سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ״عیراق پشتیوانی لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكات״

״عیراق پشتیوانی لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكات״

دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: بە 12 موشەكی بالیستی، دوو سەربازگەی ئەمریكای لەناو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆردومان كردووە، ئەمەش كاردانەوەی عیراق ‌و وڵاتانی ئەوروپا و جیهانی لێكەوتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە: موشەكەكانیان ئاڕاستەی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد كردووە لە پارێزگای ئەنبار لە عیراق، كە هێزەكانی سوپای ئەمریكای تێدا جێگیركراوە. راشیگەیاندووە: هێرشەكە ئامانجەكانی خۆی پێكاوە و وەڵامی توندتریشیان بۆ ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەبێت.
هەروەها ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، كە هێرشە موشەكییەكەی ئێران بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكیشی لە نزیك هەولێر گرتۆتەوە.

ترەمپ: هەموو شتێك باشە
لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: هێرشەكە هیچ زیانێكی نەبووە. وتیشی: ئێران هێرشی كردووە، بەڵام تاكو ئێستا هەموو شتێك باشە.
هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن)یش هێرشەكەی پشتڕاستكردەوە ‌و رایگەیاند: ئێران بە 10 موشەكی بالیستی بنكەكانیانی لە عیراق كردۆتە ئامانج، كە یەكێكیان لە ئەنبار و ئەوەی دیكەش لە هەولێرە، بەڵام ئامانجەكەی نەپێكاوە و لە ئاسمان پوچەڵكراوەتەوە.

سەرۆكایەتیی كۆمار: دان بە خۆتاندا بگرن
پەیوەست بەو بابەتە، سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە، كە سەرۆكایەتیی كۆمار بە نیگەرانییەوە چاودێریی دوا پێشهاتە مەترسیدارەكانی ناوچەكە دەكات و جارێكی دیكەش پێشێلكردنی سەروەریی خاك و كردنی بە گۆڕەپانی جەنگی لایەنە ناكۆكەكان رەتدەكاتەوە.
باسی لەوەشكردووە: عیراق لە سەرەتاوە رەتیكردۆتەوە كە خاكی وڵاتەكەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێك، بەڵكو پشتیوانی سەقامگیریی ناوچەكە دەكات.
سەرۆكایەتیی كۆمار داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردووە، دان بە خۆیاندا بگرن و نەچنە نێو جەنگێكی كراوەوە، كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە و جیهان.

عەبدولمەهدی: پێشێلكردنی سەروەریی عیراق رەتدەكەینەوە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق ئاماژەی بەوەكرد: بە چەند ساتێكی كەم پێش رووداوەكە، ئێران لە هێرشەكە ئاگاداری كردوونەتەوە، بەڵام شوێنەكەیان ئاشكرا نەكردووە.
روونیشیكردەوە: پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراق بە هەموو شێوەیەك رەتدەكەنەوە. وتیشی: بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین و عیراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و بەرگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان. باسی لەوەشكرد، كە هیچ ئەندامێكی هێزە عیراقییەكان لە هێرشەكەدا نەكوژراوە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق: هێرشە موشەكییەكە رەتدەكەینەوە
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند: هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكان رەتدەكەنەوە و بە پێشێلكردنی سەروەری عیراق، وەسفیكرد.
داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە گرژییەكانی ناوچەكە هێور بكەنەوە و عیراق نەكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان.
وەزارەتی دەرەوە جەختیكردۆتەوە، كە عیراق وڵاتێكی سەربەخۆیە و ئاسایشی ناوخۆی بەلاوە گرنگە، بۆیە رێگە نادات ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان، ئەوەشی خستەڕوو، كە باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەكەن، بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانیانی پێ بگەیەنن.

سوننەكان هۆشداریی دەدەن
بەرەی رزگاری و گەشەپێدان، كە بەشێك لە لایەنە سیاسییە سوننەكانی عیراق لە خۆدەگرێت، لە راگەیانراوێكدا هۆشداری توندی دایە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و رایگەیاند: ئاڵۆزی و پێكدادانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر خاكی عیراق، كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی وڵات دەبێت و داوایكرد بە زووترین كات هەنگاوی پێویست بنرێت لە پێناوی پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق.

ئەڵمانیا: دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێت
ئۆرسۆلا فون دێرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاند: بەرلین بە توندی ئیدانەی هەموو توندوتیژییەك دەكات و بەپێویستی دەزانێت دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێت و لایەنەكان پێكەوە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن. داواشی لە لێپرسراوانی ئێران كرد، تاكو دۆخەكە لەوە زیاتر ئاڵۆز نەكەن و بە وردی و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانەدا بكەن.

عیراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ
هەروەها بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی ئێرانی كرد بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عیراق ‌و داوای لە تاران كرد كە هێرشی دیكە ئەنجام نەدات. یەكێتیی ئەوروپاش داوایكردووە كە عیراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن.

فەرەنسا: رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگیرێت
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئیدانەی هێرشەكانی ئێرانی بۆ سەر بنكەكانی هێزی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عیراق كرد و تەئكیدیكردەوە كە پێویستە بە زووترین كات دۆخەكە هێور بكرێتەوە. هەروەك بە پێویستی زانیوە كە رێز لە سەروەریی خاكی عیراق بگیرێت و وڵاتەكەی بە هەموو توانایەوە كار دەكات بۆئەوەی دۆخەكە هێور بكرێتەوە.

روسیا ‌و توركیا: لە رێی دیپلۆماسییەوە كێشەكان چارەسەر بكەن
دوای كۆبوونەوەیان لە ئەستەنبوڵ، دوێنێ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا ‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران ‌و ئەمریكا كرد كە لە رێی دیپلۆماسییەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن ‌و دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكەن. هۆشداریشیان دایە ئەو دوو وڵاتە لە هێرشكردنە سەر یەكتر، چونكە دەبێتە مایەی شەپۆلێكی دیكەی ناسەقامگیریی لە ناوچەكەدا.

ژاپۆن: بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكەن
حكومەتی ژاپۆن داوا دەكات ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی ناوچەكە بەگفتوگۆ كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی بژاردەی سەربازی، هاوكات ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ نێوەندگیری دەردەبڕێت.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*