سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » میدیاو میدیاكار، به‌رپرسیارێتی‌ له‌م دۆخه‌دا

لەناو روداوەکاندا

میدیاو میدیاكار، به‌رپرسیارێتی‌ له‌م دۆخه‌دا

یه‌كه‌م ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م ته‌نها زه‌نگی چونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ خوێندكاره‌كان لێیدابوو بچنه‌ كه‌رته‌كانی‌ خۆیان، هێشتا پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌م ڕاده‌ستی خوێندكاره‌كان نه‌كردبوو، خوێندكارێك هاته‌ به‌رده‌مم و وتی مامۆستا پرسیارێك. ئه‌وه‌ی‌ مێشكم به‌لایدا ڕۆیی پرسی وانه‌كان و تاقیكردنه‌وه‌كان بوو، به‌ڵام خوێندكاره‌كه‌ پرسی: مامۆستا تۆ وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس نه‌ك وه‌ك مامۆستا، ئه‌م ئاڵۆزیی و پەرەسەندنەی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه‌ و پێتوایه‌ ڕووداوی گه‌وره‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت؟ به‌ڕاستی پێمخۆشنه‌بوو خوێندكاره‌كه‌مان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌و هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام هێشتا خه‌می ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوونی نییه‌و خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی كه‌ ئایا له‌ئاینده‌دا چی ده‌گوزه‌رێت؟
به‌وردبوونه‌وه‌ له‌و خه‌مه‌ی‌ كه‌ خوێندكارێك له‌نێوان خه‌می ده‌رچوون له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌یی و خه‌می‌ ڕووداوه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ئاینده‌دا كه‌ خه‌می دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرێت، ده‌كه‌وینه‌به‌رده‌م ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ كه‌ ئایا میدیا و میدیاكاران تاچه‌نده‌ به‌رپرسن له‌بڵاوه‌پێكردن و شه‌نكردنی‌ ئه‌م پرسه‌؟ میدیاكاران چۆن ده‌توانن كارێكی ئه‌وتۆ بكه‌ن كه‌ ئه‌و وێنه‌ سیاسی و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان ڕووده‌ده‌ن به‌باشی بگوازێته‌وه‌ ناوخۆ و بیخاته‌ به‌ر گوێی بیسه‌ر و به‌ر چاوی بینه‌ر و وه‌رگر؟
ئه‌و سه‌رقاڵییه‌ی‌ هاوڵاتیان به‌ پرسێكی له‌م جۆره‌وه‌، به‌مانایه‌ك له‌ماناكان هه‌موو میدیا و میدیاكاران ده‌خاته‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقی و ویژدانی‌. زۆر سه‌رقاڵبوونی میدیا و میدیاكارانی كورد له‌ ڕاده‌به‌رده‌ر به‌م پرسه‌وه‌ كارێكی وه‌های‌ كردووه‌ میدیای كوردی ته‌نها له‌ یه‌ك پانتاییدا هه‌واڵ و زانیاریی و به‌رنامه‌كانی‌ په‌خش و وه‌شان بكات و نه‌یپه‌رژێته‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كایه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه‌ كه‌ تاكی ئێمه‌ پێویستی پێیه‌تی له‌پێناو كه‌مێك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دۆخی شه‌ڕو كوشتن و ئاڵۆزییه‌كان.
بیسه‌ر و وه‌رگر و تاكی‌ كورد ئه‌وه‌نده‌ هه‌واڵی سیاسی وشك و ناخۆشی پێكدادان و جه‌نگی بیستووه‌ و به‌رگوێ كه‌وتووه‌ به‌بیری نایه‌ت كه‌ كه‌ی هه‌واڵێكی خۆش و باشی بیست بێت. به‌مانایه‌كیتر ئێستا له‌ پانتایی كاری‌ میدیایی و له‌نێوان ڕۆژنامه‌نووس و وه‌رگری هه‌واڵدا (بیسه‌ر و بینه‌ر و خوێنه‌ر) زۆرجار وه‌رگر پێش ڕۆژنامه‌نووس ده‌كه‌وێت، چونكه‌ هه‌رچی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ ئه‌وا بۆ شه‌وێش هه‌مان بابه‌ت هه‌واڵی گه‌رمی میدیاكان ده‌بێت. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌سه‌ر ناكۆكی نێوان ئێران و ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی عیراق و بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق بۆ ده‌ركردنی‌ هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق ده‌وترێت؛ زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ میدیاكان له‌شاشه‌كانیانه‌وه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌ به‌سواوی‌ و چه‌ندان باره‌شه‌وه‌.
ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ میدیاییه‌ هه‌موو تاكێكی میدیاكار ده‌گرێته‌وه‌ «به‌خۆیشمه‌وه‌«، چونكه‌ هه‌نوكه‌ هێنده‌ی میدیاكاری كورد ده‌چێته‌ پانتاییه‌ سیاسییه‌كه‌ بۆ ئاماده‌كردنی‌ هه‌واڵ و ڕاپۆرت هێنده‌ ناچێته‌ حه‌قلێكی دیكه‌ و له‌ ژانرێكی دیكه‌وه‌ زانیاری ناگه‌یه‌نێته‌ وه‌رگره‌كانی‌، بۆیه‌ ئه‌م به‌رده‌وام گه‌ڕانه‌ له‌ حه‌قلی سیاسی دا واده‌كات ئیدی خوێنه‌ری‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و چه‌مكی سیاسی و دۆخی سیاسی هه‌بێت، كاتێكیش دۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ ده‌بینین باش نییه‌ و هه‌میشه‌ مایه‌ی بێتاقه‌تی و ترسه‌ و ئارامی وه‌رناگرێت، ئه‌وا له‌م كاته‌شدا ده‌رونییه‌ن وه‌رگرێكی بێتاقه‌ت و په‌ست و ترسنۆك له‌ئاست ڕووداوه‌كان په‌یدا ده‌بێت كه‌ هه‌رچی ڕوویدا لێیبترسێت و ببێته‌ خه‌می یه‌كه‌می پێش هه‌موو خه‌مه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ خۆی‌.
ئه‌گه‌ر میدیا و میدیاكاری‌ كورد به‌ پله‌یه‌كی باش به‌رپرسیارێتی و ئیتیكی له‌به‌رچاو بگرتایه‌ ئه‌وا له‌ میدیای كوردیدا ئه‌و هه‌موو مه‌حه‌لیل و شرۆڤه‌كاره‌ی‌ كورد له‌ خۆڕا و بێئاگا ئه‌و هه‌موو قسه‌و لێدوان و بۆڵه‌بۆڵه‌یان! له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ نه‌ده‌كرد، به‌بێ زانینی ڕاستی هه‌واڵه‌كه‌ و میسداقییه‌ت و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌ن و توانای‌ هزری‌ وه‌رگر، هاوكات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وه‌رگر به‌ ئاسانتر و زووتر ده‌ستی ده‌گاته‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌وا زۆرجار ئه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌رونییه‌ی به‌سه‌ر وه‌رگر هێناوه‌ و زۆرجار وه‌رگر ده‌خاته‌ ژینگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ویستی خۆیی نییه‌ و ڕقیشی لێی ده‌بێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*