سەرەکی » ئابووری » رێگە بە عیراق دەدرێت غاز و كارەبا بكڕێت

رێگە بە عیراق دەدرێت غاز و كارەبا بكڕێت

ئەمریكا جارێكی تر عیراق لە سزاكانی سەر ئێران دەبەخشێت‌و رێگەی پێدەدات غازی سروشتی‌و كارەبا لەو وڵاتە بكڕێت، بەرپرسێكی ئەمریكاش دەڵێت، نامانەوێت سزاكان ببێتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری لەدراوسێكانی ئێران.
هاوكات سایمۆن واتكینز لەنوێترین راپۆرتیدا كە ماڵپەڕی ئۆیل پرایسی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە ئاشكرایكردوە، سەرۆكی بانكی عیراقی بۆ بازرگانی وتویەتی لەپێدانی پارە بەئێران دەوەستین، ئەگەر ئەمریكا لەكۆتایی ئەم مانگەدا، ماوەی بەخشینی عیراق لەسزاكانی سەر ئێران درێژ نەكاتەوە. ئەوەش كاریگەری دەكاتەسەر هەناردەكردنی هەزار‌و 400 مێگاوات كارەبا‌و 28 ملیۆن مەتر سێجا غاز لەئێرانەوە بۆ عیراق.
بەرپرسێكی ئیدارەی ترەمپیش دەڵێت، ئەمریكا دەیەوێت بەردەوامی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران بدات، بەڵام نابێت ئەو سیاسەتە ببێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی ئابووری لەوڵاتانی دراوسێی ئێران.
لەلایەكی ترەوە، حەمید حوسەینی وتەبێژی كۆمەڵەی هەناردەكاری نەوت‌و غازی ئێران رایگەیاند، عیراق لەبەرامبەر كڕینی غاز‌و كارەبا لەئێران، نزیكەی 5 ملیار دۆلاری خستۆتەسەر هەژمارێكی بانكی ناوەندیی عیراق، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە، ئێران ناتوانێت سوود لەو پارەیە وەربگرێت.
سەرچاوەیەكی ئێرانیش بە ئۆیل پرایسی راگەیاندوە، ئەو بڕە پارەیە دەگاتە 6 ملیار‌و 100 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەمریكا مۆڵەتی بەخشین بۆ عیراق درێژنەكاتەوە، ئەوا پارەكە لە بانكەكانی عیراق دەمێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*