سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بەشیر-یش رۆی، سودان هەر چاك نەبوو

بەشیر-یش رۆی، سودان هەر چاك نەبوو

رووخاندنی رژێمی عومەر بەشیر سەرۆكی پێشووی سودان، یەكێك بوو لە رووداوە هەرە گرنگەكانی ساڵی رابردوو، كە تیایدا سەرۆكێك لادرا كە 30 ساڵ حوكمی وڵاتەكەی كرد ‌و لە سایەیدا برسێتی و نەبوونی و كوێرەوەری و دواكەوتوویی ببووە سیمای دیاری سودانییەكان. ئەو رژێمە داپڵۆسێنەرە لە ژێر زەبری خۆپیشاندان و راپەڕینەكانی خەڵك و شەقام لە دەرەنجامی بڕیاری گرانكردنی نان، هەرەسی هێنا و خەڵكی سودان ئاهێكیان هاتەوەبەر و هیوای ئایندەیەكی گەش و رووناكیان بۆ خویان خواست، كەچی ئەوەندەی نەبرد حكومەتێكی راگوزەر، رژێمێكی هاوشێوەی ئەوەی بەشیر بەناوی ئەنجومەنی سەربازی لە منداڵدانی شۆڕش و بەرخۆدانی خەڵك هاتە سەر حوكم و هەمان سیمای دەسەڵاتی پێشوو نیشانی خەڵك دا، بۆیە هاووڵاتیان بە ناچاری ‌و جارێكی تر هاتنەوە سەر جادە و بانگەشەی رووخانی ئەو رژێمەش دەكەن. رۆژانە دروشمی نان، ئازادی، دیموكراسی ‌و دابینكردنی خزمەتگوزاری بەرز دەكەنەوە و بە هەمان ریتمی جاران كار بۆ رووخاندنی ئەو دەسەڵاتەش دەكەن.

هیوا بۆ رابردوو دەخوازن
وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن عەبدولمەلیك حەمدۆك بە شێوەیەكی كاتی تا سازدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا، لە دەستپێكدا هیوایەكی گەشی بە گەلی سودان بەخشی و خەریك بوو نەهامەتییەكانی 30 ساڵیان بیر بچێتەوە، بەڵام تەنها لە ماوەی سێ چوار مانگی حوكمی حەمدۆكدا خەڵكی لەبەر نادادپەروەری و پێشێلكردنی یاسا لەلایەن بەرپرسەكان و نەبوونی ئازادی و دیموكراسی و ئازاردانی خەڵكی ناڕازی، بێزاربوون.

لە رابردوودا بەو شێوەیە نەبوو
خۆپیشاندەرێك بۆ سایتی بی بی سی دەڵێت: لە سەردەمی پێشوودا پۆلیس نەیدەتوانی وا زۆردارانە ئازاری خۆپیشاندەران بدات و بە گوللە و گازی فرمێسكڕێژ وەڵامی توندمان بداتەوە، لە كاتێكدا پۆلیس بۆ پارێزگاریكردن لە خەڵك و پاراستنی سەروەت و سامانی هاووڵاتیان دامەزراوە، كەچی لە سودان لە سایەی حوكمی حەمدۆكدا پۆلیس بۆتە دامەزراوەیەكی چەوسێنەر و زاڵم و ترس و دڵەڕاوكێ خستنەناو دڵ و دەروونی جەماوەر.

یاساكان نەگۆڕاون
بەپێی كەناڵەكانی میدیای عەرەبی، جاران لەو وڵاتە ئەگەر ژنان سەرپێچییان بكردایە لە ئایینی ئیسلام و بەكراوەیی چووبانایە ناو پیاوان، ئەوا لەلایەن دەسەڵاتەوە بە قامچی لێیان دەدرا و سزای یاساییان لێ وەردەگیرا. ئەگەر پیاوانیش ئەلكهولیان بخواردایەتەوە بە هەمان شێوە سزاكەیان لێدان بوو. ئەو یاسایانە ئێستا لە حوكمی تازەشدا هەر ماون و كاریان پێدەكرێت، جاران خەڵكی ئازادتر بوو لە هەڵسوكەوت و رەفتار و هاتوچۆیان، بەڵام ئێستا ئەگەر پۆلیس ژمارەیەك یان گروپێك خەڵك بەیەكەوە ببینێت، بەبێ هیچ پاساوێك پەلاماریان دەدا و بە جۆرەها چەكی بچووك لێیان دەدا، لێدان و راوەدوونانی خەڵكی سڤیل بۆتە دیاردەیەك كە رۆژانە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە و خەڵكی لە دەستیان بێزاربووە.
ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئەوەندەی تر قورس بووە، خواردن گران بووە، خزمەتگوزاری ئاستێكی زۆر نزمی هەیە، یاسا نییە، بەرتیل و گەندەڵی بۆتە مۆتەكە بەسەر خەڵكی هەژارەوە، بەرپرسەكان دەوڵەمەند و خەڵكی سادەش برسی و رەش و رووتن، دەسەڵات هیچ كاتێك گوێ بە داخوازییەكانی ئەو جەماوەرە نادات كە سەرقافڵەی رووخانی دیكتاتۆریەت و هێنانی حوكمی ئەو ستافە تازەیە بوون، بۆیە تادێ بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتر و خراپتر دەچێ و ئەمن و ئاسایشی تێكچووە، بەڵام سودانییەكان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانیان بەردەوامن و دەڵێن، تا ئامانجەكانمان نەیەتە دی، كۆڵ نادەین و دروشمی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانییان بەرزكردۆتەوە.

سەرچاوە : ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*