سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نووسەری خوێنه‌رنووس

نووسەری خوێنه‌رنووس

كارۆ حسێن

دونیای ئه‌ده‌بیات، دونیایه‌كی پان و به‌رین و فراوانه‌. به‌هه‌زاران ده‌ق تێیدا جێی بۆته‌وه‌ و شوێنێكیان داگیر كردووه‌. له‌ ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ئه‌و ده‌قانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ نێو چوارچێوه‌یه‌ك، كه‌ پێی ده‌وه‌ترێت شاكار هێنده‌ زۆر نین له‌ ژماردن نه‌یه‌ن، به‌ڵام نابێ بیرمان بچێت هه‌ندێك ده‌قی دیكه‌ش هه‌ن ئه‌گه‌رچی ناچنه‌ چوارچێوه‌ی شاكاره‌وه‌، به‌ڵام ده‌قی باشن. باش به‌و مانایه‌ی له‌ مێژووی ئه‌ده‌بیدا جێ داگیر ده‌كه‌ن و لای خوێنه‌ر قورسایی په‌یدا ده‌كه‌ن. ئێمه‌ وه‌ك خوێنه‌ر هه‌میشه‌ مافی خۆمانه‌ داوا له‌ نووسه‌ران بكه‌ین كاتێك ده‌قێكمان له‌ ژێر ناوی رۆماندا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆیان به‌كاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی باش و سه‌رنج راكێشمان پێشكه‌ش بكه‌ن، ده‌قێك كه‌ په‌نجه‌ره‌ی نوێ و رێگه‌ی زۆرترمان له‌به‌رده‌مدا بكاته‌وه‌.
خوێنه‌ران، به‌تایبه‌تتر به‌شێك له‌ خوێنه‌ران كه‌ وردتر و به‌سه‌رنجترن له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكدا بێگومان سه‌رنج و تێبینی خۆیان هه‌یه‌. خۆ ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به‌شێوه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ له‌ خوێنه‌ر بڕوانێت و به‌چاوی خوار خۆیه‌وه‌ سه‌یری بكات ئه‌وا بێگومان ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ و له‌ كاتێكدا كار له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ی ده‌كات هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی زه‌ق به‌جیده‌هێڵێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێكی نه‌زاندا وه‌ستابێت و هه‌رچی بڵێت ئه‌و نه‌ بیزانێت و نه‌هه‌ستی پێبكات ئا ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌زاران ده‌قی كرچوكاڵ و لاواز ده‌خاته‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كان، به‌ڵام ئاخۆ هه‌ر به‌ڕاستی خوێنه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌زانه‌؟ ئایه‌ هه‌ر خوێنه‌ران نین زیره‌كانه‌ له‌ نێو هه‌زاران ده‌قدا شاكاره‌كانیان بینیوه‌ته‌وه‌؟
لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌ر كه‌مێك له‌سه‌ر رۆمان قسه‌ ده‌كه‌ین. قسه‌كانمان چه‌ند به‌هایان ده‌بێت، یان نا ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ر تاكێك له‌ نووسه‌ران. قسه‌كانی ئێمه‌ به‌یه‌ك مه‌به‌ست نین، به‌ڵكو وه‌ك خوێنه‌ر هه‌ندێكی سه‌رنجن له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك رۆمانه‌وه‌ هه‌ستمان پێ كردووه‌، هه‌ندێكی تری داواكارین له‌ نووسه‌ران. له‌ خویندنه‌وه‌ی ته‌واوی خاڵه‌كانی ئه‌م نووسینه‌ له‌ مه‌به‌ستی (داواكاری له‌ نووسه‌ر) تێده‌گه‌ن.

-1نووسه‌ری به‌ڕێز، تكایه‌ بخوێنه‌وه‌!

-2نووسه‌ری سه‌ركه‌وتوو، خوێنه‌رێكی سه‌ركه‌وتووه‌.

-3راسته‌ له‌ به‌شێكی نووسینه‌كه‌تدا پشت به‌زانیاری ده‌به‌ستیت، به‌ڵام هێنانی زانیارییه‌كان بۆ ناو رۆمان، یان به‌ڕۆمانكردنی زانیارییه‌كان، پێویستی به‌ مه‌شقێكی زۆره‌. مه‌شقی تۆ نووسینه‌. بۆیه‌ هه‌وڵبده‌ رۆژانه‌ بنووسه‌ و هیچ رۆژێك تێمه‌په‌ڕێنه‌ بێ نووسین.

-4كاری نووسین قورسه‌. پڕ له‌ بیركردنه‌وه‌ و دوودڵی و ماندووبوونه‌. هه‌روه‌ك هه‌ڵزنان به‌ره‌و لووتكه‌ی شاخێك، شاخێكی به‌رز و ئاڵۆز و رك، شاخێك كه‌ چه‌ندین سه‌عاتی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێ بگه‌یت به‌لووتكه‌كه‌ی، تا ده‌چیته‌ سه‌ره‌وه‌ ماندوو ده‌بیت، تینوو ده‌بیت، له‌ هه‌ندێك شوێندا مه‌ترسی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ت لێ ده‌كرێت.

-5هه‌میشه‌ نووسه‌ر له‌ كاتی نووسینی ده‌قێكدا به‌درێژایی نووسینه‌كه‌ی ده‌بێت بكه‌وێته‌ كه‌شێكی تایبه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامبێت له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی و بیری، تا باشترین و جیاوازترین ده‌ق پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ران بكات، به‌ڵام چوونه‌ ئه‌و كه‌شه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت نووسه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا بپچڕێنێت به‌مانا كلاسیكییه‌كه‌ی بداته‌ ئه‌شكه‌وتێك، به‌ڵكو به‌مانایه‌كی سه‌رده‌میانه‌ ئه‌م كه‌شه‌ی نووسه‌ر دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ په‌له‌ وتن و وتنی پێش بیركردنه‌وه‌ یان بردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كانه‌ بۆ ناو كتێب، چونكه‌ له‌ كتێبدا خوێنه‌ریش كه‌شی تایبه‌تی ده‌بێت جیاواز – به‌نموونه‌- له‌و كه‌شه‌ فه‌یسبووكیه‌ی توانای بیركرنه‌وه‌ی دابه‌شده‌كات له‌لایه‌ك ده‌خوێنێته‌وه‌ و له‌لایه‌ك چات ده‌كات له‌لایه‌كی تر له‌وانه‌یه‌ گۆرانییه‌كی خستبێته‌ سه‌ر مۆبایل یان لاپتۆپه‌كه‌ی. كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا نووسه‌ریشمان هه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسن. ئه‌م جۆره‌ له‌ نووسین ئاسانه‌، به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مه‌ خۆی نووسینه‌؟

-6ئه‌دیب ناچار نییه‌ هه‌ر رووداوێك ڕویدا ئه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، یان هه‌ر بابه‌تێك باسكرا ئه‌و قسه‌ی هه‌بێت.
ئه‌دیب كارێكی گرنگتر و ئه‌ركێكی گه‌وره‌تری له‌سه‌رشانه‌.

-7یه‌كه‌م جار رۆمانه‌كه‌ت وه‌ك مه‌لزه‌مه‌ چاپ بكه‌. به‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێكدا دابه‌شی بكه‌ كه‌ جێ ده‌ستیان دیاره‌، وه‌ك نووسه‌ر و خوێنه‌ر. با خوێنه‌رانی مه‌لزه‌مه‌كه‌ بڕیار بده‌ن كه‌ ئه‌م مه‌لزه‌مه‌یه‌ وه‌ك كتێبیش چاپ ببێت یان نا. هه‌ندێك جار ده‌كرێت گۆڕانكاریه‌كانت هێنده‌ زۆر بن كاتێك به‌ چاپكراوی (كتێب) ده‌یبینیته‌وه‌ وه‌ك دوو به‌رهه‌می جیاواز بێته‌ پێش چاوت.
واتا هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆمانه‌كه‌ت مه‌خه‌ره‌ دوای چاپ، به‌ڵكو پێش چاپ با كه‌سانێكی شاره‌زا بیخوێننه‌وه‌ و سه‌رنجیان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕن.

-8ئاگاداری هه‌ڵه‌ی نائاگایی به‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ هه‌ن شایه‌نی لێبووردن نین. بۆ نموونه‌ كاره‌كته‌رێك بمرێ، نووسه‌ر له‌ به‌شه‌كانی تر بیرینه‌مابێت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی مردووه‌. یان كه‌سێك به‌ شه‌هید بنووسێ و دواتر دایه‌لۆگ و مه‌نه‌لۆگه‌كان ئه‌وه‌نده‌ خراپ نووسرابن كه‌ ئه‌و شه‌هیده‌ وه‌ك تیرۆرستێك ده‌ربكه‌وێت.

-9نووسه‌ران ده‌بێت ئاگایان له‌وه‌ بێت ئه‌و نووسینه‌ی له‌ فه‌یسبووك دایده‌نێن و سه‌دان لایك و كۆمێنتی بۆ دێت، له‌وانه‌یه‌ نووسینێكی باش نه‌بێت بۆ چاپكردن و خستنه‌ ناو كتێبخانه‌وه‌. چونكه‌ خوێنه‌ران به‌هه‌مان شێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌دا ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌دوو شێوه‌ی جیا و لێكدانه‌وه‌ی جیا ده‌یخوێننه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌ره‌كان جیاوازیش بن.

-10چاوی ئه‌دیب نه‌ك هه‌ر پشت دیواره‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت به‌سه‌ر پێستی مرۆڤیشدا بچێته‌ ناوه‌وه‌ و گۆشت و ئێسقانه‌كانی تێپه‌ڕێنێت و دڵ و ده‌روونی ببینێت.

-11له‌پێناو زیادبوونی لاپه‌ڕه‌ی رۆمانه‌كه‌تدا (رووداو) زیاد مه‌كه‌.

-12چیرۆكی رووت مه‌گێڕه‌وه‌. ده‌بێت بنه‌ماكانی رۆمانی تێدابێت، ده‌بێت هه‌ڵگری په‌یام بێت. گه‌روانه‌بێ هه‌موو كه‌س چیرۆكێكی هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌.

-13ئه‌گه‌ر هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانت وه‌ك یه‌ك خۆشنه‌ویست و لایه‌نگیریت كرد، به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ رۆمانت نه‌ناسیوه‌ (نموونه‌ بكوژ و كوژراوه‌كه‌ت، چونكه‌ هه‌ر دوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ تۆ دروستت كردوون. تۆ هه‌ردووكیانت خۆشبوێت و هه‌موو شتێكیان بخه‌ به‌رده‌ست با بۆخۆیان له‌ رۆمانه‌كه‌دا جێی خۆیان دیاری بكه‌ن) نووسه‌ر نابێ له‌ رێی رۆمانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی به‌كۆیله‌كردنی خوێنه‌ر بدات بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت كاره‌كته‌ره‌كانی لێكدژ بن یان یه‌ك كاره‌كته‌ر له‌نێو خۆیدا بیركردنه‌وه‌كانی لێكدژ بن. بۆ نموونه‌ له‌باره‌ی دینه‌وه‌ یان له‌باره‌ی نیشتمانه‌وه‌.

-14رۆمان ده‌بێت وه‌ك ده‌رزی به‌ دڵ و ده‌روون و بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ردا بچێت، سه‌ره‌ڕای ئازاره‌كه‌شی خوێنه‌ر وه‌ك نه‌خۆشێك خۆی بداته‌ به‌ری.

-15یه‌كێك له‌ گرفته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌دیبی كورد. ئاره‌زووی به‌رهه‌م زۆرییه‌ به‌ به‌راورد به‌ توانا مه‌عریفیه‌كه‌ی. نووسینی زۆر زیاتره‌، به‌راورد به‌ توانای له‌ نووسیندا.

-16رۆمانێكی بازاڕی، به‌لایه‌نی زۆره‌وه‌ ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ته‌مه‌نی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی. واتا كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی وه‌ك مرۆڤێك ده‌مرێ ئیتر قه‌ڵه‌مه‌كه‌ و ده‌قه‌كانیشی ده‌مرن.

-17كه‌ ره‌خنه‌یان لێت گرت مه‌ڵێ یه‌كه‌م ئه‌زموونمه‌ یان له‌ ئه‌زموونه‌كانی سه‌ره‌تادام. ئه‌مه‌ مه‌كه‌ به‌ خاڵێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچیت كردووه‌ هه‌قت پێبده‌ن.
مه‌ڵێ من نووسه‌رێكی ماندووم ژیانم قورسه‌. وه‌ك نووسه‌ره‌ ئه‌وروپییه‌كان ئیسراحه‌ت نیم. خوێنه‌ره‌كه‌شت هه‌م ژیانی قورسه‌ و هه‌م وه‌ك ئه‌وروپییه‌كان ئیسراحه‌ت نییه‌! بیرت نه‌چێت له‌وانه‌یه‌ كتێبه‌كه‌ی به‌قه‌رز كڕیبێت!

هه‌ندێك له‌و قسانه‌ی كه‌ كردم له‌ قسه‌ی كه‌سێك ده‌چن كه‌ خۆی رۆماننووس و ئه‌دیبێكی دیار بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆی كه‌مووكوڕی له‌یه‌كێك له‌و خاڵانه‌وه‌ كێشه‌ت بۆ دروست بوو منی خوێنه‌ری دڵسۆزت له‌بیربێت، پێش چاپ بوون چاره‌سه‌ریان بكه‌، یان وه‌ك ئه‌دیب هه‌ندێكیان له‌ ژیانت چاره‌سه‌ر بكه‌. دواجار منی خوێنه‌ریش ده‌قه‌كه‌ی تۆ به‌ ده‌وروبه‌كه‌م ده‌ناسێنم و سوپاست ده‌كه‌م. من شاكاره‌كان دیاری ده‌كه‌م! گه‌ر له‌ رقی هاوڕێ نووسه‌ره‌كه‌ی ترت كارێكت كرد له‌ خۆشه‌ویستی منیشدا با ده‌قه‌كه‌ت باشترین بێت.
كۆتا خاڵ پێش ماڵئاوایی. تۆی نووسه‌ر به‌ده‌یان ده‌قی تیۆریت خوێندوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز بیرت نه‌چێت منیش سه‌دان رۆمانم خوێندوه‌ته‌وه‌! تۆ ده‌شێ نووسه‌رێكی گه‌وره‌ بیت، منیش خوێنه‌رێكی زیره‌ك و وریا!
ماڵئاوا نووسه‌ری ئازیز. سوپاس كه‌ خوێنه‌ری ئه‌م نووسینه‌ی خوێنه‌ره‌كه‌ت بوویت، له‌ چاكه‌ی ئه‌مه‌دا له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌تدا به‌یه‌ك
ده‌گه‌ینه‌وه‌! شادبن

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*