سەرەکی » راپۆرت » 10 ململانێ هه‌ن پێویسته‌ چاودێری‌ بكرێن

له‌ ساڵی‌ 2020دا

10 ململانێ هه‌ن پێویسته‌ چاودێری‌ بكرێن

رۆبێرت مالی‌

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

ململانێ ناوخۆییه‌كان وه‌ك ئاوێنه‌ وان بۆ گۆڕانكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چونكه‌ شێوه‌ی‌ هه‌ڵایسان‌و ده‌ركه‌وتن‌و به‌رده‌وامبوونیان‌و دواتر یه‌كلابوونه‌وه‌یان له‌ گۆڕانكاریی په‌یوه‌ندی‌ نێوان زلهێزه‌كاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، له‌گه‌ڵ فراوانبوونی‌ خواستی‌ لایه‌نه‌ ئیقلیمییه‌كانیشدا ئه‌و دۆز‌و بابه‌تانه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سیستمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بایه‌خیان پێدات‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ش ئاشكرا ده‌بن كه‌ سیستمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پشتگوێیان ده‌خات، هه‌موو ئه‌مانه‌ چیرۆكی‌ سیستمێكی‌ جیهانی‌ ئاڵۆسكاومان پیشان ده‌دات كه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ گۆڕانكاریی سه‌رتاسه‌ریدایه‌، سه‌ركرده‌ ئیقلیمییه‌كانیش له‌لایه‌ك بوێرانه‌‌و له‌لایه‌كیش به‌ ترس‌و پارێزه‌وه‌ له‌ بۆسه‌دان بۆ قۆستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ گۆڕانكارییه‌كه‌ ده‌یڕه‌خسێنێت.
ته‌نیا به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ كات ده‌رده‌كه‌وێ ململانێكان به‌ چ لایه‌كدا ده‌شكێنه‌وه‌‌و به‌ كوێ ده‌گه‌ن، یان ئه‌مریكا كه‌ حه‌ز به‌ قه‌ڵه‌مڕوی‌ تاك جه‌مسرانه‌ ده‌كات‌و دڵی‌ په‌رۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر خۆی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ جیهان بكات، له‌ هه‌مان كاتدا خۆی‌ له‌ به‌رپرسیارییه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌دزێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ له‌م رۆژگاره‌دا دۆست‌و دوژمنی‌ ئه‌مریكا نازانن ئه‌مریكا له‌ كوێی‌ بابه‌ته‌كاندا ده‌وه‌ستێ، واته‌ نازانرێ به‌ نیازی‌ چییه‌ به‌وه‌ش متمانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌گه‌ری‌ گۆڕانكاریی لای‌ هێزی‌ دیكه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش هه‌یه‌، وه‌ك چین كه‌ به‌ هێمنی‌‌و پشوودرێژی‌ كار ده‌كات‌و پلان داده‌نێت، هیچ په‌له‌ی‌ نییه‌ له‌ به‌كارهێنان‌و سه‌پاندنی‌ هه‌ژموونی‌ خۆی‌، به‌ڵام روسیا زۆر به‌ هه‌ڵپه‌یه‌‌و وا ده‌درده‌كه‌وێ سه‌بری‌ نه‌ماوه‌‌و ده‌یه‌وێ به‌ زووترین كات ده‌رفه‌تی‌ گۆڕانكارییه‌كان بقۆزێته‌وه‌.
به‌ده‌ر له‌ ململانێی‌ هێزه‌ ئیقلیمی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بابه‌تێكی‌ دیكه‌ش كه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌، ئه‌و ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانانه‌یه‌ كه‌ له‌ زۆر وڵاتی‌ جیهان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ناوخۆیی‌و ئیقلیمی‌‌و جیهانیش دروست ده‌كات. به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ 10 ململانێ باس ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ساڵی‌ 2020دا ده‌بێ چاودێری‌ بكرێن:
یه‌كه‌م: ئه‌فغانستان، ژماره‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ ململانێی‌ ئه‌فغانستاندا ده‌كوژرێن، زۆرتره‌ له‌ ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كانی‌ هه‌ر ململانێیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ جیهان، گروپه‌كانی‌ تاڵیبان‌و هاوشێوه‌كانی‌ به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌ن‌و هێزه‌كانی‌ واشنتۆن‌و كابوڵیش درێغییان نه‌كردووه‌ له‌ هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و گروپانه‌، له‌و نێوانه‌شدا خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیش، راسته‌ له‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوودا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڵام براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كه‌یدا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات یه‌كلابوونه‌وه‌ی‌ ململانێكه‌ روون نه‌بێت، له‌سه‌ر ئاستی‌ دیپلۆماسیش پار تروسكاییه‌ك به‌دی‌ كرا، چونكه‌ ئه‌مریكا رێكه‌وتنێكی‌ سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ تاڵیبان ئیمزا كرد كه‌ به‌ڵێنی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكای‌ له‌ ئه‌فغانستان تێدایه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ تالێبانیش په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ نه‌مێنێ‌و له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ كوتوپڕ مردنی‌ وتوێژه‌كانی‌ راگه‌یاند‌و شه‌ڕ ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌، دوای‌ ماوه‌یه‌ك به‌ هه‌وڵی‌ دیپلۆماسی‌ دیسان گفتوگۆ ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش كۆتاییه‌كه‌ی‌ نادیاره‌ به‌ كوێ ده‌گات.
دووه‌م: یه‌مه‌ن، یه‌مه‌ن به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێ خراپترین كاره‌ساتی‌ مرۆیی لێ كه‌وتۆته‌وه‌، له‌ 2020دا ده‌رفه‌تێك هه‌یه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ جه‌نگ، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ چه‌ند هۆكارێكی‌ ناوخۆیی‌و ئیقلیمی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كاتی‌ خۆیدا سوودی‌ لێوه‌رنه‌گیرێت، له‌ ده‌ست ده‌چێت. قوربانیانی‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن 100 هه‌زار كه‌س ده‌بن، ئه‌وه‌ش له‌ وڵاتێكدا كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ژارترین وڵاتی‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌، ده‌رفه‌ته‌كه‌ رێكه‌وتنی‌ ستۆكهۆڵم ره‌خساندوویه‌تی‌، به‌ڵام ململانێكه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌‌و هه‌ندێك سنووریشی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ وه‌ك ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییه‌ی‌ حوسییه‌كان كه‌ كرایه‌ سه‌ر سعودیه‌‌و وه‌ڵامی‌ تۆڵه‌ی‌ سعودیه‌ش بۆ هێرشه‌كه‌، ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا ده‌رفه‌ته‌كه‌ی‌ هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ سعودیه‌شه‌وه‌ خوازیارن به‌ گفتوگۆ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر‌و ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌ سیاسییه‌كه‌ بكات ره‌نگه‌ له‌ 2020دا جه‌نگ كۆتایی بێت.
سێیه‌م: ئه‌سیوپیا، ئه‌م وڵاته‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاوه‌ن هه‌ژموونه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌فریقا، له‌ ساڵی‌ 2018دا ئابی‌ ئه‌حمه‌دی‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ندێك هه‌نگاوی‌ بوێرانه‌ی‌ نا، كۆتایی به‌ شه‌ڕی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ریتیریای‌ دراوسێی‌ هێنا، زیندانه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئازاد كرد، پێشوازی‌ له‌و یاخیبوانه‌ كرد كه‌ روویان كردبووه‌ تاراوگه‌، كۆمه‌ڵێك كه‌سی‌ چاكسازیخوازی‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ حكومه‌تدا دامه‌زراند، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ ئاشتی‌ 2019ی‌ پێ به‌خشرا، به‌ڵام هێشتا ئاسۆیه‌كی‌ روونی‌ نییه‌ ئه‌ویش به‌هۆی‌ كۆمه‌ڵێك ململانێی‌ تایه‌فی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا كه‌ ئه‌گه‌ری‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌‌و له‌ ئێستاشه‌وه‌ كه‌ بۆ ساڵی‌ 2020 هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌یه‌ باس له‌ سیستمی‌ فیدڕاڵی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ناوچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت‌و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ش به‌ش بكات.
چواره‌م: بۆركینا فاسۆ، ئه‌م وڵاته‌ش له‌ توندوتیژی‌‌و ململانێوه‌ ئاڵاوه‌، له‌ ساڵی‌ 2016وه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌نساری‌ ئیسلام به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ مالام ئیبراهیم دیكۆ ناوبه‌ناو هێرشی‌ چه‌كداری‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دوای‌ له‌ناوچوونی‌ دیكۆ له‌ شه‌ڕێكدا ساڵی‌ 2017، جه‌عفه‌ری‌ برای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گروپه‌كه‌ی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م برایه‌شیان ده‌وترێ له‌ هێرشێكی‌ ئاسمانیدا ساڵی‌ 2019 كوژراوه‌، به‌ڵام شه‌ڕ‌و پێكدادانی‌ چه‌كداری‌ له‌ به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ باكوور‌و خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ نیو ملیۆن كه‌س ئاواره‌ بوون، گروپی‌ دیكه‌ی‌ جیهادیش هه‌ن كه‌ له‌ مالییه‌وه‌ ده‌په‌ڕه‌وه‌ بۆ بۆركینا فاسۆ‌و كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ پایته‌ختیش خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی هاووڵاتیان وای‌ كردووه‌ حكومه‌ت نه‌توانێ به‌ باشی‌ به‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستانه‌ رابگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ وڵاته‌كه‌ نزیكه‌.
پێنجه‌م: لیبیا، بارودۆخی‌ لیبیا به‌ جۆرێكه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتوودا شه‌ڕ زیاتر ته‌شه‌نه‌ بسێنێ، گروپه‌ ركاره‌به‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاوكاری‌ ده‌كرێن‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌یان خوازیاره‌ به‌ بارێكدا ته‌رازووی‌ هێز بگۆڕێت، ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2014وه‌ دوو له‌ت بووه‌، حكومه‌تێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فایز ئه‌لسه‌راج كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دانانی‌ پێدا ناوه‌‌و ئیداره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیش جێپێی‌ خۆی‌ كردۆته‌وه‌، له‌ 2019دا رووداوه‌كان به‌ جۆرێك په‌ره‌یان سه‌ند، ئه‌گه‌ری‌ وڵات هه‌یه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و جه‌نگێكی‌ گشتگیر په‌لكێش بكات، خراپی‌ دۆخی‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێ وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ وه‌ك میسر‌و ئیمارات‌و قه‌ته‌ر‌و هه‌روه‌ها توركیا‌و ته‌نانه‌ت روسیاش هه‌ریه‌كه‌و پشتیوانی‌ له‌ گروپێك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ‌و خوێنڕشتن ئاسان نه‌بێت.
شه‌شه‌م: ململانێی‌ ئه‌مریكا، ئێران، ئیسرائیل‌و كه‌نداو، له‌ ساڵی‌ 2019دا گرژی‌‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان ئه‌مریكا‌و ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار په‌ره‌ی‌ سه‌ند، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ له‌ ساڵی‌ تازه‌دا بگاته‌ ئاستی‌ كوڵان‌و هه‌ڵچوون، ساڵی‌ 2015 ئیداره‌كه‌ی‌ تره‌مپ له‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران كشایه‌وه‌، سزای‌ زیاتری‌ سه‌پاند به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ڵام هیچكام له‌و رێوشوێنانه‌ سوودیان نه‌بوو، له‌به‌رامبه‌ردا ئێرانیش زیاتر په‌ره‌ی‌ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ دا‌و هه‌ژموونیشی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاد كرد، ململانێكه‌ رۆژ به‌ رۆژ روو له‌ زیادبوونه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ره‌نگه‌ رۆژێك له‌ رۆژان كار بگاته‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌‌و پێكدادانی‌ سه‌ربازی‌.
حه‌وته‌م: ئه‌مریكا‌و كۆریای‌ باكوور، له‌ ساڵی‌ 2017دا هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو وڵاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمییان كرد دژ به‌یه‌كتر، ساڵی‌ دواتر گرژی‌‌و ئاڵۆزییه‌كان كه‌مێك هێوربوونه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ 2019شدا ئه‌مریكا مانۆڕه‌كانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ كۆریای‌ باشوور راگرت‌و كۆریای‌ باكووریش تاقیكردنه‌وه‌ موشه‌كییه‌كانی‌ خۆی‌ راگرت، به‌وه‌ش دۆخه‌كه‌ هێورتر بۆوه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌ردوو وڵات كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان هه‌ره‌سیان هێنا ئه‌و كاته‌ی‌ ناكۆكی‌ كه‌وته‌ نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ چه‌كداماڵین‌و لابردنی‌ سزا سه‌پێنراوه‌كانی‌ سه‌ر كۆریای‌ باكوور، دوای‌ ئه‌وه‌ كۆریای‌ ده‌ستی‌ كرده‌وه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ موشه‌كییه‌كانی‌ به‌ هیوای‌ دروست كردنی‌ فشار بۆ سه‌ر ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا تا ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م نووسینه‌ش ئاسۆیه‌كی‌ روون به‌دی‌ ناكرێ بۆ چاره‌سه‌ری‌ دیپلۆماسی‌.
هه‌شته‌م: كشمیر، له‌ ساڵی‌ 2019دا ململانێی‌ نێوان هیندستان‌و پاكستان له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كشمیر سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌، ئه‌و هه‌رێمه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و دوو وڵاته‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی‌ ده‌زانن‌و له‌ شه‌ڕی‌ نێوان هێندستان‌و پاكستانی‌ 1947‌و 1948وه‌ تا ئێستاش كێشه‌كه‌ ساغ نه‌بۆته‌وه‌، ساڵی‌ رابردوو یه‌كه‌م رووداو ئه‌وه‌بوو ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ پاكسان هێرشیان كرده‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌كداری‌ هیندستان‌و له‌ وه‌ڵامدا هیندستانیش سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ پاكستانی‌ بۆردومان كرد، پاكستان دیسان به‌ بۆردومان وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌، گرژی‌‌و ئاڵۆزییه‌كان زۆر زیاتر بوون به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی‌ هیندستان مافی‌ حوكمی‌ زاتی‌ له‌ هه‌رێمی‌ جاموا‌و كشمیر سه‌نده‌وه‌‌و راسته‌وخۆ خستییه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ نیودلهی‌‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر چالاكوانی‌ سیاسی‌ ده‌ستگیر كرد‌و بۆ ماوه‌یه‌كیش هۆكاره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ په‌ك خست، ئێستاش مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ هاندانی‌ پاكستان راپه‌ڕینی‌ جوداخوازانه‌ به‌رپا بكه‌ن، هه‌روه‌ها مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ش به‌ دوور نازانرێت كه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ نێوانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كشمیر، جه‌نگی‌ هیندستان‌و پاكستان ده‌ست پێ بكات‌و هه‌ردوو وڵاتانیش خاوه‌نی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمین.
نۆیه‌م: ڤه‌نزوێلا، ساڵی‌ رابردوو ئه‌و وڵاته‌ دوو حكومه‌تی‌ گۆڕی‌‌و هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆ‌و نیكۆلاس مادۆرۆ دوای‌ سه‌ركوت كردنی‌ راپه‌ڕینێكی‌ مه‌ده‌نی‌‌و سه‌ربازی‌ له‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردوودا له‌سه‌ر كار لاناچێ، ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك سزای‌ به‌سه‌ردا سه‌پاند، به‌ڵام بێسوود بوو، ڤه‌نزوێلا كه‌وتۆته‌ ژێر باری‌ گرانی‌ هه‌ژارییه‌وه‌، له‌ 2018دا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان هه‌وڵی‌ زۆری‌ دا وا له‌ مادۆرۆ بكات ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌، دۆخه‌كه‌ روو له‌ خراپبوونه‌‌و ته‌قینه‌وه‌ی‌ قه‌یران‌و هه‌ره‌سی‌ حكومه‌ت چاوه‌ڕوانكراوه‌.
ده‌یه‌م: ئۆكرانیا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ رابردوودا ناوچه‌ی‌ كریمیا به‌ هاندانی‌ روسیا له‌ ئۆكرانیا جیابۆوه‌، ئێستا قه‌یرانی‌ ناوچه‌ی‌ دۆنباسی‌ بۆ قوت بۆته‌وه‌، ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵ ده‌بێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ش داوای‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌مه‌شدا روسیا ده‌ستی‌ هه‌یه‌‌و هانده‌ره‌، رێكه‌وتنی‌ مینسك 2014‌و 2015 هه‌وڵێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌، به‌ڵام گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر ئاسان نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مۆسكۆ‌و كیێڤ كۆك نین له‌سه‌ر به‌نده‌كانی‌، هه‌رچه‌نده‌ زیلینسكی‌ سه‌رۆكی‌ ئۆكرانیا له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا به‌ڵێنی‌ دا ئاشتی‌ به‌دی‌ بهێنێت، روسیاش هه‌رچه‌نده‌ نه‌رمی‌ نواندووه‌ بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ زیلینسكی‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی‌ دۆنباس، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا قسه‌یه‌‌و له‌ كرداردا هه‌ڵوێستی‌ نه‌گۆڕاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانێكی‌ نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌گه‌رێكی‌ نزیكه‌.

مجله‌ فورین بولیسی‌ الامریكیه‌

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*