سەرەکی » مانشێت » ئارامی لە عیراقدا هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ لەناوبردنی توندڕەویی

سەرۆك كۆمار لە ئیتالیا:

ئارامی لە عیراقدا هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ لەناوبردنی توندڕەویی

دوای بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، گەیشتە ئیتالیا‌و لەچەند دیدارێكدا لەگەڵ پاپای ڤاتیكان، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دەرەوە، گفتوگۆیانكرد دەربارەی دواپێشهاتە سیاسییەكان‌و پێویستیی ناوچەكەو جیهان بەئاشتی‌و ئارامی‌و تاوتوێكردنی بەرنامەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق‌و پرسە هاوبەشەكان.

دیداری سەرۆك كۆمارو پاپای ڤاتیكان
لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ڤاتیكان، سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسێس و ژمارەیەك لە كاردیناڵ و ئوسقوفەكانی ڤاتیكان، پێشوازییكراو چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ هێنانەدیی ئاشتی‌و سەقامگیریی، دووپاتكرایەوە.
لەدیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: برایەتی‌و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان موسڵمانان‌و كریستیانەكان‌و پێكهاتەكانی دیكە، تەنها رێگایە بۆ لەناوبردنی توندڕەوی‌و وتیشی: تاوانەكانی تیرۆر كە یەخەی بەگشت پێكهاتەكانی عیراق گرتووە، هیچ پەیوەندییەكی بەناوەرۆكی ئایینی ئیسلامەوە نییە.
لەدرێژەی قسەكانیدا، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بەوەش كرد كە قەیرانەكانی ناوچەكە تەنها لەڕێگای گفتوگۆو لێكگەیشتنەوە چارەسەردەكرێت. لەوڕووەشەوە جەختی لەسەر گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان كردەوە لەپێناو هێنانەدیی ئاشتی‌و سەقامگیرییدا‌و هەڵوێستە راستگۆییەكانی پاپای بەرزنرخاند لەهاندانی بۆ یەكڕیزیی نێوان گشت گەلی عیراق‌و پەرۆشی قەداسەتیانی بۆ بەرجەستەكردنی ئاشتی‌و ئارامی‌و پێكەوەژیانی هاوبەش لەنێوان ئایینە ئاسمانییەكان‌و رێگانەدان بەتەشەنەكردنی زیاتری دۆخەكە لەناوچەكەو جیهاندا، بەرزنرخاند.
لای خۆیشییەوە، پاپا فرەنسێس، تەئكیدی لەسەر پێویستیی پشتیوانی لەسەقامگیریی عیراق‌و گرنگیی سەرخستنی زمانی دیالۆگ‌و لێكگەیشتن‌و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەو بەرجەستەكردنی خۆشەویستی‌و ئاشتی، كردەوە.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی ئیتاڵیا
هەردوێنێ، سەرۆك بەرهەم ساڵح چاوی بە سێرجۆ ماتاریلا سەرۆك كۆماری ئیتالیا كەوت‌و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئارامیی عیراق هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ لەناوبردنی توندڕەوی.
لەدیدارەكەدا، وێڕای تاوتوێكردنی دۆخی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی‌و دوایین ئەو پێشهاتانەی ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، گفتوگۆیانكرد لەبارەی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆتاییهێنان بەمانەوەی هێزە بیانییەكان لەعیراقداو تەئكیدیشیانكردەوە لەسەر پێویستیی پشتیوانیكردنی سەقامگیریی وڵات‌و رێزگرتن لەسەروەریی‌و بڕیاری نیشتمانی عیراق. لەوبارەیەشەوە، سەرۆك بەرهەم ساڵح، رایگەیاند: هێنانەدیی ئاسایش‌و پشتیوانی لەسەقامگیریی وڵات، قۆناغێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ریشەكێشكردنی توندڕەوی‌و كۆتاییهێنان بەگرژیی‌و ئاشكراشە ناسەقامگیریی، هەمووان زەرەرمەند دەبین لێی‌و وتیشی: پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ دەرەوەدا بریتی دەبێت لەپێشكەشكردنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دوور لەپاشكەوتەو سیاسەتی جەمسەرگیریی.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، ئاماژەشیكرد بەگرنگیی پتەوكردنی پەیوەندیی دووقۆڵی‌و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و بەبایەخیشەوە باسی لەڕۆڵی كاریگەری ئیتاڵیا كرد كە پێشكەشی عیراقی دەكات لەسەر ئاستە جیاجیاكان، بەتایبەت لەجەنگی دژ بەتیرۆرو وشككردنی سەرچاوەو ناوەندەكانی دارایی گروپە توندڕەوەكان.
لای خۆیشییەوە، سەرۆكی ئیتالیا پشتیوانیی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ سەروەریی‌و سەقامگیریی عیراق‌و خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی‌و رێگرییكردن لەگرژیی‌و ئاڵۆزیی لەناوچەكەدا.

دیداری سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا
رۆژی 24/1یش، لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ جۆزیبـی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، جەختی لەسەر پەرۆشیی عیراق بۆ پەیوەندییەكی هاوسەنگ دوور لەسیاسەتی خۆسەپاندن، كردەوە.
لەدیدارەكەیاندا، سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا تاوتوێی دۆخی ناوچەكەو جیهان‌و قەیرانەكان‌و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كرد سەبارەت بەكشانەوەی هێزە بیانییەكان‌و گرنگیی پشتیوانی لەسەقامگیریی‌و رێزگرتن لەسەروەریی وڵات‌و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی. لەوچوارچێوەیەشدا سەرۆك كۆمار، جەختی لەسەر پەرۆشیی عیراق بۆ بەستنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ كە بریتی بێت لەپێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی دوور لەسیاسەتی سەپاندنی بڕیارو ئیرادەی دەرەكی‌و رێزگرتن لەسەروەریی‌و سەقامگیریی بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عیراق‌و وڵاتان‌و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، كردەوە، باسی لەوەشكرد كە چەسپاندنی ئاسایش‌و سەقامگیریی لەعیراقدا هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بنەبڕكردنی توندوتیژی‌و ململانێكان. هاوكات رۆڵی گرنگی ئیتالیای بۆ پشتیوانی لەعیراق لەبوارە جیاجیاكاندا، بەرزنرخاند.
سەرۆك وەزیرانیش، پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانی لەسەروەریی‌و سەقامگیریی عیراق دەربڕی‌و پێویستیی زیادكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیشی دووپاتكردەوە بۆ چەساندنی ئاشتی‌و رێگرتن لەئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكە‌و بەردەوامیدان بەهەماهەنگی‌و هەوڵەكان لەجەنگی دژی تیرۆرو رێگەنەدان بەدووبارە دروستبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر گەلانی ناوچەكە.
سەرۆك كۆمار چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، كەوت
لەدیدارێكی دیكەشدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح پێشوازیی لە لویجی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد‌و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و بەرەوپێشبردنی، تەئكیدی لەسەر كرایەوە‌و سوپاسی بەشداریی ئیتالیاش كرا لەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیكردنی داعش.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*