سەرەکی » مانشێت » ״ بەم نزیكانە نوێنەران متمانە دەبەخشێتە كابینەی نوێ״

״ بەم نزیكانە نوێنەران متمانە دەبەخشێتە كابینەی نوێ״

كۆسرەت رەسوڵ:
پشتیوانی لە حكومەتێكی كارای نیشتمانی دەكەین، كە مافە دەستووری و داراییەكانی كورد تێیدا پارێزراو بێ

بڕیارە بەم نزیكانە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق متمانە ببەخشێتە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد تۆفیق عەللاوی.

محەمەد تۆفیق عەللاوی پەیوەندیی بە كۆسرەت رەسوڵ-ەوە كرد
لە دوو رۆژی رابردوودا، محەمەد تۆفیق عەللاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

هاوسەنگیی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، محەمەد تۆفیق عەللاوی پیرۆزبایی سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە كۆسرەت رەسوڵ كرد و هیوای خواست «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا رۆڵی كارای خۆی بگێڕێ».
لای خۆیەوە كۆسرەت رەسوڵ سوپاسی محەمەد تۆفیق عەللاوی كرد و هیوای خواست «سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ دووپاتكردەوە و هیوای خواست بتوانێ سەركەوتوو بێ لەكارەكەی».
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، تەوەری سەرەكیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو، هەردوولا بە وردی تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیان كرد و كۆسرەت رەسوڵ پێیڕاگەیاند: پشتیوانی لە حكومەتێكی كارای نیشتمانی دەكەن، كە مافە دەستووری و داراییەكانی كورد تێیدا پارێزراو بێ و حكومەتەكە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكان پێكبێت و داواكاریی خۆپیشاندەرانی عیراق جێبەجێبكات.

گفتوگۆكان بەردەوامە
لەلایەكی دیكەوە، شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدرال بەردەوامە و پێشبینی دەكەین لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا، سەرەتاكانی رێكەوتنی كاندیدی راسپێردراو لەگەڵ لایەنەكاندا دەربكەوێت، وتیشی: تائێستا هیچ رێكەوتنێك لەگەڵ هەرێم بۆ پێكهێنانی حكومەت و چۆنێتیی بەشداری كورد یەكلانەبۆتەوە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەی سوننە بەردەوامە و چاوەڕوانی رێكەوتنی كۆتایی دەكرێت، راشیگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی كە سەرەتای مانگی داهاتووە، كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێ.

״سێشەممە، نوێنەران متمانە دەبەخشێتە پێنج وەزیر״
پەیوەست بەو پرسە، حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە PUKmedia ی راگەیاند: پێدەچێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران متمانە ببەخشێتە پێنج وەزیر، بۆ ئەوانی تریش وەزیرە نوێیەكان ئامادەن و لە ماوەی 8 بۆ 10 رۆژێكدا لە چەند دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەبێت سەرجەم وەزیرەكانی كابینەكە متمانەیان پێببەخشرێت.
لەلایەكی دیكەوە، محەمەد حسێن سەركردەی باڵا لە رەوتی حیكمە رایگەیاندووە: سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پێكهاتەی كابینەكەی تەواو كردووە و بەم نزیكانە بەشێوەیەكی رەسمی رایدەگەیەنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*