سەرەکی » وتار » سه‌رنووسه‌ر » كوردستانی نوێ لە خولی (نوێبوونەوە)دا

كوردستانی نوێ لە خولی (نوێبوونەوە)دا

پیرۆزە یادی كوردستانی نوێ، لە هەموو خوێنەران و لە هەموو رووناكبیران و هەموو هۆگرانی هەواڵ و زانیاریی دروست و شرۆڤەی سەنگین و بەدواداچوونی راست و رەوا.
پیرۆزە یادی ئەم رۆژنامە نوێیە كە یادەوەریی كوردستانی نوێی دوای راپەڕین و رزگاری و حوكمی خۆبەخۆی وڵاتەكەمانی لەخۆگرتووە.
پیرۆزە ماڵە ئاوەدانەكەی رۆژنامەی كاغەزی، كە مام و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردیانە خەڵات و بەراتی كوردەوارییەكی خاوەن خۆی لە گەشەكردن و پێشكەوتن.
ئەم رۆژنامەیە ئەمانەتێكی فەرهەنگی، میدیایی و سیاسییە كە (29) ساڵە تێكۆشەرانی قەڵەم و كاغەز و شاگردەكانی میقداد بەدرخان و پیرەمێرد وەك بیلبیلەی چاویان دەیپارێزن و گەشەی پێدەدەن.
ئەم تەلارە بەرزەی رۆژنامەوانیی كوردی، هەر هی ئێمە نییە، ئێمە وێستگەیەكین لە چەند وێستگەی پێشووی و داهاتووی. هاوڕێ و هەڤاڵەكانی پێشوومان و ئەوانەی دوای ئێمەش دێن شەریكن لەم شانازییە، بگرە پێش ئێمە فەزڵی دەستپێكیان هەیە و دوای ئێمەش فەزڵی ئەوەیان هەیە ناهێڵن كوانووە گەشەكە، كوێر بێتەوە. بۆیە بۆنەی هەموو ساڵێكی رۆژنامەكە، بۆنەشە بۆ نواندنی وەفاداری و بیرهێنانەوەی ئەو هاوڕێ و هەڤاڵانەمان. بۆنەیەكیشە بۆ باسكردنی رۆڵ و ماندووبوونیان سا بەڵكو هاندەریش بێت بۆ هاوڕێ و هاوپیشەكانی داهاتووشمان، كە بزانن دوایی لەگەڵ رۆژنامەیەك بەرخورد دەكەن كە رەنج و هیلاكییان دەناسێنێ و رێزی لێ دەنێت.
هەروەها ئەم بۆنەیەی (29) ساڵەش كە نزیكە لە رەوتێكی سێ دەیەیی، هاوكاتیشە لەگەڵ پەرەسەندنەكانی تەكنەلۆژیای میدیا كە رەنگە جێگۆڕكێش بە ناسنامەی رۆژنامەی كاغەزی و تۆڕی پەیوەندی و كاریگەرییەكانیشی بكات. یادەكەمان لەڕووی حزبی و سیاسیشەوە هاوكاتە لەگەڵ سەركەوتنی كۆنگرەی (نوێبوونەوە) كە هەم ناوەكەی مژدەی قۆناغێكی نوێی پێیە و هەم ناوەڕۆكەكەشی ئەرك و فەرمانەكانی یەكێتییەكان دادەڕێژێتەوە. بێگومان لەم ئاستەشدا راگەیاندنی یەكێتیش دادەڕێژرێتەوە و لەگەڵیشیا دامەزراوەكانی یەكێتی دادەڕێژرێنەوە، وەزیفەی كوردستانی نوێ لەچوارچێوەی راگەیاندنێكی نوێباودا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و هەموو هەڤاڵانیشمان لە كوردستانی نوێ دەبێ خۆیان و دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەم ئەركە تازانەدا رێكبخەینەوە. بۆ ئەوەی دەرەقەتی ئەركە نوێیەكانمان بێین و لەگەڵ خوشك و براكانمان لە راگەیاندنی یەكێتی، وێڕای دەستگرتن بە سەركەوتن و شانازییەكانمانەوە، بە رۆحێكی تازە و گیانێكی بەرزی قبووڵكردنی رەخنە و داننان بە كەموكوڕییەكانمانەوە تینوتاو بدەینەوە بە خیتابی ئیعلامی یەكێتی و لەناویشیاندا بێگومان وتاری ئازا و ئازادانەی كوردستانی نوێ.
دایمەن ئێمە كەلتوورە دەوڵەمەندەكەی مامی گەورەی رۆژنامەنووسانمان لەبیر بێت، كە دەیووت (لەسەر چەپكەگوڵی سەركەوتن خەومان لێنەكەوێت).
پیرۆزە هاوپیشە و هەڤاڵان لە خۆتان و لە خۆمان و لە خوێنەرانمان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*