سەرەکی » دۆسێ » رەوتی سەدر: دەبێت ئەمریكا لە عیراق دەربكرێت

باسی دوای ساڵی 2003 دەكات

رەوتی سەدر: دەبێت ئەمریكا لە عیراق دەربكرێت

هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە سیاسەتەكانی هەڵدەسوڕێنرێت، باس لە ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان حكومەتی عیراق و ئەمریكا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ئەوان هەر لە دوای ساڵی 2003وە لەگەڵ ئەوەدان هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بكرێنە درەرەوە”.
موزەفەر ئیسماعیل، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو:”هەڵوێستی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی ئەحرار و پاشان سائیرون، هەر لە دوای ساڵی 2003وە ڕوون و ئاشكرابووە كە داوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكای كردووە لە عیراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان حكومەتی عیراق و ئەمریكا كە لە ساڵی 2006دا لەنێوان هەردوولا واژۆكرا”.
سەبارەت بە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسایەك لەلایەن فراكسیۆنەكانی ترەوە بۆ پەرلەمان، لەپێناو دەركردنی هێزە بیانییەكان و بە تایبەت هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون دەڵێت”هەركاتێك پرۆژە یاسایەكی لەو جۆرە بۆ پەرلەمان پێشكەشكرا، ئیتر لەلایەن هەر فراكسیۆنێكەوە بێت، ئەوان وەك سائیرون دەنگ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەدەن لە عیراق، ئەمەش پێویستی بە چاوەڕوانی هیچ فراكسیۆنێكی تر و پێویستی بە تەوافوقی سیاسی نابێت”.
بە گوتەی موزەفەر ئیسماعیل:”ئەوان هەڵوێستیان لە ساڵی 2003وە تا ئێستا نەگۆڕ بووە و ئەم هەڵوێستەش هەڵوێستی لەمێژینەی ڕەوتی سەدر و فراكسیۆنی ئەحرار بووە لە پێشوودا و لەئێستاشدا هەڵوێستی جێگر و نەگۆڕەی فراكسیۆنی سائیرونە”.
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) كە لە 30ی كانوونی یەكەمی رابردوو بڵاویكردبووەوە رایگەیاندبوو»پێشتر هۆشداریمان دا لە خراپی دەرئەنجامەكانی تێوەگلانی عیراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و وتمان چیتر عیراق و گەلەكەی بەرگەی ئەو ڕەفتارە سەركێشانە ناگرن”.
سەدر ڕەخنە لەو لایەنانەش گرتبوو كە لە كاتی “بەرگری سەربازی” دژی ئەمریكا و ڕێگرتن لە ڕێككەوتنە ستراتیژییەكەی ئەمریكا لەگەڵ عیراقدا هاوكار نەبوون و ئەوانەش بە هۆكاری ڕووداوانی رووداوەكانی ئەمڕۆ دادەنێت.
بە گوتەی سەدر “ئامادەم (ئەمریكا) بە ڕێگەی سیاسی و یاسایی دەربكەم، ئایا كەس هەیە سەرمانبخات؟… ئەگەر نەكشانەوە ئەوا هەڵوێستێكی ترمان دەبێت” بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەكدارەكان».
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەدر ڕەخنەی لە “ڕەفتاری نابەرپرسانەی هەندێك گروپی چەكدار گرتبوو، داواشی كردبوو چەك تەنیا لە دەستی هێزە ئەمنییەكاندا بێت.
موقتەدا سەدر دەڵێت» ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، گەندەڵی بەربڵاوی نێو عیراق و بۆشایی نێوان سیاسەتمەداران و گەلی قۆستووەتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لە پێناو خۆشگوزەرانی خەڵك و پاراستنی شكۆی هاووڵاتیان سازش لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكەن».
سەدر لە تویتەكەیدا رەتیكردبووەوە، رێگە بەن عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ سیاسی و سەربازییەكان و جەختی لەسەر هێنانەدی «عیراقێكی بەهێز و سەربەخۆ» كردبووەوە.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*