەوە پەرێز و دابڕاو كرد و پانتاییەكانی نێوان پرەنسیپ و بەها نەگۆڕەكان و هەروەها بنەما و توخمە بنەڕەتییەكان لەگەڵ ئیرادەی مرۆڤی سەردەمەكە زیاتر و كەلێنەكانی گەورەتر كرد، بەچەشنێك كە هێدی هێدی بەرژەوەندییە شەخسی و خێراكان و پڕكردنەوەیان، جێگەی بەرژەوەندییە گشتی و بنچینەییەكانی گرتەوە. بەمانایەكی دیكە، لە سەردەمی خێرا و كتوپڕی جیهانگیریدا مرۆڤەكان تا ئەوپەری سنووری توانا و هێز پێویستە هەوڵبدەن بۆ ئەوەی دوانەكەون و لەگەڵ سەردەمەكەدا خۆیان بگونجێنن، كە ئەمەش گوشارێكی زۆری دەروونی و جەستەیی دروست دەكات و لە رووی مەعنەوییەوە دەبێتە هۆی وەلانانی فكر و ئایدۆلۆژیا و شوێنكەوتنی ئەوەی، یان ئەو هێزەی كە دەتوانێت كارایەكی یاریدەدەری پۆزەتیڤ بێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی و خواست و ئارەزووەكانی.
دنیای دوای راپەڕین، كە هاوكاتی دەركەوتنی رووخسار و كاریگەرییە هەمەڕەنگ و جیاوازەكانی جیهانگیرییە لەسەر تاك و كۆمەڵی كوردی، لە دوو رەهەندی ناچوونییەك، بەڵام بە یەك ئاڕاستە، یەك ئامانجیان بەدیدەهێنا كە ئەویش كاڵبوونەوەی فكر و بنەما سیاسییەكان و زەقبوونەوەی بەرژەوەندییە شەخسی و هەنووكیەكانن و لەمەشدا زیاد لەهەموو لایەك یەكێتی بە گرانی باجەكەی دا، بەڵام چۆن؟
دوا بەدوای بەهاری ئازادی لەساڵی 1991 و سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەسەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعسدا، بەشێوەیەكی ئاسایی مەسەلەكانی تایبەت بە نەتەوە و ئازادی و رزگاربوونی نیشتمان و ئەوەی پەیوەندیی بە خەباتی رزگاریی نیشتمانییەوە هەیە كاڵ دەبێتەوە و بەو پێیەی كە یەكێتی وەك بزوێنەری یەكەمینی شۆڕش و خاوەنی زۆرترین رێژەی قوربانیدانی رۆحی و مادی و هەروەها خودی راپەڕینەكەشە، لەمەدا دەكەوێتە بەردەم قۆناغێكی نوێوە كە قۆناغی وەرچەرخاندنی خەڵكە لە پەیام و بەرنامەكەی، بەوەی كە ئازادی و ئەو ئامانجانەی دیكەی كە ئەم حزبە لە پێناویدا شۆڕشی هەڵگیرساند، بەدیهاتوون. هەروەك بەهەمان شێوە ئامادەبوونی جیهانگیری و كاڵبوونەوەی فكر بەشێوەیەكی نێگەتیڤ كاریگەریی لەسەر پێگەی یەكێتی دروست دەكات، لەو روانگەیەوە كە لەناو هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستاندا، یەكێتی زۆرتر لەسەر بنەمای بیروباوەڕی سیاسی و فكرێكی تۆكمە ئەندامەكانی گۆش و پەروەردە كردووە.
لە دوو دەیەی رابردووی خۆیدا، یەكێتی لە قەیرانێكی توندی ناوخۆیی خۆیدا ژیاوە بەوەی كە وەك پێویست نەیتوانیوە كارلێك لەگەڵ هەردوو دیاردەكەی سەرەوە بكات و ئەوەندەی كاری لەسەر چیم بۆ كردوون؟ كردووە، بەنیو ئەوەندە كاری لەسەر چیتان بۆ دەكەم؟ نەكردووە، كە دیارترین نموونەی ئەمەش لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەیلولی 2013 و تەمموزی 2009 بەڕۆشنی هەستی پێدەكرا. لەم نێوەندەدا وەك چۆن بەشێكی گرنگی پراكتیزەكردنی پرۆسێسی نوێبوونەوە بەدەركەوتنی یەكێتی دەبێت وەك حزبێكی دەنگدەر، ئەمەشمان بەستەوە بەنوێبوونەوەی سیستەمی كاركردن و كارلێكردنەوە لەگەڵ جەماوەردا، ئەوا بۆ ئەوەی هەموو مەغزاكان بەشێوەیەكی ئۆرگانیزەكراو بەرجەستە ببن، پێویستە سەرباری پاراستنی قوربانی و سەروەرییەكان، یەكێتی چاوببڕێتە ئایندە و لە سەرابەكانی رابردوویدا بەدوای خۆڵەمێشەكەیدا نەگەڕێت.

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*