سەرەکی » دۆسێ » کێشەی کورد لە دیدی نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیاوە

دۆسێ

کێشەی کورد لە دیدی نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیاوە

پەیڤێک
گەشەسەندنی گیانی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی لە باکووری کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگە لە لای کورد و غەیرە کوردیش، بەتایبەتی لە لای نووسەر و چاودێرە سیاسییە تورکەکان، بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە بزانین نووسەرە غەیرە کوردەکان بەتایبەتی تورکەکان چۆن سەیری ئەم مەسەلەیەیان کردووەو چارەسەریان بۆ ئەم کێشەیە چۆن بووە.
لەم دۆسێ تایبەتەدا، کە لە لایەن نووسەرێکی تورکەوە نووسراوە بە ناوی «ئوميت جزرە ساكاڵيئۆغڵو « و مامۆستا «محەمەد حەمەساڵح تۆفیق» لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی، باسی تێڕوانینی نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا دەکات بۆ کێشەی کورد ، کە بەشێکیان کوردن و بەشێکی تریان تورکن.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر پشتی بە نووسین و بەرهەمی 12 نووسەری ئیسلامی کردووە کە نیوەیان کوردن و لەناو پارتی رەفای ئیسلامی تورکیدا کاریانکردووە، نووسەر باسی شێوازی تێڕوانین و شرۆڤەی سیاسی و چارەسەری ئەوان بۆ کێشەی کورد لە تورکیا دا دەخاتە ڕوو.
ئێمەش لەبەر گرنگی ئەم بابەتە پێمانباشبوو وەکو دۆسێیەکی تایبەت بە دوو بەش ، لە کوردستانی نوێدا بڵاوی بکەینەوە.

کوردستانی نوێ

ناسیۆنالیزمی کوردی لە روانگەیەکی ئیسلامییەوە
گوتاری نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا

ئوميت جزرە ساكاڵيئۆغڵو

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی دووەم و کۆتایی
شوناسی کوردی و ئەو داواکارییانەی پشت بە ماف دەبەستن

نوێترین بۆچوون کەوا کۆنترۆڵی ئەقڵییەتی میللیی کوردی و ناسیۆنالیزمی کردووە «بۆچوونی شوناس یان ناسنامەیە»34. لە زۆربەی کاتەکانی جەنگی سارددا کە هاوزەمان بوو لەگەڵ بەرفراوانبوونی دیموکراتی لە تورکیادا، کە «مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان» بەرجەستە بووبوون35، لەگەڵ ئەودوای وڵاتدا کە کۆنترۆڵی ئەقڵی سەرکردەکانی بزووتنەوەی کوردی کردبوو. بیر و ئایدیای شوناس لەئێستادا داواکاری لەسەر بنەمای ماف رەتدەکاتەوە بەو پێیەی کە هاوکاریی ئاوێتەبوونی کورد دەکات لەگەڵ تەوژمی باڵادەستدا و شکست دێنێت لە تێگەیشتنی بەهای شوناسێکی کوردیی جودادا.
چۆن نووسەرە ئیسلامییەکان مامەڵە لەگەڵ مەسەلەکەدا دەکەن؟ وا باشترە کە ئاماژە بە بوونی جیاوازیی راوبۆچوون بکەین لە نێوان نووسەرە کورد و غەیرە کوردەکاندا سەبارەت بە بوون و دانپیانانی «ناسنامەیەکی» کوردیی جیا. لەکاتێکدا کە نووسەرە کوردەکان هیچ دژوارییەک نابینن لەنێوان بەشداربوونێکی تەواو لە داواکاریی ناسنامە و بەدیهێنانی یەکێتییەکی ئیسلامیی باڵا لە ژێر سایەی ئوممەدا، کەچی نووسەرە غەیرە کوردەکان ئەمانە بە نەگونجاو دادەنێن. بەڵام بۆ هەردوو گرووپەکەی نووسەران، «چارەسەرێکی نیشتمانی» بۆ کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێچەوانەی سەرەتا بنەڕەتییەکانی ئوممەیە لەبەرئەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان دابەش دەکات لە ناوچەکەدا. لە سەرێکی ترەوە، فۆرمەلەی پەسەندی ئوممە ئامانجی ئەوە نیە تەنها یەکەیەکی کارگێڕی دامەزرێنێت، بەڵکو یەکێتییەکی رۆحی لە نێوان تورک و کورد و عەرەب و ئێرانییەکان و کۆمەڵگە ئیتنیکییە ئیسلامییەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە یادی نموونەی جارانی پان ئیسلامیی عوسمانییەوە. بە پشتبەستن بەو باوەڕەی کە «… لەبری خستنەڕووی مەسەلەکە وەک کێشەیەکی کوردی، واباشترە بەو چاوەوە لێی بڕوانین کە مەسەلەیەکی بنیاتنانەوەی ئەو سیستەمەیە کەوا تورک و کورد وتێیدا وەک یەک بژین»36. ئەوان بەمە بیرۆکەی مافی چارەنووس بۆ کورد وەدەردەنێن بەوپێیەی کە بیرێکی تەواو نامۆیە بە هزر و ئەقڵی ئیسلامی37 و لای ئەوان بیرۆکەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی «ناشەرعییە» بە پێی پرنسیپەکانی ئیسلام38.
فۆرمەلەی نەتەوەیی/ نیشتمانیش رەتکراوەتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە وێنەیەکی دەقاودەقی ناسیۆنالیزمی تورکییە و چەمکی نەتەوە بەرهەمدەهێنێتەوە بە پێی بنەمای «رەگەز یان نەژاد»39. لەم دید و بۆچوونەوە، داواکاریی ئیتنیکی یان نەژادی بۆ شوناس جەختکردنەوەیەکی پەیوەندیدارە و بە نەمان و لەناوچوونی شوناسە ئیتنۆنەتەوایەتییەکان ئەمیش لەناودەچێت لەژێر پەردەی ئوممەدا. سەبارەت بەو دەوڵەتە نەتەوەییە ئیسلامییانەی کە حاڵی حازر هەن، نووسەرەکان بەتەواوی ناکۆکن لەگەڵ ئەو دۆخە جیاوازەیان وەک دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن بڕیاری خۆیان. عەبدولڕەحمان دیلیپاک ئەوە رادەگەیەنێت کە «ئەگەر مەسەلەکە بە تەبیعەتی حاڵ بێت، ئەوە مافی بوونی کوەیت وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی مافێکی جیددی بێت، ئەوە بە حوکمی پاساوی لۆجیکی هەمان ماف پێویستە کوردیش بگرێتەوە. بەڵام من نەیارم لەگەڵ بوونی کوەیتدا وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی40.
لێکدانەوەیکی دووەم هەیە بۆ ئوممە کە گوتارێک بەکاردێنێت و هاوتەریبە لەگەڵ پلاتفۆرمە چەپڕەوەکانی تورکیادا و هەردووک نووسەرانی ئیسلامیی کورد و تورکیش لەخۆدەگرێت. ئەم گوتارە41 راشکاوانە ئیشارەت بە پێویستیی رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و باڵادەستیی یاسا و ئازادیی تاکەکەس دەکات لە ناوچەکەدا. بەڵام هێشتا هەندێکیتر هەن قسە لەسەر مافی کولتووریی کوردەکان دەکەن بەپێی بنەمای شوناسیان: «لە رەگوڕیشەی کێشەی کورددا ناکۆکی و ململانێیەک هەیە سەبارەت بە قبووڵکردن و سەلماندنی شوناسێکی فیزیکی و ئەنترۆپۆڵۆجی و مافی ئەم گەلە بۆ پارێزگاری لەم شوناسە دیاریکراوە» وەک عەلی بوڵاک دەڵێت42. تەنانەت تورکێکی ناسیۆنالیستی پەڕگری هەڵگەڕاوە کە چووەتە نێو ریزی ئیسلامییەکانەوە پێ لەوە دەنێت کەوا کورد راستییەکی جیای شوناسیان هەیە و باس لەو هۆکارە دەکات کە بۆچی هەڤاڵە کۆنەکانی ئەمەیان رەتکردووەتەوە: «… مەسەلەکە لەبەر ئەوە نیە کە باوەڕیان وایە کوردەکان تورکن … بەڵکو خەمی ئەوەیانە کە پارێزگاری لە یەکگرتوویی و سەلامەتیی دەوڵەت بکەن»43.
نووسەرە کوردە ئیسلامییەکان هەنگاوێکی تریشیان ناوە و داکۆکی لە زەمانەتی دەستووری دەکەن بۆ بوونی کولتووریی کورد. لەم رووەوە محەمەد مەتینەر و ئەڵتان تان و عوسمان تونج لەسەر ئەم خاڵە کۆکن. مەتینەر رایدەگەیەنێت کەوا «دەستەبژێری دەسەڵاتی ئەمڕۆ لەئێستادا ئاشکرایان کردووە کە دان بە واقیعی کورددا دەنێن، بەڵام هیچ بابەتێکیان بۆ ئەوە نەخستووەتەڕوو. پێویستە ئەوان زەمانەتی مافە کولتووری و نەتەوەییەکان (بۆ کورد) پێشکەش بکەن…44. «شوناسی سیاسییان لەڕووی دەستوورییەوە زەمانەت دەکرێت و … من ئاوها بیر لە رەهەندی کولتووریی کێشەکە دەکەمەوە»45. تان ئەمەی بۆ زیاد دەکات، بەڵام تونج ئەنجامگیریی ئەوە دەکات کەوا «ئەگەر ناسنامەی کوردی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە زەمانەت نەکرێت، راگەیاندنە سیاسییەکانی کە بەمدواییە دەرچوون نابن بە مایەی رەزامەندی و مانایەک نابەخشن و جێی قەناعەت پێکردن نین»46. لەکاتێکدا کە سیاسەتەکانی شوناس بووە بە جێی بایەخ لە روخساری جیهانیدا، ئەوە بنەچە ئیتنیکییەکانی نووسەرە ئیسلامییە کوردەکان پێدەچێت ناچاریان بکات بەدوای پانتاییەکی دانپیانانی کوردبووندا بگەڕێن لەناو چوارچێوەی ئوممەدا. پاساوی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارەکانی دەرەوەی خواستیان. مەتینەر لە رۆژنامەی میللی گازێتیدا دەنووسێت «کێشەکە … تەنها هەر ناوچەیی یان ئابووری نییە … بەڵکو بەستراویشە بە رەهەندی شوناسی کوردیشەوە. بەم رەهەندەوە مەسەلەکە دەبێتە پرسیارێکی ‹کوردی› «47. هەروەها ئەوان پەیڕەویی شێوازێکی زیاتر لیبراڵی دەکەن لە جێبەجێ کردنی مەسەلەی ئوممەدا. تانیش ئامۆژگاریی ئەوە دەکات کەوا «لێگەڕێن با ئایدیۆلۆجییەتێک نەسەپێنین و لە بەرنامەیەکی نوێگەریشدا بە پێی تێڕوانینی یاقووبی بەشداربین. لێگەڕێن با ئەو خەڵکە والێبکەین بژین و قسە بکەن و خۆ ئازاد بکەن … پاشان لێگەڕێن با خەڵک بژارەیان بەدەستی خۆیان بێت… ئەوە ئیسلامە و لە مێژووی خەڵکی تورکیادا هەیە و ئەوان ئەگەر ئەمڕۆ ئیسلامیان هەڵبژارد یان نە خۆیان ئازادن و لێگەڕین با نەیسەپێنین»48.
لەبەرانبەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئیسلامی لیبراڵی بە پێی بنەمای تێگەیشتنیکی نوێ بۆ شوناس، ئارگومێنتی پێچەوانە هەیە لەنێو نووسەرە کوردەکاندا، کە لە حاڵەتێکی دیاریکراودا، رەنگدانەوەی ئەو گوتارە رۆژهەڵاتناسییە ناسراوەیە کە لە قسەکانی سەباح قەرەدا هاتووە و دەڵێ «واقیعی فەرهەنگیی کوردەکان ئەوپەڕی دواکەوتووە»49 و «ئەگەر ویستمان دەوڵەتێکی جیا دروست بکەین ، ئاخۆ ئێمە لە دۆخێکداین کە بواری ئەوەمان هەبێت هەموو توخمە پێویستەکانی دەوڵەت کۆبکەینەوە؟ ئەی رۆمان و شیعرەکانمان کوا؟ ئەوانەی باوەڕیان وایە کە شارستانییەت بێ شیعر دروست دەکرێت هەڵەن»50. قەرە سەرکۆنەی ناسیۆنالیزمی تورکی دەکات لەبەر هەژار کردنی کولتووری کوردی بەهۆی داخستنی شوێنە گشتییەکان بە رووی زمانی کوردیدا و دابەزاندنی گەلی کورد بۆ دۆخێک کە تاوانای بیرکردنەوە و ئاخاوتنی نەبێت بە زمانی خۆی51. پاشان ئەم نووسەرە پێشنیازی ئەوە دەکات دەست بکرێت بە کەمپەینێکی رۆشنگەری و زەمینە خۆشکردن بۆ داواکارییەکانی کورد و پاراستنی مافە کولتوورییەکانی کورد52. بەڵام نووسەرێکی تری خۆوڵاتی بە ناوی عومەر وەهبی خەتیبۆغڵو، بیرۆکەی داننان بە شوناسێکی کوردیی جیاوازدا و هەڵگرتنی قەدەغە لە بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی و دامەزراندنی ئینستیتیوتی کولتووری بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی رەتدەکاتەوە و بە پرۆسەیەکی دەزانێت بۆ خزمەتکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی53.
بەگشتی، لە هەوڵدانیدا بۆ دۆزینەوەی ئاشتەواییەک لە نێوان ئیسلام و ئایدیا جیهانییە خاوەن هێز و دەسەڵاتەکاندا سەبارەت بە مافەکانی گرووپە کولتوورییەکان و فرەیی و شوناسەکانی کە بەندن بە جیاوازییەکانەوە، گوتارەکانی نووسەرە ئیسلامییەکان شکشت دێنێت لە بەرهەمهێنانی واتایەکی هاوبەشدا. ئەم چەمکانە چۆن ئیسلامییەکن ئەگەر ببنە پرسیارێک و نووسەران بە شێوەی جۆراوجۆر وەڵامی بدەنەوە بەپێی هەستەوەریی ئیتنیک و نەژادی خۆیان. گرفتێکی ئیزافیی تریش لەو راستییەوە سەرهەڵدەدات کەوا نووسەران وێنای کۆمەڵگە و ئازادیی تاک و خود وشوناسیان کردووە بە جیاکردنەوەیان لە سەربەخۆیی تاکی بچووک لە نیشتمانەکەی رۆژئاوایدا. لێرە وا لە ئازادی دەگەن لە چوارچێوەی پاڵنەر و بەرپرسیارێتیی ئیسلامیدا بێت لەبری راوبۆچوونی جیاواز. لەبری ئەوە، نووسەرەکان بەشێوەیەک بیر لەم تێڕامانە دەکەنەوە کە پەیوەندیدار بن بە یەکێتی یان برایەتیی ئیسلامییەوە. بوونی هەستکردن بە ناسنامەی کوردیی جیاوازەوە لە زەینی نووسەرە کوردەکاندا رێگەی چارەسەری کێشەی کوردیان لێدەگرێت بە هەر شێوازیکی چەسپاوی ئیسلامی. بەکورتی، داڕووخانێکی دیالۆگ هەیە لە نێوان نووسەرە کوردەکان و غەیرە کوردەکاندا سەبارەت بە گونجاندن و هاوسەنگ کردن لە نێوان یەکێتیی ئیسلامی و شوناسدا.

پارتی رەفا و «هەوڵدانی» بۆ دروستکردنی سویسرایەکی کوردی؟
بەگشتی، نووسەرە ئیسلامییەکان هەلوێستێکی دژوار و دووفاقیان لەبەرانبەر پارتی رەفادا وەرگرت بەو پێیەی لەو کاتەدا گرنگترین پلاتفۆرمی سیاسیی ئیسلامی بوو لە تورکیادا کە گەورەترین پاڵپشت بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان. ئەو نووسەرانەی باوەڕیان وایە کە گۆڕینی رژێم بە ئاڕاستەیەکی ئیسلامی ئەرکێکی گرانە ئەوەیان پێباش بوو کە هۆشداریی سووک و ئامۆژگاری و زانیاری بدەنە حیزب. بەڵام ئەو نووسەرە ئیسلامییانەی کە زیاتر رادیکاڵانە بیریان دەکردە و بە زەروورەت کوردیش نەبوون، بە توندترین شێوە سەرزەنشتی بۆچوون و رەفتاری پارتی رەفایان دەکرد لەسەر مەسەلەی کورد. ئەڵبەتە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەوەی «دوور و دۆست» بیت لە حیزب و «رەخنەگری توندی» بیت پێناچێت پشتی بە قەناعەتی رەگەز یان نەژاد بەستبێت بەڵکو مەسەلەکە قەناعەتی سیاسییە.
بۆ نموونە، بەهێزترین رەخنەگرانی حیزب دوو نووسەری غەیرە کورد، کە عەبدوڕەحمان دیلیپاک و عەلی بوڵاک بوون. ئەو لائیحەی تۆمەتبارکردنەی دیلیپاک ئاڕاستەی کرد بە پێی بنەمای ئەو زەمینەیە بوو کەوا حیزب، بەهۆی نەبوونی کارنامەوە سەبارەت بە مەسەلەی کورد، بەشێوەیەکی قووڵ و کاریگەر دانیشتوانی کوردی باوەڕداری ئاینیی تۆراندبوو. دیلیپاک هانی ئەوەشی دەدا کە «پێویستە پارتی رەفا بەرنامەی تایبەتی خۆی بخاتەڕوو بە چۆنێتیی چارەسەری کێشەکە و … پلان و ستراتیجە کورت مەودا و مامناوەندەکانی چین؟ ئاخۆ ئێمە هێندە بەهێزین کە بتوانین جێبەجێی بکەین … من زۆر مەراقمە بزانم رێبازی پارتی رەفا چیە لەسەر ئەم مەسەلەیە»54.
سەبارەت بە عەلی بوڵاکیش، کێشەکە تەنها پەیوەست نەبوو بە کەموکورتییەکی بەرنامەوە، بەڵکو پەیوەندیدار بوو بە حیزبەوە کە ناسیۆنالیزمی تورکی دزەی کردبووە ناویەوە55. پاش ئەوەی ئەو حکوومەتەی بە سەرۆکایەتیی پارتی رەفا لە حوزێرانی ساڵی 1996دا پێکهات، لە کانوونی دووەمی ساڵی1997دا پەنای بردە بەر دانەیەکی تر لەو پاکێجانەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان بۆ باشووری رۆژهەڵات، کە تاڕادەیەک هەموو حکوومەتەکانی تر لە رابردوودا پەنایان بۆ بردووە لە وتاردانی گەرموگوڕیاندا و بوڵاک تەحەدای ئەم دەستپێشخەرییەی کرد وەک هەوڵدانێک بۆ خوڵقاندنی «سویسرایەکی کوردی»56 و پارتی رەفا بە لادان لە رێڕەوی ئیسلامی تۆمەتبار کرد کە لەسەر دوو چەمک بنیاتنرابوو، دادگەری و ئازادی: «ئاخۆ پارتی رەفا پێشنیازی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن دەکات یان کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی؟ ئەڵبەتە گریمانەی ئەوە نیە کە ئیسلامییەکان سویسرایەکی نوێ دروست بکەن، چونکە ئیسلام جەخت لەسەر دوو شت دەکاتەوە: دادگەری و ئازادی»57.
لەهەمان کاتدا، هەندێک لە نووسەرە ئیسلامییەکان بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەیە و بۆ ئەوەی ئیسلامیزم وا خۆی پیشان بدات کە ئەڵتەرناتیڤی ناسیۆنالیزمی کوردییە، پێویستە ئەندازەیەک نوێگەری لەخۆبگرێت و بە شێوەیەکی تایبەتیش بایەخ بە یارمەتیی ژێرخان بدات. ئەوان بە پێی بنەمای هەستەوەرییەکی جیهانیی نوێ سەبارەت بە پێویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵک مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ژیانی رۆژانە لە ناوچەکەدا لەڕادەبەدەر سەختە بۆ زۆربەی کوردەکان لەڕووی هەژاری و ماڵوێرانییەوە (بەهۆی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنەکانی راگواستنی گوندەکانەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەتەوە) و بێکاری و نەمانی ئاسایش و ئارامی لە ژیاندا. ئەوم وایبۆدەچوون کە هۆکاری سەرەکیی خۆدوورگرتنی دانیشتوانی کورد لەوەی کە لە دەوری جەمسەری ئیسلامی بئاڵێن – کە ئەمەیان زیاتر بایەخدان بوو بە پابەندبوونی ئەخلاقییەوە بە ئیسلام و بۆ ئەوەی دەنگ بە پارتی رەفا بدەن – ماندوویی ئەقڵی و دەروونی و نائومێدی و بێدەرەتانیی خەڵکی کورد بوو بەهۆی ژیانی سەختی رۆژانەوە. لەبەرئەوە، هانی پارتی رەفایان دەدا کە لەوکاتەدا لە حکوومەتدا بوو بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی دروستکردنی داهات و کارپەیداکردن بۆ خەڵک و خۆشگوزەرانی و ئارامی لە ناوچەکەدا، لەوەش گرنگتر جێبەجێ کردنی سەرەتای ماف لەپێناوی گەڕانەوەی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە بۆ گوندەکانی خۆیان58. بەشێک لەو نووسەرانە ناکۆک بوون لەگەڵ تیۆرییەکەی بوڵاکدا گوایە شێواز و سترۆکتووری نوێی ژیان لە ناوچەکەدا هاوتەریبی ئەوەی لە سویسرادا هەیە گرتنەبەری رێچکەی راستی حیزب نەبوو. لەجیاتی ئەوە و لە رێگەی سەرکۆنە کردنی حیزبەوە و بە هۆی کورتبینیی سەرچاوە بەرنامەڕێژییەکەی بۆ جێبەجێ کردنی چاکسازییەکی هاوشێوە سویسری، یارمەتیی دەرکەوتنی جیاوازی و ناکۆکیی زەقیان دا لەنێو نووسەرە ئیسلامییەکاندا، بەدەر لە پاشخانی ئیتنیکی و نەژادییان.
زۆرترینی ئەو مەسەلانەی مایەی نیگەرانی و تووڕەکردن بوون و دەمەقاڵەی توندی لەناو نووسەرەکاندا ورووژاند ئەو هەوڵەی پارتی رەفا بوو لە ئابی 1996دا، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەدا لە رێگەی هەندێ نێوەندگیری ئیسلامیی سەربەخۆوە بێ هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ هیچ گرووپێکی ئیسلامیی ئەو دەمەدا و مەسەلەی درێژکردنەوەی ماندێتی هێزی ئاسمانی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە 30 تەمووزی 1996دا لە تورکیادا، کە ناوی چەکوشی ئامادە بوو59. هەندێک لە نووسەران چوونە سەر هێڵی رەسمیی دەوڵەت و بەرهەڵستیی دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکیان کرد لەگەڵ پەکەکەدا کە ناوی»جەردە و رێگریان» لێنابوون60، لەکاتێکدا کە یەکێک لە نووسەرە ناودارەکان ئەو پێشنیازەی کردبوو لە رێگەی دەستنیشان کردنی سیخوڕێکەوە کە هەڵوێستی جێی گومان بوو لە ناو ئیسلامییەکاندا و پارتی رەفا شتێکی هەڵەی کرد بە هۆکاری راست61.
درێژکردنەوەی ماندێتی چەکوشی ئامادە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی سەلامەتی (پرۆڤاید کۆمفۆرت) بوو بەهۆی دابەشبوونێکی مەترسیدارتر لە نێو بەرەی نووسەراندا. کۆمەڵێک لە نووسەران چەندوچوونیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەمە مەسەلەیەکی ناسک و یەکلاکەرەوە بوو بۆ پارتی رەفا بۆ سەلماندنی «جیاوازیی خۆی» لەبەرانبەر حیزبە سیاسییەکانی تردا. لە بەرانبەر درێژ نەکردنەوەی ماندێتی چەکوشی ئامادەدا وەک بەڵێنی دابوو کاتێ کە لە ئۆپۆزسیۆندا بوو، پارتی رەفا دەیتوانی پشتبەستنی لەڕادەبەدەری تورکیا بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببڕێت و هەواداریی دژە رۆژئاوای حیزبەکە دەربخات کە شوناسی سەرەکییەتی62. لەگەڵ ئەوەشدا و لە مشتومڕ و پاساوی داواکاریی درێژکردنەوەی ماندێتدا، مەسەلەی سەلامەتیی کوردەکانی باکووری عێراق هاتە پێشەوە63 و راستی و ریالیزمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان خۆیان سەپاند و ئەو حاڵەتەش کە تورکیا پێویستی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو64.
بە رەچاوکردنی ئەو راستییەی کە لە سەردەمی دوای جەنگی سارددا، بارودۆخی سیاسیی تورکیا واکەوتەوە کە دەربڕین و گوزارش کردن لە بیروبۆچوونی ئیسلامی زیاتر دیموکراتی بێت لە هەر کاتێکی پێشتر، لەبەرئەوە شتیکی نامۆ نەبوو کە راوبۆچوونە جیاوازەکان روونتر و ئاشکراتر بن. بێجگە لەوەش، ئامانجی ستراتیجیتری نووسەرەکان سەلماندنی ئیسلام بوو وەک ئایدیۆلۆجیایەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ پابەند بوونی رژێم بە سێکولاریزمەوە کە لە نەریتی رۆژئاواییدا رەگی داکوتابوو. تەنها لەبەر ئەم هۆکارە ناکۆکییەکانی نێو ریزی ئیسلامییەکان بە هەر شێوەیەک بێت راستکرانەوە لەپێناوی خۆپارێزی لە وێناکردنی ئەوەی کەوا بەرەی ئیسلامی لە رەخنەگرتندا باشترە وەک لەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی راستەقینە پیشان بدات. ئەم بڕیارە تەکتیکییەش یارمەتیدەر بوو لە راڤەکردنی شکستی دەرکەوتنی تێوەگلانێکی ئیسلامیی یەکگرتوودا لە کێشە و رەهەندە تیۆری و ئەزموونگەرییەکەی ناسیۆنالیزمدا.

نووسەرە ئیسلامییەکان: چییان ئەنجامداوە؟
لێرەدا دوو جۆر رەخنەی بەربڵاو هەیە لە نووسەرە ئیسلامییەکان و یەکەمیان دەبێت درک بەوە بکرێت کە سەرباری ئەو جیاوازییانەی پیشانی دەدەن، زۆر لە نووسینە سیاسییەکانی دانەرە ئیسلامییەکان لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی لە گوتاری «مۆراڵی» پێکدێت لەجیاتی ئەوەی کە «سیاسی» بێت. لەبەر رۆشنایی راستییەک کە هەردوو گوتاری «سیاسی» و «مۆراڵی» لە ئیسلامدا هێندە تێکەڵن کە جیانابنەوە، وا تێدەگەین کە نووسەرەکان بە بەردەوامی لە نووسینەکانیاندا وێنەیەکی مۆراڵی وێنا دەکەن لەسەر مەسەلەی کورد. لەڕاستیدا، ئەوان زۆربەی هێرشەکانیشیان بۆ سەر کەمالیزم لەسەر ئاستی «بەهاکان و نۆرمەکانە». نووسەرەکان پەیوەندییەکی بەتین پێکدێنن لەنێوان پێشکەوتنی مادی و پاشگەزبوونەوەی مۆراڵدا کە بەرپرسیاری تێکشکانی یەکێتیی نێوان تورک و کوردی دەزانن، کە سەرباری هەموو شتێک هەردوولایان لەسەر هەمان ئاینن. بێجگە لەوەش، چەوساندنەوەی کورد لەلایەن رژێمەوە بە قەیرانێکی مۆراڵ لێکدەدرێتەوە. باوەڕ وایە کە لاساییکردنەوەی مۆدێرنیتەی رۆژئاوایی لەلایەن کۆمارەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا و رێسا ئیسلامییەکانی وەک دادگەری و دانایی و خێرخوازی و بەزەیی وەک رێگە و شێوازێکی ئیسلامی بۆ ژیان. ئەنجامی کۆتایی ئەمەش چارەسەری سەربازی بوو بۆ کێشەکە. ئەوان کرۆکی گوتارەکانیان دژ بە رژێم و مامەڵە کردنیان بۆ پرسی ئەنتۆلۆجیی شوناس لە کۆتاییدا مۆراڵە. بە واتایە، نووسەرەکان تەنگژەی سیاسیی ئێستا بەکاردەهێنن وەک شەرعییەت پێدانێکی نەرێنی بە مۆدێلێکی ئیسلامیی ئەڵتەرناتیڤ. ئەوان بە سووربوونیان لەسەر وێناکردنی کێشەکە وەک نموونەی قەیرانێکی ئیمانداری، ئەو پرسیارە دەخەنەلاوە لەبارەی پیادەکردنی سیاسەتێکی سەبارەت بە مەسلەیەکی نەتەوەیی/ نیشتمانیی کراوە.
لە هەوڵداندا بۆ تێگەیشتن و چارەسەری ناسیۆنالیزمی کوردی لە تێڕوانینێکی کۆمەڵگەوە کە پشت بە ئەجێندایەکی مۆراڵ دەبەستێت لە بەها و باوەڕەکانی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گوتاری نووسەرەکان سەرکەوتوو نابێت لە گەیاندنی هەستکردن بە راستی لە هەلومەرجی خستنەڕووی شیکارییەک بۆ رابردوو و پشێوی و بێسەروبەری و هەژاری و شەڕی ناوخۆ لە ناوچەکەدا. ئەڵبەتە هۆکارگەلێکی بارودۆخی بابەتی و پەیوەندییەکانی هێز و ئامادەکاریی دامودەزگایی کە رەنگە تێگەیشتنی وردتر بۆ ململانێکە بڕەخسێنن پشتگوێ خراون. دواجاریش ئەنجامەکە وادەکەوێتەوە کە بەڵگە و پاساوی ساویلکە پیشان بدەن کە لە بۆچوونی لەم چەشنەدا کورتدەبێتەوە کەوا سەردانی نووسەرە ئیسلامییەکان بۆ ناوچەکە65 و پیشاندانی بایەخ و هاوسۆزییان و پشتیوانی کردن لە موسڵمانان لە باشووری رۆژهەڵاتدا دەتوانێ بەشداریی گرنگ پێشکەش بکات بۆ گیانی بەکۆمەڵی کوردەکان و زەمینە خۆشکردن بۆ بەئیسلامی کردنی مەسەلەی کورد.
رەخنەی دووەم لە نووسەرە ئیسلامییەکان ئەوەیە کە ئەوان بەشێوەیەکی بنەڕەتی بێنەوبەرە لەسەر ئەوە دەکەن کە هەر تێگەیشتنێک بۆ کورد و مێژوویان و ناسیۆنالیزمیان پێویستە لە روانگەی ئیسلامەوە بێت و باس لەو رێگەیە دەکەن کە کورد قایل بوون و بەگژ دەوڵەتی تورکیدا چوون بەهۆی تاقە شتیکی گۆڕاوەوە کە ئەویش ئیسلام بووە. لەکاتێکدا کە جەخت دەکەنەوە لەسەر بەردەوامیی پێشەنگیی ئیسلام لە شوناسی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوان دوو شت فەرامۆش دەکەن: یەکەم کاراکتەری گۆڕاوی کۆمەڵگەی کوردی لەبەرانبەر کۆمەڵگە گەورەترەکە و سروشتی گۆڕاوی ئیسلامدا. ئەم تێڕوانینە تا ئەوپەڕی سادە و ساویلکەیە بۆ کورد وەک کۆمەڵگەیەکی تەواو هاوچەشن و تەواو دواکەوتوو و بە ئیدومی ئیسلامیش گوزارش لە شوناسی دەکات. بەگشتی، نووسەرە غەیرە کوردەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی بەشدارن لەو بیروڕایەدا کە رەگوڕیشەی نەژادی و ئەتنیکی ناکرێت شوینی ئیسلام بگرێتەوە66 لەڕووی تیۆری و پراکتیکیشەوە. بەزۆری کورد خەڵکێکی دیندارن و پێشوازی لەو بنەما رۆژئاواییانە ناکەن کە کۆمار چاندوونی. بەم پێیە و لای ئەو نووسەرانە، کاریگەرترین رێگە بۆ زەوتکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی رەخساندنی پاڵنەری زیاترە بۆ ئیسلامیزە کردنی کۆمەڵگەی کوردی.
نووسەرە کوردە رەسەنەکان بەو لایەدا دایدەشکێنن کە لەم بیروبۆچوونە بترازێن و بەدوای دەرفەتێکدا بگەڕێن بۆ گوزارش کردن لە ناسنامەیەکی کوردی کە پێویستە لەڕووی دەستوورییەوە زەمانەت بکرێت. بێجگە لەوەش، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ ئیسلام بە تەوەرێکی هەمیشەیی و حەتمی ماوەتەوە بۆ شوناسی کوردی لە هەموو کات و زەمانێکدا و لێنەگەڕێت تایبەتمەندیی کوردی – کە مەسەلەی رەگەز و نەژاد مۆرکی بنەڕەتییەتی – سەری خۆی دەربێنێت. دەکرێت ئەم پرسیارە بەم شێوەیەش دابڕێژرێتەوە کە: ئاخۆ ئیسلام هەمان شت دەگەیەنێت بۆ گەلی کورد لە ژێر سایەی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی تەواو جیاوازی دۆخی عوسمانی و کۆماریدا؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە هەر دەبێ نەگەتیڤ بێت.

ئەنجام
نووسەرە ئیسلامییەکان زیادەڕەوی دەکەن لە جەختکردنەوەیان لەسەر رۆڵی بنەڕەتیی ئیسلام وەک نەریتێکی هەمیشەیی کە بە زەروورەت بەرهەڵستیی ناسیۆنالیزم دەکات. رۆڵی ئیسلام بۆ کورد – هەروەها بۆ تورکیش – پشت بە هێز و سترۆکتووری مێژوویی دیاریکراو دەبەستێت. پێش هەموو شتێک، راستە کەوا هەوڵەکانی مۆدێرن کردن لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانییەوە تا دوا دوا فۆرم و شێوەی لە ساڵانی یەکەمی کۆماردا، ئیسلام گوزارشێک بوو لە شوناسی کۆمەڵگەیی کورد، بەپێچەوانەی زۆربەی تورکەوە کە سەر بە مەزهەبی حەنەفین لە ئیسلامی سوننیدا، بەڵام کورد بەزۆری سەر بە مەزهەبی شافیعین لە ئیسلامی سوننیدا و بەوە باناوبانگن کە دیندارترن و ئەندامی لقی خالیدین لە تەریقەتی نەقشبەندیدا (کە رێبازێکی برایەتیی سۆفیگەرییە)67. لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەوە، ناوبانگی بەرزی شێخەکانی خالیدی (واتە سەرۆکی تەریقەتەکان) و مەدرەسەکانیان (ئەڵقە ئاینییەکان) و مەلاکان (مامۆستایانی مەدرەسە یان حوجرەکان) بەهای بنەڕەتی و شێوازی بیرکردنەوە و رەفتاری تایبەت بە کوردیان پێکدەهێنا. بێگومان بێ ئەم پەیوەندییە ئیسلامییە، بوونی بنەڕەتیی کورد بێمانا دەبوو. ئەم دوو پێکهاتەیە تێکهەڵکێش بوون68 و «زنجیرەیەکی پێکەوە گرێدراویان» پێکهێنا69.
ئیسلام تەنها لە ژێر سایەی ئەم بارودۆخە دیاریکراوەدا بوو بە جێی سەرنج و دەرکەوت چونکە تەنها دەستە و تاقمێکی سیمبۆڵی نەبوو بەڵکو لەسەر زەمینەی بوونی کۆمەڵایەتی دامەزرابوو. بەڵام بارودۆخی ئەو بوونە لە سییەکانی سەدەی رابوردووەوە گۆڕا و سەرکوتکردنی تەریقەتەکان دەسەڵاتی شیخە خالیدییەکانی تێکشکاند و هەروەها «چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندنی»70 تەریقەتەکان لە مەدرەسەکاندا. ئەنجامیش بەوە شکایەوە کە شیخەکانی نەوەی دواتر کەمتر شیاو بن و زۆرتر هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ رژێمدا. بەڵام لەپێش ئەوەدا، ناڕەزایی و تووڕەیی شێخەکانی خالیدی دژ بە پرۆسەی سێکولار کردن وەرچەرخا بۆ یاخیبوون و راپەڕین لە دووتوێی گوتارێکی ئیسلامیدا. لێرە بەدواوە ئیسلام بۆ کوردەکانی تورکیا بوو بە «ناسنامەی بەرگری و بەرهەڵستیی» رژێم71 لە سات و کاتێکی تایبەتدا کاتێ کە ئیسلامی کۆمەڵگە پێوەرەکانی ناسنامەی هاوبەشیان دابین دەکرد و بە واتایەکی تر دەرکەوتن و کاریگەریی ئیسلام بەسترابوو بە دۆخێکی تایبەتەوە.
ئاوێتەبوونی تاڕادەیەک قووڵی باشووری رۆژهەڵات لە تورکیای باڵادەستدا لە سایەی پێکهاتوویەکی سیاسیی زیاتر فرەیی سەردەمی جەنگی سارددا، بارودۆخی بۆ بوونێکی کۆمەڵایەتیی نوێی بۆ کورد رەخساند. وێنایەکی جۆراوجۆر هەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە ساڵانی سییەکان و شەستەکان و نەوەدەکاندا (سەدەی بیست – و) وەک کاردانەوەیەک بۆ ناسیۆنالیزمی تورکی و نوێگەری و جیهانگیری بەدوای یەکدا. پاشان ئەکتەرێکی تر، کە رووناکبیرانی سێکولاری کوردە، خراونەتە سەر ئەو گرووپەی کە هەبوون و لە سەرۆک هۆز و شێخەکان پێکهاتبوون. ئەوجا دەسەڵاتی شێخەکان بەرەو کزی رۆیشت و رژێم سەرۆک هۆزەکانی قبووڵ کرد کە یارمەتیی حکوومەت بدەن لە سەرکوتکردنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا72. لە ئەنجامی ئەوەدا رووناکبیران (ئینتێلەجێنتسیا)ی سێکولاری کورد بوون بە رابەری روون و ئاشکرا بۆ هەستە نەتەوایەتییەکان. سەرکردە نەتەوەییە نوێکانی کورد زیاتر بایەخیان دەدا بە وەدەستهێنانی «مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان»73 وەک لەوەی جەخت لەسەر ناسنامەیەکی دیاریکراوی کورد بکەنەوە کە پشتی بە ئیسلام بەستبێت. لە زۆربەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، رەوتەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیسلامی میللیی کوردی بە ئاڕاستەی هاوبەشی و پێکەوە کارکردن دەڕۆیشتن و کاتێ هەردوولایان سەرلەنوێ دەرکەوتنەوە و بەگشتی شێخەکان شوێکەوتە و موریدەکانی خۆیان هاندەدا کە پشتیوانی لە حیبە ئاینی یان حیزبە راستڕەوە موحافزکارەکان بکەن لە سیاسەتە نیشتمانی/ نەتەوەییەکاندا و لەولاشەوە ناسیۆنالیستە کوردەکان پشتیان بە چەپی سیاسی دەبەست74.
لە هەمان کاتدا، شێوە و رێگەی سەرلەنوێ مامەڵەکردنی ئیسلام گۆڕا و رۆڵی ئیسلام وەک بەڵگەیەکی ناسنامە لەڕووی وێناکردنی سنوورکێشانی کۆمەڵگەی کورد لە بەرانبەر کۆمەڵگەی ئیتنیکیی تورکدا بەرەو کزی چوو، بەڵام لەهەمان کاتدا وێنەی ئیسلام لە تورکیادا هەڵکشا. باشە بۆچی بانگەشەی گشتی و روولەزیادی ئیسلام کاریگەرییەکی سنوورداری هەبوو لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی؟ بەلای کەمەوە سێ لێکدانەوە بۆ ئەم پارادۆکسە بەرچاوە. لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی جیهانگیردا، ئیسلام چیتر دەقاودەق خولیا و ئارەزووی ئەو کۆمەڵگە بەرتەسکەی پڕنەدەکردەوە، بەڵکو کەناڵێک بوو بۆ گوزارش کردن لە واقیعێکی ئاڵۆزتری کۆمەڵگەیەکی گەورەتر. ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی لە سێبەری ئەم دۆخەدا لە سەرتاپا کۆمەڵگە گەورەکەدا تەشەنە دەکات و لە ئاستێکی بەربڵاودا گوزارش لە ناڕەزایی و ناسنامەی خۆی دەکات کە لە قەیرانی «مۆدێمی» دەوڵەتی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. دووەم، وادیارە کە رۆڵی بنەڕەتیی ئیسلام لە جووڵانەوەی سیاسیی کورددا پشتیبەستبێت بە بوون و زۆریی «بریکاری سوودمەند چەشنی ئەو عولەمایانەی»75 بە ئەڵقەکانی نەقشبەندیدا تێپەڕیبوون.کاتێ کە سیستەمی خوێندنی کۆماری هیچ بوارێکی بۆ ئیسلام نەهێشتەوە و سیستەمێکی خوێندنی پۆزەتیڤی نادینی لە جێگەیدا پەرەپێدا، بۆیە ئاین وەک بەرجەستەکارێک بۆ شوناسی کورد رۆڵی لە پاشەکشەدا بوو. سێهەم، سۆفیزم بایەخی خۆی لەدەستدا وەک هۆکارێک بۆ یەکخستنی کۆمەڵگەی کورد. گشت ئەمانە پاڵپشتی ئەو داواکارییە بەرفراوانە دەکەن کەوا ئیسلام «بکەری شتێک نیە، بەڵکو تەنها نەریتێکی وتاردانە موسڵمانان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەرهەمیان هێناوە»76.
بەشێوەیەکی گشتی، چەخت لەسەر ئەوە نەکراوە کەوا کوردایەتی یان کوردبوون لەمڕۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ئیسلام، بەڵکو بۆ «کۆمەڵێک لە بەجێماوی کولتووری کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن»77، ئەمەش وادەگەیەنێت کە سترۆکتووری هەستکردن بە «جیاوازی» بەرهەمی مێژوویی ئاڵۆزی جیهانی و نیشتمانی و ناوچەیی و فشاری ناوخۆیی و کارلێککردنن. ئەڵبەتە ئیسلام لەم قۆناخە سیاسییەی ئێستایدا شکست دێنێت کە بۆ کورد لۆجیکی لەناوبردنی ئەویتری تورک دەستەبەر بکات و پێدەچێت رۆڵێکی پێکەوە بەستن نەک دابەشبوون بگێڕێت بۆ هەردوو کۆمەڵگەکە.

سوپاس و پێزانین
دەخوازم سوپاسی هاکان یاڤووز، ئێلیزابێس پرۆرۆمۆ، رەفعەت ئەبولحاج، ویلیەم بلەیر و هێرۆ مستەفا بکەم کەوا کاتی کەم و بەنرخی خۆیان تەرخان کردبوو بۆ دەربڕینی سەرنج و رەخنەی بنیاتنەر و ورد لەسەر رەشنووسێکی پێشتری ئەم نووسینە.
•لە کاتی ئەم نووسینەدا، هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەت ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کەوا کرۆکی هێزی ئۆپەراسیۆنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یان تێکشکاندووە کە بنکەیان لە سووریایە. بەهەرحاڵ، ئاسۆی چارەسەری سیاسیی شەڕ و ململانێکە کە لە ساڵی 1984وە بیست و دوو هەزار قوربانیی لێکەوتووەتەوە هێشتا هەر بەدیناکرێت.

سەرچاوە:
گۆڤاری کاروباری کەمینەی موسڵمان
بەرگی ١٨، ژمارە ١، ١٩٨٨
Journal of Muslim Minority Affairs, Vol. 18, No. 1, 1998

Kurdish nationalism from an Islamist perspective: the discourses of Turkish Islamist writers
Umit Cizre Sakallioglu

سەرنج و تێبینی
1 – ئەوانە عەلی بوڵاک، عەبدوڕەحمان دیلیپاک. عەبدوڵڵا گوینەی، عومەر وەهبی خەتیبئۆغڵو، سەباح قەرە، فەهمی کۆرو، محەمەد مەتینەر، محەمەد پاماک، ئەحمەد تاشگێرترەن، ئاڵتان تان، عوسمان تونە و موفید یۆکسەڵ. ناوبەناو ئاماژە بەو نووسەرانە دەدرێت کە لەسەر ئەم بابەتە نووسیویانە.
2 – ئەوانە عوسمان تونە، ئاڵتان تان، سەباح قەرە، محەمەد مەتینەر، عومەر وەهبی خەتیبئۆغڵو و عەبدوڵڵا گوینەی بوون.
3- هەرچەندە نووسەرە پەیوەندیدارەکان وایان پێباشە بە «نووسەرە موسڵمانەکان» ناوببرێن، لەم باسەدا وەک ئیشارەتێک بۆ ئەو نووسەرانە، دەستەواژەی نووسەرە ئیسلامییەکان بەکاردەهێنرێت. لە نێو ئەو دوانزە نووسەرەدا کە بۆچوونە بڵاوکراوەکانیان لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە شیکراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە عەلی بوڵاک رۆشنبیرێکی موسڵمانە (ئەو دەستەواژەیەی خەڵک بەکاریدێنێت لەم بابەتەدا بۆ وەسفی خۆیان بەکاریدێنن) لە هەلومەرجی ئەوەی کەسایەتییەکی دەستڕۆیشتوو بن لە پرۆسەی سەرەکیی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کرۆکی ئایدیاکانی ئیسلام بۆ ئەوەی دەستەبەر بێت. بۆ بەدەستهێنانی روونکردنەوەیەکی قووڵ لەسەر پاشخان و رێبازیان، بڕوانە مایکڵ میکەر، «رۆشنبیرە موسڵمانە نوێکان لە کۆماری تورکیادا»، لە کتێبی «ئیسلام لە تورکیای مۆدێمدا – ئاین و سیاسەت و ئەدەب لە دەوڵەتێکی سێکولاردا»، ریچارد تابەر، لەندەن: ئای. بی. تۆریس و هاوبەشانی، 1991.
4 – پارتی رەفا 32.2٪ ی دەنگەکانی کۆکردەوە لە بەرانبەر پلەی یەکەم لە ناوەڕاستی ئەنەدۆڵ 36.8٪ بوو. هەروەها سێهەم گەورە رێژەی دەنگی هەرێمەکانی هەبوو جارێکی تر لە باشووری رۆژهەڵات (24.2 ٪). لە بەرانبەردا پارتە کوردییەکەی کاری میللی تەنها 3.7٪ ی دەنگەکانی هێنا فقط لە تێکڕا دەنگەکانی رۆژهەڵاتدا و 17.6٪ لە باشووری رۆژهەڵاتدا. لە 16ی كانوونی دووەمی 1998 دا لەلایەن دادگای دەستوورییەوە پارتی رەفا قەدەغە کرا و لە ژێر ئاڵای پارتی فەزیلەتدا (Fazilet Partisi) کە تازە دروستکرابوو، گەڕایەوە ناو چالاکیی سیاسی.
5 – لە ساڵی1991دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە، بە ناوێکی خوازراوی عەلی فوراتەوە، کتێبێکی بڵاوکردەوە، بە ناونیشانی «دين سۆرونونا دێڤريمجي ياكڵاسم Din Sorununa Devrimci Yaklasim» واتە (نزیکبوونەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە مەسەلەی ئاین). لەم کتێبەدا ئۆجەلان پێی لەوەنا کە دەکرێت ئیسلام رۆڵێکی پێشکەوتنخوازانە بگێڕێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەر ململانێیەکی دژە ئیمپریالیزمدا، وەک ئەو دۆخەی کە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی پەکەکەدایە. چاپی دووەمی کتێبەکە لە ساڵی 1993 دا دەرچوو لەگەڵ دەرکەوتنی ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر بەرگەکەی و دكتۆر عەلی کوجک وەک موحەڕیر.
6 – حەمید بۆزئەرسەلان، «ناسیۆنالیزمی کوردی بەدوای پەنایەکدا دەگەڕێت لە ژێر سایەی ئیسلامدا»، رۆژنامەی یەنی یوزیل، 12ی تەمووزی 1996.
7 – دەیڵ ف. ئیکڵمان و جەیمس پیسکاتۆری، «سیاسەتی ئیسلام»، پرینستۆن: چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن، 1996، ل 37 – 45.
. 38 – هەمان سەرچاوە، ل 8
.43، ل – هەمان سەرچاوە9
-10 عەبدوڵڵا گوینەی «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، ئەنقەرە: سۆر یاینجیلیک، 1992، ل 42.
11- عەلی بوڵاک، «کێشەی کورد لە روانگەی ئیسلامەوە» کیتاب دێرگیسی، مارت – نیسان 1992، ژمارە 61- 62، ل 31.

12- عەلی بوڵاک، «کێشەی کورد لە روانگەی ئیسلامەوە»، رۆژنامەی یەنی شەفەق، 14ی مارتی 1996.
13- عومەر وەهبی خەتیبئۆغڵو، «کێشەی کورد لە روانگەیەکی جیاوازەوە»، ئەنکەرە: مەساژ یاینلەری، 1992، ل 162.
14- ئەحمەد تاشگێرترەن «یەکجار پەنجەی پێدا بنێ و هەزار سکاڵا ببیستە» رۆژنامەی یەنی شەفەق، 6ی شوباتی 1996؛ عەلی بوڵاک «پاشەڕۆژی کورد» یەنی شەفەق، 31ی تەمووزی 1996.
15- سامی زوبەیدە، لە بابەتەکەیدا «ئیسلامی تورکی و شوناسی نەتەوەیی»، میدڵ ئیست ریپۆرت، 2، نیسان – حوزێران 1996، ل 14، باس لە عەلی بوڵاک و عیسمەت ئۆزێل و راسم ئۆزدەنۆرەن و ئوهان کوتلویر کە بەتەواوی ئاگادارن لە مەیلە سەرەکییەکان بەلای بیری رۆژئاوادا و «زۆر باش بەئاگان و لە ‹پۆستمۆدێرنە› بیرمەندەکانن (دەق بەمانای وشە لەبری وەرگرتنی تیۆرییە پۆستمۆدێرنیستەکان)».
16 – بوڵاک لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 95.
17- گوینەی لە هەمان سەرچاوەدا، ل 39؛ پاماک لە هەمان سەرچاوەدا، ل 344؛ بوڵاک «کێشەی کورد لە روانگەی ئیسلامەوە».
18- ئەندامێکی کوردی پەرلەمان بوو لە پارتی رەفا و نوێنەرایەتیی ویلایەتە شۆرەتدارەکەی دیاربەکری دەکرد و راشکاوانە بە قسە و نووسین لەسەر ستەمی دیاریکراو دەکرد لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە و بەرگریی «ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی» وەک دەرچە و چارەسەر.
19 – خەتیبئۆغڵو «کێشەی کورد لە روانگەی جیاوازەوە»، هەمان سەرچاوە، ل 167.
20 – تان لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 125.
21 – بوڵاک لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 109؛ بۆچوونێکی هاوشێوە لە لایەن عومەر وەهبی خەتیبئۆغڵو گوزارشی لێوەکراوە لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 389.
22 – هەمان سەرچاوە.
23 – خەتیبئۆغڵو لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 389.
24 – محەمەد مەتینەر لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، ئەستەمبووڵ: نەوبەهار یاینلەری، 1996، ل 35؛ موفید یۆکسڵ «پرۆسەی گۆڕان لە کوردستاندا»، ئەنقەرە: سۆر یاینجیلیک، 1993، ل 375.
25 – مارتن ڤان برونەسن «ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان»، لەندەن: زەد بووکس، 1992، ل 230.
26 – هەمان سەرچاوە.
27 – بوڵاک لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، هەمان سەرچاوە، ل 105؛ تاشگێترەن لە هەمان سەرچاوەدا، ل 94، تان لە هەمان سەرچاوەدا، ل 72؛ عەبدوڕەحمان دیلیپاک لە «کێشەی کورد – رۆشنبیرانمان چۆن بیردەکەنەوە؟»، لە کتێبەکەی مەتین سێڤەر، ئەستەمبووڵ: جەم یاینێڤی، 1992، ل 121-120.
28 – مارتن ڤان برونەسن «ئیسلامی میللیی ناسیۆنالیزمی کورد و راپەڕینی دێهات: یاخیبوونی شێخ سەعید لە تورکیادا (1925)» لە کتێبی «ئاین و راپەڕینی دێهات»، جانۆس م. باک و گێرهارد بانێکە، مانچستەر، نیوهامپشایەر: چاپخانەی زانکۆی مانچستەر، 1984، ل 281 – 295. حەمید بۆز ئەرسەلان هاوڕایە لە هەمان خاڵدا «رەهەندە سیاسییەکانی کێشەی کورد لە تورکیای هاوچەرخدا»، لە کتێبی «کورد – پێداچوونەوەیەکی هاوچەرخانە»، بڵاوکردنەوەی فیلیپ جی. کرەینبرۆک و ستێفان سپێرڵ، لەندەن و نیویۆرک: رۆتلیج، 1992، ل 96.
29 – تان لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 118.
30 – یوکسەڵ، «پرۆسەی گۆڕان لە کوردستاندا»، هەمان سەرچاوە، ل 389.
31 – هەمان سەرچاوە، ل 193.
32 – هەمان سەرچاوە، 194.
33 – تان لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، هەمان سەرچاوە، ل 72.
34 – ئەمە یەکێکە لە ئەنجامەکانی راپۆرتێکە کە گرووپێکی بەرژەوەندیی ئابووریی دەوڵەت دۆست بلاویکردووەتەوە لەگەڵ یەکێتیی ژووری بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شمەک و کاڵادا، کە لە تەمووزی ١٩٩٥دا بڵاوکراوەتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە 40.3٪ وەڵامدەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئیتنیک کوردبوون بنەمای ناسنامەیانە، لەبەرانبەر تەنها 22.3٪ کە خۆیان بە تورک دادەنێن.
35 – بۆزئەرسەلان، «رەهەندە سیاسییەکانی کێشەی کورد لە تورکیای هاوچەرخدا»، هەمان سەرچاوە، ل 99.
36- تاشگێترەن لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، هەمان سەرچاوە، ل 94.
37 – بوڵاک لە «کێشەی کورد – رۆشنبیرانمان چۆن بیردەکەنەوە؟»، هەمان سەرچاوە، ل 99.
38 – تان لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 132.
39 – هانپۆغڵو «کێشەی کورد لە روانگەی جیاوازەوە»، هەمان سەرچاوە، ل 30.
40 – دیلیپاک لە «کێشەی کورد – رۆشنبیرانمان چۆن بیردەکەنەوە؟»، هەمان سەرچاوە، ل 115.
41 – بوڵاک لە هەمان سەرچاوەدا، ل 102؛ دیلیپاک لە هەمان سەرچاوەدا، ل 84.
42 – بوڵاک لە هەمان سەرچاوەدا، ل 98.
43 – پاماک لە «لێکۆڵینەوەی کورددا»، هەمان سەرچاوە، ل 328.
44 – مەتینەر لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، هەمان سەرچاوە، ل 38.
45- تان لە هەمان سەرچاوەدا، ل 73.
46- تواج لە هەمان سەچاوەدا، ل 144.
47 – محەمەد مەتینەر «هەستەوەریی پارتی رەفا سەبارەت بە باشووری رۆژهەڵات»، رۆژنامەی میللی گازێتە، 27ی ئابی 1996.
48 – تان لە «چۆن دەتوانرێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت؟»، هەمان سەرچاوە، ل77.
49 – قەرە لە هەمان سەرچاوەدا، ل 54.
50 – هەمان سەرچاوە، ل 57.
51- هەمان سەرچاوە، ل 53.
52 – هەمان سەرچاوە، ل 56.
53 – خەتیبئۆغڵو، «کێشەی کورد لە روانگەی جیاوازەوە»، هەمان سەرچاوە، ل 179 – 180.
54 – عەبدوڕەحمان دیلیپاک «رێبازی ئەربەکان»، 25ی تەمووزی 1996.
55 – بوڵاک لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 95.
56 – عەلی بوڵاک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی 7، 28ی ئابی 1996.
57 – هەمان سەرچاوە.
58 – کەمال ئۆزتورک «سڵکردن جێگەی دڵگەرمیی گرتووەتەوە»، یەنی شەفەق 20ی تەمووزی 1996؛ یێڵماز یاڵچنەر «ئێمە دەبێت پاڵپشتی گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا بین» ئاکیت 8ی ئابی 1996؛ عەلی بوڵاک «چاوەڕوانییەکان لە پارتی رەفاوە» 25ی تەمووزی 1996.
59 – چەکوشی ئامادە Poised Hammer (PH) بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنی سەلامەتی دابینکردن Operation Provide Comfort (OPC) کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەهاری ساڵی 1991 دا جاڕی لێدا (بە پاڵپشتی بەریتانیای مەزن و تورکیا و فەرەنسا) کاتێ کە سەددام حوسێن یاخیبوونێکی کوردەکانی تێکشکاند و سێسەد هەزاریانی ناچار کرد هەڵبین بۆ تورکیا. پرۆسەی OPC پەناگەیەکی سەلامەتی بۆ کوردەکانی باکووری عێراق دامەزراند لە سەرووی هێڵی پانی 36 وە. ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە هێزی ئاسمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و چەکوشی ئامادە کە بنکەکەی لە تورکیا بوو و فڕۆکە جەنگییەکانی ئاسمانی ناوچە پارێزراوەکەدا دەسووڕایەوە و هەموو شەش مانگ جارێک دەبوو لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە نوێ بکرایەتەوە، بێجگە لە هێزێکی سەربازیی بچووک لە زاخۆی باکووری عێراق و یارمەتیی فریاگوزاری کە بەسەر کوردەکاندا دابەش دەکرا. حکوومەت بە سەرۆکایەتیی پارتی رەفا لە 30 تەمووزی 1996دا ماندێتی پرۆسەی چەکوشی ئامادەی تازە کردەوە. لە هەمان کاتیشدا لە31ی ئابدا، سەددام حوسێن سیاسەتی خۆی لە باکووردا گۆڕی و پشتگیریی لایەنێکی کوردیی کرد، لە شەڕ و ململانێدا، دژ بە لایەکی تر. تورکیا پشتگیریی ئەم تێوەگلانەی کرد بەو هیوایەی هێزەکانی بارزانی دواتر پەکەکە سەرکوت بکات کە لە ناوچەکەدا جێپێی خۆی قایم کردبوو. ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە تاڕادەیەک سیاسەتی ئەمریکای ناپێویست کرد لە مەسەلەی پەناگەی ئارامی باکووری عێراقدا و بەوپێیە لە 31ی ديسەمبەری 1996دا پرۆسەی چەکوشی ئامادە کۆتایی هات و رۆڵ و قەبارەی OPC کەمبووەوە. روودانی ئەم پەرەسەندنە بەو هۆیەوە نەبوو کە پارتی رەها ویستبێتی، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕابوو. پاشان چەکوشی ئامادە گۆڕا بە پرۆسەی چاودێریی باکوور Northern Watch.
60 – بڕوانە حوسێن گویلەرجە «ئاخۆ هەوڵدانی ئەم دواییە بۆسەیە؟»، رۆژنامەی زەمان، 8ی ئابی 1996؛ عوسمان گویزەل گوێز «ئاخۆ قسە کردن لەگەڵ پەکەکە راستە؟»، رۆژنامەی زەمان، 8ی ئابی 1996.
61 – نوێنەرەکە ئیسماعیل نەجاڕە و نەیارەکە فەهمی کۆرووە «ئامانجەکە راستە بەڵام ئامرازەکە هەڵەیە»، رۆژنامەی زەمان، 5ی ئابی 1996.
62 – ئەحمەد تاشگێترەن «با چەکوشی ئامادە ببێتە سوپای پێنجەم لە تورکیادا»، یەنی شەفەق، 30ی مارتی 1996؛ ئەحمەد تاشگێترەن «نەجمەدین و پانزە هەڤاڵەکەی»، یەنی شەفەق،22 ی تەمووزی 1996؛ عومەر فورکان نەزیر «یەکەم تاقیکردنەوەی پارتی رەفا لە دەسەڵاتدا: چەکوشی ئامادە»، یەنی شەفەق، 20ی تەمووزی1996 ؛ ئەحمەد سەلیم «ئەم چیرۆکە هەر دەبێت بگاتە کۆتاییەک»، زەمان 24ی تەمووزی 1996؛ عەبدوڕەحمان دیلیپاک «بیروباوەڕی ئەربەکان»، ئاکیت 25ی تەمووزی 1996.
63 – عەلی بوڵاک «بۆچی چەکوشی ئامادە پێویستە؟»، رۆژنامەی یەنی شەفەق،30 ی تەمووزی 1996؛ عەبدوڕەحمان دیلیپاک «دیاردەی ئاڵا»، رۆژنامەی ئاکیت 26 ی تەمووزی 1996.
64 – یەشار کاپڵان «مەیل و ئاڕاستە نوێکان لە چەکوشی ئامادەدا»، رۆژنامەی ئاکیت 29ی تەمووزی 1996.
65 – ئەحمەد تاشگێترەن باس لەو هەستە ناخۆش و خراپانە دەکات کە لە دیاربەکر تووشی بووە لەبارەی نووسەرە موسڵمانەکانەوە، بەتایبەتی عەلی بوڵاک، کە ناچێتە ناوچەکە (Tasgetiren in ‹Bir Dokun Bin Ah Isit›, op. cit.).. بۆ گاڵتەجاڕییەکی تەواو، دە مانگ دواتر، نووسەری مەسەلەکە، عەلی بوڵاکیش سکاڵا لەدەست بایەخ نەدانی «ژینگە و دەوروبەری ئیسلامی دەکرد لە باشووری رۆژهەڵاتدا» دەکات لە دەرەوەی ناوچەکەدا (Ali Bulac, ‹Guneydogunun Psikolojisi›)، یەنی شەفەق، 6 ی دیسەمبەری 1996.
66 – بوڵاک لە «لێکۆڵینەوە لەسەر کورد»، هەمان سەرچاوە، ل 104.
67 – مارتن ڤان برونەسن باس لەوە دەکات کەوا هەرچەندە ئەم تەریقەتە لە سەدەی سیازدەدا دامەزراوە، بەلام زۆر درەنگتر گەیشتووەتە ناوچەکە. لقەکانی تری تەریقەتی نەقشبەندی لە سەدەی حەڤدەوە لە ناوچەکەدا بوونیان هەبووە. لەگەل ئەوەشدا ئەم تەریقەتە شوێن و پێگەیەکی وای لە کوردستاندا نەگرت تا ئەو کاتەی مەولانا خالید لە چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا کەوتە چالاکیی بانگەشە کردن بۆ ئەم رێبازە و تەریقەتی خالیدی باڵادەستیی پەیداکرد بەسەر تەریقەتەکانی تردا، کە سەرەکیترینیان قادری بوو. بروانە مارتن ڤان برونەسن، «رێبازی نەقشبەندی لە كوردستانی سەدەی حەڤدەهەمدا»، لە کتێبەکەی مارك گابوريۆ و ئەوانیتردا، «نەقشبەندی» ؛ ئەستەمبووڵ: ISIS Yayincilik ، 1990. بەهەمان شێوە حەمید ئاڵگەر شوێن پەیوەندیی تورکی دەکەوێت بە نەقشبەندییەوە تا سەدەی پانزەهەم: حەمید ئاڵگەر، «نەقشبەندی لە توركيای کۆماریدا»، گۆڤاری راپۆرتی جیهانی ئیسلامی، Islamic World Report، بەرگی 1، ژمارە 3، 1996، لاپەڕە 52.
68 – مارتن ڤان برونەسن، «ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا»، هەمان سەرچاوە، ل 7.
69 – لالە یاڵچین هەکمان «ئیسلامی ئیتنیکی و ناسیۆنالیزم لە ناو کوردەکانی تورکیادا»، لە کتێبەکەی ریچارد تاپەر «ئیسلام لە تورکیای مۆدێرندا – ئاین و سیاسەت و ئەدەب لە دەوڵەتێکی سێکولاردا»، لەندەن و نیویۆرک، ئای. بی. تۆریس و هاوبەشانی، 1991، ل 118.
70 – ئاڵگەر، «رێبازی نەقشبەندی لە تورکیای کۆماریدا»، هەمان سەرچاوە، ل 62.
71 – هاکان یاڤووز «شێوازەکانی شوناسی ئیسلامی سیاسی: داینامیکی دڵسۆزی و شوناسی نەتەوەیی و بان نەتەوەیی»، گۆڤاری رووماڵی ئاسیای ناوەڕاست، Central Asian Survey، بەرگی 3 ،1995 ، ل 355.
72 – رۆبەرت ئۆڵسن، «دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە ساڵانی 1990کاندا»، گۆڤاری لێکۆڵینەوەکانی باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، Journal of South Asian and Middle Eastern Studies، بەرگی 15، ژمارە 4، هاوینی 1992، ل 14.
73 – حەمید بۆزئەرسەلان، «رەهەندە سیاسییەکانی کێشەی کورد لە تورکیای هاوچەرخدا»، لە کتێبی «کوردەکان _ پێداچوونەوە هاوچەرخەکان»ی فیلیپ جی. کرەینبرۆک و ستێفان سپێرڵ، لەندەن: رۆتلێج، 1992، ل 99.
74 – دێڤید ماکدواڵ، «مێژووی نوێی کوردەکان»؛ لەندەن: ئای. بی. تۆریس و هاوبەشانی، 1991، ل 211.
75 – یاڤووز، هەمان سەرچاوە، ل 341.
76 – هەمان سەرچاوە، ل 368.
77 – هەمان سەرچاوە، ل 341.

Full Terms & Conditions of access and use can be found at http://www.tandfonline.com/action/journalInformation?journalCode=cjmm20 Download by: [Uppsala Universitetsbibliotek] Date: 23 June 2016, At: 08:43 Journal of Muslim Minority Affairs ISSN: 1360-2004 (Print) 1469-9591 (Online) Journal homepage: http://www.tandfonline.com/loi/cjmm20

To cite this article: Umit Cizre Sakallioglu (1998) Kurdish nationalism from an Islamist perspective: the discourses of Turkish Islamist writers, Journal of Muslim Minority Affairs, 18:1, 73-89, DOI: 10.1080/1360200980871639 To link to this article: http://dx.doi. org /10.1080/13602009808716394 Published online: 20 Mar 2007. Submit your article to this journal Article views: 246 View related articles Citing articles: 6 View citing articles Journal of Muslim Minority Affairs, Vol. 18, No. 1, 1998 73 Kurdish Nationalism From an Islamist Perspective: The Discourses of Turkish Islamist Writers UMIT CIZRE SAKALLIOGLU.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*