سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لێدوانەكانی عەبادیدا

سه‌كۆی پایته‌خت

وردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لێدوانەكانی عەبادیدا

58

مەسەلەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بوەتە بابەتی سەرەكی ئەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیانەی كە سەرۆك وەزیرانی عیراق حه‌یدر عەبادی ، رۆژانی سێشەممە لەدوای كۆبوونەوەی هەفتانەی لەگەڵ كابینە وەزاریەكەی دەیگرێت. بەشێوەیەك كە زیادە رۆیی نیە ئەگەر بڵێیین لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی بیرەنەوتیەكان بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ناوەند، كەم لێدوان و كۆنگرەی رۆژنامەنوسی عەبادی یان سەعد حەدیسی وتەبێژەكەی هەیە كە باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تیا نەبوو بێت، تا ئەو شوێنەی كە كەلەدواهەمین هەفتەدا باسیان لەوە كرد كە پرۆسەی وردبینی كردن لە رێژە و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامەو هەنگاوی باشی بریوە. هەروەك هەندێكجار لەرێگەی ئەم پرسە هەستیارەوە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ لە تەلی عاتیفەی هاوڵاتیان و مووچەخۆران بەتایبەتی دەدات و ئەوەیان وەبیر دەهێنێتەوە كە ئەوان لەهەرێم هاوڵاتی عیراقیین و پێویستە مافەكانیان بۆ دابین بكەین ، كەلەمەدا بەرچنێك لە مەغزای سیاسی و هەژموونی دەسەڵاتخوازی و بچوككردنەوەی هەرێم هەستی پێدەكرێت.
هاوپەیوەند بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لێدوانەكانی سەرۆك وەزیران، كۆمەڵێك حەقیقەتی پراگماتیكی هەیە كە پێویستە تیشك بخەینەسەر رەهەندەكانی بەم شێوەیە:
1. دانوستانی نێوان هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغداد تاهەنوكە دەستی پێنەكردوەتەوە و دۆخی پەیوەندیەكانی هەردوولا لەئاستی چەقبەستوویدایەو سەرەرای ئەوەی كە حكومەتی هەرێم چەندین جار داوای گفتوگۆی كردوە و سەرباری ئەوەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتویەتی رێز لەبریارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین سەبارەت بە ریفراندۆم، هەروەها جگەلەوەی كە نوێنەری كۆشكی سپی بۆ چەنگی دژی داعش بریت ماكگۆرك و سەرۆكی كۆماری فەرەنسا ماكرۆن و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعیراق یان كۆبیش داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانیان كردوە و گوشارەكانیان زیادی كردوە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
2. د. سەڵاح نوری خەڵەف سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق لە نوێترین پەیوەندیدا دەڵێت بەفەرمی هیچ شتێكیان لەبارەی وردبینی لەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێنەگەیشتوەو هیچ لیژنەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە پێكنەهێنراوە.
3. پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 ی عیراق كە گەشتوەتە ئەنجومەنی نوێنەران، خراپترین پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەگەر خاڵەكانی یەكەم و دووەمی سەرەوە جێبەجێبكرێت ، واتە دەستپێكردنەوەی دانوستان و رێككەوتن و دواتر وردبینیەكەش بخرێتە بواری پراكتیزەكردنەوە ئەوا پشكی هەرێم كە دانراوە تەنها بەشی مووچەی 6 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات.
لەو روانگەوە، كە هەرسێ‌ فاكتەری سەرەوە بنەمای سەرەتایی هاتنی مووچەی فەرمانبەرانبن بەشێوەیەكی فعلی و هیچیشیان نەخرابێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە ، ئەوا دەبێت چی مەبەست و كام مەغزا لە پشت وروژاندنی ئەم مەسەلەوە خۆی مەڵاسداوە.
حەیدەر عەبادی كە ئێستا وەك كەسایەتیەكی دەوڵەتمەداری سەركەوتوو دەركەوتوە و دەیەوێت وەك یەكەم كەسایەتی كەچانسی مانەوەی لەپۆستەكەی بۆ چوار ساڵی دیكە هەیە خۆی نمایش بكات. بۆئەمەش كارتی شكستهێنان بە جیابوونەوە لەعیراق و نائاكامكردنی ریفراندۆم باشترین كارتی جوڵاندنی شەقامی شیعەی عیراقیە بەلای خۆیدا و دەیەوێت هەموو هەفتەیەك لەرێگەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بەدەنگدەرانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بڵێت ئەوە سیاسەتی ئێمە بوە كە كوردەكانم ناچار كردوە بەوەی كە لەچاوەروانی قوتی ژیانیان شەو و رۆژ بخەنەسەریەك و فەرموون لەهەڵبژاردنەكاندا متمانەی خۆتانمان بدەنێ‌.
لەدواجاردا ماوەتەوە هێما بەوە بكەین: ئەگەر لێدوانەكانی عەبادیش دیوێكی موزایەدەی سیاسی و سەرەتای پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكان بێت، ئەوا پێویستە حكومەتی هەرێم ئامادەسازی بكات هەم بۆ ئەوكاتەی كەزەمینەی راستەقینەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان دێتە ئاراوە بەتایبەتی لەسەر ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەدڵنیایەوە لەسەر مێزی دانوستان ئەم پرسە دەبێتە چەقی ململانێ هەرێم و حكومەتی ناوەند.

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*