سەرەکی » ئاراستە » دڵزار: سەد ساڵ تەمەن

لەدایكبووی 8/1/1920

دڵزار: سەد ساڵ تەمەن

رەهبەر سەید برایم

نەریتێكی جوان وشایستەیە، كەسایەتی هەیە لەو ئاستەیە، ڕێزلێنان بەزیندویی لە بەهرەداران، لە شۆڕەسواران، لە فیداكاران، لە ناوداران، لە كەسایەتی دیار وڕێزداری، وەك مامۆستا(ئەحمەد دڵزار)ی، ریزپەڕە وهەڵدەكەوێ بەدەگمەن، مرۆڤێكی وا بگاتە سەد ساڵ تەمەن، دڵزار سەدەیەكە سەد ساڵە، لەهەناسە وخەون وخەیاڵە، دەمێكە شاعیری دڵتەڕ، (ئەمین ئاغای ئەختەر) كە دەكاتە خاڵی باوكی مامۆستا دڵزار، لە شیعرێكدا كە بەدەنگی زوڵاڵی مشكۆی نەمر چریكاندویەتی پڕ بەزار:
لە پاش مەرگم چ فایدەیە بێیە سەر قەبرم لەبۆ شیوەن
هەتا ماوم نەفس فەرموو بپرسە چۆنە بیمارم
بۆیە مامۆستا دڵزار بەهەمان بۆچوون، لەقوڵایی دڵ ودەروون، دای رشتووە لەشیعرێكدا:
ئێمەی زیندووش لە كاتێكدا
خۆشەویستێك ئۆغر دەكا
سۆزی دەروون چاو ودڵمان
پڕ لە ئاو وئاگر دەكا
جا هاوڕێیان با بەر لەوەی
خۆشەویستێك بەهەژاری
جێمان بێڵێ وهەتا هەتا
نەگەینەوە بە دیداری
دەەبا ڕێزی لێبنێن و
هێندە بێ هۆشو هەست نەبین
هاوكارانمان با دڵخۆش كەین
چیدی مردوو پەرست نەبین
بۆیە حەقو شایانە، ئەو یاد وڕێزلێنانە، چونكە دڵزار ئەو زاتە مەزنەیە، گوڵو گەنجینەو خەزنەیە، هەر ئەو بەرەبابە خۆیان باغێكن لە گوڵەشیعر وهونەر(خۆی وخوشك وكوڕ وبرا شاعیرن) شارەزا وفریشتە وئازاد، خاوەن قەڵەم وژیرن.
بەرزترین بورج وشاخ ودرەخت لەزەوییەوە دەست پێ دەكات، گەورەیی لە ڕەگەوە بۆ بەرزی دەڕوات، مامۆستا دڵزار درەختێكی بەرز وڕیشەقوڵی داچەسپاوی لەمابەینی كەكۆن وهەیبەسوڵتانە، پەروەردەی باخی شەمەو شیوی رەزان وئۆمەر خوچانە، درەختێكی ڕانەقەنراوی بەلق وپۆپ وبەردارە، لە كوردستان باڵا وسایە وسێبەری دیارە، (شاعیر، زمانەوان، ڕۆژنامەوان، وەرگێڕ)، پێشمەرگە وتێكۆشەرێكی بەهەڵوێست وشۆڕشگێڕ، لەبنەماڵەیەكە ئەدەب پەروەر پێگەیووە، ڕۆژی لە دایكبوونی خۆی زانیوە:
هەشتی جەنەوەری ساڵی هەزار ونۆ سەد وبیست بوو
لەدایك بوونی دڵزار لەشاری كۆی خۆشەویست بوو
لە كۆیە لە باخچەی حەوشەی ماڵیان گوڵی رەشیان هەبووە، جگە لە باخی شەمەو ئۆمەر خوچان، بۆیە وەك هەنگ وپەپوولە وبولبول ڕێزی گوڵی زانیوە، لە ئەفسانەی گوڵی شەرمن چ جوانیەكی دەربڕیوە، سروشت خواز وگوڵناس بووە، گوڵستانی مەبەست وباس بووە، شیعری گوڵستانی هەیە بۆ خۆشەویستان:
دەڵێن كە خولقا گوڵ لە گوڵستان
سپی بوو سپی وەك بەفری كوێستان
بەڵام لەو دەمە، دەمی كردەوە
بۆ ماچ كردنی ڕووناكی بەیان
هەستی كرد ئادەم تەماشای ئەكا
بۆیە ڕوخساری سوور بوو لەشەرمان
ڕاستی ئاوابوو سەركوڵمی یارم
پێش هەڵمژینی بەر لە ڕاموسان
شیعرەكانی پڕ لەگوڵ وباخە، دەربڕی هەست وناخە، بۆیە وشەكانی گوڵ وگڕ وگەوهەرن، كاریگەر وپڕ لەجوانی هونەرن، ئاگری كوورەی مەشخەڵانی سروودی، بەموو شەدەمەی شیعرە ئاگرینەكانی جۆشداوە بەكوردی، شیعری سروودەكانی لەسەر لێوی شۆڕشگێڕان دەلەرێنەوە، هەر دەیڵێن ودەیڵێنەوە، سروودی (كارگەرین جەنگاوەرین)و(داری ئازادی بەخوێن ئاودەدەین)و(براگەل بخوێنن توانا دەبن)و(كوردستان جوانی ئێجگار شیرینی)و(گەنجی كەپیشەی هەر فەسادی بێ)و(جوانە كوردستان خاكی ڕەنگینت)و(لاوی كورد بخوێنە خوێندن مەرهەمە بۆ زامی گەل)و(قارو قینی گەل بەجارێ دای لەهارژنو تەقین) هەندێ لە شیعرەكانی، كراونەتە گۆرانی، بەو پەڕی عەشق وحەز:
ئەملا كەژێكە ئەو كەژێكە جوان وسەختو بەرز
لەناوەڕاستا دۆڵی سۆلافە پڕ لەباخو ڕەز
وەرە قوربان ئارامی دڵان، ساوەرە نازدار وەرە قوربان، دیسان مانگی نیسانە، (ئەی باڵا بەرزی نەرمو شل) سەیری ئەم پرچو بسكە، مەرەنجێنە، گیانە گۆڕاوی. مامۆستا دڵزار ئاسمانێكە بە پەلكەزێڕینە، بروسكەی سروودی ئاگرینە، مانگەشەوی جوانی ئەوینە، بارانی شیعری تەڕە، گەرم وبەكاریگەرە، هەتاوە خەباتو هەڵوێستی، هەموو تەمەنی ئازادی بوە، خواست ویستی:
هێزی یەكێتی وچرای زانستی
كورد ڕزگار ئەكا لە دیلی وپەستی
عەشقی گوڵ وجوانی بووە، دەشێ لە ڕۆستی (ئەستی)دڵزار وەك حەبیبەی حەزرەتی نالی وست فاتمەی هەردی وبەهیەی فەرەج الله ی كوردی دڵدار و وارێی خارە سێوە بووبێ، چونكە هەست ونەستی، بۆ ڕووخساری ئەستی، بەو شێوەیە هەژاندویەتی لە قوڵایی وناخ:
لەڕەنگی سوری گوڵەباخ
لەخوێن وبەفری سەرشاخ
لەپڕ تەوی شەو چراخ
لەگەڵ ئەشك ولەگەڵ ئاخ
ئەهۆنمەوە هەڵبەستی
وەسفی ڕووخساری ئەستی
زیاتر ئەشقی بۆ هەڵدەڕێژێ، لەدێڕێكی دیكە بۆ ئەستی دەبێژێ، بەو ڕاستییەو خەستییە:
دینی من، ئیمانی من، دوو چاوی مەستی ئەستی یە
گیانی من، هۆش ودڵی من، دیلی دەستی ئەستی یە
مامۆستا دڵزار گەرچی مرۆڤێكی مرۆڤ ودلۆڤان ومیهرەبانە، بەڵام لەبەر خەبات وهەڵوێستی سیاسی، هێندە ناز وسۆزی نەداوە بە ڕۆڵەكانی، سەرتاپا ژیانی ئاوارەیی وبەندی ولێقەومان وپڕ سەربەرزی بووە، ژیاوە بەمەردی وخۆڕاگری:
دڵ دەڵێ دڵزار لە بۆچی سینە كوورەی ئاگری
بۆچی فرمێسكت بە سروەی بەحری ئەبیەز ناسڕی
بۆچی داری غەم بەتەوری كەیف وشادی نابڕی
بۆچی بەرگی زیلەت سەرتا بەخوار دانادڕی
بۆچی لەڕێگە رەوشەنی ژینی بەرز داناگری
دڵزار:
ئەی دڵا بای بەحر وبەڕ ئەشكم وشك ناكاتەوە
باخی ڕەنگینی فەڵەستین دڵگەشیم ناداتەوە
كێوەكەی قودسی موقەدەس مەینەتم ناباتەوە
حەسرەتی دووری وەتەن خوێنی جگەر دەخواتەوە
ناعیلاجم خەم دەخۆم كەس غەم لەبۆ خۆی ناكڕێ
بۆیە ئاوات وئامانجی ئازادی بووە بە ئاوازی شیرینی شۆڕشگێرانە، شیعرەكانی دەربڕی ناخی دڵیەتی:
دنیا باخێكە ژیان گوڵیەتی
ئازادی زادی گەڵاو چڵیەتی
هیوا ئاوازی خۆش بولبولیەتی
دیلی میكرۆبی كرمی گڵیەتی
ئەوێ دەمێ لە چلەكان وساڵی چەپڵە لە كۆیە، زۆربەی تێكۆشەران لە ڕیزی حزبی شیوعی ڕێكخرابوون، لە گەڕەكی مۆسكۆ، لە شاری كۆیە شیعرەكانی مامۆستا دڵزار دروشم وپەیام وبابەتی كۆڕ وكۆبوونەوەكان بوون، وێردی سەر زمان بوون، لێی وردبینەوە بەدیقەت:
ڕاستی گفتار وئەسڵی حەقیقەت
لە شیعرەكانی دڵزار تێ ئەگەن
دڵزار شاعیرێكی بەسەلیقە و وردە، محەمەدی جەواهیری كوردە، كڵاوەكەی (دەرگەڵە)دروستكراوە بەنەخش چندراوە، كوردستان یان نەمانی لێ نوسراوە.
ڕێز وخۆشەویستی لەو پەڕ وڕادەبەدەر بووە، بێباك، بێمنەت، لەسەر یەك بیروباوەڕ بووە، ڕاستی گوتوە، گەرچی دڵ نەرمە:
ئەو شانازیەی لە دڵما گەرمە
تەنیا پتەوی بیر وباوەڕمە
ڕاستگۆ بووە، لە شیعرەكانی، لە تێكۆشان دانەبڕاوە، گەرچی تەمەنی هەڵكشاوە، بۆ سەد ساڵ، بەڵام دانەبڕاوە لەهەست وخەیاڵ، بەڵام ئاسایی نەژیاوە هەرچەن تەمەنی درێژترە لە تەمەنی (پێغەمبەر ولینین) 37 ساڵ لە پێغەمبەری خۆشەویست و46 ساڵ لە لینینی مەزن، گەورەترە شوكر خۆی بەوتەمەنە ڕازیە:
بەڵام ئەوەی كە مایەی سەربەرزی و شانازیە
سەرشۆڕ نەكردنمان خەبات وگیان بازیە
مامۆستا دڵزار شاعیر و وەرگێڕێكە بە ئەزموون، دیارە لە (نێرگزەجاڕی گەردوون) چەندین شیعری جوانی وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری شیرینی كوردی، لەگەنجینەی چوار خشتەكییەكانی، بابا تایەری هەمەدانی، هێندە بە وەستایی وشارەزایی ولێزانینی لە شێوەزاری (لوڕی)یەوە هێناوەتە سەر شیلە وشیرینی شێوەزاری (سۆرانی)، لە كوردی بۆ كوردی، پڕ لە جوانكاریی و وردی، توخوا دڵزار، چی كرد
ئیلاهی گەردنی گەردوون شەوەد خورد
كە فرزەندی جیهانرا جوملەگی برد
یەكەمی ئایە فڵان زیندە وابی
هەمی گویەند فڵان ابنی فڵان مرد
***
خودایە گەردەنی گەردون ببی ورد
كە ڕۆڵانی جیهانی سەرلەبەر برد
یەكی نەیگوت فڵان وا زیندو بووەوە
دەڵێن گشتیان فڵان كوڕی فڵان مرد
شارەزا و وەستای شیعرە وشەكانی پشكۆی سوورە:
شیعر پرتەوی سەرچاوەی نوورە
بروسكەی وزەی هەستو شعوورە
شیعر هەیە شعرە، سپی سپی كلۆی بەفرە، توێژەران پێی نەزانن كفرە، دەچریكێنێ وەك بولبوولان، لەسەرچڵان! چۆن هەنگ هەڵدەمژێ شیلە وهەڵاڵەی گوڵان، ودوایی دەیكا بە بەتامترین شیرینی وهەنگوین، دڵزاریش لەوتەی نایابی جوان جوان دەهۆنێتەوە هەڵبەستی ڕەنگین.
مامۆستا دڵزار لەژیان ودونیاو مەرگ وپیری گەیشتووە، ئەو ڕایەی لە شیعردا ڕەنگیداوەتەوە وبەشعر دایڕشتوە، وای دەربڕیوە هەروا!
تەمەن هەرچەند درێژبێ كورتە بەخوا
وەكو خەونێكە خێرا دێت ودەڕوا
بون ونەبوون، مەرگ وژیان حەتمییە پێكەوە یاسا وڕێسان…
بەسەرپردی ژیانا دەستەبەدەستە ئینسان
هەتا هەتایێ دێتو گوزەردەكا بێ وچان
پردێكی سەرسوڕمێن وسەیرە لەسەر دووپایە
بەندە كەبنكی هەردوو لەناخی هیچی دایە
لەبەینی دوونەبوندا ماوەی ژیان دیارە
خەباتو خۆشەویستی وئومێد وئیش وكارە
گوڵی تەمەن وژیان وخۆڕاگری وخەم وبەندی وهیواو هەڵوێست وخۆشەویستی وجوامێری بووە، حەقی خۆیەتی، كە گوتویەتی، بەشێوازی شیعری هێمن:
شاعیرێكی كوردی سەربەرز وپەرێز پاكم ئەمن
چقڵی چاوی دوژمنان وڕەند وبێباكم ئەمن
ئەودەم هاوڕێ كەریم ئەحمەد سكرتێری حزبی شیوعی بوو، شەهید بۆتانی كوڕی، یەكەم كوڕی شەهیدی سەركردەیە لە مێژووی كوردایەتی، كە خوێنی ڕژا لەسەنگەری شەرەف وناوجەرگەی پێشمەرگایەتی، دڵزار بۆ ئەو شەهیدبوونە، شیعرێكی هەیە بەڵگەیەكی ئاشكراو ڕوونە، بۆ شەهید بۆتان ویادی:
بۆتان ئەی تیشك وپڕشنگی شادی
گڕی خەباتو گوڵی ئازادی
مەردانە وەستای وەك پۆڵا وئاسن
چاوت دانەخست لە ئاستی دوژمن
هەتا توانیت تێكۆشانت كرد
خزمەتی گەل ونیشتیمانت كرد
ئەو ڕێیەی ئێوە دێراتان بەخوێن
ڕێی ئازادیە ڕێی دژمن بەزێن
شەرتە تامابین ئەی كاكە بۆتان
هەرگیز لانەدەین لەڕێی تێكۆشان
بەڕاستی لای نەدا لەڕێی تێكۆشان وكۆمەنیستی، بێ وچان خەباتی كرد بە باوەڕ نەگۆڕی وخۆشە، بەدرێژایی سەد ساڵ تەمەن، پردی پەیوەندی مێژوویی ئەو سەردەمەن!
مرۆڤ ناژی بەقەد بەرد و ودرەخت ومەل
مەرگ وژیان، نهێنی یەكە بۆتە، مەتەڵ
چیان نەدی، خدری زیندە وحەزرەتی نووح
گوایە مردن، لە جێی قایمە ودەرنایە رووح
خودایە هەر بمێنێ! نسكۆنەهێنێ، ئەو شاعیرە ڕێزدار وناودار وئازگار وشیعر نازدارە، ئەو باخە پڕ گوڵە، ئەو شاخە بەرزە، ئەو ئەستێرە پڕشنگدارە، تەمەن درێژتر بێ ئەو مامۆستا دڵزارە.
توخوا یاران ڕێزداران، تاماوە بیكەن گوڵباران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*